دراوی وڵاتی قەتەڕ چییە؟

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-21-19:08:00 - کۆدی بابەت: 9939
دراوی وڵاتی قەتەڕ چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قەتەڕ (بە ئینگلیزی: Qatar، بە عەرەبی: قطر) وڵاتێکی عەرەبییە، دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای کیشوەری ئاسیا، یەکێکە لە وڵاتانی کەنداو، کە زەوییەکەی لە بیابانێکی وشک و کەنارێکی درێژی کەنداوی فارس پێکدێت. هەروەها لە کەناراوەکاندا دەوحەی پایتەخت هەیە.

ئابووریی قەتەر یەکێکە لە خێراترین ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و لە گەشەکردندایە. قەتەڕ خاوەنی ئابوورییەکی تا ڕادەیەک سەربەخۆیە، بە ڕێژەیەکی بەرچاو پشت بە دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت. لە ساڵانی حەفتاکاندا قەتەر بووە یەکێک لەو وڵاتانەی دانیشتووانەکەی خاوەنی داهاتێکی بەرز بوون، بەڵام دواتر بەهۆی هەڵاوسانی نرخی نەوتی جیهانەوە دابەزی.

گەشەی ئابووری قەتەڕ ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینیووە لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دۆخی ئەرێنی بوو، ٢٠١٩ هێواش بوویەوە، ٢٠٢٠ نەرێنی بوو، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١ گەڕایەوە بۆ دۆخی ئەرێنی.

دراوی وڵاتی قەتەڕ چییە؟

قەتەڕ پشت بە دراوێکی تایبەت دەبەستێت بە ناوی ڕیاڵی قەتەڕی (بە ئینگلیزی: Qatari Riyal، بە عەرەبی: ريال قطري) کۆدی دراو (QAR)، هێما (QR)، هەروەها زۆرجار بە ڕیاڵ ناودەبرێت، دراوی فەرمی وڵاتی قەتەڕە. لەلایەن بانکی ناوەندی قەتەڕەوە دەردەچێت.

ڕیاڵی قەتەڕی لە ساڵی ١٩٧٣ کاتێک دوبەی هاتە ناو شانشینی ئیماڕاتی عەرەبی یەکگرتوو، جێگەی ڕیاڵی دوبەی و قەتەڕی گرتەوە، لەو کاتەدا قەتەڕ بە جیا دەستی کرد بە دەرکردنی دراوەکەی.

ڕیاڵی قەتەڕی خاوەنی یەکە دراوییەکانی یەک، پێنج، ١٠، ٥٠، ١٠٠ و ٥٠٠ ڕیاڵە، هەروەها خاوەنی دراوی کانزاییە بە بەهای یەک، پێنج، ١٠، ٢٥ و ٥٠ درهەم.

بەهای ڕیاڵی قەتەڕی

بەهای ڕیاڵ بە دۆلاری ئەمریکییەوە بەستراوەتەوە بە ٣.٦٤ ڕیاڵی قەتەڕی بۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکی، ئەم یاسایە لە ساڵی ٢٠٠١ نووسرایەوە و بووە فەرمی، بە پێی ئەم یاسایە دراوەکە لەنێوان بەندێکدا دەپارێزرێت، بەهاکەی ٣,٦٣٨٥ بۆ ٣,٦٤١٥ ڕیاڵە بەرانبەر هەر دۆلارێکی ئەمریکی.


سەرچاوەکان



580 بینین