نەجمەدین کەریم

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-08-24-22:10:00 - کۆدی بابەت: 9994
نەجمەدین کەریم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەجمەدین کەریم (بە عەرەبی: نجم الدين كريم، بە ئینگلیزیNajmiddin Karim)، ناوی تەواوی نەجمەدین عومەر کەریمە و لە ١ـی کانوونی دووەمی ١٩٤٩ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە. دکتۆر و کەسایەتی سیاسی کورد بووە، لە ٢٩ـی ئاداری ٢٠١١ تاکوو ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ پارێزگاری کەرکووک بووە. لە ٣١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بە جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەکانی ئەمریکا کۆچی دوایی کردووە.

نەجمەدین عومەر کەریم
لەدایکبوون ١٩٤٩ - تەمەن ٧٣
گەڕەکی ڕەشیداوای شاری کەرکووک
مەرگ ٣١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠
واشنتۆن دی سی, ئەمریکا
ھۆکاری مەرگ جەڵتەی مێشک
شوێنی گۆڕ هەولێر، باشووری کوردستان
نەتەوە کورد
پیشە پارێزگاری پێشووی کەرکووک
ئاداری ٢٠١١ - ئەیلوولی ٢٠١٧
حیزبی سیاسی ئەندامی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ٢٠٠٩-٢٠١٩
ئایین ئیسلام
ھاوسەر زۆزان
منداڵەکانی شوان، سیروان، کاروان، ئەڤین
خێزانەکەی براکانی: بەختیار، ئازاد، فەرھاد

ژیانی تایبەتی

نەجمەدین کەریم لە ساڵی ١٩٤٩ لە گەڕەکی ڕەشیداوای شاری کەرکووک لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە کەرکووک تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٧١ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پزیشکی گشتی لە زانکۆی مووسڵ بەدەستهێناوە و سەرکردایەتی یەکێتی قوتابیانی کورد کردووە و دواتر لە ساڵی ١٩٧٢ بووە بە پێشمەرگە. لە ٢١ـی شوباتی ١٩٧٥ هاوسەگیری لەگەڵ خاتوو (زۆزان) کردووە لە شاری نەغەدە، کە دواتر چوار منداڵیان بووە بەناوەکانی شوان، سیروان، کاروان و ئەڤین.

ژیانی سیاسەت

لە ساڵی ١٩٧٦ کاتێک سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان مەلا موستەفا بارزانی نەخۆشدەکەوێت، نەجمەدین کەریم ئەوکات پزیشکی تایبەتی بارزانی دەبێت، لەگەڵیدا دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دواتر هەر لەوێ بڕوانامەی دکتۆرای لە نەشتەرگەریی مێشک و دەمار لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن وەردەگرێت و هەر لەوێ دەمێنێتەوە کە دواتر دەبێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری زانکۆی فلۆریدا، کە چوارەمین بەناوبانگترین زانکۆی ئەمریکایە، لە ڕۆژنامە هەواڵییە بەناوبانگەکانی ئەمەریکادا، لەوانە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لۆس ئانجلۆس تایمز و چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری تر کاری کردووە. هەروەها بۆچوونی خۆی لەسەر چەندین بابەتی جیاواز تایبەت بە عێراق دەردەبڕێت و لە ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ هاورێکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردیان دامەزراندووە لە ئەمریکا، کە لە ساڵی ١٩٩١ تاکوو ١٩٩٩ سەرۆکی کۆنگرەکە بووە. هەروەها لەهەمان ساڵدا مام جەلالی لە نزیکەوە ناسیووە، لە ٢٠٠٩ـد١ بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان و لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەشداردەبێت، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٩ـدا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێت.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە ٧ـی ئازاری ٢٠١٠ سەرۆکایەتی لیستی کوردستانی دەکرد لە پارێزگای کەرکووک و دەنگی پێویستی بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق بەدەستهێنا. لەدوای نەخۆشکەوتنی جەلال تاڵەبانی لە ١٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢، سەرپەرشتی تیمی پزیشکی تاڵەبانی کردووە کاتێک لە هەرێمی کوردستان بوو. لە ساڵی ٢٠١١ تاکوو ساڵی ٢٠١٧ بووەتە دووەم پارێزگاری کەرکووک لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس.

دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەر

لە دوای ١٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک دوورخرایەوە، کەدواتر وازی لە پۆستی سیاسی یەکێتی هێنا و لە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ دەنگدرا بە لابردنی لە کارەکەی لەلایەن پەرلەمانی عێراق، دواتر لەلایەن دادگای کەرکووک بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا. هەروەها لە ١٦ـی شوباتی ٢٠١٩ بڕیاردرا لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی دووربخرێتەوە.

مردن

لە ٢٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ـدا جەڵتەی مێشک لێیدا و لە ڕۆژی ٣١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، نووسینگەی نەجمەدین کەریم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەیان ڕاگەیاند ناوبراو لە کاتژمێر ١١ـی شەو بەکاتی ئەمریکا کۆچی دواییی کردووە. لەسەر داوای خۆی، تەرمەکەی لە ئەمریکاوە دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان، لەداهاتووش ئەگەر شاری کەرکووک گەڕایەوە ژێر دەسەڵاتی کورد ئەوا گۆڕی ناوبراو ببردرێتەوە ئەو شارە.


سەرچاوەکان



197 بینین