تۆم و جێری

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-09-23-19:20:00 - کۆدی بابەت: 10343
تۆم و جێری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تۆم و جێری (بە ئینگلیزی: Tom and Jerry، بە عەرەبی: توم و جیری) زنجیرە کارتۆنێکی ئەمریکییە و لە کۆمەڵە کورتەفیلمێکی کۆمیدی پێکدێت، ئەم کارتۆنە لەلایەن ویلیام هانا و جۆزێف باربێرا دروستکراوە، چیرۆکی ئەم کارتۆنە باس لە بەربەرەکانێی نێوان پشیلەیەک دەکات بە ناوی تۆم لەگەڵ مشکێکدا بە ناوی جێری، تۆم بەردەوام دەکەوێتە کێشەوە بەهۆی جێرییەوە بەردەوام دەیەوێت بیگرێت و بیخوات بەڵام جێری مشکێکی زۆر زیرەکە و بەردەوام دەربازی دەبێت.

پوختە

هەموو ئەڵقەکانی تۆم و جێری سەرنج دەخاتە سەر پشیلەیەک کە هەموو کاتێک هەوڵدەدات دوای مشکێک بکەوێت، لە هەندێک لە ئەڵقەکاندا تۆم دەیەوێت جێری بخوات و لە هەندێکی تردا ئاشت دەبنەوە، تۆم لەگەڵ خانمێکدا دەژیێت و جێریش بەردەوام ماڵەکە تێکدەدات و تۆم بێزار دەکات، هەروەها جێری بەردەوام چۆلەکە و جووچک و مراوییەکان لەدەستی تۆم ڕزگار دەکات چونکە دەیەوێت بیانخوات بەڵام جێری بەهۆی زیرەکی و وریاییەکەیەوە بەردەوام لە دەستی تۆم هەڵدێت، پەیوەندی تۆم و جێری زیاتر خۆشەویستی و بێزارکردنی یەکترە نەک ڕق و دوژمنایەتی و لەناوبردنی یەکتر و لە هەندێک لە ئەڵقەکانیشدا گرنگیدانیان بە یەکتر دەردەکەوێت، هەروەها تۆم هەندێک جار هەموو جۆرە چەکێکی توند بەکاردەهێنێت بۆ ئازاردانی جێری هەر لە بەکارهێنانی دارەوە تا تەقەمەنی و دەمانچە، بە پێچەوانەشەوە تۆڵەسەندنەوەکانی جێری لە تۆم زۆر خراپترن و بەردەوام سەرکەوتوو دەبێت وەک دووکەرتکردن و بڕینی سەر و دەرگا و پەنجەرەکێشان بە سەریدا و گیرکردنی دەستی لە دەرگاکە، هەروەها جێری وا لە تۆم دەکات کارەبا بیگرێت و شەقی لێ دەدات بۆ ناو ساردکەرەوەکە و تیر بارانکردن و سووتاندنی دەست و پێی بە شقارتە، هەرچەندە توندوتیژییەکی زۆر لە فیلم کارتۆنەکەدا بەکاردێت بەڵام ناوبانگ و بینەرێکی زۆری لە خۆی کۆ کردووەتەوە.

ڕۆڵی مۆسیقا لە زنجیرە کارتۆنەکەدا

بەکارهێنانی مۆسیقا لە زنجیرەکەدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە بۆ سەرگەرمکردن و زیادکردنی پەرۆشی خەڵکی و وروژاندنی هەستیان کە لەلایەن مۆسیقاژەن (سکۆت برادلی) کە مۆسیقای جاز و پۆپ و کلاسیکی تێکەڵ کردووە لە کارتۆنەکەدا و بەهۆی ئەوەی تۆم و جێریش قسە ناکەن توانیویەتی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە و چێژبەخشتری بکات و لەبری قسەکردن دەنگی ترساو و قاقا بە ئامێرە مۆسیقییەکان بەکارهاتووە.

بیرۆکەکانی زنجیرەکە

یەکێک لە مەبەستەکانیی زنجیرە کارتۆنی تۆم و جێری ئەوەیە کە گرنگ نییە هەرچەند قەبارەت گەورە بێت و بەهێز بیت و هەزاران هەوڵ و ڕێگا تاقیبکەیتەوە بۆ سەرکەوتن وەک تۆم گرنگ زیرەکی و وریاییە هەرچەند قەبارەشت بچووک بێت وەک جێری کە دەیتوانی هەمیشە خۆی ڕزگار بکات و سەربکەوێت و ئەوە بەدەستبهێنێت کە دەیەوێت، جێری سەرەڕای ئەوەی مشکێکی بچووکە بەڵام زۆر زیرەک و وریا و هاروهاجە و زۆر بە بەختیشە و بەردەوام سەردەکەوێت بەسەر تۆمدا، بەڵام لە هەندێک لە ئەڵقەکانیشدا دۆست و هاوڕێی نزیکی یەکترن و هەندێک جاریش بە یەکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی بە مەبەستەکەیان بگەن و چەندین جاریش ژیانی یەکتریان ڕزگار کردووە کە یەکێکیان دەکەوتە مەترسییەوە ئەوی تریان بە هانایەوە دەچوو، هەرچەندە پشیلەکان ڕقیان لە مشکە و دەیانەوێت بیخۆن بەڵام تۆم هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ڕزگارکردن و دوورخستنەوەی جێری لە کێشەکان، هەروەها یەکێک لە بیرۆکەکان زیانەکانی تۆڵەسەندنەوەیە لە یەکتر کە سەرکەوتوو نابێت و تەنیا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و شکاندنی کەلوپەلەکان و هەرگیز ناتوانرێت ئەوە بەدەست بهێنرێت کە ئامانج بووە.

کەسایەتییەکان

تۆم یان تۆماس: پشیلەیەکی خۆڵەمێشی و سپی موو کورتە و لە سەرەتای زنجیرەکەدا ناوی جاسپەر بووە، لە ناز و ئاسوودەییدا دەژیێت، تۆم وەک کەسایەتییەکی خوێنشیرین و خۆشەویست دروستکراوە لە زنجیرەکەدا، بەڵام بەردەوام کێشە بۆ خۆی دروست دەکات.

جێری: مشکێکی ماڵیی قاوەیییە، لە ماڵی ئەو خانمەدا دەژیێت کە تۆم بەخێو دەکات و لە سەرەتاشدا ناوی جینکس بووە کە بە واتای بەدبەختی و شوومی دێت لە زمانی ئینگلیزیدا، سەرەڕای قەبارەکەی خاوەنی زیرەکی و توانا و هێزێکی زۆرە.

سپایک: سەگێکی خۆڵەمێشی کاڵ و سپییە و زۆر تووڕە و دڕندەیە لە هەموو ئەو کەسانە دەدات کە خۆی و تایکی کوڕی بێزار دەکەن، بەڵام هەڵخەڵەتاندنی ئاسانە، لە زۆربەی ئەڵقەکاندا سپایک و کوڕەکەی خەریکی سەرخەو شکاندنن یان یاسا و ڕێساکانی سەگ فێری تایک دەکات.

بووچ: پشیلەیەکی ڕەشە جگەرە دەکێشێت و هەوڵی خواردنی جێری دەدات، گەورەترین دوژمن و ڕکابەری تۆمە بەڵام لە هەندێک ئەڵقەدا ڕۆڵی هاوڕێی تۆم دەبینێت و سەرۆکی پشیلەکانی گەڕەکە.

توودڵ گالۆر: پشیلەیەکی پرتەقاڵییە و ڕکابەرێکی تری تۆمە.

مامی یان دایکە دوو پێڵاو لە پێکە: خانمێکی ڕەش پێست و قەڵەوە و بە ڕەگەز ئەفریقی-ئەمریکییە لە ناوەڕاستی تەمەنیدایە و خاوەنی تۆمە، بەردەوام خەریکی چاککردنەوەی ئەو کێشە و کەتنانەیە کە کەسایەتییە سەرەکییەکان دروستیان کردووە.

نیبڵز: مشکێکی خۆڵەمێشیی زۆر بچووکە و ڕۆڵی هەتیو دەبینێت، زۆر لاسار و بێ گوێیە و گرنگی نادات بە مەترسییەکان و بەبێ بیرکردنەوە کار دەکات، بۆ ئەوەی نەکەوێتە کێشەوە جێری بەردەوام ئامۆژگاری دەکات بۆ ئەوەی لە بارودۆخەکە تێ بگات، بەردەوامیش لە دەوروبەری تۆم دەسووڕێتەوە و کێشە بۆ جێری دروست دەکات و کەتن دەنێتەوە.

مێژوو

لە ساڵی ١٩٣٧ جۆزێف باربێرا و ویلیام هانا بوون بە هاوبەشی یەکتر لە کۆمپانیای میترۆ گۆڵدوین مایەر (Metro-Goldwyn-Mayer) و پێکەوە دەستیان کرد بە دروستکردنی زنجیرەی تۆم و جێری، جۆزێف باربێرا وێنەی دەکێشا و ویلیام هاناش وەبەرهێنی زنجیرە کارتۆنەکە بوو، هەردووکیان حەوت خەڵاتی ئۆسکاریان بەدەست هێناوە و لە ماوەی ٦٠ ساڵیشدا ٣٠٠ ئەڵقەی زنجیرەی تۆم و جێرییان بەرهەم هێناوە، لە ساڵی ١٩٥٧ هەردووکیان واز لەو کۆمپانیایە دەهێنن کە کاریان تێدا دەکرد و کۆمپانیای خۆیان دروست دەکەن و ناوی دەنێن کۆمپانیای (هانا-باربێرا)، جگە لە تۆم و جێریش چەندین فیلم کارتۆنی تریان بەرهەم هێناوە وەک (Yogi bear، Scooby-doo، The flintstons)، ویلیام هانا لە ساڵی ٢٠٠١ لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا و جۆزێف باربێراش لە ساڵی ٢٠٠٦ لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا کۆچی دواییان کردووە.

خەڵاتەکان

فیلم کارتۆنی تۆم و جێری چەندین خەڵاتی ئۆسکاری بردووەتەوە بۆ ماوەی ٤ ساڵ یەک لەدوای یەک ئەوانیش پێشکەش کراون بەم ئەڵقانە:

  • The Yankee Doodle Mouse ١٩٤٣
  • Mouse trouble ١٩٤٤
  • !Quiet please ١٩٤٥
  • Tha cat concerto ١٩٤٦
  • The little orphan ١٩٤٨
  • The two mousekeeter ١٩٥٢
  • Johann Mouse ١٩٥٣


سەرچاوەکان



628 بینین