داری تەروو

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-09-06-12:30:00 - کۆدی بابەت: 10161
داری تەروو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕووەکی تەروو (بە عەرەبی: شجرة کف مریم، بە ئینگلیزی: chaste tree or Vitex plant، ناوی زانستی: Vitex agnus-castus)، جۆرێک دەوەنی بۆنخۆشە و نشینگە بنەڕەتییەکەی کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپایە، بەدیاریکراویش لە ناوچەی ئاووهەوای مامناوەنددا دەڕوێت، واتە جیاوازە لە زۆرینەی دەوەنەکانی تر کە لە ناوچەی هێڵی کەمەرەییدا دەڕوێن، چەندین جۆری جیاوازی هەیە و تووشی نەخۆشی زۆرنابێت.

تەنها چەند کێشەیەکی وەک هەبوونی کرم لە ڕەگەکەیدا یان دروستبوونی نیشانە لە گەڵاکانیدا هەیە، کە ئەمانەش زۆر باو نین و بە بەردەوامی دووبارە نابنەوە، بەڵکو دەکرێت بەهۆی وشکنەبوونەوەی بنجەکەیانەوە ڕووبدات، یاخود دەکرێت هەندێک جۆری مێرووەکان هێرشی بۆ بکەن و ئەمانیش بە ڕشتنی زەیت و ماددەی تایبەت لەناودەچن، جگە لە ئەمانەش ناوەندە ڕێژەی تەمەنی لە نێوان ١٥-٢٠ ساڵ دەبێت، بەڵام هەندێکیان دەکرێت هەتاکوو نزیکەی ٤٠ ساڵیش بژین.

شێوە و پێکهاتەی

تەروو یەکێکە لە ئەو دەوەنانەی کە لە ماوەی وەرزی بەهاردا دەستەیەک گوڵی مۆر دەگرێت، ڕەنگی گوڵەکەی جگە لە مۆر دەکرێت پەمەیی و سپی یاخود شین بێت، گەڵاکەی هاوشێوەی گەڵای ماریجوانایە کە پێکهاتووە لە پێنج بەشی وەک یەک و وەک لەپی دەست ڕێکخراوە، بۆنی خۆشی دەوەنەکەش لە گەڵا و گوڵەکەیەوە دێت، پاشان بەرهەمێکی ڕەشی دەبێت کە چوار تۆوی تێدا هەڵگیراوە و هەندێکجار بۆ زیادکردنی تام بۆ خواردنەکان بەکاردێت.  

سوودەکانی

  • بەکاردێت بۆ ڕازاندنەوەی باخچەکان، بە تایبەتی لە ویلایەتی تەکساس.
  • چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە پەیوەندییان هەیە بە مێیە کۆئەندامی زاوزێ.
  • ڕێکخستنی دەردانی هۆرمۆنی پرۆلاکتین، لەگەڵ هاوسەنگکردنی هۆرمۆنەکان وەک ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن.
  • کەمکردنەوەی ئازاری سەرئێشە.
  • زیادکردنی شیر لە ماوەی شیرپێدان.
  • بەرزکردنەوەی بەپیتبوونی مێینە.
  • وەک دژە بەکتریا و دژە کەڕوو سوودی هەیە.
  • دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە مێرووەکان.

شێوازی چاندن

باشترین و گونجاوترین شێواز بۆ چاندنی داری تەروو ئەوەیە کە لە سەرەتای هاویندا لقێکی تەندروستی لێبکرێتەوە، درێژییەکەی لە نێوان ٣٠-٤٥ سانتیمەتر ببێت و بە ئامێرێکی تیژ ببڕدرێت، پاشان گوڵەکان و گەڵای نیوەی خوارەوەی لاببرێت و بخرێتە ئاوەوە، دەبێت جێگەکەی بە جۆرێک بێت کە ڕووناکی خۆری بەیانیانی بەربکەوێت و دواتر ببێتە سێبەر.

پاش تێپەڕبوونی دوو مانگ ئەو گەڵایانەی کە ماون دەوەرن، بەڵام گەڵای نوێ دەردەکەوێت و سەوزدەبێت، پاشان بەشی خوارەوەی چڵە تەرووەکە ڕەگ دەکات و دەکرێت بچێنرێت، کە دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ جێگەی مەبەست، لە ڕێگەی تۆویشەوە دەچێنرێت کە لەناو بەرە ڕەشەکەیدا و بەئاسانی چەکەرە دەکات لە پاش چاندنی، یاخود هەرجارێک کە دەوەرێتە بنجی خۆی بە ئاسانی تەرووی نوێ چەکەرە دەکات.

شێوازی گرنگیپێدان

هاوشێوەی زۆرینەی دەوەنەکانی تر باشترە کە تەروو لە وەرزی بەهاردا بچێنرێت بۆ ئەوەی هەتاکوو زستان کاتی تەواوی هەبێت ڕەگ دابکوتێت، هەر لە پاش جێگیربوونی لە جێگەکەیدا تەروو پێویستی بە ئاودان نییە، هەروەها لە دوای چاندنی گەشەیەکی زۆر خێرای هەیە و تەنها لە وەرزێکدا نزیکەی دوو مەتر یان زیاتر گەشەدەکات، بەڵام زۆرینەی باخەوانەکان هەتاکوو سێ مەتر ڕێگە دەدەن کە تەرووەکانیان بەرز ببن.

پێویستی بە جێگەیەکە کە بەدرێژایی ڕۆژ ڕووناکی خۆری هەبێت، واتە بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە شەش کاتژمێر تیشکی خۆری بەربکەوێت، خاکەکەی ترش یان کەمێک تفت بێت و بەباشی ئاو پێیدا تێپەڕێت، هەروەها پێویستی بە خاکی بەپیت نییە چونکە هەبوونی ماددەی خۆراکی جێگەکەی بە شێداری دەهێڵتەوە، تەروو ئارەزووی ناکات و تەنانەت لە ناوچەی بەرد و لمیدا گەشەدەکات، کە جێگەی وشک و بێپیتن.

بە ئاسانی لە باخچەی ماڵەکاندا گەشە دەکات، بەڵام پێویستە چاودێری گەشەکردنەکەی بکرێت و هەڵبپاچرێت بۆ ئەوەی جڵەو بکرێت، کاتی گونجاو بۆ هەڵپاچینی دەکەویتە سەرەتای بەهارەوە و باشترە کە تەنها بەشی ناوەڕاستی بهێڵرێتەوە، واتە لق و چڵی تەنیشتەکانی لێبکرێتەوە بۆ ئەوەی شێوەیەکی دیاریکراوی وەک درەخت وەربگرێت.


سەرچاوەکان

155 بینین