بۆچی مانگە دەستکردەکان ناکەونە خوارەوە؟

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-08-24-23:52:00 - کۆدی بابەت: 10001
بۆچی مانگە دەستکردەکان ناکەونە خوارەوە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی مانگە دەستکردەکان ناکەونە خوارەوە (بە عەرەبی: لماذا لا تسقط الأقمار الصناعیة، بە ئینگلیزی: ?Why don't satellites fall out from the sky) پرسیارێکە زۆربەمان لە خۆمانمان کردووە و ئەگەر تۆش ئەو پرسیارەت کردووە ئەوا تەنها نیت. دەرکەوتووە ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی زۆرترین کەس لەبارەیەوە دەپرسن.

مانگی دەستکرد چییە؟

مانگی دەستکرد ئامێرێکە بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، وێنە دەگرێت و زانیاری کۆدەکاتەوە. هەزارەها مانگی دەستکرد لە دەوری زەویدا هەن. کەواتە چۆن مانگە دەستکردەکان هەروا لە دەوری زەویدا دەمێننەوە و لە ئاسمانەوە ناکەونە خوارەوە بۆ سەر زەوی؟

ئەگەر تۆپێک بەرەو ئاسمان هەڵبدەیت، تۆپەکە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە خوارەوە بۆ سەر زەوی. ئەمەش بەهۆی هێزی کێشکردنەوەیە، هەمان هێز کە زەوی لە بۆشاییدا ڕادەگرێت و ناهێڵێت لە شوێنی خۆی بەرەو گەردوونی ناکۆتا بەرەڵا ببێت.

مانگە دەستکردەکان بۆ ئەوەی بگەنە خولگەکانی خۆیان، لە سەرەتادا دەبێت بە مووشەک هەڵبدرێن. مووشەک دەتوانێت خێرایی ٤٠،٢٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ببڕێت. ئەو خێرایییە بەسە بۆ ئەوەی بەسەر هێزی ڕاکێشانی کێشکردندا زاڵ بێت و بەرگە هەوای زەوی بەجێبهێڵێت. هەر کاتێک مووشەکەکە گەیشتە شوێنە دیاریکراوەکەی لە دەرەوەی زەوی، ئەو کاتە لە مانگە دەستکردەکە جیادەبێتەوە. مانگە دەستکردەکە ئەو وزەیەی لە مووشەکەکەوە وەری گرتووە بۆ بەردەوامبوون لە جووڵە بەکاریدەهێنێت و ئەو جووڵەیە پێی دەوترێت تەوژم.

مانگە دەستکردەکان بە هاوسەنگکردنی دوو هۆکار، پارێزگاری لە جووڵەکەیان دەکەن لە خولگەکەیاندا: خێرایییەکەیان و کاریگەری هێزی ڕاکێشانی کێشکردنی زەوی لەسەریان. ئەو مانگە دەستکردەی لە زەوییەوە نزیکترە، هێزی کێشکردن کاریگەری زیاترە لەسەری، بۆیە دەبێت خێرایییەکەی زیاتر بێت تا لە خولگەکەیدا بمێنێتەوە.

بۆ نموونە مانگی دەستکردی (NOAA-20) لە دووری نزیکەی ١٦٠ کیلۆمەترێکەوە لە دەرەوەی زەوییە، پێویستە بە خێرایی ٢٧ هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بجووڵێت تا لە خولگەکەیدا بمێنێتەوە. لەلایەکی ترەوە مانگی دەستکردی (NOAA GOES)ـی ڕۆژهەڵات لە دووری ٣٥ هەزار کیلۆمەتر لە دەرەوەی زەوییە، پێویستە بەخێرایی ١٠ هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بجووڵێت تا لە خولگەکەیدا بمێنێتەوە.

مانگە دەستکردەکان سووتەمەنی لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن، بەڵام بۆ هێشتنەوەی خێرایییەکەیان نییە لە خولگەکەیاندا. سووتەمەنییەکە لە کاتی گۆڕینی خولگەکان یان خۆلادان لە تەنی دەرەکی و بەرکەوتنیان لەگەڵ مانگە دەستکردەکانی تر بەکاردەهێنن.

مانگە دەستکردەکان تا چەندێک دەتوانن لە خولگەکانیاندا بمێننەوە؟

مانگە دەستکردەکان دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لە خولگەکانیاندا بەچالاکی بمێننەوە. بۆ نموونە مانگی دەستکردی (NOAA GOES-3) ماوەی کارکردنی سێ دەیەی جیاواز بووە.

لە بەرواری ١٦ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٨، مانگی دەستکردی (GOES-3) وەکوو سێهەمین مانگی دەستکردی (NOAA GOES) بە گەیشتن بە خولگەکەی خۆی مێژووی تۆمارکرد. لە ساڵی ٢٠١٦، دوای ٣٨ ساڵ کارکردن وەکوو مانگی دەستکردی پێشبینی کەشوهەوا و پەیوەندییەکان، مانگە دەستکردەکە کۆتایی بە کارەکانی هات و لە بەرواری ٢٩ـی حوزەیران گوێزرایەوە بۆ خولگەی "گۆڕستان". 

خولگەی "گۆڕستان" خولگەیەکە پێویستی بەخێرایییەکی کەم هەیە تاکوو لە خولگەکەیا بیهێڵێتەوە و لەو دوورییەوە کاریگەری هێزی کێشکردنی زەوی کەمە لەسەری.

بۆچی مانگە دەستکردەکان ناکێشن بە یەکدا؟

لە ڕاستیدا ئەگەری هەیە مانگە دەستکردەکان بەر یەک بکەون و بەسەر یەکدا تێکبشکێن. NOAA، ناسا و هەموو ڕێکخراوە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکانی تریش بەبەردەوامی چاودێری شوێنی مانگە دەستکردەکان دەکەن لە بۆشایی ئاسمان. بەریەککەوتنی مانگە دەستکردەکان دەگمەنە چونکە کاتێک مانگێکی دەستکرد لە خولگەکەی خۆیدا جێگیر دەبێت بەشێوەیەک بەرنامەڕێژ دەکرێت کە خۆی لابدات لە مانگە دەستکردەکانی تر. بەڵام خولگەکان بەپێی کات دەگۆڕێن. هەروەها هەتا مانگی دەستکردی زیاتر و زیاتر بنێردرێنە بۆشاییی ئاسمان ئەگەری بەرکەوتنی مانگە دەستکردەکان لەگەڵ یەکتردا زیاتر دەبێت.

لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٠٩، دوو مانگی دەستکردنی پەیوەندی، یەکێکیان ڕووسی و ئەویتریان ئەمریکی لە بۆشاییدا بەر یەک کەوتن. کە ئەمەش یەکەمین جار بوو دوو مانگی دەستکردی مرۆڤ بە ڕێکەوت بەر یەک بکەون.


سەرچاوەکان



874 بینین