سەلمانی کوڕی عەبدولعەزیز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-22-23:55:00 - کۆدی بابەت: 10416
سەلمانی کوڕی عەبدولعەزیز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەلمانی کوڕی عەبدولعەزیز ناسراو بە شا سلمان بن عەبدولعەزیزی ئال سعوود (بە عەرەبی: سلمان بن عبدالعزيز آل سعود، بە ئینگلیزی: Salman bin Abdulaziz Al Saud)، حەوتەمین پاشای شانشینی عەرەبی سعوودیە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی باڵای هەموو هێزە سەربازییەکانی وڵاتە. هەروەها بیستەمین پاشایە لە خێزان و بنەماڵەی "ئال سعوود"ـەکان، هاوکات ٢٥ـەمین کوڕی شا عەبدولعەزیزی کوڕی عەبدولڕەحمانی ئال سعوودە کە بە دامەزرێنەری شانشینی سعوودیە دادەنرێت.

زانیاری گشتی

ناو

سەلمانی کوڕی عەبدولعەزیزی کوڕی عەبدولڕەحمانی ئال سعوود

لەدایکبوون

٣١ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٥

نازناو

ئەبووفەهد، خزمەتکاری هەردوو حەڕەمی پیرۆز، پاشای سعوودییه

منداڵ

 ١٢ منداڵ

پیشە

سیاسەتوان، پاشای دەسەڵاتداری سعوودییە

ژیاننامە

سەلمانی کوڕی عەبدولعەزیزی کوڕی عەبدولڕەحمانی ئال سعوود لە ٣١ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٥ لە ڕیاز لەدایکبووە. ٢٥ـەمین کوڕی عەبدولعەزیزی کوڕی عەبدولڕەحمانی ئال سعوودە کە بە دامەزرێنەری شانشینی سعوودیە دادەنرێت. لە خوێندنگەی "الأمراء" لە ڕیازی پایتەخت لەسەر دەستی نوێژخوێن و وتاربێژەکانی مزگەوتی حەڕەمی ئەو سەردەمە نموونەی "شێخ عەبدوڵڵا خەیات" زانستی وەرگرتووە، لە تەمەنی دە ساڵییەوە قورئانی پیرۆزی خەتم کردووە. یەکێک بووە لە کوڕە نزیکەکان لە باوکییەوە و متمانەی پێکراوە، هەروەها ڕاوێژکاری تایبەتی پاشاکانی بنەماڵەکەی و ناوچە گرنگەکانی شانشینی سعوودیە بووە.

ئەزموونی سیاسی و پۆستەکانی

دیاریکردنی وەکوو ئەمیری ڕیاز

سەرەتای ئەزموونی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، له ساڵی ١٩٥٥ وەکوو جێگری براکەی وەکوو ئەمیری ڕیاز هەڵبژێردرا، پاشان ساڵێک دواتر لە ساڵی ١٩٥٦ بە فەرمی کرا بە ئەمیری ناوچەی ڕیاز. بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەو پۆستە مایەوە و لە ساڵی ١٩٦٠ دەستی لە کارەکەی کێشایەوە. بەڵام سێ ساڵ دواتر و لە ساڵی ١٩٦٣ لەسەر فرمانی "شا فەهد" بە بڕیارێکی شاهانە دووبارە کرایەوە بە ئەمیری ناوچەی ڕیاز.

ڕاوێژکاری پاشاکان و پێگەی لەنێو بنەماڵەکەی

لەوکاتەوەی کە بەڕێوەبردنی کاروباری ڕیازی پێ سپێردرا، شا سەلمان ببووە کەسێکی نزیک و ڕاوێژکاری شاکانی ناوچەکە، سەرباری ئەوەی کوڕی ٢٥ـەمی باوکی بووە بەڵام لێوەی نزیک بووە و متمانەی پێکردووە. لەنێو خێزان و بنەماڵەی ئال سعوود شا سەلمان بە نهێنی پارێز و ڕاوێژکاری تایبەتی بنەماڵەکە دادەنرێت.

هەڵبژاردنی وەکوو وەزیری بەرگری

لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن "شا عەبدوڵڵای کوڕی عەبدولعەزیز" وەکوو وەزیری بەرگری وڵات دیاریکرا و بووە جێگرەوەی "ئەمیر سوڵتانی کوڕی عەبدولعەزیز"، بۆ ماوەی چوار ساڵ لەو پۆستە مایەوە.

وەرگرتنی دەسەڵات

دوای کۆچی دوایی "ئەمیر ناییفی کوڕی عەبدولعەزیزی ئال سعوود" کە برای بوو و لەهەمان کاتدا جێنشین و جێگرەوەی دەسەڵات بوو، لە ساڵی ٢٠١٢ بە بڕیارێکی شاهانە شا سەلمان کرا بە جێنشین و جێگرەوەی دەسەڵات، لە هەمان کاتدا کرایە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و پۆستی وەزیری بەرگریشی پێدرا. دوای کۆچی دوایی شا عەبدوڵڵای کوڕی عەبدولعەزیزی سعوودیە، لە ڕۆژی ٢٣ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ شا سەلمانی کوڕی عەبدولعەزیز بە فەرمی وەکوو شای سعوودیە هەڵبژێردرا. شا سەلمان نازناوی خزمەتکاری دوو مزگەوتی حەڕەمی پیرۆزی پێدراوە کە سێیەمین شای ئال سعوودەکانە کە ئەو نازناوەی پێدەبەخشرێت.

سعوودیە لە سەردەمی دەسەڵاتی

سەرەتای سەردەمی دەسەڵاتی چەند گۆڕانکاری و نوێکارییەکی گرنگی لە سعوودیە کرد، بەڵام شا سەلمان لەدوای وەرگرتنی دەسەڵاتی شا، فرمانێکی شاهانەی دەرکرد و دەسەڵاتی جێنشینی شاهانەی گواستەوە بۆ "شا محەمەدی کوڕی سەلمان" کە کوڕی خۆی بوو.

لەو ڕێگەیەوە دەسەڵاتی ڕەهای بەخشییە کوڕەکەی و زۆرێک لە پۆستە گرنگ و هەستیارەکانی پێبەخشی، نموونەی وەزیری بەرگری، ڕاوێژکاری تایبەتی شا، سەرۆکی دیوانی پاشایەتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی و ئاساییشی وڵات، سەرۆکی کاروباری ئابووری و گەشەسەندنی وڵات لەگەڵ زۆرێک لە پۆستە هەستیارەکانی تری وڵات، بۆیە زۆرێک ڕەخنەی ئەوەیان لە شا سەلمان دەگرت کە دوای گواستنەوەی پلە و پۆستە گرنگەکانی وڵات بۆ کوڕەکەی، خودی خۆی هیچ هەڵوێستێکی کردارەکی نەماوە لەناو حکوومەتەکەی و بە خاوەن کەسایەتییەکی لاواز ناوزەد دەکرێت، زۆرێک لە کارە گرنگەکانی سەردەمی دەسەڵاتی لەلایەن کوڕەکەی و بە فرمانی شا محەمەدی کوڕی ئەنجام دراوە.

کارەکانی سەردەمی دەسەڵاتی

  1. بۆ یەکەم جار لە مێژووی سعوودیە ڕێگە بە شۆفێریکردنی ژنان درا.
  2. کردنەوەی سینەما لە شارەکانی سعوودیە.
  3. ڕێگەدان بە ئاهەنگ گێڕان و ئەنجامدانی کۆنسێرتی هونەرمەندان و گۆرانیبێژان.
  4. دامەزراندنی چەند وەزارەتێکی نوێ، نموونەی وەزارەتی گەشتوگوزا، وەزارەتی وەرزش، وەزارەتی وەبەرهێنان.
  5. دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای ئارامکۆ لە سعوودیە.
  6. ڕێگەدان بە بەشداریکردنی ژنان لە هەڵبژاردنەکان.
  7. ڕێگەدان بە ئامادەبوونی ژنان لەنێو یاریگاکان.
  8. سنووردارکردنی کارەکانی لێژنەی فەرمان کردن بە چاکە و نەهی کردن لە خراپە، کە لیژنەیەکی فەرمی سعوودیەیە و بە "پۆلیسی ئیسلامی" دەناسرێن لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لە هاوڵاتیان دەکەن، کار بە شەریعەتی ئیسلامی دەکەن.
  9. ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە سیاسییەکانی سعوودیە لەگەڵ وڵاتی ئێران.
  10. نزیکبوونەوە لە ئەمریکا و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان بەیەکەوە.
  11. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حووسییەکانی یەمەن و دەستێوەردان لە بارودۆخی ئەمنی و ناوخۆیی وڵاتی یەمەن.

ژیانی تایبەتی

شا سەلمان ٦ جار پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام داوە، لەگەڵ دووان لە ژنەکانی جیابووەتەوە و هاوسەرێکیشی کۆچی دوایی کردووە، هەروەها لە سێ هاوسەری خاوەن ١٢ منداڵە.


سەرچاوەکان



269 بینین