سورەیا بەدرخان

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-08-29-23:00:00 - کۆدی بابەت: 10067
سورەیا بەدرخان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیانی

سورەیا بەدرخان (بە ئینگلیزی: Swraya Badrxan)، یەکێک بوو لە ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخان و نووسەر و سیاسەتمەداری کورد بووە، لە ساڵی ١٨٨٣ لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا لەدایکبووە، سورەیا لە نووسینەکانیدا بە عەزیز ئەحمەد و دکتۆر بلێچ شێرکۆ ناسراوە، بەدرخان بەگی باپیری دواهەمین میری میرنیشنی بۆتان بووە.

سورەیا یەکەمین کوڕی ئەمین عالی بەدرخان بووە لە ژنە شەرکەسییەکەی، سورەیا لە ئەستەنبوڵ خوێندوویەتی و کۆلێژی کشتوکاڵی تەواو کردووە. ناوبراو لە نێوان ساڵەکانی ١٩٠٦ بۆ ١٩٠٨ وەکوو ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی لە ئەستەنبوڵ بەهۆی گومانی تێوەگلان لە کوشتنی ڕەزوان پادشا دوور خراوەتەوە، کامەران لە هەر یەک لە شارەکانی ئیسپارتا و ئاکۆن ژیاوە.

پاش شۆڕشی گەنجە تورکەکان و لابردنی سوڵتان عەبدولحەمەیدی دووەم و دەستکردن بە کاری دەستووریی (ایکنجی مشروگیت)، لە ساڵی ١٩٠٨دا ڕێگا بە ئەمین عەلی و خێزانەکەی دەدرێت دووبارە بۆ ئەستەنبوڵ بگەڕێنەوە، پاش گەڕانەوەی سورەیا بۆ ئەستەنبوڵ دەست بە دەرکردنی ڕۆژنامەی کوردستان دەکات، لە نێوان ساڵەکانی ١٨٩٨ بۆ ١٩٠٢دا مامی کە ناوی میقداد مەدحەت بەدرخان بوو، ڕۆژنامەیەکی بە هەمان ناو بڵاو کردووەتەوە، لە ساڵی ١٩٠٩ ڕێگە بە دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان گیراوە و سورەیا خراوەتە گرتووخانە و بەهۆی بڵاوکردنەوەی ناڕەوا دژی جۆن تورکلەر سزای کوشتنی بۆ دەرکراوە.

لە ساڵی ١٩١٠دا بە دوورخستنەوەی لە وڵات، فەرمانی لێخۆشبوونی بۆ دەرچووە، لە ساڵی ١٩١٢دا دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ و کۆمیتەیەکی کوردیی نهێنی دامەزراندوە، دواتر دووبارە گیراوەتەوە و سزای کوشتنی بۆ دەرکراوە، لە ساڵی ١٩١٣ لە گرتووخانە هەڵهاتووە و بۆ هەمیشە ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی بەجێ هێشتووە، بە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەم لەژێر ناوی عەزیز ئەحمەد ڕۆژنامەی کوردستانی لە قاهیرە بڵاوکردووەتەوە، هەر لە شاری قاهیرە کۆمیتەی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دامەزراندووە، لە ساڵی ١٩١٩دا بڕیار بووە لە کۆنگرەی ئاشتیی پاریسدا بەشداری بکات کە تێیدا ویستوویەتی بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی کوردیی سەربەخۆ هەوڵ بدات، بەڵام پێشتر لەلایەن بەڕیتانییەکانەوە لە کاتی جەنگدا گیراوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٢٧دا لە بەیروت چووەتە ڕیزی ڕێکخراوی خۆییبوون، لە ساڵی ١٩٢٩ گەڕاوەتەوە سووریا و لە کاری ڕامیاری بەردەوام بووە. کاتێک لە ساڵی ١٩٣٠دا کەمالییەکان ڕاپەڕینی ئاگرییان سەرکوت کردووە، ڕێکخراوی خۆییبوون لە پشت ئەم سەرهەڵدانەوە بووە، ئەوکات سووریا لەژێر دەسەڵاتی فەڕەنسییەکاندا بووە، هەر بۆیە فەڕەنسییەکان گرتوویانە و بەرەو پاریس ڕەوانەیان کردووە، سورەیا بەدرخان لە ساڵی ١٩٣٨دا کۆچی دوایی کردووە و لە پاش خۆی کوڕ و کچێکی بە ناوەکانی قودرەت و حەقی جێهێشتووە.

سورەیا بەدرخان یەکەمین ڕامیاریناسی کورد بووە کە توانیویەتی ڕامیاریی کوردی لە پڕۆگرامی پارت و شێوازی مۆدێرندا بە نووسین و ئاخاوتن دابڕێژێت.

زانیاری گشتی

ناو سورەیا بەدرخان
ساڵی لەدایکبوون ١٨٨٣
شوێنی لەدایکبوون شاری ئەستەنبوڵ
پیشە نووسەر، ڕۆژنامەنووس
نەتەوە کورد
شوێنی مردن پاریس
ساڵی مردن ساڵی ١٩٣٨


سەرچاوەکان



515 بینین