ڕۆژانەی خوێنمژەکان (٢٠٠٩)

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-14-23:03:00 - کۆدی بابەت: 10253
ڕۆژانەی خوێنمژەکان (٢٠٠٩)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆژانەی خوێنمژەکان (بە ئینگلیزی: The Vampire Diaries، بە عەرەبی: يوميات مصاص دماء) زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی ئەمریکی سەروو سروشتییە، لەلایەن کیڤن ویلیامسۆن و جولی پلێکەوە پەرەی پێدراوە، لەسەر بنەمای زنجیرە کتێبەکانی ڕۆژانەی خوێنمژەکانی لیزا جەین سمسەوە بەرهەمهێنراوە، زنجیرەکە لە ١٠ـی ئەیلوولی ٢٠٠٩ بۆ یەکەمجار لە کەناڵی (The CW) نمایشکرا، لە ١٠ـی ئازاری ساڵی ٢٠١٧ کۆتایی هات، بۆ ماوەی هەشت وەرز و ١٧١ ئەڵقە بەردەوام بوو.

کورتە

لە یەکەم ڕۆژی دواناوەندی ئێلینا چاوی بە ستێفن دەکەوێت و ڕاستەوخۆ هەستێکی بۆ دروستدەبێت، بەڵام نازانێت ستێفن و دەیمنی برای لەڕاستیدا خوێنمژن.

دەربارەی خوێنمژەکان

خوێنمژەکان بوونەوەرێکی سەروو سروشتی و نەمرن، سەردەمانێک مرۆڤ بوون پاشان بە هۆکارێک لەلایەن خوێنمژی ترەوە لە مرۆڤەوە بۆ خوێنمژ گۆڕاون، بە گشتی لەگەڵ مرۆڤەکاندا دەژین، بۆ مانەوە لە ژیان خوێنمژەکان بە گشتی پێویستیان بە خوێنی مرۆڤە، لە هەندێک باردا خوێنی ئاژەڵانیش دەخۆن، ئەگەر خوێن نەخۆن لاواز دەبن و دواجار لە برسا دەمرن، خوێنمژە بەتەمەنەکان پێویستیان بە خوێنێکی زۆر نییە بۆ مانەوە بە پێچەوانەی ئەوانەی تازە بوون بە خوێنمژ.

هێز و توانای خوێنمژەکان زۆر لە مرۆڤەکان زیاترە، لە هەست و سۆز، توڕەیی، خەمۆکی، خۆشی، خۆشەویستی و دڵتەنگی. هێز و تواناکانیان زیادبوونی خێراییە، زیادبوونی هێزە، بەرزبوونەوەی باری جەستەییە، بەهێزبوونی هەستەکانە، بەهێزبوونی توانای بیستنە هەروەها بەهێزبوونی توانای بینینە بە تایبەت لە شەودا. بەهێزبوونی هەستی تامکردن، بەهێزبوونی هەستی دەستلێدان و نەمری. هەروەها بەهيزبوونی توانای بەرگری، بە گەنجی مانەوە، کۆنتڕۆڵکردنی مێشک، کۆنتڕۆڵکردنی کەشوهەوا وەکوو دروستکردنی باوبۆران، خوێندنەوەی مێشک و خێرا چاکبوونەوە و چەندانی تر.

خاڵە لاوازەکانیان سەربڕینە؛ سەربڕین دەبێتە هۆی مردنی خوێنمژ، ئاگر دەبێتە هۆی مردنی خوێنمژ، هەرچەندە بڕی بەرکەوتنی پێویست بۆ سووتانیان بەندە بە تەمەنیانەوە، خوێنمژە گەنجەکان خێراتر دەسووتێن، هەروەها بەرکەوتنی تیشکی خۆر دەبێتە هۆی ئازاردانیان، بەڵام خوێنمژەکان خاوەنی ئەنگوستیلەیەکی جادوویین کە وایان لێدەکات لە کاتی بەرکەوتنی تیشکی خۆردا ئازاریان نەبێت، بە دەرهێنانی دڵ دەمرن، خوێنمژەکان ناتوانن بچنە هیچ ماڵێکەوە بە بێ ئەوەی بانگهێشت بکرێن، ئەگەر خوێنمژێک بە دار بریندار بکرێت دەبێتە هۆی لاوازکردنی، ئەگەر دارێک بە دڵیدا بچەقێنرێت دەبێتە هۆی مردنی، لە زنجیرەکەدا (ڤێرڤاین) زیانی بۆ خوێنمژ هەیە وا دەکات کە خوێنمژەکە ناتوانێت کاریگەری بکاتە سەر مرۆڤەکە و کۆنتڕۆڵی بکات، هێما ئایینییەکان وەکوو خاچ.

زانیاری گشتی

ژانەر
  • دراما
  • سەروو سروشتی
  • ترسناک
  • خەیاڵی
نمرە
  • ئای ئێم دی بی ٧.٧
  • ڕۆتن تۆمەیتۆس  ٨٦٪
وەرگیراوە لە

زنجیرە کتێبی ڕۆژانەی خوێنمژەکان

پەرەپێدان
  • کیڤن ویلیامسۆن
  • جولی پلێک
ڕۆڵگێڕان
  • نینا دۆبرێڤ
  • پاوڵ وێسلی
  • ئیەن سەمەرهەڵدەر
  • ستیڤن ئاڕ مکووین
  • سارا کانینگ
  • کات گرام
  • کاندیس کینگ
  • زاک ڕۆرینگ
  • کایلا ئیوڵ
  • مایکڵ ترێڤینۆ
  • مات دەیڤس
  • جۆسێف مۆرگان
  • مایکڵ مالارکی
تەمەنی کەسایەتییەکان
  • دەیمن سالڤاتۆر ١٧٨ ساڵ
  • ستێفن سالڤاتۆر ١٧١ ساڵ
  • ئێلینا گێلبەرت ٢٥ ساڵ
  • کاترینا پێترۆڤا (کاسرین پیرس) ٥٤٤ ساڵ
  • نیکلاوس مایکڵسن +١٠٣٤ ساڵ (ڕەسەن)
  • ئیلایجا مایکڵسن +١٠٤٩ ساڵ (ڕەسەن)
  • ڕێبیکا مایکڵسن +١٠٠٠ ساڵ (ڕەسەن)
ئاوازدانەر مایکڵ سوبی
وڵات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
زمان ئینگلیزی
ژمارەی وەرزەکان ٨ وەرز
ژمارەی ئەڵقەکان ١٧١ ئەڵقە
بەرهەمهێنان
بەرهەمهێنەرانی جێبەجێکار
  • کیڤن ویلیامسۆن
  • جولی پلێک
  • لێسلی مۆرگێنستاین
  • کارۆلین درایس
  • بۆب لیڤی
  • مێلێندا هسو تایلەر
  • چاد فایڤیاش
  • جەیمس ستۆتێرۆکس
بەرهەمهێن

جولی پلێک

سینەماگەری
  • مایکڵ کاراسیک
  • دارێن جێنێت
  • جۆن سمس
  • داتان هۆپسۆن
  • ڕۆب سی گیڤنز
کات ٤١ بۆ ٤٩ خولەک
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان
  • ئاوتەر بانکس ئینتەرتەینمنت
  • ئالۆی ئینتەرتەینمنت
  • سی بی ئێس
  • وارنەر برۆس
دابەشکەر
  • سی بی ئێس
  • وارنەر برۆس
بڵاوکردنەوە
تۆڕی بڵاوکردنەوە The CW
کاتی بڵاوکردنەوە ١٠ـی ئەیلوولی ٢٠١٠ - ١٠ـی ئازاری ٢٠١٧

تێڕوانینی گشتی بۆ زنجیرە

زنجیرەکە لە شارۆچکەیەکی خەیاڵییە بە ناوی میستیک فاڵس لە ویلایەتی ڤێرجینیا، شارۆچکەکە بە مێژوویەکی سەروو سروشتی ناسراوە، زنجیرەکە باس لە ژیانی ئێلینا گێلبەرت (نینا دۆبرێڤ) دەکات، کە کچێکی هەرزەکارە و تازە دایک و باوکی بەهۆی ڕووداوی ئۆتۆمبێلەوە لەدەستداوە، ئاشقی خوێنمژێکی تەمەن ١٦٢ ساڵ دەبێت بە ناوی ستێفن سالڤاتۆر (پاوڵ وێسلی).

پەیوەندییەکەیان تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت بە تایبەتی لەگەڵ گەڕانەوەی برا گەورەکەی ستێفن بە ناوی دەیمن سالڤاتۆر (ئیەن سەمەرهەڵدەر)، لەگەڵ پلانگێڕانێک بۆ گەڕاندنەوەی خۆشەویستی ڕابردوویان بە ناوی کاسرین پیرس (لەلایەن نینا دۆبرێڤەوە ڕۆڵی دەگێڕێت) کە خوێنمژێکە بە تەواوی لە ئێلینا دەچێت.

سەرەتا دەیمن کینەیەکی زۆر لە دڵیدا لەبەرانبەر براکەی هەڵدەگرێت چونکە ناچاری کردووە ببێتە خوێنمژ، بەڵام دواتر ئاشت دەبنەوە، دەیمنیش ئاشقی ئێلینا دەبێت.

هەردوو براکە هەوڵ دەدەن ئێلینا بپارێزن لە کاتێکدا ڕووبەڕووی خراپەکار و تووشی چەندین هەڕەشەی جۆراوجۆر دەبنەوە بۆ سەر شارۆچکەکە، مێژووی براکان و ئەفسانەی شارۆچکەکە لە ڕێگەی خەیاڵەوە ئاشکرا دەبن لەگەڵ بەردەوامبوونی زنجیرەکە.

چیرۆکەکانی تر لە دەوری دانیشتووانی شارۆچکەکە دەسوڕێنەوە، بەتایبەتی جێرمی گێلبەرت (ستیڤن ئاڕ مکووین) کە برای بچووکی ئێلینایە، پووریان جێنا سۆمێرز (سارا کانینگ)، باشترین هاوڕێکانی ئێلینا بۆنی بێنێت (کات گرام) و کارۆلاین فۆربس (کاندیس کینگ)، هاوڕێ هاوبەشەکانیان وەک مات دۆنۆڤان (زاک ڕۆرینگ)، تایلەر لۆکوود (مایکڵ ترێڤینۆ)، خوشکە گەورەکەی مات ڤیکی دۆنۆڤان (کایلا ئیوڵ)، هەروەها مامۆستای مێژوویان بە ناوی ئەلاریک ساڵتسمان (مات دەیڤس).

بەرهەمهێنان

سەرەتا کیڤن ویلیامسۆن گرنگییەکی کەمی بۆ پەرەپێدانی زنجیرەکە هەبوو، زانی کە بیرۆکەی چیرۆکەکە لە چیرۆکەکانی تری خوێنمژەکان دەچێت، بەڵام بە هاندانی جولی پلێک دەستی کرد بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکان و سەرسام بوو، لە ٦ـی شوباتی ساڵی ٢٠٠٩ یەکەم ئەڵقەی زنجیرەکە بە ناوی (Pilot) پەخشکرا، کیڤن ویلیامسۆن و جۆلی پلێک وەک سەرنووسەر و بەرهەمهێنەری جێبەجێکار کاریان کرد.

ئەڵقەی (Pilot) لە ڤانکۆڤەر لە کەنەدا کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، ئەڵقەکانی تر لە کۆڤینگتۆن لە جۆرجیا کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، وەکوو شارۆچکە خەیاڵییەکەی میستیک فاڵس لە ویلایەتی ڤێرجینیا دانراوە، هەروەها لە ئەتلەنتای ویلایەتی ڤێرجینیاش کاری وێنەگرتن کراوە.

لە ٢١ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٩، ٢٢ ئەڵقەی زنجیرەکە دەرچوو، نمرەیەکی باشی بۆ نیوەی وەرزی یەکەمی زنجیرەکە بەدەستهێنا.

ئێستاش زنجیرەیەکی سەر بە ڕۆژانەی خوێنمژەکان هەیە بە ناوی (The Orginals) کە لە پێنج وەرز پێکدێت، بە وردی باس لە بنەماڵەی ڕەسەنەکان دەکات کە لە زنجیرەی ڕۆژانەی خوێنمژەکان ڕۆڵی لاوەکی دەگێڕن.

وەرزی هەشتەم و کۆتایی زنجیرەکە لە ٢١ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ دەستی پێکرد، لە ١٠ـی ئازاری ٢٠١٧ کۆتایی هات.

پاڵێوراو و خەڵاتەکان

زنجیرەکە پاڵێوراو و براوەی چەندین خەڵات بووە، لەوانە براوەی ٣٩ خەڵات و پاڵێوراوی ١١٤ خەڵات، پاڵێوراوی ٦٧ خەڵاتی هەڵبژاردەی هەرزەکاران کە ٣٠ خەڵاتی بردەوە، پاڵێوراوی ٢٧ خەڵاتی هەڵبژاردەی خەڵک پێنجی بردەوە، هەشت خەڵاتی زوحەلی بردەوە.

سێ ڕۆڵگێڕی سەرەکی نینا دۆبرێڤ، پاوڵ وێسلی و ئیەن سەمەرهەڵدەر زۆرترین پاڵێوراون، ڕۆڵێڕی سەرەکی نینا دۆبرێڤ پاڵێوراوی ٢١ خەڵات بوو، پێنج خەڵاتی هەڵبژاردەی هەرزەکاران، خەڵاتی هەڵبژاردەی خەڵک و خەڵاتی گەنجانی هۆڵیوودی بەدەستهێنا.

ئیەن سەمەرهەڵدەر بەهۆی ڕۆڵی دەیمن سالڤاتۆرەوە ستایشی زۆری ڕەخنەگرانی بەدەستهێنا، زۆرترین پاڵێوراوی ئەندامی زنجیرەکەیە بە ٣٠ پاڵێوراو.

براوە ٣٩
پاڵێوراو ١١٤

 


سەرچاوەکان



686 بینین