چەند نیشانەیەک کە دەری دەخەن لەگەڵ هاوژینێکی خۆخواز (نێرگزی)ـدایت

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-09-06-14:25:00 - کۆدی بابەت: 10165
چەند نیشانەیەک کە دەری دەخەن لەگەڵ هاوژینێکی خۆخواز (نێرگزی)ـدایت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەسایەتی خۆخواز یان نێرگزی (بە ئینگلیزی: Narcissistic personality، بە عەرەبی: شخصیة نرجسیة)، بریتییە لە هەبوونی سەرسامبوون و خواستێکی زۆر لەسەر خود و نەبوونی هاوسۆزی بەرانبەر بەوانی تر بە جۆرێک کە کەسی نێرگزی خۆی لە هەمووان پێ گرنگترە. لەم جۆرە کەسایەتییەدا دەبێت بەلایەنی کەمەوە پێنج دانە لەم نیشانانە هەبێت: 

  1. زۆر خۆبەگەورە و گرنگزانین.
  2. هەبوونی خولیای نموونەییبوون بۆ سەرکەوتن، نموونەییبوون لە هەبوونی هێز, زیرەکی, جوانی و خۆشەویستیدا.
  3. باوەڕبوون بەوەی تایبەت و تاکە و دەبێت هەمووان پەیوەندی لەگەڵ ببەستن و حەز بەنزیکی بکەن.
  4. هەبوونی هەستی خۆپەسەندکردنێکی لەڕادەبەدەر.
  5. هەست بەوە دەکات شایستەی هەموو شتێکە کە بۆی بکرێت.
  6. خراپ بەکارهێنانی بەرانبەر.
  7. نەبوونی هاوسۆزی بەرانبەر دەوروبەر.
  8. ئیرەییبردن بە دەوروبەر یان باوەڕهێنان بەوەی دەوروبەر ئیرەیی پێ دەبەن.
  9. لووتبەرزی و خۆبەزلزانی.

ئەو نیشانانەی دەریدەخەن لەگەڵ کەسێکی خۆخوازدا لە پەیوەندیدایت

لێرەدا چەندین ڕەفتار و هەڵسوکەوت هەن کە نیشانەن بۆ تێکچوونی کەسایەتیی خۆخواز (Narcissistic personality disorder) و یارمەتیدەرن تاوەکوو درک بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ هاوژینێکی نێرگزیدا بکەیت. هاوکات تەنیا کەسی پسپۆڕ و شارەزای دەروونی توانای دیاریکردنی ئەم نیشانانەی هەیە، ئەوانیش بریتین لە:

هەست بە هاوسۆزبوون ناکەیت

هاوژینەکەت لەکاتی گونجاودا قسەت لەگەڵ بکات، بەڵام هەرگیز هەوڵی دواندن و پرسیارکردن نەدات تاوەکوو باسی بەرنامەکانی داهاتووت یان چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکەتان بکەیت. هەروەها بەردەوام شانازی بە خۆی و دەستکەوتەکانییەوە بکات و بە دەگمەن ئارەزووەکانی بخاتە ڕوو و باسێک لەسەر پەیوەندی و ژیانتان بکاتەوە، هاوکات دڵخۆشییەکانی بەهۆی سەرچاوەی دەرەکییەوە بێت وەک پارە و سامان و پلەوپایە بەجۆرێک کە گومان لەوە بکەیت کە ئایا خۆشەویستی و پەیوەندییەکەتان و ڕۆمانسیبوون هەستی دڵخۆشبوونی پێ دەدات یان نا.

هەست بەوە دەکەیت کە دەیەوێت کەسایەتیت بگۆڕیت

لە پەیوەندییەکەتاندا هەست بەوە دەکەیت هاوژینەکەت لەڕێگەی وردە هەڕەشەوە داوای ئەوە دەکات هەموو ئەو کارانە بکەیت کە ئەو خواستی لێیەتی و بەدڵییەتی، هەرچەندە ڕەنگە هەڕەشەکان بەڕاستەوخۆیی نەکات، بەڵام درک بەوە بکەیت کاتێک شتێک لەوانە ناکەیت کە بە دڵییەتی ئەوا ئەویش بەخراپی مامەڵەت لەگەڵ دەکات، هەر بۆیە هەندێک جار وا باشترە ئەو کارانە بکەیت کە ئەو داوای دەکات هەرچەندە کە هاوڕاشی نەبیت.

هەست بەوە ناکەیت بە تەواوی باشیت بۆ هاوژینەکەت

بەهۆی ئەوەی هاوژینەکەت هەمیشە کەمت دەکاتەوە و دەستکەوت و کارەکانت بە کەم دەزانێت و بەشێوەیەکی نەرێنی لەبارەتەوە دەدوێت وات لێدەکات هەست بەوە بکەیت لەچاو هاوژینەکەتدا ئاستت نزمترە و شیاوی ئەو نیت، بەو هۆیەوە ئارەزووی کردنی کارە دڵخوازەکانت کەم دەبێتەوە چونکە هێندەی خەریکی چاککردنی ئەو شتانەی کە ئەو بە دڵی نییە، کاتت بۆ کردنی کارە دڵخوازەکانت نامێنێتەوە.

هەمیشە گومانت لەبەرانبەر خۆت بۆ دروست دەکات

کاتێک هاوژینەکەت بەردەوام نکۆڵی دەکات لەو شتانەی کە تۆ بەڕاستیان دەزانیت، ئەم کردارەی وا دەکات گومانت لە بەرانبەر خۆت بۆ دروست ببێت، بۆ نموونە ڕەنگە هاوژینەکەت لەسەر شتانێک کە تۆ بە ڕاستیان دەزانیت، هەمیشە ڕستەی “تۆ بەباشی بیرت نییە” بهێنێتەوە و بیڵێت، یان بۆ نموونە ڕەنگە هاوژینەکەت دەربارەی ڕەفتارەکانت درۆ بکات و هەوڵبدات کەسایەتی واقیعیی تۆ بگۆڕێت تەنیا بۆ ئەوەی لەگەڵ قسەکانی خۆیدا بیگونجێنێت کە سەبارەت بە ڕووداوەکان دەیکات و بەوشێوەیە وابکات تۆ گومان لە خۆت بکەیت و باوەڕ بەو بهێنیت. هاوکات ئەگەر ئەم کردارە لە بەرچاوی خێزان و هاوڕێکانتدا بکات ئەوە وایان لێدەکات ئەو کەسانە دەست بکەن بە بیرکردنەوە لەوەی کێشەکە بەهۆی تۆوەیە و هاوژینەکەت لێی بێبەرییە چونکە بۆیان قورس دەبێت کە بزانن لە پشت ڕووداوە ساختەکانەوە کە هاوژینەکەت دروستی کردووە چی ڕوودەدات، لەبەر ئەوەی هاوژینەکەی لە ڕووکەشدا کەسێکی زۆر دڵڕفێن و خۆپەسەند دیارە. ئەمە زۆرجار لەو پەیوەندییانەدا ڕوودەدات کە سوکایەتی و خواستی جڵەوگیرکردنی بەرانبەریان تێدایە و تاکتیکێکی باوی کەسە نێرگزییەکانە.

خۆت لە گفتوگۆ بەدوور دەگریت

خۆت لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوژینەکەتدا بەدوور دەگریت چونکە وا دەزانیت هەموو جارێک بە دەمەقاڵیکردن کۆتایی دێت، ئیتر گرنگ نییە چەند هەوڵ دەدەیت کە هێمن و ئارام بیت. کەسانی نێرگزی هەمیشە حەزدەکەن خاڵی لاوازی ئەوانی تر بگرن و بەکاری بهێنن چونکە خۆشیی دەبینن لە جڵەوگیرکردنی هەستەکانی کەسانی تر.

هەست بەوە دەکەیت کە تۆ تاکە بەرپرسیاری هەموو کێشەیەکیت

کەسانی نێرگزی وا بیردەکەنەوە کە ئەوانی تر بەرپرسیارن لە هەر شتێکی هەڵە ڕووبدات، تەنانەت ئەگەر هەڵەکەش خۆیان ئەنجامیان دابێت چونکە ئەم کەسانە خۆیان لە دەوروبەریان پێ بەرزترە و بە چاوێکی کەمتر لە خۆیان سەیری ئەوانی تر دەکەن. کاتێک هاوبەشەکەت هەرگیز هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکات سەبارەت بە کێشەکان و هەردەم تۆ تاوانبار دەکات ئەوە وا دەکات هەست بەوە بکەیت هیچ شتێک نییە لە ژیانتدا بتوانیت بەڕاستی ئەنجامی بدەیت.

لەبەر ترسی تووڕەبوونی هاوژینەکەت ناوێریت هیچ بکەیت

ئایا هەرگیز هەستت بەوە کردووە کە ناوێریت هیچ بکەیت چونکە دەترسیت هاوژینەکەت بەسەرتدا بتەقێتەوە؟ بۆ نموونە شتەکان زۆر باشن و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە بەڵام لەناکاو شتێکی زۆر بچووک ڕوودەدات و تووڕەبوون دەست پێدەکات و ئەمەش وا دەکات هەست بکەیت خۆتت لەدەستداوە چونکە هەر کارێک دەیکەیت تەنیا بۆ دڵخۆشکردن و ئارام هێشتنەوەی هاوژینەکەت دەیکەیت.

هاوژینەکەت لەگەڵ خەڵکی جیاوازتر لە تۆ مامەڵە دەکات

هاوژینەکەت لەگەڵ کەسانی دەوروبەریدا بە دڵڕفێنانە و متمانەبەخۆبوونەوە مامەڵە دەکات، بەڵام کاتێک لەگەڵ تۆدا تەنیا دەبێت ئەوا ڕووە خۆخوازییە ڕاستەقینەکەی دەردەکەوێت و تەواو جیاوازتر دەبێت لەوەی کە لەگەڵ خەڵکیدا بووە، بەوشێوەیەش وا دەکات خەڵکی خۆشیان بوێت.

بەردەوام گوێت لە ڕەخنەگرتن دەبێت

هاوبەشی ژیانت هەمیشە ڕەخنە لە شێوازی دەرکەوتنت دەگرێت، بۆ نموونە لە کێشی لەشت، لە جل و بەرگت، لە قژ و ڕووخسارت، هاوکات یان ڕووبەڕوو یانیش لە پشتەوە گاڵتەت پێدەکات و بەو گاڵتە کردنەی کەمت دەکاتەوە، هەروەها ئەم جۆرە کەسانە گاڵتە بە هەمووان دەکەن بەتایبەت لەو کەسانەی کە لە خۆیان دەوڵەمەندتر و لێهاتووترن چونکە ئیرەیی دەبەن.

پێداویستییەکانت پشتگوێ دەخرێن

هاوژینەکەت هەمیشە بیر لە پێداویستییەکانی خۆی دەکاتەوە بێ گوێدان بە پێداویستییەکانی تۆ و تەنانەت منداڵەکانیشی، بەو واتایەی تەنیا ئەو کارانە دەکات کە خۆی پێویستی پێیەتی نەک کارێک بکات لە پێناو تۆ و منداڵ و پەیوەندییەکەتاندا، بۆ نموونە ڕەنگە بیەوێت هەمیشە ئەو کاتانە سەرجێیی بکەن کە ئەو دەیەوێت بێ گوێدان بە هەست و خواستی تۆ.

هەمیشە خێزانەکەت سەبارەت بە هاوژینەکەت ئاگادارت دەکەنەوە

خێزانەکەت هەمیشە ئاگادارت دەکەنەوە کە حەزیان بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی هاوژینەکەت نییە یان بەشێوەیەک لە شێوەکان هاوژینەکەت ناڕوونییەکی سەبارەت بە تۆ خستووەتە ڕوو کە وای لە خێزانەکەت کردووە گومانت لێبکەن و حەز بکەن ئیتر پێکەوە نەبن.

هەست بە خۆشەویستی ناکەیت

لە سەرەتای پەیوەندییەکەتاندا هەستت بەوە دەکرد کە سەرسوڕهێنەرترین و جوانترین کەسیت، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و سەرهەڵدانی کێشەکاندا هاوژینەکەت دەست دەکات بە بێ بەهاکردن و پشتگوێخستنت کە ئەمەش نیشانەیەکە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە مرۆڤانە لە پلەی یەکەمی ژیانتدا دانەنێیت.

بە بێدەنگبوون تۆڵە دەکاتەوە

هاوژینەکەت بێدەنگبوون وەک توانایەک بەکاردەهێنێت تاوەکوو جڵەوگیرت بکات بەو واتایەی کە دەوەستێت لە بەخشینی هەستی سۆز و خۆشەویستی پێت و لە بەرانبەردا کرداری بێدەنگی و پشتگوێخستن بەکاردەهێنێت تاوەکوو جارێکی تر هەست بە باش ڕەفتارکردنی تۆ دەکاتەوە، ئەمەش زۆرجار لە سوودی ئەودا تەواو دەبێت و ئەوە بە دەست دەهێنێت کە دەیەوێت. هاوکات مامەڵەی بێدەنگبوون بەشێک نییە لە هەبوونی پەیوەندییەکی تەندروست و پڕ خۆشەویستی چونکە بنەمای هەبوونی پەیوەندییەکی باش، گفتوگۆکردنە.

ناتوانیت پشت بە هاوژینەکەت ببەستیت

نێرگزییەکان مایەی پشت پێ بەستن و متمانەپێکردن نین، چونکە هەرکاتێک پەیمان ببەستن، ئەوا لەو ساتەی کە لە سوودی خۆیانە، پەیمانەکە دەشکێنن و بەو شێوەیە وات لێدەکەن کە خۆت هەموو شتێک بکەیت.

کاتێک داوا لە هاوژینەکەت دەکەیت کەمێک کەسایەتی چاک بکات، نایکات

کەسانی نێرگزی ئامادە نین خۆیان چاک بکەن و بگۆڕێن، چونکە بەواتای ئەوە دێت کە شتێک تیایاندا هەڵە و چەوتە و ئەوانیش هەرگیز دان بەو جۆرە شتانەدا نانێن. هاوکات هەندێک لە نێرگزییەکان بە شانازییەوە دان بەوەدا دەنێن نێرگزین و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کەسانی تر کێشەن و خۆیان کەسانی ئاسایین.


سەرچاوەکان



457 بینین