پەری دەریاییە بچووکەکە (١٩٨٩)

له‌لایه‌ن: - دیاکۆ سامان دیاکۆ سامان - به‌روار: 2022-09-16-22:30:00 - کۆدی بابەت: 10280
پەری دەریاییە بچووکەکە (١٩٨٩)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەری دەریاییە بچووکەکە (بە ئینگلیزی: The little mermaid) فیلمێکی ئەنیمەیشن، خەیاڵی، سەرکێشی و مۆسیقییە، بەرهەمهێنراوە لەلایەن ستۆدیۆی واڵت دیزنی (walt disney feature animations) و بڵاوکراوەتەوە لەلایەن سینەمای واڵت دیزنی (walt disney pictures)، بیست و هەشتەمین ئەنیمەیشنی دیزنییە، کە لە چیرۆکێکی ئەفسانەیی دانیمارکی وەرگیراوە لەلایەن هانز کریستن ئاندەرسن (hans christian andersen) لە ساڵی ١٨٣٧.

زانیاری گشتی

دەرهێنەر جۆن مەسکەر، ڕۆن کلێمێنتس
نووسینی جۆن مەسکەر، ڕۆن کلێمێنتس
وەرگیراوە لە پەری دەریاییە بچووکەکە لەلایەن هانز کریستن ئاندەرسن
بەرهەمهێنانی هاوارد ئاشمەن، جۆن مەسکەر
کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان سینەمای واڵت دیزنی، ستۆدیۆی ئەنیمەیشنەکانی واڵت دیزنی، کۆمپانیای سیلڤەر سکرین
دابەشکردنی کۆمپانیای بوێنا ڤیستا
بەرواری بڵاوبوونەوە ١٧ـی تشرینی دووەمی ١٩٨٩
کات ٨٣ خولەك
وڵات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
زمان ئینگلیزی
تێچوون ٤٠ ملیۆن دۆلار
داهات ٢٣٥ ملیۆن دۆلار

چیرۆکی فیلمەکە

چیرۆکی فیلمەکە باس لە پەرییەکی دەریایی هەرزەکاری شازادە دەکات بە ناوی ئێریەڵ، کە خەون بە مرۆڤ بوونەوە دەبینێت و عاشقی مرۆڤێك دەبێت بە ناوی ئێریك، کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێریەڵ ڕێککەوتنێکی جادوویی بکات لەگەڵ جادووگەرێکی دەریاکەدا بە ناوی ئورسولا تا ببێت بە مرۆڤ و لەگەڵ ئێریکدا بێت.

بەرهەمهێنانی فیلمەکە

نووسین و دەرهێنانی فیلمەکە لەلایەن جۆن مەسکەر (john musker) و ڕۆن کلێمێنتس (Ron Clements) بووە، هەروەها بەرهەمهێنانەکەشی لەلایەن جۆن مەسکەر و هاوارد ئاشمەن (howard ashman) بووە، کە هاوارد ئاشمەن گۆرانییەکانی فیلمەکەشی نووسیوە لەگەڵ ئالان مێنکێن (alan menken)ـدا، کارەکتەرە دەنگییەکانی فیلمەکە بریتین لە جۆدی بێنسن (jodi bensen) بە دەنگی ئێریەڵ، کریستۆفەر دانیاڵ بارنس (Christopher daniel barnes) بە دەنگی شازادە ئێریك، پات کێڕڵ (pat carroll) بە دەنگی ئورسولا، ساموێل ئێرنست ڕایت (samuel E. wright) بە دەنگی سێباستیان، جەیسن مارتین (jason martin) بە دەنگی فلاوندەر، کێننس مارس (kenneth mars) بە دەنگی پادشا ترایتن و بەدی هاکێت (buddy hacket) بە دەنگی سکەتڵ.

سەرەتا واڵت دیزنی پلانی وابوو فیلمەکە چیرۆکەکەی هانز کریستن ئاندەرسنیش لەخۆ بگرێت، بەڵام وازیان لەو بیرۆکەیە هێنا، لە ساڵی ١٩٨٥ لە کاتی کارکردنیان لەسەر فیلمی مشکە مەزنە لێکۆڵەرەکە (The great mouse detective)، کلێمێنتس و مەسکەر بڕیاریاندا بیرۆکەی چیرۆکی پەرییەکە بگونجێنن و پێشکەشی بەڕێوبەری ستۆدیۆی واڵت دیزنی بکەن کە جێفری کاتزێنبەرگ بوو (jeffrey katzenberg)، کە سەرەتا بیرۆکەکەی ڕەتکردەوە بەهۆی هاوشێوەبوونی لەگەڵ بەشی دووەمی فیلمی تەڕ بوون (splash) کە بەشی یەکەمی لە ١٩٨٤ بڵاوکرابووەوە.

دواتر لە کۆتاییدا ڕازی بوون، هاوارد ئاشمەن بەشداربوو و ئالان مێکێنیشی لەگەڵ خۆیدا هێنا، بە سەرپەرشتی کاتزێنبەرگ، گۆرانی و مۆسیقاکانی فیلمەکەیان بەرهەمهێنا لەگەڵ دەستەیەك مۆسیقاژەن کە بەشدارییان کردبوو لە بەرهەمهێنانی مۆسیقاکانی فیلمی ئۆلیڤەر و هاوەڵانی (oliver & company) لە ساڵی ١٩٨٨.

دوای پەخشکردنی فیلمەکە

فیلمەکە لەکۆتاییدا لە ١٧ـی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ لە سینەماکاندا پەخش کرا، پیاهەڵدان و لێدوانی زۆر نایابی بۆ هات، لەگەڵ بوونی دەسکەوتێکی ئێجگار باش بۆ پەسەندی ئەنیمەیشن، مۆسیقا و کارەکتەرەکان، هەروەها بوو بە سەرکەوتنێکی بازرگانانەش.

دوابەدوای سەرکەوتنی هەردوو فیلمی مشکە مەزنە لێکۆڵەرەکە (The great mouse detective) لە ساڵی ١٩٨٦ و فیلمی کێ ڕاجەر ڕابیتی تاوانبار کرد (who framed roger rabbit) لە ساڵی ١٩٨٨، فیلمی پەری دەریاییە بچووکەکەش بوو بە سەرکەوتنێکی تر و ژیانەوە بۆ ستۆدیۆی واڵت دیزنی دوای بەرهەمهێنانی چەندین فیلم بە ئامانجی ئەوەی دەنگدانەوەی زۆری هەبێت.

هەروەها بووە هۆی دروستبوونی سەردەمێك بۆ دیزنی بە ناوی ژیانەوەی دیزنی، سەرکەوتنی فیلمەکە بوو بە هاندانێك بۆ دەرهێنانی بەشی دووەمی فیلمەکە، کە باس لە کچەکەی ئێریەڵ بکات بە میلۆدی لە ساڵی ٢٠٠٠، دواتریش بەشی سێیەمی دەرهێندرا لە ساڵی ٢٠٠٨.

داهات

فیلمەکە توانی ٨٤ ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە لە کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەیدا، هەروەها توانی ٢٣٥ ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە له تەواوی جیهاندا.


سەرچاوەکان



300 بینین