حەنان فەتلاوی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-09-09-17:58:00 - کۆدی بابەت: 10187
حەنان فەتلاوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حەنان فەتلاوی یان حەنان ئەلفەتلاوی (بە عەرەبی: حنان الفتلاوي، بە ئینگلیزی: Hanan al-Fatlawi) خانمە دکتۆر و سیاسەتوانی ناوداری شیعەی عێراقی و ئەندام پەرلەمانی عێراقە. ناوی تەواوی حەنان سەعید فەتلاوییە و بە دکتۆرە حەنان ناسراوە، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٨ـی شاری بابلە لە عێراق. لە ساڵی ١٩٩٢ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە، لە ساڵی ١٩٩٩ بڕوانامەی دیبلۆمی لە هەمان زانکۆ لە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست وەرگرتووە. ژنێکی دژگیر و بەهێزە، خاوەن بیرۆکەی دامەزراندنی جووڵانەوەی ئیرادەیە لە عێراق کە جووڵانەوەیەکی شیعەمەزهەبە و خاوەن هزری دەمارگیری و ڕەگەزپەرستی و تائیفەگەریین لە ناوچەکە.

حەنان فەتلاوی دژی دابەشبوونی خاکی عێراقە و هەندێک بەهۆی لێدوانەکانییەوە بە دژە کورد دەیناسێنن، کەسێکە لایەنگیری ئێرانە و پەیوەستە بە بیروباوەڕی مەزهەبی و تائیفەگەری. بە ئەندازەی لایەنگرەکانی نەیاری هەیە و دژایەتی دەکرێت، تەنانەت هەندێک لە لایەنە شیعەکان دژایەتی دەکەن و ناکۆکن لەگەڵی، بە لێدوانەکانی لەسەر پرسە گرنگەکان ناکۆکییەکان و نەیارانی زیاتر دەکات.

زانیاری گشتی

ناو

حەنان فەتلاوی

ساڵ و شوێنی لەدایکبوون

١٩٦٨ پارێزگای بابل لە عێراق

ئایین

ئیسلام، پەیڕەوەی ڕێبازی شیعە

حیزب

دامەزرێنەر و سەرۆکی جووڵانەوەی ئیرادە، بە عەرەبی: حركة إرادة

پیشە

ئەندام پەرلمانی عێراق

ئەزموونی سیاسی

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن ناوی حەنان فەتلاویش دەرکەوت و ناسرا، هەر لە سەرەتای ساڵی دووهەزارەوە ئەزموونی سیاسی دەستیپێکردووە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٤ لە شاری بابل بۆ یەکەمین پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق دوای کەوتنی ڕژێمی سەدام خۆی بەربژێر کرد، لە نێوان ٢٨ بەربژێری شارەکەی توانی یەکەم بەدەستبهێنێت و بووە تاکە نوێنەری پارێزگای بابل لە پەرلەمانی عێراق.

لە هەڵبژارنەکانی ساڵی ٢٠١٤ـی پەرلەمانی عێراقی توانی نەوەد هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت و بووە یەکەمین بەربژێری پارێزگای بابل کە ئەو ژمارە زۆرە دەنگەی بەدەستهێنا، هاوکات یەکێک بوو لەو دە ژنەی کە زۆرترین دەنگیان لە عێراق بەدەست هێنابوو. هەر لەهەمان ساڵ وەکوو یەکەم ژن خۆی کاندید کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لە عێراق، توانی تاکوو قۆناغەکانی کۆتایی پڕۆسەکە بمێنێتەوە و لەسەر ئەو پۆسته بووە ڕکابەری فوئاد مەعسووم، کە دواتر لە پڕۆسەکە کشایەوە.

لە ساڵی ٢٠١٥ جووڵانەوە و بزووتنەوەیەکی بە ناوی ئیرادە (بە عەرەبی: حركة ارادة) دامەزراند و خۆی بووە سەرۆکی جووڵانەوەکە، دامەزراندنی ئەم بزووتنەوەیە بۆ عێراق لەلایەن ژنێکەوە تەواو کارێکی نوێ بوو.

پلە و پۆستەکانی

  • لە ساڵی ٢٠١٩ـوە ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی سەروەزیرانی عێراقە بۆ کاروباری ژنان. 
  • لە ئێستادا ئەندامی لێژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی پەرلەمانی عێراقە.
  • ئەندامی لێژنەی کاروبارە دەرەکییەکانە.
  • ئەندام پەرلەمانی عێراقە لەسەر پارێزگای بابل.
  • سەرۆک و دامەزرێنەری جووڵانەوەی ئیرادەیە و لە ئێستادا ئەو جووڵانەوەیە زیاد لە ٤٥٠ ئەندامی هەیە.
  • لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی ساڵی ٢٠٢١ توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بووە هاوپەیمانی نووری مالیکی و چوارچێوەی هەماهەنگی.


سەرچاوەکان



250 بینین