ئێن ئێف تی

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-11-01-21:27:00 - کۆدی بابەت: 10387
ئێن ئێف تی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئێن ئێف تی یاخود تۆکنی نەگۆڕاو (بە عەرەبی: رموز غير قابلة للاستبدال، بە ئینگلیزی: Non-fungible token)، سەروەت و سامانێکی کریپتۆگرافی و دیجیتاڵییە و لەسەر زنجیرە بلۆکێکن کە کۆدی ناسینەوەی تایبەت بە خۆیان هەیە و جیادەکرێنەوە. نوێنەرایەتی کاڵا و فایلە دیجیتاڵییەکانی وەک وێنە، ڤیدیۆ، بابەتی هونەری، مۆسیقا و بابەتەکانی ناو یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکات. کاڵا و شتەکانی ناو ئێن ئێف تی ناتوانرێت هاوشێوەی پارەی فیزیکی بگۆردرێتەوە، بۆ نموونە یەک دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر یەک دۆلاری تری ئەمریکییە، بەڵام لە تۆکنی نەگۆڕاودا هەر کاڵایەک واژۆیەکی تایبەتی لەسەرە و خاوەندارێتی دەکرێت و ناتوانرێت بەیەکتری بگۆڕدرێنەوە. هەروەها ئەو مافە یاساییانەی کە لەلایەن ئێن ئێف تییەوە دابینکراوە بۆ کڕیارەکان نادیارن.

واتای ئێن ئێف تی

(Fungibility)، یاخود گۆڕاوبوون، زاراوەیەکی ئابوورییە کە وەسفی ئاڵوگۆڕی کاڵا و کەرەستەکانی فرۆشتن و بازرگانی دەکات. بۆ نموونە بەرمیلێک نەوت دەتوانرێت بگۆڕدرێتەوە لەگەڵ بەرمیلێکی تری نەوت، یاخود بە هەمان شێوە، دۆلارێک یەکسانە بە دۆلارێکی تری هاوشێوە. بەڵام (Non-fungible) ناگۆڕاو یاخود نەگۆڕ بریتییە لەو کەلوپەل و کاڵا و شتانەی کە شاز و دەگمەنن یاخود کاڵایەکن کە ناتوانرێت ورد بکرێتەوە و جێگرەوەیان نییە. بۆ نموونە کاری هونەری هونەرمەندێک لە بازاڕەکانی (NFT)ـدا دادەنرێت، ئەم کاڵایە شازە و هاوشێوەی نییە، کڕیار دەتوانێت بە کردنی واژۆیەک ئەو کاڵایە بۆ خۆی بەدەستبهێنێت و هیچ کەسێکی تر ناتوانێت خاوەنداری ئەو کاڵایە بکات.

مێژوو

پێش پەیدابوونی دراوی ئیثریەم (Ethereum)، لە ساڵی ٢٠١٢ لە وتارێکدا لەلایەن سەرمایەدار (Meni Rosenfield) چەمکی کۆینی ڕەنگاوڕەنگ (Colored Coins) بۆ بلۆکچەینی بیتکۆین بڵآوکرایەوە. بیرۆکەی دراوی ڕەنگاوڕەنگ بۆ وەسفکردنی شێوازێک بوو بۆ نوێنەرایەتیکردن و بەڕێوەبردنی سەروەت و سامانی دیجیتاڵی لەسەر بلۆکچەین بۆ سەلماندنی خاوەندارێتی ئەو سەروەت و سامانانە هاوشێوەی بیتکۆیینە ئاساییەکانن، بەڵام لەگەڵ زیادکراوی (تۆکن) وایان لێدەکات بەکارهێنانیان تایبەت بێت. هەرچەندە پەیدابوونی کۆینی ڕەنگاورەنگ نەیتوانی سەرکەوتوو بێت بەڵام بوو بە بناغە بۆ پەیدابوون و هاتنە کایەی (NFT).

لە ٣ـی ئایاری ٢٠١٤، هونەرمەندی دیجیتاڵی (کەڤین مەککۆ)ـی یەکەم ئێن ئێف تی کوانتەمی لەسەر بلۆکچەینی نامیکۆین (Namecoin) دروستکرد. (Quantum) وێنەیەکی دیجیتاڵی هەشت گۆشەیی پێکسڵییە کە بەشێوەیەکی هیپنۆتیک ڕەنگ دەگۆڕێت. دوای ئەم کارانە و بڵآوکردنەوەی کاڵاکان، پلاتفۆڕمەکان و سیستمەکانی بڵآوکردنەوەی کارە دیجیتاڵییەکان هاتنە کایەی بازرگانییەکەوە. یەکەم پلاتفۆڕمیش، پلاتفۆڕمی ئیثریەم بوو کە دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی کارەکان و گەرمکردنی بازاڕی (NFT).

لە ساڵی ٢٠١٦ لە پلاتفۆرمی (Counterparty) میمی بۆقە بەتەمەنەکە بڵاوکرایەوە و تاکوو ڕادەیەک ناوبانگێکی بآشی پەیدا کرد. ساڵی ٢٠٢١ بوو بە ساڵی تەقینەوەی بازاڕەکانی ئێن ئێف تی و خواست لەسەری زۆر زیاد بوو. ئەویش بەهۆی هاتنە ناوەوەی چەندین کۆمپانیای گەورە و بەناوبانگ بۆ ناو بازاڕەکانی ئێن ئێف تی، گرنگترین هۆکاریش بۆ زیادبوونی خواست لەسەر ئێن ئێف تی ئەوکاتەبوو بوو کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢١ فەیسبووک ناوەکەی گۆڕی بۆ مێتا و ڕۆیشتە ناو مێتاڤێرسەوە، بەمشێوەیە خواست لەسەر ئێن ئێف تی گەیشتە لوتکە.

داهاتووی ئێن ئێف تییەکان

سەرەڕای نەبوونی پارێزراوی لە بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا، بەڵام لە بازاڕەکانی ئێن ئێف تییدا بەردەوام کار لەسەر ڕێکخستن و پاراستنی زانیاری بەکارهێنەرانی دەکرێت و دڵنیاییان پێدەدرێت کە ئەوان بەردەوامن بۆ ئەوەی بمێننەوە و ببنە بەشێکی گەورە لە داهاتووی جیهانی هونەری و بازاڕی ئەلیکترۆنی.

گرنگی ئێن ئێف تی

تۆکنە نەگۆڕەکان پەرەسەندنی جۆرێکی سادەن لە دراوی کریپتۆ. سیستمی دارایی مۆدێرن لە سیستمی بازرگانی و قەرزی گەورە بۆ جۆرە جیاوازەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێکهاتووە، لە کاروباری خانووبەرەوە تاوەکوو گرێبەستی قەرزدان و کاری هونەری. بە کارکردن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دراوی دیجیتاڵی و دراوە فیزیکییەکان، ئێن ئێف تییەکان دەبنە هەنگاوێک بۆ بەرەو پێشبردنی ئەم چەمکەی بازاڕگەری. کاتێک ئەم چەمکانە لەگەڵ سوودەکانی بلۆکچەینێک لە دەستکاریکردنی گرێبەستە زیرەکەکان تێکەڵ دەکرێن، دەبنە هێزێکی بەهێز بۆ گۆڕانکاری لە بازاڕی دیجیتاڵی.

دیارترین و گرنگترین سوودی ئێن ئێف تی جووڵە و خێرایی گەرمکردنی بازاڕە، گۆڕینی سەرمایەیەکی فیزیکی بۆ سەرمایەیەکی دیجیتاڵی پڕۆسەکان خێراتر دەکات و چیتر پێویستمان بە بریکار نابێت. بلۆکچەین بوونی بریکارەکان کەمتر دەکاتەوە و  ڕێگە بە هونەرمەندان و بەکارهێنەران دەدەن ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ بینەران و کڕیارەکانیان ببەستن.

کڕینی ئێن ئێف تی

زۆرێک لە ئێن ئێف تییەکان تەنها بە ئیثریەم دەتوانرێت بکڕدرێن، بۆیە یەکەم هەنگاو بۆ خاوەندارێتی لەم دراوە کریپتۆیە و هەڵگرتنی بریتییە لە جزدانێکی دیجیتاڵی. پاشان دەتوانیت لە ڕێگای یەکێک لە بازاڕەکانی ئێن ئێف تیییەوە لە ڕێگای ئۆنلاینەوە کاڵا بکڕیت وەکوو بازاڕەکانی OpenSea، Rarible، SuperRare، Mintable، CryptoPunks، Axie Marketplace.

پەیداکردنی پارە لە ئێن ئێف تی

یارییە ئەلیکترۆنییەکان

لە سەردەمێکدا دەژین کە بە بەشداریکردن لە یارییە ڤیدیۆییەکان دەتوانرێت پارە پەیدا بکرێت. NFTs جۆرێکە لە دراوی کریپتۆ کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ کڕین و ئاڵوگۆڕی شتەکانی ناو یارییەکان بە بلۆکچەین. هەندێک شتومەکی کۆکراوەی گرانبەها لە بازاڕدا هەن، وەک ئەوانەی لە یاری (CryptoKitties)ـدا دەبینرێن، کە زۆر قورسە بەدەستبهێنرێت. نرخی یەک کریپتۆ لە هەندێک حاڵەتدا گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار دۆلار.

فرۆشتنی دراوە ئەلیکترۆنییەکان

جگە لە فرۆشتنی NFTS، دەتوانیت مامەڵەیان پێوە بکەیت. هەندێک لە خاوەنکار و وەبەرهێنەران وەک پشک مامەڵە لەگەڵ NFT دەکەن، کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پارە. ئەگەر خاوەنی کۆمەڵێک NFT بیت کە لە کاتی فرۆشتنی کۆمەڵە کاڵایەکەوە لە بازاڕەکاندا دەستت کەوتووە و چیتر پێویستت پێی نییە، دەتوانیت بیانفرۆشیت.

بەکرێدانی دراوەکان

ئێن ئێف تییەکان سەروەت و سامانی دیجیتاڵیین کە ناتوانرێت لەبەربگیرێنەوە. بەڵام دەتوانیت بە کرێیان بدەیت، پڕۆسەی بەکرێدانیش ئاڵۆز نییە، بەهەمان شێوەی کار دەکات کە تۆ موڵکێکی خانووبەرە بەکرێ دەدەیت و کرێکەی کۆدەکەیتەوە. هەر بۆیە بەکرێگرتنی NFT بریتییە لە قەرزکردنی بە کەسێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە بەرانبەر پارەدا. بەکرێدان ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ بەدەستهێنانی پارە لە NFT بەبێ ئەوەی خاوەندارێتی لەدەست بدەیت.


سەرچاوەکان



385 بینین