دوورگەی بۆرا بۆرا

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-08-20-23:16:00 - کۆدی بابەت: 9927
دوورگەی بۆرا بۆرا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆرا بۆرا ناسراو بە دوورگەی گڕگانی (بە ئینگلیزی: Bora Bora، بە عەرەبی: بورا بورا) کۆمەڵە دوورگەیەکن لە دوورگەکانی لیوارد. دەکەوێتە دوورگه کۆمەڵگەییەکانی پۆڵینێزیای فەڕەنسی، لە ناوەندی زەریای هێمنی باشوور. بۆرا بۆرا شوێنێکی گەشتیاری گرنگی نێودەوڵەتییە، گرنگترین دوورگەی پۆڵینێزیای فەڕەنسییە، بە کەنار دەریا و هاوینەهەوارە ناوازەکانی بەناوبانگە. ڤەیتاپ پایتەخت و گەورەترین شاری دوورگەی بۆرا بۆرایە کە دەکەوێتە ڕۆژاوای دوورگە سەرەکییەکەی. یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە گرنگەکان بەهۆی دیمەنە جوان و سەرنجڕاکێشەکەی.

ئاماری دانیشتووان

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٢ دانیشتووانەکەی نزیکەی ١٠,٠٠٠ کەسە، ژمارەی دانیشتووانی پایتەختەکەی ٤٩٢٧ کەسە، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی دوورگەکە. نیوەی دانیشتووانەکەی تەمەنیان لەخوار ٢٠ ساڵە. ٨٠%ـی خەڵکەکەی پۆڵینێزین، ١٢%ی فەڕەنسی ڕەسەن و ٨%یان چینی. ئایینی سەرەکی دانیشتووانەکەی مەسیحییە.

زمانی دانیشتووانەکەی

ئەو زمانانەی لە بۆرا بۆرا قسەیان پێدەکرێت وەکوو زمانی یەکەم تاهیتیان و فەڕەنسیین، بەڵام بەهۆی زۆری سەردانیکردنی گەشتیارانەوە زۆرێک لە خەڵکی ڕەسەنی بۆرا بۆرا فێری قسەکردن بە زمانی ئینگلیزی بوون.

ناونانی

ناوی دوورگەکەش لە پۆرا پۆرای زمانی تاهیتیەوە هاتووە بە واتای یەکەم لەدایکبوو، بەهۆی ئەوەی لە ئەفسانەدا هاتووە کە بۆرا بۆرا یەکەم دوورگەیە کە لەلایەن خودای تەئارەواوە لە ئاوەکان کشایەوە و دروست بووە لە دوای دروستبوونی ڕەیاتیە.

مێژوو

دوورگەکە چوار ملیۆن ساڵ پێش ئێستا بەهۆی تەقینەوەی گڕکان دروست بووە، بۆ ماوەیەکی زۆر بە چۆڵی و شاردراوە و بێ ئاوەدانی مایەوە تاکوو لەلایەن پۆڵینێزییە گەڕۆکەکان دۆزرایەوە. لێکۆڵینەوەکانی شوێنەوارناسان ناتوانن دیاری بکەن کە مرۆڤ لەکەیەوە لە بۆرا بۆرا ژیاوە، بەڵام باوەڕ وایە کە پۆڵینێزییەکان لە دەوروبەری ٨٥٠ـی زایینی گەیشتبێتنە دوورگەکە و بۆ چەندین ساڵ لە ژێردەستی ئەوان بووە. لە ساڵی ١٧٢٢ جاکۆب ڕۆگیڤن یەکەم ئەورووپی بووە کە دوورگەکەی بینیوە. بۆرا بۆرا شانشینێکی سەربەخۆ بوو هەتا ساڵی ١٨٨٨ کە فەڕەنسییەکان دوورگەکەیان داگیرکرد و دوایین شاژنی بە ناوی تێریماڤاڤارای سێیەمیان ناچارکرد وازبهێنێت، ئێستا سەر بە پۆڵینێزیای فەڕەنسییە کە بە فەرمی ناوچەیەکی نیمچە خۆبەڕێوەبەری فەڕەنسایە.

جوگرافیا

بۆرا بۆرا دەکەوێتە دوورگه کۆمەڵگەییەکانی پۆڵینێزیای فەڕەنسی، لە ناوەندی زەریای هێمنی باشوور. دوورگەکە گەورە نییە و ڕووبەری گشتی زەوییەکانی بۆرا بۆرا دەگاتە ٣٠.٥٥ کیلۆمەتر دووجا. دوورگەی سەرەکی بۆرا بۆرا دەکەوێتە نزیکەی ٢٣٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژاوای پاپێتێ، دەورەدراوە بە دەریاچەیەک و بەربەستی تاوێری. لە ناوەڕاستی دوورگەکەدا پاشماوەی گڕکانێکی لەناوچوو هەیە، بۆ دوو لوتکە بەرز دەبێتەوە، چیای پەهیا و چیای ئۆتمانوو، بەرزترین خاڵ لە ٧٢٧ مەترە. ئەگەر لەسەر نەخشە سەیری دوورگەکە بکەین دەکەوێتە نێوان کیشوەری ئوستوڕالیا و ئەمریکای باشوور.

کەشوهەوا

بۆرا بۆرا کەشوهەوایەکی وەرزی هەیە. وەرزی گەرما و وشکی لە مانگی حوزەیرانەوە تا مانگی تشرینی یەکەم دەخایەنێت، تەنانەت لەو چەند مانگەشدا هەندێکجار پێشبینی باران هەیە. وەرزی سەرما و باراناوی لەنێوان مانگی تشرینی دووەم و نیساندایە کەشوهەوایەکی سارد و هەندێکجار زریانی توندوتیژی لێکەوتووەتەوە و بارانێکی زۆر باریوە.

گەشتیاری

کەرتی گەشتیاری ئابووری سەرەکی بۆرا بۆرا داگیردەکات و یەکێکە لە گرانترین شوێنەکانی جیهان بۆ گەشتکردن، نرخی گەشتکردن بۆ ١ هەفتە ٣,١٨٤ دۆلارە بۆ تەنها ١ کەس. زۆرینەی گەشتیارەکانی ئەمریکی، ژاپۆنی و ئەورووپین. زۆرترین گەشتیار لەنێوان مانگەکانی ئایار بۆ تشرینی یەکەم سەردانی دەکەن، بەتایبەتی لە مانگی ئابدا، چونکە لەو کاتەدا کەشوهەوا زۆر سارد نییە. بە دوورگەی ڕۆمانسی ناسراوە و یەکێکە لەو دوورگانەی زۆرترین سەردانیکەری هەیە بۆ مانگی هەنگوینی و چەندین شوێنی ئاهەنگی هاوسەرگیری. زۆربەی ئەو چالاکیانەی لەوێ ئەنجام دەدرێن لە شوێنی کراوەن وەکوو مەلەکردن، کەناردەریا، شاخەوانی، پاسکیلسواری و سەردانیکردنی بازاڕ و گەلەرییەکان، بەڵام هیچ کتێبخانە و سینەمایەکی لێ نییە.

هەندێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی

  • کەنار دەریای ماتیرا
  • بۆرا بۆرا لاگووناریۆم
  • چیای ئۆتمانوو
  • سەنتەری کیسەڵەکانی بۆرا بۆرا
  • ترانچی لیۆپارد ڕەیس
  • جیهانی سەرسوڕهێنەری ژێر ئاو
  • مارۆتینی ڕۆیاڵ مارا
  • ڕێگای تیڤانوی
  • چیای پاهیا

زانیاری گشتی دەربارەی بۆرا بۆرا

  1. مێرووی زیانبەخش و ماری ژەهراوی لە دوورگەکە نابینرێت.
  2. نەریتێکی بۆرا بۆرا ئەوەیە کە خانمان گوڵێک لە پشت گوێیان دابنێن. ئەگەر گوڵەکە لە پشت گوێی ڕاستەوە بێت، ئەوە نیشانە دەدات کە کەسەکە تاکە، ئەگەر لە پشت گوێی چەپەوە دابنرێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە لە پەیوەندیدایە.
  3. زیاتر لە ٥٠٠ جۆر ئاژەڵی دەریایی لێ دەژی.
  4. بۆرا بۆرا بە دروستکردنی مرواری و گەوهەری ڕەش ناسراوە کە زۆر دەگمەن و گرانیشن.
  5. تاتۆ هونەرێکی پیرۆزە لەوێ و وشەی تاتۆ لە زمانی تاهیتییەوە هاتووە.
  6. سندوقی پۆستەکانیان هیچ پۆستێکی تێدا ناکرێت بەڵکوو بۆ دلیڤەری نان و هەویرکاری بەکاردێن.
  7. سەرەکیترین بەرهەمی بۆرا بۆرا گوێزی هیندییە.
  8. ژمارەی قرش لەو ناوچەیە زیاترە لە ژمارەی خەڵکەکەی.
  9. ئەگەری برینداربوون بە کەوتنەخوارەوەی گوێزی هیندی زیاترە وەک لە قرش.
  10. هیچ هۆکاری گواستنەوەی گشتی لە ناوچەکە نییە تەنها پاسکیل و ئۆتۆمبێلی بەکرێگیراو نەبێ.
  11. زۆرینەی دانیشتووانەکەی هەژارن.
  12. ناتوانرێت ڕاستەوخۆ گەشت بکرێت بۆ دوورگەکە چونکە هیچ فڕۆکەخانەیەکی نییە.


سەرچاوەکان



863 بینین