کەمخوێنی شیبوونەوەی خوێن

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-09-07-22:07:00 - کۆدی بابەت: 10174
کەمخوێنی شیبوونەوەی خوێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەمخوێنیی شیبوونەوەی خوێن (بە ئینگلیزی: Hemolytic anemia، بە عەرەبی: نفث الدم الانحلالي)، ناسراو بە ڕوونبوونەوەی خوێن جۆرێکە لە نەخۆشییە کەمخوێنییەکان بەهۆی تێکشکانی نائاسایی خڕۆکە سوورەکانەوە دروست دەبێت لەناو لوولە خوێنەکان یان لە دەرەوەیدا لە شوێنێکی جەستەدا، لە کاتی ئاساییدا تەمەنی خڕۆکە سوورەکان ١٢٠ ڕۆژە، بەڵام لە کاتی تووشبوون بەم نەخۆشییە زووتر تێکدەشکێن و جەستەش ناتوانێت قەرەبووی کەمبوونەوەی خانەکان بکات و ئەمەش کەمخوێنی دروست دەکات، ئەم حاڵەتە زیاتر لە سپڵدا ڕوودەدات بەڵام دەشێت لە سیستمی تۆڕە ناوپۆشەخانەکان ڕووبدات، هەروەها ئەم حاڵەتە دەشێت ببێتە هۆی زەردوویی لە کەسەکەدا و مەترسی دروستبوونی لێکەوتە درێژخایەنەکان زیاتر بکات.

نیشانەکان

نیشانەکانی کەمخوێنیی شیبوونەوەی خوێن هاوشێوەیە لەگەڵ کەمخوێنییەکانی تر کە ئەمانە دەگرنەوە:

  • ماندوویی و شەکەتی
  • زەردهەڵگەڕان
  • کورتی لە هەناسەداندا
  • ئازاری سینگ
  • دڵەکوتێ (خێرابوونی ترپەکانی دڵ)
  • لاوازی و کەمی کێش لە منداڵاندا
  • سەرگێژخواردن
  • خەواڵوویی
  • بێهێزی
  • بوورانەوە

نیشانەکانی تێکشکان و شیبوونەوەی خوێن بریتین لە:

هۆکارەکان

هۆکارە ناوەکییەکانی دروستبوونی شیبوونەوەی خوێنی بۆماوەیی یان زگماکی کە لە جەستە سەر هەڵدەدات بریتین لە:

  • کەموکورتی لە کاتی دروستبوونی پەردەی خانەی خڕۆکە سوورەکان، وەک ئەو خڕۆکە سوورانەی کە نیمچە گۆیین یان لە شێوەی گەڵادان.
  • کەموکورتی لە دروستبوونی هیمۆگڵۆبین وەک (نەخۆشی تالاسیمیا یان نەخۆشی پاقلە).
  • کەموکورتی لە زیندە چالاکییەکانی خڕۆکە سوورەکان وەک نەبوونی یان کەمی ئەنزیمەکان نەخۆشی G6PD و PKD.
  • نەخۆشی ویڵسن کە بەهۆی زۆری ڕێژەی ئایۆنی مس لە خوێندا کە دەبنە هۆی تێکشکاندنی خڕۆکە سوورەکان.

هۆکارە دەرەکییەکان کە لە ڕێگەی هاندانی بەرگری و بەهۆی دەرمان ئەم حاڵەتە دروست دەکەن بریتین لە:

جیاوازی چییە لە نێوان کەمخوێنیی شیبوونەوەی خوێن لەگەڵ کەمخوێنیی شیبوونەوەی خوێنی دژەخۆیی؟

شیبوونەوەی خوێنی دژەخۆیی کاتێک ڕوودەدات کە بەرگری جەستە بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر خڕۆکە سوورەکان و دژەتەنی بۆ دروست دەکات، لە کاتی بوونی هەر دژەتەنێک بە پەردەی خڕۆکە سوورەکانەوە خانەکانی بەرگری خڕۆکە سوورەکە دەناسنەوە و تێکی دەشکێنن، بەڵام لە شیبوونەوەی خوێنی ئاساییدا مەرج نییە بەهۆی بەرگری جەستەوە بێت هەندێک جار بەهۆی وردە زیندەوەرێک یان هۆکارەکەی بۆماوەیی بێت هەروەها مەرج نییە خانەکان بە هەڵە تێکبشکێنرێن و جەستە بەرگری دژی خڕۆکە سوورەکان دروست بکات.

میکانیزمی تێکشکانی خڕۆکە سوورەکان

تێکشکانی خڕۆکە سوورەکان لەناو لوولە خوێنەکاندا دەبێتە هۆی بەرەڵاکردنی پێکهاتەکانی ناو خڕۆکە سوورەکان وەکوو هیمۆگڵۆبین بۆ ناو خوێن و بەرزکردنەوەی ڕێژەی بیلیرۆبین لە خوێندا، ئەم هەنگاوە بەهۆی دروستبوونی دژەتەن دژ بە خڕۆکە سوورەکان یان تووشبوون بە هەندێک جۆری هەوکردنی مشەخۆری خوێن کە دەبنە هۆی تەقینی خڕۆکە سوورەکان.

تێکشکانی خوێن لە دەرەوەی لوولە خوێنەکاندا کە لە جگەر و سپڵ و مۆخی ئێسک و لیمفە گرێکان ڕوودەدەن، لەم ئەندامانەدا هیمۆگڵۆبین بەرەڵا دەکرێت و تێکەڵ بە پلازمای خوێن دەبێت پاشان لەلایەن خانە قەپگرە گەورەکانەوە تێکدەشکێنرێن، گرنگ نییە خانەکە خڕۆکەی سووری نائاسایی بێت یان خڕۆکەیەک بێت دژەتەنی پێوە نووسابێت لە کاتی ناسینەوەیاندا ڕاستەوخۆ هێرش دەکرێتە سەریان، ئەگەر ڕێژەی تێکشکانی خڕۆکە سوورەکان زیاتر بێت لە ڕێژەی دروستبوونیان کەمخوێنی دروست دەکات و ئۆکسجینی پێویست ناگات بە خانەکان و نیشانە و کێشەی تەندروستی دروست دەکات.

دەستنیشانکردن

ئەم حاڵەتە لە ڕێگەی کۆمەڵە پشکنینێکەوە دیاری دەکرێت:

  • ئامادەکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن یان ڕێژەی ڕیتیکەخانەکان (خڕۆکەی سووری پێنەگەیشتوو لە خوێندا) بۆ بینین لەژێر مایکرۆسکۆپدا کە دەتوانرێت لە ڕێگەی شێوە و ژمارەیانەوە حاڵەتەکە دیاری بکات و بەباشترین ڕێگا دادەنرێت.
  • پشکنینەکانی بیلیرۆبینی خوێن.
  • پشکنینی ئەنزیمی LDH کە لە کاتی بوونی ئەم حاڵەتە بەرز دەبێتەوە.
  • پشکنینی ڕێژەی هاپتۆگلۆبینی خوێن کە نزمبوونەوە نیشانەی زیان گەیشتنە بە خڕۆکە سوورەکان.
  • پشکنینی دژەتەنی نووساو بە خڕۆکە سوورەکانەوە ئەگەر ئەنجامەکەی ئەرێنی بوو واتا کەسەکە ڕوونبوونەوەی خوێنی هەیە.
  • پشکنینی Hb electrophoresis کە ئەمەش تەکنیکێکە هیمۆگڵۆبینەکان بەپێی بارگەیان لەسەر جەلییەک ڕیز دەبن لە کاتی بوونی سەرچاوەیەکی کارەباییدا.

لێکەوتەکانی ڕوونبوونەوەی خوێن

لە کاتی چارەسەرنەکردنی ئەم حاڵەتە دەشێت ببێتە هۆی ناڕێکی لە لێدانی دڵ، نەخۆشی درێژخایەنی ماسولکەی دڵ، شکستی دڵ، بەردی زراو، کۆبوونەوەی ئاو لە سک، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنهێنەرەکانی سییەکان یان جگەر.

چارەسەرکردن

سەرەتا چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە بەپێی خراپی حاڵەتەکە دەکرێت، بۆ نموونە لە حاڵەتە کەمخوێنییە توندەکاندا گواستنەوەی خوێن ئەنجام دەدرێت بۆ نەخۆشەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی ڕێژەی خڕۆکە سوورەکان، دواتریش لە ڕێگەی دۆزینەوەی هۆکاری دروستبوونییەوە حاڵەتەکە چارەسەر دەکرێت، ئەگەر هۆکارەکە بەهۆی بەرگرییەوە بوو دەرمانە ستیرۆیدەکان یارمەتیدەر دەبن لە ڕێگەی دابەزاندنی بەرگری نەخۆشەکەوە وەک دەرمانی (Rituximab)، نەشتەرکاری لابردنی بەشێک یان تەواوی سپڵ چونکە ئەم ئەندامە بەرپرسە لە تێکشکانی خڕۆکە سوورە کۆن و نائاساییەکان و بەرزبوونەوە چالاکی ئەم ئەندامەش ڕوونبوونەوە و تێکشکانی خڕۆکە سوورەکان زیاد دەکات، لە ساڵی ٢٠٢٢ دەرمانی (Mitapivat) لە ئەمریکا دانی پێدانرا وەک چارەسەرێک بۆ ئەم حاڵەتە و بەتایبەت ئەگەر هۆکاری تووشبوون کەمی ئەنزیمی Pyruvate kinase بێت.

ئەو دەرمانانە کامانەن کە دەبنە هۆی تێکشکانی خڕۆکە سوورەکان؟

بەکارهێنانی هەندێک دەرمان دەشێت خڕۆکە سوورەکانت تێک بشکێنێت و ببێتە هۆی شیبوونەوەی خوێن وەک:

  • دەرمانی پەنسلین: دژە زیندەییە و لە کاتی هەوکردن بەکاردێت.
  • دەرمانی کوینین: بۆ چارەسەری مەلاریا بەکاردێت.
  • مەسیلدۆپا: بۆ چارەسەرکردنی بەرزی پەستانی خوێن بەکاردەهێنرێت.
  • سەلفۆنەمایدەکان: دژە بەکتریایە لە کاتی هەوکردنی بەکتریایی بەکاردەهێنرێن.


سەرچاوەکان



449 بینین