یائیر لاپید

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-02-16:47:00 - کۆدی بابەت: 10392
یائیر لاپید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یائیر لاپید یان یائیر لەپید (بە ئینگلیزی: Yair Lapid، بە عەرەبی: يائير لبيد) سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووسێکی پێشووی ئیسرائیلە و دوای دەستلەکارکێشانەوەی نەفتالی بێنت لە ١ی تەممووزی ٢٠٢٢ەوە بوو بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل. سەرۆک و دامەزرێنەری پارتی "ئاییندەیەک هەیە-Yesh Atid"ـە، ئەندامی کنێستی ئیسرائیلە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ نۆزدەهەمین کنێست هەڵبژێردرا. لاپید سەرۆکی پارتی ناوەندگەرای یەش عەتیدە، و لە ساڵی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢١ سەرۆکی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بووە، لە ٢٠١٣ تا ٢٠١٤ وەزیری دارایی بووە.

١٤ـەمین سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
سەرۆک ئیسحاق هێرزۆگ
پێش ئەو نەفتالی بێنت
دووەم سەرۆک وەزیرانی جێگرەوەی ئیسرائیل
لە ماوەی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ – ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
سەرۆک وەزیران نەفتالی بێنت
سەرکردەی یەش عەتید
ڕۆڵی وەزاری
٢٠١٣-٢٠١٤ وەزیری دارایی
٢٠٢١ وەزیری دەرەوە
فراکسیۆنێک کە نوێنەرایەتی لە کنێست دەکات
٢٠١٣-٢٠١٩ یەش عەتید
٢٠١٩ - ٢٠٢٠ شین و سپی
٢٠٢٠ -  یەش عەتید
ڕۆڵی تر
٢٠٢٠–٢٠٢١ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن
زانیاری کەسی
لەدایک بوون
٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣
تەل ئەبیب، ئیسرائیل
حیزبی سیاسی یەش عەتید
هاوسەر لیهی لاپید
منداڵ سێ
پیشە
  • سیاسەتوان
  • ڕۆژنامەنووس

لاپید پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ بچێتە ناو سیاسەت، نووسەر و پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی و بێژەری هەواڵ بووە. پارتی ناوەندگەرایی یەش عەتید کە ئەو دایمەزراندبوو، بە بەدەستهێنانی ١٩ کورسی لە یەکەم هەڵبژاردنی یاسادانان لە ساڵی ٢٠١٣دا بوو بە دووەم گەورەترین پارت لە کنێست، لاپید لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٤، دوای ڕێککەوتنی هاوپەیمانی لەگەڵ لیکود، لە سەردەمی بنیامین ناتانیاهۆ وەک وەزیری دارایی کاری کردووە. لە ساڵی ٢٠١٣دا لاپید لە پلەی یەکەمی لیستی "کاریگەرترین جوولەکەکانی جیهان" لەلایەن ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستەوە بووە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٣ وەک یەکێک لە بیرمەندە جیهانییە پێشەنگەکانی سیاسەتی دەرەوە ناسێندرا، هەروەها وەک یەکێک لە ١٠٠ "کاریگەرترین کەسی جیهان"ی گۆڤاری تایم لە ڕیزبەندی بینرا.

لە لیژنەی کاروباری دەرەوە و بەرگریی کنێست، و لیژنەی لاوەکی هەواڵگری و خزمەتگوزارییە ئاساییشییەکان کاری کردووە. لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٠، لاپید بوو بە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن، دوای ئەوەی حکوومەتی سی و پێنجەمی ئیسرائیل سوێندی یاسایی خوارد، لە 5ی ئایاری ٢٠٢١ دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کرد بۆ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی. لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لاپید، رۆڤن ریڤلین سەرۆکی ئیسرائیلی ئاگادار کردەوە کە لەگەڵ نەفتالی بینێت ڕێککەوتووە لەسەر حکوومەتێکی نوێ و ئامادەیە جێگەی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران بگرێتەوە. حکوومەتی نوێ لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ سوێندی یاسایی خوارد.

لاپید لە ١ی تەممووزی ٢٠٢٢ بوو بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەوەی بینێت لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کێشایەوە، ئەمەش دوای هەڵوەشاندنەوەی کنێست.

ژیانی کەسی

لاپید لە شاری تەلئەبیب لەدایکبووە، کوڕی ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار یووسف لاپیدە، کە وەک وەزیری داد کاری کردووە. باپیرەی لەلایەن نازییەکانەوە لە ئۆردوگای کۆکردنەوە و داپیرەی لە ئاوشڤیتز دەکوژرێن. لاپید لە تەلئەبیب و لەندەن گەورە بووە. ماڵی منداڵییەکەی لە تەلئەبیب لە گەڕەکی یاد ئەلیاهۆ بووە. خوێندنی ئامادەیی لە هۆڵی وەرزشی هێرزلیای عیبری خوێندووە. لاپید زۆربەی خزمەتە سەربازییە زۆرەملێیەکانی لە هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیلدا وەک پەیامنێری سەربازی بۆ ڕۆژنامەی هەفتانەی ئیسرائیل بە ناوی باماهانێ بەسەر بردووە. دوای تەواو کردنی خزمەتی سەربازی دەستی کرد بە کاری پەیامنێری لە مەعاریڤ و شیعری لە گۆڤارەکانی ئەدەبیدا بڵاو کردۆتەوە. هەروەها ماوەیەک بۆکسەر بووە.

لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لاپید هاوسەرگیری لەگەڵ تامار فریدمان کرد. هاوسەرگیرییەکە یەک کوڕی لێکەوتەوە بە ناوی یۆئاڤ. ئەو دوو هاوسەرە دوای لەدایکبوونی کوڕەکەیان جیابوونەوە. دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ لیهی لاپید دەکات.

پیشەی سیاسی

لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ لاپید ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەگەری بەجێدەهێڵێت بۆ ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە. لە ٣٠ی نیساندا بە فەرمی حیزبەکەی بەناوی "یەش عەتید" تۆمار کرد، کە بە واتای "ئاییندەیەک هەیە" دێت. ئەم هەنگاوە هاوکات بوو لەگەڵ چاوەڕوانی گشتی لە ئیسرائیل بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە کە لە سەرەتای پاییزی ٢٠١٢ بەڕێوەدەچوو. لە تشرینی دووەمی ٢٠١٢، توانی ١٢ بۆ ١٤ کورسی و دواتریش لە ئەنجامی هەڵبژاردنی مانگی یەک دەریخست کە ئەو پارتە توانیویەتی ١٩ کورسی چاوەڕواننەکراو بەدەستبهێنێت، بەمەش یەش عەتید بووە دووەم گەورەترین پارت لە نۆزدەهەمین کنێست.

لاپید لە ١٥ی ئازاری ٢٠١٣ وەک وەزیری داراییی ئیسرائیل دەستنیشانکرا، تەنها دوای نۆ مانگ، ڕاپرسییەک بڵاوکرایەوە کە ڕەوتی بەردەوامی کەمبوونەوەی جەماوەریی نیشان دا، ٧٥%ی ئەوانەی بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بێهیوا بوون لە تواناکانی ئەو، بۆیە پارتەکەی تەنها ١٠ کورسی لە کنێست بەدەستهێنا، بە پێچەوانەی ئەو ١٩ کورسییەی لە سەرەتای ساڵدا بەدەستی هێنا و لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤، نەتانیاهۆ لاپیدی لە پۆستی وەزیری دارایی دوورخستەوە.

پێکهێنانی حکوومەت

لە ٥ی ئایاری ٢٠٢١دا، لاپید دووەم هەڵبژاردنی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ پێسپێردرا، دوای ئەوەی نەتانیاهۆ نەیتوانی بە یەکەم جار ئەو کارە بکات. لە ٩ی ئایاری ٢٠٢١دا بڵاوکرایەوە کە لاپید و بێنت پێشکەوتنی گەورەیان لە دانوستانەکانی هاوپەیماناندا بەدەستهێناوە. بەڵام لە ١٠ی ئایاردا، پێدەچوو دانوستانەکانی هاوپەیمانان لە مەترسیدا بن، چونکە حیزبی ڕەعم ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی هاوپەیمانان ڕادەگرێت، بەهۆی پەرەسەندنی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین. لە ١٣ی ئایاردا ڕێگای ئەو بۆ بوون بە سەرۆک وەزیران ئاڵۆزتر بوو کاتێک نەفتالی بێنت بڕیاریدا پەیوەست نەبێت بە حکوومەتی لاپیدەوە بەهۆی ململانێی سەربازی بەردەوام لەگەڵ غەززە.

لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢١، بێنت لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند کە بەڕاستی یامینا لەگەڵ لاپید دەچێتە ناو حکوومەتێکی یەکگرتووەوە. لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١، دوای دانوستان لەگەڵ لاپید و بینێت، مەنسوور عەباس، سەرۆکی ڕەعم بە فەرمی ڕێککەوتنێکی هاوپەیمانی لەگەڵ لاپید واژۆ کرد. لە کۆتاییدا کنێست لە ١٣ی حوزەیران بە جیاوازی یەک دەنگ دەنگی بە بەرژەوەندی حکوومەتی نوێی دا. حکوومەت هەر لەو ڕۆژەدا سوێندی خوارد، لاپید بوو بە سەرۆکوەزیرانی جێگرەوەی ئیسرائیل و وەزیری دەرەوە.

وەزیری دەرەوە و جێگرەوەی سەرۆکوەزیران

چەند هەفتەیەک دواتر لاپید باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی لە ئەبووزەبی کردەوە، ئەمەش یەکەم سەردانی فەرمی ئەندامێکی حکوومەتی ئیسرائیل بوو بۆ ئەو وڵاتە. لە مانگی ئابی ٢٠٢١ وەزیری پێشووی تەندروستی یائیل جێرمەن وەک باڵیۆزی ئیسرائیل لە فەرەنسا دەستنیشان کرد، هەروەها ئەندامی پێشووی کنێست شیمۆن سۆلۆمۆن وەک باڵیۆز لە ئەنگۆلا دەستنیشان کرا. لە ١١ی ئابدا، لاپید بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەو شارە سەردانی شاری ڕەباتی کرد. لە مانگی ئەیلوولدا باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی لە مەنامە کردەوە، هەروەها دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوید ڕاگەیاند.

بەرهەمە بڵاوکراوەکان

  • The Double Head: thriller (1989)
  • Yoav's Shadow: children's book (1992)
  • One-Man Play: novel (1993)
  • Elbi – A Knight's Story: children's book (1998)
  • The Sixth Riddle: thriller (2001)
  • Standing in a Row: collection of newspaper columns (2005)
  • The Second Woman: thriller (2006)
  • Sunset in Moscow: thriller (2007)
  • Memories After My Death: Biography (2010)
  • A Journey to Our Future(2017)


سەرچاوەکان



286 بینین