جوانترین جلوبەرگەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن بۆ کچان

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-09-12-21:40:00 - کۆدی بابەت: 10232
جوانترین جلوبەرگەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن بۆ کچان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جوانترین جلوبەرگەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن بۆ کچان (بە ئینگلیزی: Back to school uniform stylesوەکوو دەزانین بەشێوەیەکی گشتی جلی قوتابخانەکان زۆربەیان قەمیس و پانتۆڵ یاخود تەنورە یان عەزییە بەڵام هەر یەکێکیان چەندین جۆر و مۆدێلیان هەیە و بە چەند شێوازێکی جیاواز لەبەر دەکرێن. جلوبەرگ و پۆشاک بەشێکی ژیانی ڕۆژانەی داگیرکردووە، هەریەکێکمان کاتێک دەچین بۆ کارکردن، کۆلێج، بازاڕ، ئاهەنگ و بۆنەیەک یاخود هەر شوێنێکی دیکە، گرنگی بەوە دەدەین کە چی لەبەر بکەین و پێویستە بۆ هەرشوێنێک جلێکی تایبەت بەو شوێنە لەبەر بکەین، ناکرێت هەمان جل لەبەر بکەین کە بۆ چونە ئاهەنگێک لەبەری دەکەین، بۆ قوتابخانەش بەهەمان شێوەیە و یاسای تایبەت بە خۆی هەیە بۆ جل لەبەرکردن، بۆیە پێش هەموو شتێک پابەندی ئەو یاسایانە بە کە قوتابخانەکەت بۆی داناویت و ئەو ستایل و بابەتانەی لێرەدا باسدەکرێن ئەگەر لە قوتابخانەکەت ڕێگەپێدراونین بەکاریان مەهێنە، ئەم ستایلانەی باس دەکرێن بەزۆری بۆ وەرزی پاییز و زستانن بەهۆی ئەوەی زۆربەی ماوەی خوێندن دەکەوێتە ئەو وەرزانە.

هەندێک تێبینی و ستایلی جلوبەرگ بۆ قوتابخانە

کراس

زۆربەی قوتابخانەکان کراسی سپییە کە ڕەنگێکی جوان و سەربەخۆ و فەرمییە، بەڵام زوو پیس دەبێت و پەڵەی پێوە دیارە و پاکوخاوێنی خاڵی سەرەکییە لە هەموو جلێکدا بۆیە ئاگاداری پاکوخاوێنی کراسەکەت بە. خاڵێکی گرنگ لەکاتی گرنگی کڕینی کراسدا تێبینی کردنی شێوازی قۆپچەکانییەتی، کراسی کوڕان قۆپچەکانی لەلای ڕاستییەوەیەتی، کراسی کچان قۆپچەکانی لەلای چەپیەوەیەتی. کراسی ئێخە گەورە یەکێکە لە ستایلە باوەکانی ساڵەکانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ کە ستایلێکی ساڵانی ١٩٧٠ـاکانە و ئێستا هاتۆتەوە ناو فاشن، کە شێوەیەکی جوان و کلاسیک ئەدات بە جلەکانت. یەکێکی تر لە مۆدێلە باوەکانی کراس، کراسی ئۆڤەر سایز و گەورەیە، کە لەم ساڵانەی دواییدا جلی ئۆڤەر سایز بەشێوەیەکی گشتی یەکێک بووە لە ترێندە زۆر باوەکان.

پانتۆڵ

بەزۆری پانتۆڵی قوتابخانەکان قوماشن، کە جوانتر و فەرمیترە و چەندین جۆری هەیە. پێشنیاری ئەوە دەکەین کە پانتۆڵەکەت کەمەر بەرز بێت کە شێوازێکی جوانتری هەیە و بەرزتر و ڕێکتر دەرتدەخات. یەکێک لە پانتۆڵە باوەکانی ساڵی ٢٠٢٢ پانتۆڵی شارستۆنە کە تا سەر ئەژنۆ کەمێک تەسکە و لەخوار ئەژنۆوە زۆر پان و فش دەبێتەوە. هەروەها کیلۆتیش کە لەسەرەوە تا خوارەوە فش و پانە ستایلێکی دیکەیە. پانتۆڵی کەمەر چرچیش یەکێکە لە ستایلەکان، هەروەها پانتۆڵی کۆماندۆی قوماشیش. یەکێکی تر لە ستایلە جوانەکانی دیکە پانتۆڵ و کیلۆتی زۆر درێژە لەگەڵ کالەی کەمێک بەرز، یاخود هەڵکردنی خواری پانتۆڵ و کالەی فلات و تەخت. 

تەنورە

بەهەمان شێوە چەندین جۆری تەنورە هەیە، تەنورەی کورت، درێژ، پلیسی، کەمەر چرچ یاخود تەنورەی ڕێک کە هەریەکیان جوانییەکی خۆیان هەیە بەپێی شێوازی لەبەرکردنی. تەنورەی درێژ بۆ کەسانی باڵا بەرز جوانترە، تەنورەی کورت بۆ کەسانی باڵا مامناوەندی و نزمتر. دەتوانیت سترێج یاخود گۆرەوی درێژ بەکاربهێنیت لەگەڵ تەنورەی کورت، سترێجەکەت لە ڕەنگی کراسەکەت بێت جوانترە. جوانتر وایە کراس بکرێتە ناو تەنورەوە.

بلوزی ملدار

بلوزی ملدار یاخود مجەسەم بەشێوەیەکی بڵاو لە زستان و لەگەڵ جلی قوتابخانە بەکاردەهێنرێت زیاتر بە مەبەستی خۆپاراستن لە سەرما، بەڵام دەتوانیت بە چەند شێوازێکی جوان و جیاواز لەبەری بکەیت، یەکێک لە شێوە باوەکانی زستانی ٢٠٢١ بۆ لەبەرکردنی بلوزی ملدار ئەوە بوو کە لەژێر کراسەوە لەبەر بکرێت و دوو یاخود سێ قۆپچەی یەکەمی بکەیتەوە و کەمێک قۆڵی کراسەکە هەڵبکەیت. ستایلێکی دیکە ئەوەیە قۆپچەکانی کراسەکە بە تەواوی بکەیتەوە لەگەڵ مجەسەمەکە، یاخود دەتوانیت لەژێر کراسی قۆڵ کورت لەبەری بکەیت ئەوکات مل و قۆڵەکانی مجەسەمەکە دیار دەبێت.

بلوزی فانیلەی (ڤێست)

ئەم جۆرە بلوزە بێ قۆڵە و ملێکی حەوتیی کراوەی هەیە. کە بەشێوەیەکی بەربڵاو لەگەڵ جلی قوتابخانە لەبەر دەکرێت لەسەر قەمیسەوە و شێوەیەکی جوان دەدات بە جلەکەت.

کڵاوەکان

چەندین جۆر کڵاو هەیە کە دەتوانیت لەگەڵ جلی قوتابخانەت بەکاریبهێنیت. کڵاو و ملپێچی خوری ئاسایی جوان و سادەیە و هەموو زستانێک زۆر بەکارهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جۆر کڵاوی دیکە هەن یەکێک لەوانە کڵاوی بێرێتە هەروەها بە کڵاوی فەڕەنسی ناسراوە کە کڵاوێکی زۆر جوانە لەگەڵ جلی قوتابخانە و ستایلەکەت زیاتر کلاسیک دەردەخات. هەروەها کڵاوی بوکێت کە بە کڵاوی پیاوی ماسیگر ناسراوە ئەم ساڵانەی دوایی زۆر بەکاردێت لە هەموو وەرزەکان. کڵاوی وەرزشیش جۆرێکی دیکەیە کە دەتوانیت بەکاری بهێنیت.

هەندێک پارچەی تر کە دەتوانیت زیادیان بکەیت بۆ جلەکەت

ئەو پارچانەش بۆینباخ و قردێلە و شەیالەن. بۆینباخ تەنها بۆ کوڕ نییە و کچیش دەتوانێت بەکاریبهێنیت و زۆر جوانە لەگەڵ کراسی قوتابخانە و چەندین شێوازی بەستنی هەیە هەروەها بۆ قردێلەش هەمان شتە و دەتوانیت لەگەڵ ڕەنگی پانتۆڵەکەت یاخود کالەکانت بیانگونجێنیت. شەیالەش کە کەمێک جلەکەت وەکوو بەدلە دەردەخات، دەتوانیت لەگەڵ پانتۆڵ یاخود تەنورە بەکاری بهێنیت و هەمان ڕەنگ بن جوانترە.

جانتا و کالە

بۆ جانتا و کالە چەندین جۆر هەیە کە دەتوانیت بەدڵی خۆت هەڵیان بژێریت، بێ گوێدانە مۆدێل و ستایل چونکە پێویست ناکات هەمیشە لەگەڵ مۆدێل بیت و چی شتێک مۆد بوو ئەوە بەکاربهێنیت. وا جوانترە کالە لەپێ بکەیت بۆ قوتابخانە یاخود دەتوانیت لە ڕۆژانێکی باران و سەرمای زۆر پووت و نیوپووت بەکاربهێنیت، بەتایبەتی پووتی درێژ لەگەڵ تەنورە. پێشنیارێکی دیکە ئەوەیە دەتوانیت کالەکان و جانتاکەت بە هەمان ڕەنگ بگونجێنیت.

کۆت و چاکەت

کۆتی درێژ یەکێکە لەو جلانەی کە لە مۆدێلەکانی هەموو زستانێکدا هەیە و ستایلێکی جوانە بەتایبەتی بۆ کەسانی باڵا بەرز، بۆ باڵای نزم زیاتر قەمسەڵە و چاکەت جوانترە. هەروەها چاکەتی خوری کورت و درێژیش ئەم ساڵانەی دوایی باوی هاتۆتەوە کە لەگەڵ جلی قوتابخانە زۆر جوانە. چاکەتی کابۆش هەڵبژاردەیەکی دیکەیە کە دەتوانیت بەکاری بهێنیت بەڵام زۆر ڕێکناکەوێت چونکە بەگشتی جلی کابۆ ستایل لە فەرمی لائەیات و ستایل زیاتر کاژوەڵ دەردەخات، دەتوانی لەجیاتی کابۆ چەرم بەکاربهێنیت.

قژ، ئێکسسوارات، پاکوخاوێنی

پاکوخاوێنی گرنگترین بەشی جلەکانتە، تەنانەت ئەگەر کەسێک بیت زۆر گرنگی بەشێوازی جل لەبەرکردن نەیەیت، پێویستە جلەکانت خاوێن و ئوتووکراور بن و بۆنی ناخۆشت لێنەیەت و ببیتە هۆی بێزارکردنی چواردەورت. وا باشترە قژت کۆکراوە بێت، بەستنێکی سادە یاخود شێوازێکی پرچ کردن یان هەر شێوازێکی دیکەی بەدڵی خۆت بێت. قوتابخانە پێویستی بە ئێکسسوارات نییە بەڵام ئەگەر حەزت کرد ئەوا دەتوانیت کاتژمێرێکی دەستی یاخود گوارەیەکی سادە بەکاربهێنێت.


سەرچاوەکان



698 بینین