چاندنی داری هەڵووژە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-26-22:02:00 - کۆدی بابەت: 10024
چاندنی داری هەڵووژە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری هەڵووژە (بە ئینگلیزی: Planting plum tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة البرقوق)، داری هەڵووژە یەکێکە لە ئەو درەختانەی کە لە پاش چاندنی پێویستی بە گرنگیپێدانی کەم هەیە بەڵام بەرهەمێکی زۆرباش و بەتامی دەبێت، جۆری جیاوازی دووڕەگی زۆری هەیە کە تەنانەت لە کەشوهەوای زۆر ساردیشدا گەشەدەکەن، یاخود لەناوچەی ئاووهەوای ساردی مامناوەند، بۆیە خەڵکی بەئاسانی دەتوانن بیچێنن و دواتر لەناونەچێت.

باشترین کات بۆ چاندنی داری هەڵووژە کۆتایی زستان یاخود سەرەتای بەهارە و گونجاوتریش ئەوەیە کە نەمامێک لە هەڵووژەی بچووک بچێنرێت کە ڕەگی هەبێت، دواتر ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو بچێنرێت و گەشەبکات ئەوا هەر لقێکی بەرهەمێکی زۆری دەبێت، بەڕادەیەک زۆرە کە چڵەکە قورس دەکەن و ئەگەری شکانەوەی دەبێت، کاتی خونچەکردنی لە نێوان کۆتایی زستان هەتاکوو بەهار دەخایەنێت و ڕەنگی گوڵەکەشی پەمەیی کاڵ یان سپییە.

هەنگاوەکانی چاندن

  • هەڵبژاردنی جێگەیەکی گونجاو، کە مەودایەکی فراوانی هەبێت بۆ گەشەکردنی درەختەکە، چونکە داری هەڵووژەی پێگەیشتوو بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە مەودای شەش مەتر دەبێت، جۆرە کورتەباڵاکانیشی پێویستیان بە مەودای سێ مەتر دەبێت.
  • هەڵکۆڵینی چاڵێک لە جێگەیەکدا کە خاکێکی بەپیتبێت و ئاو بەباشی تێپەڕێت و کەڵەکەنەکات.
  • دەبێت چاڵەکە ١٠ سانتیمەتر لە درێژی و پانی ڕەگی نەمامەکە گەورەتربێت، چونکە نابێت هیچ بەشێکی ڕەگەکەی بەسەر دانەیەکی تردا بچەمێتەوە.
  • بۆ ئەوەی گەشەکردنی ڕەگەکەی تەندروستبێت باشترە کە بەهێواشی بە دەست ڕەگەکان بڵاوبکرێنەوە لە چاڵەکەدا و ڕێگری بکرێت لە کەوتنە سەریەکتری.
  • پڕکردنەوەی چاڵەکە بە خاک و سەماد، هەروەها کوتینەوەی چاڵەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە جێگیربوون و دروستنەبوونی بۆشایی هەوا.
  • لەدوای کۆتایی هاتنی چاندنەکەش پێویستە ئاوبدرێت هەتاکوو دارەکە بە جێگە نوێیەکەی ڕابێت.

شێوازی گرنگیپێدان

داری هەڵووژە پێویستی بە جێگەیەکە کە خۆری زۆری هەبێت و بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە شەش کاتژمێر خۆری بەربکەوێت هەتاکوو بەرێکی شیرین بگرێت، بەگوێرەی جۆری دارەکە پەڕاندنی دەنکە هەڵاڵەکانی دەگۆڕێت، هەندێکیان خۆیان دەپەڕن و پێویستیان بە داری تر نابێت، بەڵام هەندێکی تریان پێویستە بەلایەنی کەمەوە دارێکی تری هەڵووژە هەبێت هەتاکوو بپەڕن و بەربگرن، باشترین چارەسەریش ئەوەیە کە جێگەکە هەنگ و مێرووەکانی تری تێدابێت کە دەبنە هۆی گواستنەوەی دەنکە هەڵاڵەکان.

شێوازی ئاودانی بەگوێرەی تەمەنی دارەکە دەگۆڕێت، لە دوو ساڵی سەرەتادا دەبێت هەفتانە ئاوبدرێت، بەڵام لە جێگەیەکی نزیک هەتاکوو بە باشی ئاو بگات بە ڕەگەکەی، یاخود دانانی سیستمی ئاودان بە دڵۆپە کە دەبێتە هۆی ڕۆشتنە خوارەوەی ئاو بۆ قووڵایی خاکەکە و هاوکاری ڕەگەکان دەکات، دواتر کاتێک گەشەدەکات تەنها لە وەرزی گەشەکردندا یان کاتێک کەشوهەوا گەرمبێت پێویستی بە ئاودان دەبێت.  

بۆ پاراستنی داری هەڵووژە لە نەخۆشی و سیسبوون و لاوازبوونی چڵەکانی، پێویستە ساڵانە هەڵبپاچرێت، کاتی هەڵپاچینی دارە نوێیەکان لە سەرەتای بەهاردایە بەڵام ئەوانەی کە پێگەیشتوون دەبێت لە ناوەڕاستی هاویندا هەڵبپاچڕێن، نابێت لە پاییز و زستاندا دەستکاری بکرێت چونکە ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشی و بەرگەنەگرتنی سەرمای زستان زیاد دەکات، هەروەها پێویستە ساڵانە لە سەرەتای بەهاردا پێش ئەوەی بەرەکەی گەورەببێت ماددەی خۆراکی بۆ خاکەکەی زیادبکرێت، چونکە دوای بەرگرتنی ئەگەر خاکەکەی بەپیتبکرێت ئەوا دارەکە گەشەدەکات نەک بەرهەمەکەی.


سەرچاوەکان

70 بینین