جەنگی غەززە (٢٠٠٨-٢٠٠٩)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-24-20:56:00 - کۆدی بابەت: 10438
جەنگی غەززە (٢٠٠٨-٢٠٠٩)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هێرش بۆ سەر غەززە، کۆمەڵکوژی غەززە، شلەی نەوتی بڵێسەدار، یان شەڕی فورقان یان ئۆپەراسیۆنی کاست لید (بە عەرەبی: مجزرة غزة، بە ئینگلیزی: Operation Cast Lead)، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی درێژخایەنە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کرایە سەر کەرتی غەززە لە فەلەستین لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ تاوەکوو ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩. ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستێکی شەش مانگە دێت کە لە نێوان بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی (حەماس) لە لایەک و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە، بە سەرپەرشتی میسر، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٨دا ئەنجامدرا. پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن لایەنی ئیسرائیلییەوە ڕوویدا کە بە مافەکانی بەرەی بەرانبەر ڕازی نەبوو لە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی کە بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاندبووی و بەم شێوەیەش حەماس ڕەتی کردەوە کە ئاگربەست درێژ بکرێتەوە.

پێش کۆتاییهاتنی ئاگربەست لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨، ئیسرائیل پێشێلکارییەکی نوێی ڕێککەوتنی ئەنجامدا، بە ئەنجامدانی هەڵکوتانە سەر کەرتی غەززە، کە لە ئەنجامدا شەش ئەندامی چەکداری حەماس کوژران. لە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستیش لە ڕۆژی هەینی ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ەوە، ئەندامانی سەر بە حەماس و جیهادی ئیسلامی لە غەززە زیاتر لە ١٣٠ مووشەک و گولـلە هاوەنیان ئاراستەی ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل کرد. ئۆپەراسیۆنەکە لە ڕۆژی شەممە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ کاتژمێر ١١:٣٠ بە کاتی ناوخۆ دەستی پێکرد و لە ئەنجامدا لانیکەم هەزار و ٤١٧ فەلەستینی (لەوانە ٩٢٦ مەدەنی و ٤١٢ منداڵ و ١١١ ژن) و برینداربوونی ٤٣٣٦ کەسی دیکەی لێکەوتەوە. هەروەها کوژرانی دە سەربازی ئیسرائیلی و سێ هاووڵاتی مەدەنی و برینداربوونی ٤٠٠ کەسی دیکە کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنی بوون و تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون و برینداری جەستەیی نەبوون، بەگوێرەی دانپێدانانی سوپای ئیسرائیل، بەڵام بەرەی غەززە پشتڕاستی کردەوە کە نزیکەی ١٠٠ سەربازی ئیسرائیلی لە کاتی جەنگ کوژراون.

ژمارەی کوژراوانی غەززە لە ئەنجامی دەستدرێژیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ هەزار و ٣٢٨ کەس زیادی کردووە، بریندارەکانیش بۆ پێنج هەزار و ٤٥٠ کەس زیادی کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ئیسرائیلەوە ١١٤ تەرمی کوژراو دەرهێنرانەوە.

پاشخان

لە ماوەی ئاگربەست ئیسرائیل ١٦٢ پێشێلکاری ئەنجامدا، توندترین و بەناوبانگترینیان ئەو پێشێلکارییە بوو کە لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨ ئەنجامدرا، کاتێک هەڵمەتێکی ئەنجامدا و شەش ئەندامی چەکدارانی حەماس کوژران. دوای هێرشەکەی ٤ی تشرینی دووەم، گرژییەکان پەرەی سەند، ئەمەش کاتێک حەماس بە وەشاندنی مووشەکی دروستکراوی ناوخۆیی وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە. دواتریش سەرایا قودسی باڵی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی ڕایگەیاند ئیسرائیل لە ماوەی ئاگربەست زیاتر لە ١٢٠٠ جار پێشێلکاری کردووە و ٥٠ فەلەستینی کوژراون و ١١١١ کەسیش دەستگیر کراون.

هێرش و جەنگ

شوێنی سەربازی

جەنگ بە هێرشی ئاسمانی دەستی پێکرد و هێرشە ئاسمانییەکە لە ڕۆژی شەممە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی بوو. تا کۆتایی ئەم هێرشە لە ٨٠ فڕۆکەی جەنگی بەکارهێنرا. ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە سەرجەم بارەگا ئاسایشییەکانی کەرتی غەززە و بارەگاکانی سەر بە حەماسی کردە ئامانج و تۆپبارانەکەش بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ پۆلیس و هێزەکانی فەلەستین. دواتریش هێرش کرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی پۆلیس و ژمارەی کوژراوان بۆ زیاتر لە ٤٢٠ کەس و زیاتر لە دوو هەزار برینداریش بەرزبووەوە کە زۆرێکیان پۆلیسی فەلەستینی بوون.

بە ئامانجگرتنی شوێنە مەدەنییەکان و خەڵکی مەدەنی

بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی سڤیل: ژمارەی کوژراوانی ئەم ئۆپەراسیۆنە زیاتر بوو لە هەزار و ٢٠٠ کوژراو، بەم شێوەیە دابەشکراوە: ٤٣٧ منداڵی خوار تەمەنی ١٦ ساڵ، ١١٠ ژن، ١٢٣ بەساڵاچوو، ١٤ کارمەندی پزیشکی، و ٤ ڕۆژنامەنووس.

بەئامانجکردنی منداڵان: لە یەکەم ڕۆژی هێرش پێنج منداڵی خوشک بە جارێک کوژران، لە ڕۆژی ٢٩ی کانوونی یەکەمیش زیاتر لە هەشت منداڵ کوژران، هەروەها تەرمی منداڵێک کە جانتای قوتابخانەکەی لەسەر پشتی هەڵگرتبوو، لەژێر بلۆکێکی چیمەنتۆی زەبەلاح لە دەروازەی بارەگای کۆمەڵگەی داهاتی گشتی سەر بە وەزارەتی دارایی داپۆشرابوو دەرهێنرا. سەبارەت بە کۆی گشتی ئەو منداڵانەی لەم ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون، ٤٣٧ کەس بوون کە تەمەنیان لە خوار شانزە ساڵەوە بووە.

بە ئامانجگرتنی ماڵەکان و مزگەوتەکان: زۆرێک لە ماڵەکان و مزگەوتەکان لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکاندا کرانە ئامانج، بەهۆیەوە برینداربوون و مردن و زیانێکی زۆر بە ماڵەکان گەیشتن و بووە هۆی بڵاوەپێکردنی دانیشتووانەکانیان.

هێرشی زەمینی

کاتژمێر نۆی شەوی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩، هێرشی زەمینی بەڵێندراو بە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئیسرائیل دەستیپێکرد. لەشکرکێشی زەمینی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بە بڕیارێکی کابینەی ئیسرائیل لە میانی دانیشتنێکی نهێنیدا بوو کە بە بەشداریی هێزی پیادە، تۆپخانە، ئەندازیاری و یەکە تایبەتەکان بەڕێوەچوو. کەشتییە جەنگییەکان و تانک و تۆپخانەکان بەشداربوون لەو هێرشەدا و غەززەیان مووشەکباران کرد، لە هێرشەکاندا سوپای ئیسرائیل کۆمەڵێک کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، یەکێک لەوانە لە مزگەوتی ئیبراهیم مەقادمە بوو، کە ١٦ کوژراو و ٦٠ بریندار بوون. هەروەها سوپا هەزاران یەدەگی بانگهێشت کرد بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا و ڕایگەیاند کە لەشکرکێشییەکە بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.

هێڵی کاتیی گرنگترین ڕووداوەکانی کەرتی غەززە لە ئەنجامی هێرشەکەدا

ڕووداوەکانی هێرش بۆ سەر غەززە لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ دەستی پێکرد، هێرشەکانی ئیسرائیل بە مووشەک و فڕۆکە ئەنجامدرا، پاشان لە هەشتەمین ڕۆژی لەشکرکێشیدا هێزی زەمینی دەستیان بە پێشڕەوی کرد بۆ ناو غەززە، دوای ئەوە هێزی نێودەوڵەتی و عەرەبی و بزووتنەوە ناوچەییەکان دەستیان پێکرد. لە سەرەتای هەفتەی چوارەمی هێرشەکە، ئیهود ئۆلمێرت ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند بەبێ کشانەوەی لە غەززە، دواتر فراکسیۆنە فەلەستینییەکان ئاگربەستی یەک هەفتەییان ڕاگەیاند، وەک دوا وادەیەک بۆ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە. تا ٢٧ی کانوونی دووەم هیچ تەقەیەک لە هیچ لایەکەوە نەبوو و حەماس دەستیکردەوە بە قاچاخبردنی چەک لە تونێلەکانەوە. یارمەتی عەرەبی دەستی کرد بە هاتنی بۆ ناو غەززە، بۆ نموونە چەندین ستافی پزیشکی یەکگرتوو لە هێزە چەکدارەکانی ئوردن بەرەو غەززە بەڕێکەوتن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرکاری و کاری پزیشکی، داواکارییە نێودەوڵەتییەکان زیاتر بوون بۆ کردنەوەی دەروازەکان بۆ هەمیشەیی بۆ هێنانی یارمەتی و چیمەنتۆ بۆ ناو غەززە.

جوڵەی دیپلۆماسی و کۆتایی جەنگ

لوتکەی بەپەلەی نێودەوڵەتی لە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ لەسەر بانگهێشتی حوسنی موبارەک سەرۆکی میسر بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی غەززە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئەورووپایی لە شەرم شێخ بەڕێوەچوو و کۆتایی بە جەنگەکە هێنا، ئەم لوتکەیە ڕۆژێک پێش لوتکەی ئابووریی کوەیت بەڕێوەچوو.


سەرچاوەکان



219 بینین