جەلال عامر

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-09-12-15:30:00 - کۆدی بابەت: 10229
جەلال عامر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەلال عامر (بە عەرەبی: جلال عامر، بە ئینگلیزی: Galal Amer) نووسەر، ڕۆژنامەنووس، تەنزنووس و بیرمەندی میسرییە، لە ٢٥ـی مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٥٢ لە ناوچەی بەحرى لە ئەسکەندەرییە لەدایکبووە، لەهەمان ئەو ساڵەی کە شۆڕش دژی مەلیک فاروق کرا و تیایدا سیستمی دەسەڵاتی میسر لە پادشاییەوە بۆ کۆماری گۆڕدرا، ئەم ڕێکەوتەش کاریگەری لەسەر کەسایەتی هەبوو، بەشێوەیەک بەدرێژای ژیانی کەسێکی ڕەخنەگر و یاخی بوو لە دژی دۆخە نادادپەروەرییەکان.

زانیاری گشتی

ناو  جەلال عامر
لەدایکبوون ٢٥ـی ئەیلوولی ١٩٥٢ (ئەسکەندەییە)
کۆچی دوایی ١٢ـی شوباتی ٢۰١٢ (ئەسکەندەییە)
هۆکاری مردن جەڵتەی دڵ
منداڵەکانی ڕامی، ڕاجی، ڕیهام، ڕانیا
ناوی ئەدەبی میری تەنز
پیشە نووسەر و ڕۆژنامەنووس
زمان عەرەبی

ژیانی زانستی و پیشەیی

جەلال عامر دەرچووی کۆلێجی سەربازی بووە و لە سێ جەنگی میسردا بەشداری کردووە، وەکوو جەنگی ئۆکتۆبەر کە تیایدا سوپای میسر شاری (القنطرة شرق)ـیان ئازادکرد.
 
دواتر لە کۆلێجی یاسا بەشی یاسای خوێندووە و لە کۆلێژی ئاداب فەلسەفەی خوێندووە، سەرەتا لە بواری کورتە چیرۆک و شعردا دەینووسی، دواتر وەکوو ڕۆژنامەنووس لە چەندین ڕۆژنامەی میسر کاری کردووە.

سەرەتای کاری ڕۆژنامەنووسی لە ڕۆژنامەی قاهیرە کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری میسرەوە بڵاودەکرایەوە دەست پێ کردووە، هەروەها لە ڕۆژنامەی ئەمڕۆی میسردا ستوونێکی ڕۆژانەی بەناوی "تخاريف" هەبووە و لە ڕۆژنامەی (الأهالى)ـیش کاری کردووە.

چەندین وتاری دژ بە سیستمی سیاسی لە میسر لە ڕۆژنامە جیاجیاکاندا بڵاوکردووەتەوە، کە وتارەکانی بەشێوەی خولی بڵاودەکرانەوە.
نووسینەکانی بە تەنزی توند و هێرشکەر ناسراوە، خاوەنی قوتابخانەیەک و شێوازێکی نووسینی تەنزی تایبەت بە خۆی بووە کە پشتی بەستووە بە داواکردنی بیرکردنەوەی ئازاد و تەنزی توند لەو بارودۆخەی کە تێیدا بوون و لەو کەسانەی کە هۆکاری ئەو بارودۆخە بوون.

کۆچی دوایی

دوای ڕاپەڕینی ٢٥ـی کانوونی دووەمی ٢۰١١ یەکێک بووە لەو بیرمەند و ڕۆشنبیرانەی کە دژی دەسەڵاتی سەربازی بووە و ڕەفتار و کردەوەکانی ئەنجوومەنی سەربازی ڕەتکردووەتەوە، کە لە ١١ـی شوباتی ٢۰١١ پاش لابردنی (محەمەد حوسنی موبارەک) دەسەڵاتیان گرتبووە دەست.

بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە دەسەڵاتی سەربازی کردووە، کە داواکاری خۆپیشاندەران کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەربازی و ڕادەستکردنی دەسەڵات بوو بە دەسەڵاتێکی مەدەنی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵکەوە. لە ڕۆژی هەینی ١۰ـی شوباتی ٢۰١٢ لەکاتی خۆپیشاندانەکەدا کۆمەڵێک خوێنڕێژ هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ئاڵۆزی لە خۆپیشاندانەکەدا دروستبوو، جەلال عامر بەرگەی ئەو کردەوانەی نەگرت و توشی جەڵتەی دڵ بوو و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەستدا. 

لە هەمان ڕۆژ پرسەکەی لە مزگەوتی (القائد ابراهيم) بە بەشداری هەزاران کەس لە هەواداران و ڕۆشنبیران و چالاکوانانی سیاسی لە شاری ئەسکەندەرییە بەڕێوەچووە. بەپێی سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن کۆتا وشە کە پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە گوتبووی بریتی بوو لە"میسرییەکان یەکتری دەکوژن". وەسیەتیشی کردبوو دوای مردنی کۆرنیای چاوی بەو بریندارانە ببەخشرێت کە لە خۆپیشاندانەکەدا فیشەک چاویانی پێکاوە و چاویان لەدەستداوە. وەکوو ڕێزلێنانێک لە جەلال عامر لەو ناوچەییەی کە لێ ژیاوە لە پارێزگای ئەسکەندەرییە شەقامێکیان بەناوەوە ناوناوە. 

کتێبەکانی

  • قصر الكلام
  • مصر على كف عفريت
  • استقالة حاكم عربى


سەرچاوەکان



205 بینین