عەبدولعەزیز رەنتیسی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-02-14:50:00 - کۆدی بابەت: 10389
عەبدولعەزیز رەنتیسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەبدولعەزیز عەلی عەبدولمەجید حەفیز رەنتیسی (بە عەرەبی: عبد العزيز الرنتيسي، بە ئینگلیزی: Abdel Aziz al-Rantisi) پزیشک، سیاسەتمەدارێکی فەلەستینی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی (حەماس)، هەروەها لەدوای ئەحمەد یاسین سەرکردەی بزووتنەوەکە بووە لە کەرتی غەززە تاوەکوو ساتی تیرۆرکردنی. ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵگەی ئیسلامی و کۆمەڵەی پزیشکی عەرەبی لە کەرتی غەززە و مانگی سووری فەلەستین بووە، لەگەڵیشیدا نووسەر و شاعیر و ڕووناکبیر و وتاربێژێکی بەناوبانگی ناوچەکە بووە.

زانیاری کەسی
لەدایک بوون

٢٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٧

یەبنا

کۆچی دوایی ١٧ی نیسانی ٢٠٠٤ (٥٦ ساڵ)، غەززە
هۆکاری مردن ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆرکردن لەلایەن هەلیکۆپتەرێکی ئاپاچی سوپای ئیسرائیلەوە
هاووڵاتی فەلەستین
ناسناو دکتۆر، شێری فەلەستین، هەڵۆی حەماس، پزیشکی یاخی، دروستکەری فیداییەکان، عەیاشی غەززە، ئەو بۆمبەی ئارام نابێتەوە
هاوسەر رەشا عەدلوونی 
منداڵ شەش منداڵ
سەرۆکی حەماس
پێش ئەو ئەحمەد یاسین
دوای ئەو ئیسماعیل هەنیە (لە ناوەوە)، خالید مەشعەل (لە دەرەوە)
ژیانی زانستی
زانست پزیشکی منداڵان
حیزبی سیاسی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی (حەماس)
هۆکاری ناوبانگ یەکەمین سەرکردەکانی حەماس کە زیندانی کران
بەرهەمە دیارەکان بەشداری کردووە لە نووسینی میساقی حەماس
باڵ ئیخوان موسلمین
تۆمەت
تۆمەت نەدانی باج بە ئیدارەی ئیسرائیل، دروستکردنی حەماس، پلانداڕشتن بۆ کردەوەی دژی ئیسرائیل

کەسایەتییەکی سەربازی و سیاسی و ئایینی بووە و بە شکۆمەندییە تایبەتەکەی ناسراوە لەنێو خەڵکیدا کە لەلایەن زۆربەی چین و توێژەکانی گەلی فەلەستین و عەرەب و ئیسلامییەوە ڕێزلێگیراو بووە. لە زیندان ساڵی ١٩٩٠ توانیویەتی هەموو قورئانی پیرۆز لەبەر بکات و بەوە ناوبانگی دەرکردووە کە یەکەمین سەرکردەی حەماس بووە دەستگیر کراوە. لە ساڵی ١٩٧٨ـەوە لە زانکۆی ئیسلامی لە غەززە کاری کردووە و وانەبێژی زانستی بۆهێڵ و مشەخۆرەکان بووە، لە ساڵی ١٩٨٣ بەهۆی رەتکردنەوەی باج بە دەسەڵاتی ئیسرائیل دەستگیرکراوە. لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکانی بزووتنەوەی ئیسلامی، لە ساڵی ١٩٨٧دا بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی حەماسیان لە کەرتی غەززە دامەزراند، یەکەم کەس بوو لە سەرکردەکانی بزووتنەوەکە کە لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٨٨ بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ دەستگیرکرا. دواتر لە ١٧ی كانوونی یەكەمی ١٩٩٢دا، ئیسرائیل لەگەڵ زیاتر لە ٤٠٠ چالاكوان و كادیری حەماس و جیهادی ئیسلامی، بەرەو باشووری لوبنان لەو ناوچەیەی ناسراو بە (مەرجولزهور) دووری خستنەوە. ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەڕانەوەی لە مەرجولزهور، هێزەکانی ئیسرائیل دەستبەسەریان کرد و دادگای سەربازی زایۆنیش سزای زیندانی بۆ دەرکرد و تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٧ لەوێ دەستبەسەر بوو.

دوای تیرۆرکردنی ئەحمەد یاسینی سەرکردەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە، بزووتنەوەکە بەیعەتیان پێدا و وەک جێنشینی یاسین لەناوەوە کاری دەکرد، هەروەها لە یەکەم فەرماندەییدا فەرمانی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەندەری ئەشدۆدی دەرکرد و ئەم ئۆپەراسیۆنەش پریشکێک بوو بۆ ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنی خۆی. ئێواره‌ی ١٧ی نیسانی ٢٠٠٤، هه‌لیكۆپته‌رێكی ئیسرائیلی مووشه‌كێكی ئاڕاسته‌ی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی كرد و کوژرا. لەدوای تیرۆرکردنی حەماس هیچ کەسێکی لەجێی ئەو ڕانەگەیاند لە ترسی تیرۆرکردنی.

ژیان

عەبدولعەزیز رەنتیسی لە ١٩٤٧/١٠/٢٣ لە گوندی یەبنا لە نێوان عەسقەلان و یافا لەدایک دەبێت. رەنتیسی توانی لە ساڵی ١٩٦٥ خوێندنی ناوەندی تەواو بکات و یەکێک بوو لە باشترین قوتابییەکان، ئەمەش وایکرد کە سکۆلەرشیپێک لە میسر بەدەستبهێنێت لەلایەن UNRWA و دەچێتە زانکۆی ئەسکەندەریە بۆ خوێندنی پزیشکی. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پزیشکی گشتی لە ساڵی ١٩٧١ و بڕوانامەی ماستەر لە پزیشکی منداڵان لە ساڵی ١٩٧٥ بەدەستهێناوە. لە ماوەی کارکردنی وەک پزیشک لە نەخۆشخانەی سەرەکی خان یونس، رەنتیسی چەندین جار لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل تووشی شەڕ دەبێت و لە نێوان ١٩٨٣ بۆ ١٩٩٧ چەندین جار تووشی دەستگیرکردن دەبێتەوە کە کۆی گشتی دەگاتە حەوت ساڵ.

چالاکیی سیاسی

پێش تێکەڵبوونی لەگەڵ کاری ڕێکخراوەیی و حیزبی، چەندین جار هەڵوێستی خۆی نواندووە بەرانبەر هێزەکانی ئیسرائیل. لە کەرتی غەززە نزیک بووەوە لە ئیخوان موسلمین، تا دواتر بوو بە یەکێک لە سەرکردەکانی، لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکەمین ڕاپەڕینی فەلەستین لە کانوونی دووەمی ١٩٨٧، بزووتنەوەی بەرخۆدانیی ئیسلامی (حەماس) وەک باڵی سەربازی ئیخوان لەو ناوچەدا دروست بوو. چەند ڕۆژێک دوای دروستبوونی، رەنتیسی و کۆمەڵێک چالاکوان دەستگیر دەکرێن، لە یەکەمین دەستبەسەرکردنیدا دەگێڕێتەوە :" شەش ڕۆژ ڕێگریم لێکرا لە خەوتن، و بۆ ماوەی بیست و چوار کاتژمێر لەناو سەلاجەیەکدا دایاننام، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، دانم بە هیچ تۆمەتێکدا نەنا کە لەسەرم کرابێت، سوپاس بۆ خوا".

دوای ئەوەش تاوەکوو ساڵی ١٩٩٧ بە شێوەی پچڕ پچڕ دەستگیر دەکرێت و دوور دەخرێتەوە. لە ساڵی ١٩٩٦ لە زیندانەکان ئازاد دەبێت و دەست دەکات بە چالاکییەکی زۆر، ئەمەش جێگەی سەرنجی دەسەڵاتی فەلەستین نەبوو، کە دوای کەمتر لە ساڵێک لە ئازادکردنی لە زیندانەکانی داگیرکەری، لە ١٠ی نیسانی ١٩٩٨ لە ژێر فشاری داگیرکاریدا، دەستگیری کرد. پاش ١٥ مانگ به هۆی گیان لەدەستدانی دایکی ئازاد کرا، دواتر سێ جاری تر دەستگیر کرایەوە، بەڵام دوای مانگرتنی لە خۆراک و بە هۆکاری ئەوەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆردمانی زیندانەکەیان کردووە و تەواوی ئەفسەر و سەربازەکان شوێنەکەیان چۆڵ کردووە و رەنتیسی بە تەنیا لە ژووری تاکەکەسی هێڵراوەتەوە ئازاد کرا، بەمەش ماوەی ٢٧ مانگ لە زیندانەکانی بەرەی فەلەستینیدا ماوەتەوە.

 لەگەڵ گەڕانەوەی ئەحمەد یاسین بۆ کەرتی غەززە لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٧، رەنتیسی شانبەشانی ئو بۆ ڕێکخستنەوەی ریزەکانی حەماس دوای لەدەستدانی سەڵاح شەحادە دەستی بە کارکردن کرد، دوای ئەوەش وەک وتەبێژی فەرمی حەماس و وەک سەرکردەیەکی سیاسی بۆ ئەو ڕێکخراوە کاری کردووە.

ڕێکخستنەوەی حەماس

لە ساڵی ٢٠٠٤ و لە ماوەی ڕاپەڕینی دووەمی فەلەستین بەهۆی بۆردمانی فڕۆکەکانەوە شێخ ئەحمەد یاسین تیرۆر کرا. حەماس لە ناوخۆدا بەیعەتی بە رەنتیسی دا، ئەویش سەرکردایەتی بزووتنەوەکەی گرتە ئەستۆ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و موجاهیدە باڵا و سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە لە ٢٣ی ئازاری ٢٠٠٤دا وەک سەرکردەی ئەو بزووتنەوەیە لە ناوخۆی فەلەستین لە غەززە هەڵبژێردرا و شوێنی ئەحمەد یاسینی گرتەوە.

هەوڵەکانی تیرۆرکردن

دكتۆر عەزیز دوویك دەڵێت: "یەكەم هەوڵی تیرۆركردنی لە مەرجولزهور بوو، لە چادری میدیایی، لە یەكەم ڕۆژی مانگی رەمەزاندا كەسێكی عەرەب زمان هات، بانگەشەی ئەوە دەكرد وەرگێڕە بۆ ڕۆژنامەنووسێكی ژاپۆنی، لە چادرەکەیدا جانتایەکی بەجێهێشت. لەکاتی بەربانگ هەمووان لە دەرەوەی چادرەکە بوون و گوێمان لە تەقینەوەیەکی بەرز بوو، بەڵام ڕۆژنامەنووس و هاوەڵەکەی شوێنەواریان نەمابوو."

لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٣، دوو هێلیکۆپتەری ئاپاچی لەو کاتەدا بەسەر شاری غەززەدا دەسوڕانەوە. لەگەڵ دەرکەوتنی ئۆتۆمبێلەکەی رەنتیسی مووشەکبارانی دەکەن و مووشەکەکە لە پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە دەدات، بۆیە رەنتیسی و هاوەڵەکەی دەتوانن بڕۆنە دەرەوە و ڕابکەن، بەڵام کۆپتەرەکە شوێنیان دەکەوێت و چەند جارێکی تریش کۆمەڵێک مووشەک ئاڕاستەیان دەکات. رەنتیسی توانی بکشێتەوە بۆ یەکێک لە شەقامە لاوەکییەکان، لەوێ فڕۆکەکان بە مووشەکەکانیان بەدوایدا ڕۆیشتن بۆ ئەو شەقامەی کە توانی لێی بکشێتەوە و چوار مووشەکی دیکەیان ئاراستەی کرد کە بووە هۆی ئەوەی قاچ و قۆڵی چەپ و سنگی بریندار ببێت.

لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٠٣، هەوڵێکی تر درا کە تێیدا دوو هاوەڵەکەی کوژران و ئەحمەدی کوڕی بە سەختی بریندار بوو. لە ئەیلوولی ٢٠٠٣دا، سێیەم هەوڵی تیرۆرکردنی درا، بەڵام دووبارە شکستی هێنا. پاشان لە سێهەمین ڕۆژی کوژرانی شێخ ئەحمەد یاسین هەوڵی تیرۆری چوارەمی درا، ڕزگاری بوو و لەلایەن حەماسەوە بە نهێنی هێڵرایەوە تا ئەو کاتەی لەلایەن دەزگا ئاسایشییەکانی ئیسرائیلەوە پشتڕاستکرایەوە.

تیرۆرکردن

لە ١٧ی نیسانی ٢٠٠٤، دوای ئەوەی مووشەکێکی Hellfire لە کۆپتەرێکی AH-64 ئاپاچیەوە ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکەی کرا بووە هۆی پێکانی و رەنتیسی تیرۆر کرا. لە هێرشەکەدا دوو کەسی تر کە پاسەوانێک و محەمەدی کوڕی رەنتیسی بوون کوژران.

ژیانی تایبەت

رەنتیسی لە ساڵی ١٩٧٣ لەگەڵ دایکی محمد رەشا ساڵح عەدلونی هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی شەش منداڵە.


سەرچاوەکان



222 بینین