چۆنیەتی چاندنی داری هەنار

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-31-23:38:00 - کۆدی بابەت: 10100
چۆنیەتی چاندنی داری هەنار

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری هەنار (بە ئینگلیزی: Planting pomegranate tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة الرمان)، داری هەنار یەکێکە لە ئەو دارانەی کە لە ماوەیەکی زۆر بەر لە ئێستاوە چێنراوە، بەشی دەرەوەی هەنار بە پێستێک داپۆشراوە و چەندین ڕەنگی هەیە وەک پەمەیی، سوور، سەوز یان قاوەیی، ژمارەیەکی زۆر گەڵای سەوزی جوان دەگرێت کە دواتر پێش وەرینی دەگۆڕێن بۆ زەرد، هەندێک لەجۆرەکانی کە ئارەزووی کەشوهەوای گەرم و وشک دەکەن لە ناوچە مامناوەندەکاندا دەچێنرێن.

هەروەها لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاواز لە ئەم دارە هەیە، ئەوا هەڵبژاردنی بەگوێرەی ناوچەی چاندن و تام و ڕەنگی بەرگ و تەنانەت نەرمی و ڕەقی تۆوەکەشی دەگۆڕێت، لە دوای گەشەسەندنی درێژی داری هەنار دەگاتە ٣.٦-٦ مەتر، بەڵام جۆرە کورتەباڵاکانی کە گەشەکردنی درێژییان کەمترە دەکرێت لە ناو گۆزە و ئینجانەکاندا بچێنرێن، گونجاوترین کاتیش بۆ چاندنی وەرزەکانی بەهار و پاییزن.  

هەنگاوەکانی چاندن

  • هەڵبژاردنی جێگەی گونجاو.
  • هەڵکۆڵینی چاڵێک کە هێندەی درێژی ڕەگەکە قوڵبێت و دووهێندەی فراوان و پانبێت.
  • پاش چاندنی پێویستە ئاوی زۆری پێبدرێت هەتاکوو لە جێگەکەیدا جێگیرببێت.

شێوازی گرنگیپێدان

هەر لە دوای چاندنییەوە گرنگیپێدانی زۆری ناوێت، بۆ گەشەکردن و دروستکردنی بەرهەم پێویستی بە جێگەیەکە کە ڕووناکی خۆری هەبێت و ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە شەش کاتژمێر تیشکی خۆری بەر بکەوێت، هەروەها دەبێت ساڵانە داری هەنار هەڵباچێرێت بەجۆرێک کە وەک درەختێکی فرە چڵ بێت، بەتایبەتی لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنیدا کە پێویستی بە بڕین هەیە هەتاکوو دارێکی بەهێز دروستببێت، باشترین کاتیش بۆ هەڵپاچینی پێش بەهار و دروستبوونی گەڵای نوێیە، واتە لە کاتێکدابێت کە تەواوی گەڵاکانی وەریبن، هەرچەندە بەدرێژایی ساڵیش دەکرێت هەندێک لە لق و چڵەکانی لا ببرێن.  

باشترین خاک بۆ داری هەنار بەجۆرێکە کە ئاو تێیدا کەڵەکەنەبێت و بەباشی تێپەڕبێت، هەرچەندە لە زۆرینەی خاکەکاندا گەشەدەکات تەنانەت ئەوانەشی کە تفتن، بەڵام ساڵانە باشترە کە ٢-٣ جار خاکەکەی بەپیتبکرێت و ماددەی خۆراکی و سەمادی بۆ زیادبکرێت، کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی داری هەنار بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازی هەیە، بەڵام بەگشتی دەکەوێتە نێوان مانگەکانی ٨-٩.

هەندێک لە نیشانەکانی پێگەشتنی بەرهەمەکەی بریتین لە گۆڕانی شێوەی هەنارەکە لە بازنەییەوە بۆ شەش لا، تەختبوونی بەشی سەرەوە و ژێرەوەی، گۆڕانی ڕەنگی بۆ ڕەنگە تۆخەکان و بە ئاسانی لە قەدەکەی لێبکرێتەوە، بەڵام ئەگەرلە کاتی پێویستدا لێنەکرێتەوە ئەوا هەنارەکان درزدەبن و دەقڵیشێن و دەکەونە سەر زەوی.  

ڕووبەڕووی نەخۆشی زۆر دەبێتەوە بەهۆی ئەو مێرووانەی کە هەڵگری کەڕوون، دواتر کەڕووەکە زیان دەگەیەنێت، باشترین شێوە ئەوەیە کە باخەوانەکان بە بەردەوامی چاودێری داری هەنارەکانیان بکەن و هەر مێروویەک لەسەر گەڵاکانی ببینێت زیاتر سەرنجی بدات و تێبگات کە لە چ قۆناغێکدایە (کرمۆکە، قۆزاخە، پێگەیشتوو)، بەتایبەتی لە بەیانیاندا سەرنجی بدات کە لە ئەم کاتانەدا ئەگەری فڕینی مێرووەکان کەمترە، یاخود سەیری ئەو بەشانەی درەختەکەی بکات کە هێلکەی مێرووەکانی تێدا دانراوە و لایانببات بە ڕشتنی زەیت و ماددەی قڕپێکەری تایبەت.


سەرچاوەکان

252 بینین