ئیحسان نووری پاشا

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-09-13-14:45:00 - کۆدی بابەت: 10237
ئیحسان نووری پاشا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیانی

ئیحسان نووری پاشا (بە ئینگلیزی: Ehsan Nuri Pasha، بە عەرەبی: أحسان نوري الباشا)، ناوی تەواوی ئیحسان نووری کوڕی عەلی قولی پاشایە، ڕابەری شۆڕشی ئاگری داغ بووە، لە ساڵی ١٨٩٣ لە گەڕەکی ئالی گوڵی یان عەلی قولی لە شاری بەدلیس لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی هەر لەم شارەدا تەواو کردووە و دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندنی سەربازیی ڕوویکردووەتە شارەکانی ئازەربایجان‌ و ئەستەنبووڵی ئەو کاتە و لە ساڵی ١٩١٠ دوای تەواو کردنی خوێندنی سەربازیی بۆ یەکەمجار لە ڕیزەکانی سوپای عوسمانیدا بوو بە ئەفسەر.

ئیحسان نووری پاشا، بەشداری زۆربەی ئەو شەڕانەی کردووە کە سوپای عوسمانی لە ئەلبانیا، وڵاتانی عەرەبی‌ و گورجستان دژ بە سوپای ڕووسیا بەرپای کردوون، تەنانەت وەک ئەفسەرێک لە سوپای عوسمانیدا ماوەی ٣٣ مانگ لە یەمەن ماوەتەوە و گەلێک کار و لێپرسراویەتی سەربازیی پێ سپێردراوە. لە دوای ساڵی ١٩٠٨ واتە ئەو کاتەی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی دەسەڵاتی تورکیایان کەوتەوە دەست ڕێگا خۆش بوو بۆ پێکهێنان و کردنەوەی گەلێک ڕێکخراو. ئیحسان نووری پاشاش وەکوو کەسایەتییەکی کورد لەو کاتەدا پەیوەندی کرد بە کۆمەڵەی تەعالی کوردستانەوە کە هەر لەو کاتە بەدواوە دامەزرا.

لە ئەو ماوەیەشەوە کە وڵاتانی هاوپەیمان لە پەیماننامەی سیڤەری ١٠ی ئابی ١٩٢٠ بەڵێنیان دابوو قەڵەمڕەوێکی کوردی سەربەخۆ بەپێی بەندەکانی (٦٢-٦٣-٦٤) دابمەزرێت و دواتر لێی پەشیمان بوونەوە، ئیحسان نووری پاشا هەوڵیدا پەیوەندی بکات بەو شۆڕش و ڕاپەڕینە کوردییانەی کە لە ساڵانی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دوای بەجێنەهێنانی بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەر لە ناوچەکانی کوردستاندا سەریانهەڵدا، بۆیە ناچار بوو پەنا بباتە شام و لەوێوە بۆ باشووری کوردستان، ئەو کاتە کاروبار بەدەستی ئینگلیزەوە بوو نەیدەویست هاوکاری سوپای ئینگلیز بکات، بۆیە بە ناچارییەوە پەنای بردۆتە بەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام کاتێک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیراندا دەستپێدەکاتەوە لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی تر دەچنەوە بۆ وڵاتی تورکیا بە مەبەستی پەیوەندی پێوەکردنی، دوای دامرکاندنەوەی ئەو شۆڕشە دووبارە دێنەوە بۆ باشووری کوردستان و دواتر دەچێتە لای سمایل خانی شکاک.

کاتێک کۆمەڵەی خۆییبوونی کورد لە لوبنان دامەزرا، ئیحسان نووری پاشا جارێکی تر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگەڕێتەوە باکووری کوردستان و لەگەڵ چەند سوارەیەکی کورددا بە بڕیارێکی هەمە لایەنەی خۆییبوون ڕابەرایەتی شۆڕشی ئاگری داغ دەکات. پاش شکست هێنانی ئەو شۆڕشە ئیحسان نووری پاشا پەنا دەباتەوە بەر وڵاتی ئێران بۆ ماوەی ٤٦ ساڵ تا ئەو ڕۆژەی کۆچی دوایی کرد، لە ڕۆژی ١٨ی ئازاری ١٩٧٦ له‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانی شاری تاران، تووشی ڕووداوێكی دڵته‌زێن بوو كه‌ هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌و ڕووداوه‌شه‌وه‌ پاش هه‌فته‌یه‌ك‌ و له‌ ڕۆژی ٢٥ی ئازاری ١٩٧٦ ئه‌و پیاوه‌ تێكۆشه‌ره‌ی‌ كورد له‌ نه‌خۆشخانه‌یەکی شاری تاران بە ناوی سینا كۆچی دوایی كرد.

زانیاری گشتی

ناو ئیحسان نووری پاشا
ساڵی لەدایکبوون ساڵی ١٨٩٣
شوێنی لەدایکبوون گەڕەکی عەلی قولی لە شاری بەدلیس
پیشە سیاسەتمەدار
بەرواری کۆچی دوایی ٢٥ی ئازاری ١٩٧٦
شوێنی کۆچی دوایی شاری تاران


سەرچاوەکان



360 بینین