سڕبوونی دەم

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-26-23:59:00 - کۆدی بابەت: 10378
سڕبوونی دەم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سڕبوونی دەم (بە ئینگلیزی: Numb mouth، بە عەرەبی: خدر في الفم). ئەگەر سڕبوونی دەمت هەبێت، دەکرێت هەستکردن لە ناوچەوی دەم لەدەست بدەیت. دەشێت ئەم حاڵەتە لە ناوچەی زمان و پووک و لێو ڕووبدات، هەروەها ئەگەری هەیە ناوچەیەک یان زیاتر بگرێتەوە. لەوانەیە لەسەر لێو یان ناوەوەی دەم هەست بە مێروولەکردن بکەیت، واتە هەستێک کە وەک ئەوە وایە دەرزی بە شوێنەکەدا بکەیت. لە زاراوەی پزیشکییدا هەر شوێنێکی جەستە تووشی ئەم جۆرە سڕبوونە ببێت بە (paresthesia) ناودەبرێت، بە زۆری دەبێتە هۆی دروستبوونی فشارێکی زۆر یان زیان گەیاندن بە دەمار لە ناوچەی تووشبوودا. بە تەنها هەبوونی سڕبوونی دەم حاڵەتێکی مەترسیدار نییە و پێویست بە چارەسەر ناکات، بەڵام لە حاڵەتەکانی تر چارەسەرەکەی پشت بە هۆکارەکەی دەبەستێت. 

هۆکارەکانی سڕبوونی دەم

گازگرتن و سووتان

دەکرێت گازگرتن لە زمان، لێو یان لاتەنیشەتەکانی دەم لە کاتی جوینی خواردندا ببێتە هۆی سڕبوونی دەم. هەروەها خواردن و خواردنەوەی خۆراکێکی زۆر گەرم یان تیژ بە هەمان شێوە ئەگەری هەیە کەسەکە تووشی سڕبوونی دەم بکات. کلۆربوونی ددان بە یەکێکی تر لە هۆکارەکان دادەنرێت، لەبەرئەوەی دەمارەکانی ناو دەم یان لێو زیانیان پێ دەگات یان هەودەکەن و هەڵدەئاوسێن. سڕبوونی دەم بەهۆی برینداربوونێکی بچووک لە دەم یان لێودا بەشێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ ساڕێژبوونی برینەکەدا نامێنێت، دەکرێت چەند ڕۆژێک یان کەمتر بخایەنێت. بەڵام ئەگەر بریندارییەکە حاڵەتێکی مەترسیدار بوو یان سووتانبوو پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکەیت.

هەستیاری

دەشێت هەستیاری ببێتە هۆی سڕبوونی دەم یان مێروولەکردنی لێو. لەوانەیە ئەمە بەهۆی هەڵمژینی شتێکەوە یان خواردنی خۆراکێک ڕووبدات، کە هەستیاریت پێی هەیە. کۆنیشانەی هەستیاری دەم (Oral allergy syndrome)، حاڵەتێکە کەسەکە هەستیاری بەرامبەر هەڵاڵەی میوە یان سەوزە هەیە، یاخود خودی میوە و سەوزەکە خۆی. ئەو کەسانەی هەستیاری وەرزیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بەم حاڵەتە زیاترە. ئەم جۆری هەستیارییە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانە لەناو دەم یان دەوروبەری. لەم حاڵەتەدا کۆئەندامی بەرگری زیاد لە پێویست وەڵامی دەبێت و وا دەزانێت میوەکە یان سەوزەکە ماددەیەکی زیانبەخشە. نیشانەکانی هەستیاری بریتیین لە:

  • هەڵئاوسان
  • ئاو هاتنە خوارەوە بە لووتدا
  • پژمین

هەندێک کەس تەنها چەند نیشانەیەکی مامناوەندی هەیە و بەبێ بەکارهێنانی چارەسەر نامێنێت. بە دوورکەوتنەوە لەو خۆراکەی بووەتە هۆی تووشبوون بە هەستیاری، لەگەڵ هەستیارییەکەدا لە هەمان کاتدا سڕبوونەکەش نامێنێت. لەوانەیە پزیشک پێشنیاری دەرمانی دژە هەستیاریت بۆ بکات، ئەگەر پێویست بکات. 

کەمیی ڤیتامین B12

دەکرێت کەمیی ڤیتامین B12 یان فۆلیک ئەسید واتە ڤیتامین B6 ببێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک، وەکوو سڕبوون و ئازار و سووتانەوەی دەم، هەروەها دەشێت ببێتە هۆی برینی دەمیش. ئەم نیشانانە ڕوودەدەن لەبەرئەوەی ئەم ڤیتامینانە بۆ دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن گرنگن، کە ئۆکسجین بۆ خانەکانی لەش دەگوازنەوە و وزە بە لەش دەبەخشن، هەروەها ڤیتامین B بۆ تەندروستی دەمارەکانیش گرنگە. چارەسەرکردنی کەمیی ڤیتامین B12 زۆر پێویستە، لەبەرئەوەی ئەگەر چارەسەر نەکرێت و پشتگوێ بخرێت ئەوا بۆ هەمیشە دەمارەکان زیانیان پێدەگات و جارێکی تر ناگەڕێنەوە باری ئاسایی خۆیان. ئەگەر سڕبوونی دەم بەهۆی ئەم هۆکارەوە ڕووبدات، دەکرێت پزیشک پێشنیار بکات ئەو خۆراکانە بخۆیت کە بەم ڤیتامینە دەوڵەمەندن یان تەواوکەرە خۆراکییەکان بەکاربهێنیت. 

دابەزینی شەکری خوێن

نەخۆشی شەکرە و دابەزینی شەکری خوێن دەکرێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک وەک سڕبوونی دەم و لێو. ئەمە ڕوودەدات لەبەرئەوەی دابەزینی شەکری خوێن کار لەسەر مێشک دەکات، ئەو دەمارانەی ئاماژە لە دەم و لێو و زمانەوە دەنێرن بۆ ماوەیەکی کاتی زیانیان پێدەگات و ناتوانن ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن. نیشانەکانی تری دابەزینی شەکری خوێن بریتیین لە:

سەرەتا دابەزینی شەکری خوێن بە خواردنەوەی خواردنەوەیەکی شەکری یان خواردنی خۆراکێک کە شەکری تێدا بێت چارەسەر دەکرێت. ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەبێت، دەشێت پزیشکەکە دەرمانەکەت بۆ بگۆڕێت، بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە دەرمانەکانە زۆر شەکری خوێن دانابەزێنێت، بەجۆرێک کاریگەری نەرێنی لەسەر کەسەکە دروست بکات. هەروەها یەکێکی تر لە یارمەتیدەرەکان ئەوەیە ئەو سیستمی خۆراکییەی پەیڕەوی دەکەیت بە ماددەی ڕیشاڵ دەوڵەمەند بێت.

کۆنیشانەی سووتانی دەم

ئەم حاڵەتە لە ئافرەتانی بەتەمەندا باوە، بەتایبەتی لەماوەی تەمەنی نائومێدیدا. لە ٢% خەڵکی ئەمریکا ئەم حاڵەتەیان هەیە، ئافرەتان حەوت جار ئەگەری تووشبوونیان زیاترە بە بەروارد بە پیاوان. کۆنیشانەی سووتانی دەم دەبێتە هۆی برین و هەستکردن بە سووتانەوە لەسەر نووکی زمان یان لاتەنیشەکانی، مەڵاشوو یان لەسەر لێو. هەروەها دەبێتە هۆی سڕبوونی دەمیش. هۆکاری تووشبوون بەم حاڵەتە نەزانراوە، لە ئەنجامی پێداچوونەوەیەکی لێکۆڵینەوەی ساڵی ٢٠١٣ دەرکەوتووە، دەشێت هۆکارەکەی بۆ گۆڕانی هۆڕمۆن یان ڤیتامین و کانزاکان بگەڕێتەوە. 

گەشکە

گەشکە بەهۆی هەبوونی گرێی مێشک دەبێتە هۆی سڕبوونی دەم، کە زمان و پووک و لێو دەگرێتەوە. ئەم حاڵەتە مەترسیدارانە بێجگە لە سڕبوونی دەم، دەبنە هۆی چەند نیشانەیەکی تریش. بەکارهێنانی دەرمان یان ئەنجامدانی نەشتەرکاری بۆ چارەسەرکردنی هۆکاری گەشکەکە دەبێتە هۆی نەمانی نیشانەکانیش، بە سڕبوونی دەمیشەوە. 

جەڵتە

جەڵتە بۆ ماوەیەکی کاتی بۆرییەکانی خوێن بلۆک دەکات، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی مەترسییدار. هەروەها جەڵتە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بەو دەمارانەی ئاماژە بۆ ڕووخسار و دەم و زمان و قورگ دەگوازنەوە. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی سڕبوونی دەم، بەڵام بەزۆری جەڵتە زیاتر لە نیشانەیەک لەسەر ڕووخسار دروست دەکات. نیشانەکانی تر بریتیین لە:

  • سڕبوونی یەک لای ڕووخسار و دەم
  • تێکەڵکردنی قسە
  • لێڵبوونی چاو
  • کێشەی قووتدانی خواردن 

شێرپەنجە و برینداربوونی بۆرییەکانی خوێن

شێرپەنجەی دەم و قورگ دەبنە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک وەکوو سڕبوونی دەم، ئەم سڕبوونە دەکرێت تەواوی دەم یان تەنها لێوەکان بگرێتەوە. ئەمە ڕوودەدات کاتێک خانە شێرپەنجەییەکان زیان بە دەمار و بۆرییە خوێنەکانی دەم دەگەیەنن. نیشانەکانی تری شێرپەنجەی دەم بریتیین لە:

  • برینداربوون و خورانی زمان یان بەشەکانی تری دەم.
  • پەڵەی سوور یان سپی لەناو دەم یان لەسەر لێو.
  • کێشەی جووین و قووتدانی خواردن

چارەسەرەکان بریتیین لە چارەسەری کیمیایی، چارەسەری بەر تیشک و نەشتەرکاری. لە هەندێک حاڵەتدا، ئەگەر بەشێکی گەورەی دەم یان زمان زیانی پێ بگات، ئەوا سڕبوونی دەم هەمیشەیی دەبێت. هەروەها ئەنجامدانی نەشتەرکاری بۆ شێرپەنجەی دەم بە هەمان شێوە دەبێتە هۆی سڕبوونی دەم. 

بەکارهێنانی دەرمان و هەندێک چارەسەر

هەندێکجار سڕبوونی دەم وەک کاریگەرییەکی لاوەکی لە ئەنجامی بەکارهێنانی دەرمان یان ئەنجامدانی هەندێک چارەسەرەوە ڕوودەدات. ئەو چارەسەرانەی دەبنە هۆی سڕبوونی دەم بریتیین لە:

  • چارەسەری کیمیایی
  • چارەسەری بەر تیشک
  • نەشتەرکاری ناو دەم یان ڕووخسار، سەر یان مل.

نیشانەکان

دەکرێت لەگەڵ سڕبوونی دەمدا هەندێک نیشانەی تر لە کەسەکەدا بوونی هەبێت، وەکوو:

  • خورانی دەوری دەم و لێو
  • مێروولەکردن
  • هەڵئاوسانی لێو و زمان و پووک
  • هەڵئاوسان و خورانی قورگ
  • ئازار و سووتانەوەی دەم
  • سووربوونەوەی زمان 
  • پەڵەی سوور یان سپی لەسەر دەم یان لێو 
  • برینداربوونی دەم

چارەسەری سووتانەوە و برینداری دەم

چەند چارەسەرێک بۆ سووتانەوە و برینی دەم هەیە، کە دەتوانیت لە ماڵەوە ئەنجامیان بدەیت، وەکوو:

  • شۆردنەوەی دەم بە ئاو و خوێ
  • بەکارهێنانی شتێکی سارد
  • دەرمانی ئەسیتامینۆفین (acetaminophen) یان هەر ئازارشکێنێکی تر
  • بەکارهێنانی کرێم
  • دەرمانی دژەهیستامین (antihistamine

ئەگەر بە بەردەوامی هەستت بە سڕبوونی دەم و نیشانەکانی تر کرد، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت و بە تەواوی نیشانەکانی بۆ ڕوون بکەیتەوە تاکوو بە زووترین کات چارەسەری حاڵەتەکە بکەیت.


سەرچاوەکان

309 بینین