گرنگترین کارەکانی لیۆناردۆ داڤنشی

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-09-07-23:41:00 - کۆدی بابەت: 10180
گرنگترین کارەکانی لیۆناردۆ داڤنشی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لیۆناردۆ داڤنشی (بە ئینگلیزی: Leonardo Da Vinci، بە عەرەبی: لیوناردو دافنشي)، هونەرمەند، دارتاش، فەیلەسوف، تەلارساز، ئەندازیار، بیرکاریزان، زانا و داهێنەر، کە یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییەکانی سەردەمی ڕێنیسانسی ئیتاڵی، لە ساڵی ١٤٥٢ لە ڤێنیسیا لە ئیتاڵیا لەدایکبووە، لە ساڵی ١٥١٢ کۆچی دوایی کردووە. چەندین دۆزینەوە و داهێنانی هەیە و دیزاینەکانی بوونەتە سەرچاوەی چەندین داهێنانی گرنگی ئەمڕۆ. بەداخەوە زۆر لە کارەکانی لەناوچوون و دیارنەماون. هەرچەندە کارەکانی لیۆناردۆ کاریگەرییەکی وایان نەبووە لە سەردەمی زانست و تەکنەلۆجیای خۆیدا، لە ئێستادا یەکێکە لە گرنگترین و لێهاتووترین کەسایەتییەکانی مێژوو، ئای کیوەکەی بە ١٨٠ بۆ ٢٢٠ دەخەمڵێنرێت و ئێستاش لێکۆڵینەوە لەسەر کارەکانی دەکرێت. دیزاینی چەندین داهێنانی گرنگی ئەمڕۆی کردووە کە لە زۆربەیاندا ئاماژە بە داڤنشی نەدراوە وەکوو دەسپێشخەر و پێشەنگ. 

گرنگترین کارەکانی لیۆناردۆ داڤنشی

گرنگترین کارەکانی لیۆناردۆ داڤنشی (بە ئینگلیزی: Leonardo Da Vinci important achievements، بە عەرەبی: أهم أعمال ليوناردو دافنشي). چەندان کاری گرنگی لە بوارە جیاجیاکاندا هەبووە و خاوەن تایبەتمەندییەکی زۆر بووە، کە بریتین لە:

یەکێکە لە گەورەترین هونەرمەندەکانی جیهان

داڤنشی لەکاتی خۆیدا بە کارە هونەرییەکانی بەناوبانگ بووە و گرنگی بە داهێنانەکانی دیکەی نەدراوە. هەر لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشانی هەبووە، خوێندکار و بەردەستی  وێنەکێش و دارتاشێکی بەناوبانگی ئیتاڵیا بووە بەناوی ڤێرۆچیۆ. هەندێک لەو تایبەتمەندییەکانی کە کارەکانی لیۆناردۆ بێهاوتا دەکەن بریتین لە زانیاری وردی لە توێکاری و ڕووناکی و ڕووەکناسی و جیۆلۆجی، بایەخە زۆرەکەی بۆ هەستی مرۆڤ و شێوازەکانی دەربڕین، وردی و پلەکانی تۆنی تابلۆکانی و تەکنیکە نوێکارییەکانی کە بەکاری هێنابوو لە دانانی تابلۆکانی. مۆنا لیزا بەناوبانگترین تابلۆی مێژوو لەلایەن لیۆناردۆ دروستکراوە، کە زۆرترین سەردانیکەری هەیە و زۆرترین قسەی لەسەر کراوە. لەنێوان ساڵانی ١٥٠٣-١٥٠٧ تابلۆکە کێشراوە. کۆتا خوانی ئێوارە تابلۆیەکی ئایینی بەناوبانگی دیکەی داڤنشییە. هەروەها پیاوی ڤیتروڤیان ئەو وێنەیەی کە ئێستا لەسەر یەک لیرەی ئەورووپییە کارێکی هونەری بەناوبانگی داڤنشییە.

ڕۆبۆتەکەی داڤنشی (سوارچاکی میکانیکی)

لە دەوروبەری ساڵانی ١٤٩٥ لیۆ ڕۆبۆتێکی دیزاین کرد و دروستی کرد، کە ئێستا بە ڕۆبۆتەکەی داڤنشی یاخود سوارچاکە میکانیکییەکەی داڤنشی ناسراوە. بەپێی نەخشە و کلیلی پێکهاتەکانی داڤنشی بێت، ڕۆبۆتەکە وا دانراوە کە لەڕێگەی وزەی میکانیکیی دەرەکییەوە وزەی پێ بدرێت، هەروەها خلۆکە و کێبڵی بۆ بەکارهێناوە، بۆ ئەوەی هەڵبستێت، دابنیشێت، ئاڕاستەی سەری بجوڵێنێت و تەنانەت ڕووپۆشە ئاسنییەکەی بەرز بکاتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕۆبۆتناسی ناسا مارک ڕۆشایم تێبینی و نەخشە پەرشوبڵاوەکانی داڤنشی بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی سوارچاکێکی تەواو کارکەر، پێشنیاری ئەوەی کرد کە لیۆناردۆ پێشەنگی بواری ڕۆبۆتە.

دیزاینی جلی ژێرەمەلە و ئامێری هەناسەدان لەژێر ئاودا

کاتێک داڤنشی لە دەوروبەری ساڵانی ١٥٠٠ لە ڤینیسیا کاری دەکرد، بیری لە ڕێگەیەک کردەوە بۆ ئەوەی خەڵک بنێرن بۆ ژێر ئاو کەشتی بێگانە کون بکەن کە دەیانەوێت بێنە شارەکەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەست بکات بە خوێندنەوە لەسەر ئاڕاستەی ڕۆیشتنی شەپۆل و دیزاینی جلی هەناسەدان لەژێر ئاو بکات. هەرچەندە لەکاتی خۆی دروستی نەکردووە، بەڵام دواتر کاتێک ویستراوە دیزاینەکە بۆ بەڵگەنامەیی بی بی سی تاقیبکرێتەوە، بە بەکارهێنانی پێستی بەراز و ڕۆنی ماسی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئاو دیزاینەکە سەرکەوتوو بووە. ئەمە تاکە داهێنانی ئەو نەبوو لەو بوارە بەڵکوو بەهۆی ئەوەی زانییاریەکی زۆری لەسەر ئاو هەبوو دەوترێت کە دیزاینی (واتەر میتەر) ئامێرێکی پێوانی بەکارهێنانی ئاوە هەروەها سیستمی ئاودێری کێشاوە.

دیزاین و پێشەنگی داهێنانی پەڕەشوت، فڕۆکەی چارۆکەدار، هەلیکۆپتەر و گێڕی نیشتنەوە

فڕینی باڵندەکان زۆر سەرنجی لیۆناردۆی ڕاکێشابوو، خەونی ئەوە بووە کە بتوانێت ئامێرێکی فڕین بنیات بنێت. ئەو دیزاینی کۆنترین پەڕەشوتی هاوچەرخی ناسراوی کرد، کە لە ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن بریتۆن ئادریان نیکۆلاس بە سەرکەوتوویی تاقیکرایەوە. هەروەها داڤنشی بیرۆکەی هەلیکۆپتەری دانا،  یەکەم کەس بووە کە وێنەی ئامێرێکی وەک هەلیکۆپتەرێکی کێشاوە، چوار سەدە و نیو پێش ئەوەی ببێت بەڕاستی. هەروەها دیزاینی بۆ فڕۆکەی چارۆکەدار و گێڕی نیشتنەوە دروست کردووە.

کارەکانی لەسەر ئەناتۆمی (توێکاری زانی)

داڤنشی یەکەمجار ئەناتۆمی لای ڤێرۆچیۆ خوێندووە، مامۆستاکەی پێیوابووە کە بۆ ئەوەی ببیتە وێنەکێشێکی باش پێویستە ئەناتۆمی بزانیت. دواتر وەکوو هونەرمەندێکی سەرکەوتوو ڕێگەی پێدراوە توێکاری لەسەر لاشەی مرۆڤ بکات، کتێبێکی نووسیووە لەسەر ئەناتۆمی کە زیاتر لە ٢٠٠ وێنەی کێشراوی تێدایە.

هێڵکاری و نەخشەکانی داڤنشی ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەو یەکەم کەس بووە پێش سەدەی بیستەم بەشێوەیەکی زۆر ورد توێژینەوەی لەسەر توێکاری مرۆڤ کردووە، هەرچەندە کارەکانی زیاتر لە سەدەیەک دوای مردنی بڵاوکراونەتەوە. هەروەها لیۆناردۆ لەسەر توێکاری چەندین ئاژەڵیش توێژینەوەی کردووە، وەکوو بۆق، مانگا، مەیموون و باڵندەکان. یەکەم کەس بووە کە وتوویەتی بڕبڕەی پشت وەکو دوو پیتی(s)‌ـــە. یەکەم کەس بووە کە وێنەی ئەندامەکانی (ڕیخۆڵە کوێرە، سییەکان، بەستەری سی، ئەندامەکانی زاوزێ، ملی منداڵدان، میزەڕۆ و پانە بڕگەی مێشک)ـی کێشاوە. هەروەها یەکەم کەس بووە وێنەی کۆرپەلەی کێشاوە لەناو منداڵدان. توێژینەوەی ڕاستی دەربارەی زمانەکانی دڵ و چۆنێتی هاتوچۆی خوێن کردووە لە دڵدا.

باسکردنی لێکخشاندن

لیۆناردۆ باسی لێکخشاندنی کردووە تەنانەت پێش گییۆم ئەمۆنتۆس کە باسی لە لێخشاندن کردووە و یاسای داناوە. باسکردنەکانی داڤنشی دەگەڕێتەوە بۆ ١٥٠ ساڵ بەر لە یاساکانی ئەمۆنتۆس بۆ لێکخشاندن.

دیزاینکردنی تانکی سەربازی

لە ساڵی ١٤٨٧ داڤنشی ئامێرێکی جەنگی دیزاین کرد، کە ئەمڕۆ بە ئۆتۆمبێلی جەنگی لیۆناردۆ یان تانکی لیۆناردۆ ناسراوە. بەپێی دیزاینەکە پێویستی بە هەشت کەسە بۆ ئەوەی ئامێرەکە بەکاربێنن، کە ٣٦ دەمانچەی هەبوو کە لە لاکانییەوە لەگەڵ بەرگێکی پارێزەر، کە لە توێکڵی کیسەڵەکان ئیلهامی دیزاینەکەی وەرگرتووە. بەمشێوەیە داڤنشی بە پێشەنگی داهێنانی تانک دادەنرێت. دوای ٤٠٠ ساڵ لە دیزایینەکەی ئەو، لە ژیانی ڕاستیدا لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا بۆ یەکەم جار تانک بەکارهێنراوە. هەروەها هەر لە بواری سەربازی دیزاینی لوولەتۆپی سیانی کردووە و بە پێشەنگ دادەنرێت، بە مەبەستی دروستکردنی چەکێکی سەربازی خێرا و بەهێزتر ئەو دیزاینەی کردووە.


سەرچاوەکان



784 بینین