ناوچەی یۆرۆ

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-03-21:51:00 - کۆدی بابەت: 10140
ناوچەی یۆرۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ناوچەی یۆرۆ (بە ئینگلیزی: Eurozone یان Euro area، بە عەرەبی: منطقة اليورو) کورتکراوەی (EZ)، ناوچەیەکی جوگرافی و ئابوورییە، یەکێتییەکی دراوییە لە ٢٠ وڵاتی بەکارهێنەری یۆرۆ لە یەکێتی ئەورووپا پێکدێت، کە یۆرۆیان وەک دراوی سەرەکی خۆیان بە هاوبەشی وەرگرتووە، دەسەڵاتی دراوی ناوچەی یۆرۆ سیستمی یۆرۆیە.

بانکی ناوەندی ئەورووپی کە لەلایەن سەرۆکێک و دەستەیەکی سەرۆکی بانکە ناوەندییە نیشتیمانییەکانی ناوچەی یۆرۆ بەڕێوەدەبرێت، سیاسەتی دراوی ناوچەکە دیاری دەکەن، کە ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان.

زانیاری گشتی

یەکێتی یەکێتی ئەورووپا
جۆر یەکێتی دراوی
دراو یۆرۆ
دامەزراندن ١ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٩
دەسەڵاتی دراو سیستمی یۆرۆ
چاودێری سیاسی گرووپی یۆرۆ
ئەندامان
ئامارەکان
ڕووبەر ٢,٧٥٣,٨٢٨ کیلۆمەتری دووجا
دانیشتووان ٣٤٢,٣٧٦,٦٠٦ (٢٠٢١)
چڕی ١٢٤ کەس بۆ هەر کیلۆمەترێک دووجا

وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ

وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ ٢٠ وڵاتن کە لە نەمسا، بەلجیکا، قوبرس، ئیستۆنیا، فینلەندا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، ئێرلەندا، ئیتاڵیا، لاتیڤیا، لیتوانیا، لۆکسمبۆرگ، ماڵتا، هۆڵەندا، پورتوگال، کرواتیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا و ئیسپانیا پێکدێن. حەوت ئەندامی یەکێتی ئەورووپا بەردەوامن لە بەکارهێنانی دراوی خۆیان وەکوو دراوی فەرمی، هەرچەندە هەندێکیان ڕێککەوتوون لەسەر وەرگرتنی یۆرۆ لە داهاتودا.

هەروەها وڵاتانی تری یەکێتی ئەورووپا کاتێک پێوەرەکانی وەرگرتنی دراوی یۆرۆیان تێدابوو دەتوانن یۆرۆ وەربگرن، بەگشتی وەرگرتنی یۆرۆ تەنها بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەورووپایە بەڵام هەندێک دەوڵەتی بچووکی نائەندامیش لە ئەورووپا دەتوانن یۆرۆ وەربگرن، وەکوو ئەندۆرا، مۆناکۆ، سان مارینۆ و ڤاتیکان کە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا نین، ڕێکەوتنی دراویان لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا واژۆ کردووە و بە پێی هەندێک سنووردارکردن ڕێگەیان پێدەدرێت بە فەرمی یۆرۆ وەربگرن و جۆری خۆیان لە یۆرۆ دەربکەن.

بڕیارە وڵاتان پێش ئەوەی پەیوەندی بە یۆرۆوە بکەن، بۆ ماوەی دوو ساڵ بەشداری لە وەشانی دووەمی میکانیزمی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەورووپا (ERM-II) بکەن.

کارگێڕی و نوێنەرایەتی

سیاسەتی دراوی هەموو وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ لەلایەن بانکی ناوەندی ئەورووپی و سیستمی یۆرۆوە بەڕێوەدەبرێت، کە لە بانکی ناوەندی ئەورووپی و بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا کە لە ناوچەی یۆرۆ بەشدارن پێکدێت. هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا بەشێکن لە سیستمی بانکی ناوەندی ئەورووپی، سەرۆکەکەی کریست لاگاردە.

ناوچەی یۆرۆ لە ڕووی سیاسییەوە لەلایەن وەزیرانی داراییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، کە بە گرووپی یۆرۆ ناسراوە و سەرۆکێک سەرۆکایەتی دەکات بە ناوی پاسکاڵ دۆنەهۆو.

وەزیرانی دارایی ئەو وڵاتانەی یەکێتی ئەورووپا کە بەکارهێنەری یۆرۆن ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری و دارایی لە ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا کۆدەبنەوە، گرووپەکە پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی فەرمی نییە بەڵام کاتێک ئەنجوومەنی ئابووری و دارایی کۆدەبنەوە و دەنگ لەسەر ئەو بابەتانە دەدەن کە کاریگەرییان لەسەر ناوچەی یۆرۆ هەیە، تەنها ئەندامانی گرووپی یۆرۆ ڕێگەیان پێدەدرێت دەنگی لەسەر بدەن.

مێژووی ناوچەی یۆرۆ

لە ساڵی ١٩٩٢ ئەو وڵاتانەی کۆمەڵگای ئەورووپی پێکدەهێنن پەیماننامەی ماستریختیان واژۆ کرد و بەو هۆیەوە یەکێتی ئەورووپا دروستبوو، دروستکردنی یەکێتی ئەورووپا چەندین کاریگەری گرنگی هەبوو لەوانە هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری لە سیاسەتدا بەرەوپێش برد، هەروەها کاریگەری لەسەر هاوڵاتیبوون و ئاسایش و سیاسەتی بەرگری و سیاسەتی ئابووری هەبوو.

دەربارەی سیاسەتی ئابووری، پەیماننامەی ماستریخت ئامانجی دروستکردنی یەکیەتییەکی ئابووری و دراوی هاوبەش بوو، لەگەڵ سیستمێکی بانکی ناوەندی ئەویش بانکی ناوەندی ئەورووپی بوو و یۆرۆیان بە دراوی هاوبەش وەرگرت.

مەرجی بەشداریکردن لە ناوچەی یۆرۆ

بۆ ئەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بچنە ناوچەی یۆرۆ و یۆرۆ وەک دراوی خۆیان بەکاربهێنن پێویستە هەندێک پێوەر بەدیبهێنن، کە پێکهاتوون لە چوار پێوەری ئابووری هەمووەکی کە سەرنج دەخەنە سەر سەقامگیری نرخەکان، دارایی گشتی دروست و بەردەوام، بە یەکگرتووی مانەوە و سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕکردن.

بۆ ئەوەی نەتەوەیەکی یەکێتی ئەورووپا سەقامگیری نرخەکان بخاتەڕوو، پێویستە ئەدای بەردەوامی نرخەکان نیشانبدات، تێکڕای ڕێژەی هەڵاوسانی لە ١,٥٪ زیاتر نەبێت، بۆ خستنەڕووی دارایی گشتی دروست دەبێت حکوومەت کورتهێنانی بودجە بەڕێوەببات کە لە ٣٪ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر نەبێت و قەرزی گشتی لە ٦٠٪ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر نەبێت. مانەوی دەوڵەتێک بە یەکگرتوویی لە ڕێگەی ڕێژەی سوودی درێژخایەنەکەیەوە هەڵدەسەنگێندرێت کە ناکرێت ٢٪ زیاتر بێت. لە کۆتاییدا نەتەوەکە دەبێت سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕکردن بە بەشداری کردن لە میکانیزمی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەورووپا (ERM-II) بۆ ماوەی دوو ساڵ نیشانبدات.


سەرچاوەکان



386 بینین