چاندنی داری ئاڤۆکادۆ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-11-03-16:22:00 - کۆدی بابەت: 10400
چاندنی داری ئاڤۆکادۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری ئاڤۆکادۆ (بە ئینگلیزی: Planting avocado tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة الافوکادو)، نشینگە بنەڕەتییەکەی کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەمریکای باکوور و ناوەڕاستە، گونجاوترین جێگە بۆ گەشەکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی کیشوەری ئەمریکایە، کە خەڵکی دەتوانن لە باخچەکانیاندا بیچێنن و گەورە دەبێت، دواتر دەبێتە دارێکی بەرزی هەمیشە سەوز، درێژی دارەکە ١٨.٢ مەتر و پانییەکەی ٩ مەتر دەبێت، پاشان بەرهەمێکی ڕەنگ کرێمی دەبێت کە میوەیەکە چەندین سوودی گرنگی هەیە، گەڵاکانی سەوز و درەوشاوەن و گەشەیەکی زۆر دەکەن و لە کۆتاییدا شێوەیەکی ئەستوور وەردەگرن.  

شایانی باسە کە زۆرینەی بەشەکانی ئەم دارە و تەنانەت بەرەکەشی ژەهراوین بۆ ژمارەیەکی زۆری گیانەوەران، واتە دەبێت خەڵکی ئاگاداربن کاتێک کە ئاژەڵێکی ماڵییان هەیە، ڕێگریبکەن لەوەی کە ئاژەڵەکان بەشەکانی دارەکە بخۆن یان زۆر نزیکببنەوە، هەروەها ئەم دارە خۆشی تووشی چەندین نەخۆشی میکرۆبی و مێروویی دەبێتە، کە پێویستە لە نیشانەکانی سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشیدا چارەسەربکرێت، بۆ ئەوەی ڕێگریبکرێت لە تووشبوونی سەختی دارەکە بە نەخۆشی و لەناوچوون.

کاتی گونجاو بۆ چاندنی لە بەهاردایە و باشترە لە دەوەرە و باخچەکاندا بچێنرێت، کە ئەمە ڕێگە بە درەختەکە دەدات گەورە ببێت پێش ساردبوونی کەشوهەوا و هاتنی وەرزی زستان، سێ جۆری سەرەکی لەم دارە هەیە و بەگوێرەی ناوچەکان دەکرێت جۆری گونجاو بۆ چاندن هەڵبژێردرێت، لە هەبوونی هەلومەرجی گونجاودا تەمەنێکی درێژ دەکات و سەدان ساڵ دەژی، کە سەلمێنراوە داری ئاڤۆکادۆ هەبووە زیاد لە ٤٠٠ ساڵ تەمەنی کردووە.

هەنگاوەکانی چاندن بە نەمام

  • هەڵبژاردنی جێگەیەکی گونجاو کە بۆ گەشەکردنی زۆری درەختەکە ببێت.
  • پێویستە هەر درەختێک ٣ مەتر مەودا لە دەوروبەریدا بەتاڵبێت، هەروەها ئەگەر زیاتر لە یەک داری ئاڤۆکادۆ بچێنرێت باشترە کە مەودای نێوانیان بەلایەنی کەمەوە ٩ مەتر ببێت.
  • هەڵکۆڵینی چاڵێک درێژییەکەی بە ڕادەی درێژی ڕەگەکەی ببێت بەڵام پانییەکەی دووهێندەببێت، کە چاندنی لە قووڵایی و فراوانی زۆر قوڵ و زۆر تەنکدا دەکرێت کێشە دروستبکات.
  • لەکاتی چاندنیدا پێویستە باخەوانەکان ئاگاداری ئەوەبن کە ڕەگی ئەم دارە زۆر هەستیارە و نابێت زیانیان پێبگات لەکاتی بڵاوکردنەوەیاندا.
  • نەمامە بچووک و کورتەکان مەترسی شکانەوەیان هەیە لە هەبوونی با و ڕەشەبادا، بۆیە باشترە کە بەهۆی ڕاگرێکەوە پاڵپشی بکرێت و جێگیربکرێت، یاخود هەڵبژاردنی جێگەکە بەجۆرێکبێت کە لە مەترسی ڕەشەبا بەدووربێت.
  • پاش چاندنی داری ئاڤۆکادۆی بچووک هەفتانە پێویستی بە ئاودانی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی جێگیرببێت.

هەنگاوەکانی چاندن بە تۆو

  • سەرەتا پێویستە بە چەقۆیەکی تیژ کونی زۆر بچووک لە بەرگی تۆوەکەدا دروستبکرێت.
  • پاشان چیلکەیەکی ددان پاککردنەوە بکرێتە یەکێک لە کونەکانەوە، کە ئەمە پاڵپشتی بۆ تۆوەکە دابین دەکات لە ئاودا.
  • دەبێت بەشی خوارەوە یان بەشی سەرەوەی تۆوەکە لە پەرداخێک ئاودا نوقمبکرێت.
  • دواتر پەرداخەکە لە جێگەیەکی خۆرەتاودا جێگیربکرێت و ڕۆژانە ئاوەکەی بگۆڕدرێت.
  • دەبێت لە پاش تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک تۆوەکە ڕەگ دروستبکات.
  • ئەو تۆوەی کە ڕەگی کردووە لە گۆزەیەکدا بەهێواشی و نەرمی دەچێنرێت، ئاوی گۆزەکەش دەبێت بە باشی تێپەڕبێت و وشکبێتەوە.

شێوازی گرنگیپێدان

داری ئاڤۆکادۆ پێویستی بە خاکێکە کە شیبووەوە و وەک لمی بێت، هەروەها بەباشی ئاو پێیدا تێپەڕبێت و کەڵەکە نەبێت، بەڵام ئەگەر هەلومەرجی خاکەکەی گوجاو نەبێت ئەوا پێویستە بە ماددەی خۆراکی و لم و جۆری دیکەی خاک بۆ جێگەکە زیادبکرێت پێش چاندنی دارەکە، هەروەها باشترە کە جۆری خاکەکە ترش بۆ هاوکێش بێت واتە خاکی تفت گونجاو نییە، جێگەکەی بڕێکی زۆر ڕووناکی خۆری هەبێت، واتە هاوشێوەی زۆرینەی جۆرە دارەکانی تر کە تایبەتن بە ناوچەی هێڵی کەمەرەیی پێویستە ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە هەشت کاتژمێر ڕووناکی خۆری هەبێت، کە بە هەبوونی ڕووناکی زۆری خۆر گەشەکردن و بەرهەمهێنانی میوەی زیاتر دەبێت، دەکرێت لە گۆزە و ئینجانەشدا ئەم دارە بچێنرێت، بەڵام گۆزە ڕێگری دەکات لە گەشەکردنی باش و زۆری درەختەکە.  

بۆ ئاودان داری ئاڤۆکادۆ پێویستی بە ئاودانێکە کە بچێتە قوڵایی خاکەکەیەوە و درێژخایەن بێت، بەڵام ماوەی ئاودانی کاتێکی باشی لە نێواندابێت و بەخێرایی و بەزۆری دووبارە نەکرێتەوە، ئەم ئاودانەی دەچێتە قوڵاییەوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنەوەی ڕەگەکەی، پاشان دەبێت خاکەکەی بە تەواوەتی وشکببێتەوە ئینجا دووبارە ئاوی پێبدرێتەوە، بەڵام لە وەرزی هاویندا کاتێک کەشوهەوا گەرمدەبێت پێویستی بە ئاودانی زیاتر هەیە، کە هەر دارێکی پێگەیشتوو پێویستە هەفتانە ٥ سانتیمەتر ئاوی پێبدرێت.  

هەروەها لە ماوەی گەشەکردنیدا باشترە لە کۆتایی زستانەوە ماددەی خۆراکی بۆ زیادبکرێت بۆ ئەوەی بەری زیاتر بگرێت، کاتی خونچەکردن و گوڵگرتن زۆر درێژخایەنە و لە کۆتایی زستانەوە هەتاکوو سەرەتای هاوین دەگرێتەوە، گوڵی ئاڤۆکادۆ خۆی دەپیتێنێت چونکە لە گوڵەکاندا هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لە هەمان درەختدا هەیە، بەڵام ماوەی کردنەوەیان جیاوازە کە ژمارەی بەرهەمهێنانی میوەکەی کەمدەکاتەوە، لەبەرئەوە بۆ بەدەستهێنانی میوەی زیاتر باشترە کە زیاد لە درەختێکی ئاڤۆکادۆ لە باخچەکەدا هەبێت.

بەرگرتنی دارێکی ئاڤۆکادۆ لە نەمامەوە تەنها ٣-٤ ساڵی پێویستە، بەڵام بەدەستهێنانی لە چاندنی تۆوەوە پێویستی بە ٥-١٣ ساڵ هەیە، میوەکەی بە درەختەکەوە بە تەواوەتی پێناگات بەڵکو تەنها قەبارەی گەورە دەبێت، دوای ئەوەی دەگاتە قەبارەی تەواوی لێدەکرێتەوە و لەماڵدا دادەنرێت بۆ ئەوەی پێبگات، کاتی پێگەشتنیشی ئەوەیە کە میوەکە لە ڕەقەوە دەگۆڕێت بۆ کەمێک نەرم و گوشراو، جگە لە ئەمانەش هەڵپاچینی ئەم جۆرە دارە کارێکی پێویستە دەبێتە هۆی ڕێکخستنی دارەکە، کە باشترە هەر لە ساڵەکانی سەرەتای تەمەنییەوە دەستپێبکرێت، هەروەها کاتی گونجاو بۆ هەڵپاچینی زۆر و چڕ لە سەرەتای بەهاردایە، لە کاتەکانی تریشدا دەکرێت مەودا بۆ تێپەڕبوونی هەوا و ڕووناکی دروستبکرێت، واتە لق و چڵی لێبکرێتەوە بەڵام بەشێوەیەکی کەمتر چڕ.  


سەرچاوەکان

132 بینین