بنیامین ناتانیاهۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-25-20:49:00 - کۆدی بابەت: 10450
بنیامین ناتانیاهۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بنیامین ناتانیاهۆ (بە ئینگلیزی: Benjamin Netanyahu، بە عەرەبی: بنيامين نتنياهو) سیاسەتمەدارێکی ئیسرائیلییە کە لە ساڵی ١٩٩٦ تا ١٩٩٩ وەک نۆیەمین سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کاری کردووە و دووبارە لە ٢٠٠٩ تا ٢٠٢١ لە هەمان پۆست کاری کردووە. دوای ئەوەش وەک سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆکی بزووتنەوەی لیکود-نیشتمانی لیبراڵ دەستی بە کارکردن کردووە. ناتانیاهۆ خاوەنی درێژترین ماوەی سەرۆکوەزیرانی مێژووی ئەو وڵاتەیە و ماوەی ١٥ ساڵە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بووە. هەروەها یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بوو کە لە دوای جاڕنامەی سەربەخۆیی ئیسرائیل لەدایکبووە.

نۆیەمین سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
ماوەی کارکردن: ٣١ی ئازاری ٢٠٠٩ – ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١
پێش ئەو ئیهود ئۆلمێرت
دوای ئەو نافتالی بێنت
ماوەی کارکردن: ١٨ی حوزەیرانی ١٩٩٦ – ٦ی تەمموزی ١٩٩٩
پێش ئەو شەمعوون پێرێز
دوای ئەو ئێهود باراک
سەرۆکی لیکود
لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە 
پێش ئەو ئارێل شارۆن
حەوتەمین نوێنەری هەمیشەیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەیلولی ١٩٨٤ – ئازاری ١٩٨٨
ڕۆڵی وەزاری
١٩٩٦-١٩٩٧ زانست و تەکنەلۆژیا
١٩٩٦-١٩٩٩ خانووبەرە و بیناسازی
٢٠٠٢-٢٠٠٣ کاروباری دەرەوە
٢٠٠٣-٢٠٠٥ دارایی
زانیاری کەسی
لەدایکبوون

٢١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٩ 

تەلئەبیب، ئیسرائیل

حیزبی سیاسی لیکود
هاوسەرەکان
میریام وایزمان​ (هاوسەرگیری.١٩٧٢؛ جیابوونەوە. ١٩٧٨) 
فلۆر کەیتس (هاوسەرگیری.١٩٨١؛ جیابوونەوە. ١٩٨٨) 
​سارا بن-ئارتزی (هاوسەرگیری. ١٩٩١)
منداڵ سێ
پیشە
  • سیاسی
  • دیپلۆماتکار
  • نووسەر
  • ڕاوێژکاری ئابووری
  • بەڕێوەبەری بازاڕکردن
واژۆ
خزمەتی سەربازی
بەشی سوپای ئیسرائیل
ساڵانی خزمەتکردن ١٩٦٧-١٩٧٣
پلە پێشەنگ
بەش سایەرێت مەتکاڵ

ناتانیاهۆ لە تەلئەبیب لە دایک و باوکێکی جوولەکە لەدایکبووە، ماوەیەک لە قودس و ماوەیەک لە شاری فیلادلفیا لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە ئەمریکا گەورە بووە. لە ساڵی ١٩٦٧ گەڕایەوە ئیسرائیل بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هێزی بەرگریی ئیسرائیلەوە بکات. بوو بە سەرۆکی تیم لە هێزە تایبەتەکانی سەیرەت ماتکال و بەشداری لە چەندین ئەرکدا کرد، پلەی پێشەنگی بەدەستهێنا و دواتر لە کارەکەی بەخشرا. دوای دەرچوونی لە پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساشوستس، ناتانیاهۆ بوو بە ڕاوێژکاری ئابووری بۆ گرووپی ڕاوێژکاری بۆستن. لە ساڵی ١٩٧٨ ڕووی لە ئیسرائیل كردەوە و دامەزراوەی دژە تیرۆری یۆناتان ناتانیاهۆی دامەزراند. لە ساڵانی ١٩٨٤-١٩٨٨، ناتانیاهۆ نوێنەری هەمیشەیی ئیسرائیل بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان. ساڵی ١٩٩٣ بە سەرۆكی لیكود هەڵبژێردرا و بوو بە سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن. دواتر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٦دا شکستی بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شەمعوون پێرێس هێنا و وەک گەنجترین سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەستنیشانکرا. دوای یەک خول، ناتانیاهۆ و لیکود لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن پارتی یەک ئیسرائیلی ئیهود باراکەوە بە توندی شکستیان هێنا؛ ناتانیاهۆ بە تەواوی وازهێنانی لە سیاسەت هەڵبژارد، و چووە ناو کەرتی تایبەتەوە.

دوای چەند ساڵێک، دوای ئەوەی جێنشینی ئەو وەک سەرۆکی لیکود، ئاریێل شارۆن، بوو بە سەرۆک وەزیران، ناتانیاهۆ قەناعەتی بە گەڕانەوەی بۆ سیاسەت کرد، هەروەها وەک وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی کاری کرد. وەک وەزیری دارایی دەستی بە چاکسازی گەورە لە ئابووری ئیسرائیل کرد کە لەلایەن شرۆڤەکارانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو باشترکردنی توانای ئابووری دواتری ئیسرائیل بووە. دواتر ناتانیاهۆ لەگەڵ شارۆن تووشی پێکدادان بوو، لە کۆتاییدا بەهۆی ناکۆکییەکان سەبارەت بە پلانی خۆبەدەستەوەدانی غەززە و کشانەوە لەو کەرتە دەستی لەکارکێشایەوە.

ناتانیاهۆ لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥دا گەڕایەوە سەرکردایەتی لیکود دوای ئەوەی شارۆن دەستی لەکارکێشایەوە بۆ پێکهێنانی پارتێکی نوێ بەناوی کادیما. ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٩ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن بووە، هەرچەندە لیکود لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ لە کادیما پلەی دووەمی بەدەستهێنا، بەڵام ناتانیاهۆ توانی لەگەڵ لایەنە ڕاستڕەوەکانی دیکە حکوومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنێت و بۆ جاری دووەم وەک سەرۆک وەزیران سوێندی یاسایی خوارد. دواتر لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥دا سەرکردایەتی لیکودی کرد و سەرکەوتنی بەدەستهێنا. دوای ئەوەی هەڵبژاردنی نیسانی ٢٠١٩ بووە هۆی ئەوەی هیچ لایەنێك نەتوانێت حكوومەت پێكبهێنێت، هەڵبژاردنی دووەم لە ساڵی ٢٠١٩ ئەنجامدرا. لە هەڵبژاردنی ئەیلوولی ٢٠١٩دا، هاوپەیمانی ناوەندخوازی شین و سپی بە سەرۆکایەتی بێنی گانتز، کەمێک پێش لیکودی ناتانیاهۆ سەریهەڵدا؛ بەڵام نە ناتانیاهۆ و نە گانتز نەیانتوانی حکومەت پێکبهێنن. دوای بەردەوامبوونی بنبەستی سیاسی، ئەمە بە ڕێککەوتنی لیکود و شین و سپی لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ چارەسەر کرا. بەپێی مەرجەکانی رێککەوتنەکە، سەرۆک وەزیران لە نێوان ناتانیاهۆ و بێنی گانتزدا دەگۆڕێت، کە بڕیاربوو لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا گانتز شوێنی ناتانیاهۆ بگرێتەوە. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ ئەم هاوپەیمانییە ڕووخا و لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ هەڵبژاردنێکی نوێ بەڕێوەچوو، لە دوایین حکوومەتەکەیدا، ناتانیاهۆ سەرکردایەتی وەڵامدانەوەی ئیسرائیلی کرد بۆ پەتای کۆڤید-١٩ و قەیرانی ٢٠٢١ ئیسرائیل-فەلەستین. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ دوای ئەوەی نەفتالی بینێت لەگەڵ یایر لاپید حکوومەتی پێکهێنا، ناتانیاهۆ لە سەرۆکایەتی دوورخرایەوە و بۆ سێیەم جار بوو بە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن.

لە سەردەمی سەرۆکایەتی ترامپدا، ئەمریکا قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و دانی بە سەروەری ئیسرائیلدا بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا نا و نێوەندگیری لە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامدا کرد کە زنجیرەیەک لە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتە جیاوازەکانی عەرەبی بوو، ئەمەش زیاتر بەهۆی ئەوەی ناتانیاهۆ برادەری نزیکی ترەمپ بوو. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ەوە، ناتانیاهۆ بەهۆی گەندەڵی لەلایەن پۆلیس و داواکاری گشتی ئیسرائیلەوە خرایە ژێر لێکۆڵینەوە. لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە تۆمەتی پێشێلكردنی متمانە و بەرتیل و ساختەكاری تۆمەتبار كرا. بەهۆی ئەو تۆمەتەوە، لەڕووی یاساییەوە ناتانیاهۆ پێش لەکارلابردنی، جگە لە پۆستی سەرۆکوەزیران، دەستبەرداری سەرجەم پۆستەکانی وەزارەتەکەی بوو.

ژیان

ناتانیاهۆ لە ١٩٤٩/١٠/٢١ لە شاری تەلئەبیب لەدایکبووە، ناوی ڕاستەقینەی بنیامین بن زیۆن ناتانیاهۆیە، ڕەچەڵەکی باوکی پۆڵەندییە، دایکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە. ئەو سەرباز و ئەفسەر بووە لە یەکەی فەرماندەیی تایبەت: هەواڵگری فەرماندەیی گشتی (١٩٧٢-١٩٦٧) و برایەکی لەگەڵیدا بووە بەناوی یۆناتان ناتانیاهۆ کە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە ئەنتێبی ئۆگاندا گیانی لەدەستداوە. دوای دەرچوونی لە کۆلێجی تەکنەلۆژیای ماساشوستس و بەدەستهێنانی بەکالۆریۆس لە تەلارسازی و ماستەر لە کارگێڕی کار، ناتانیاهۆ راوێژکاری گرووپی ڕاوێژکاری بۆستن بووە و وەک بەڕێوەبەری پیشەسازی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کاری کردووە. ناتانیاهۆ لە ساڵی ١٩٧٦ەوە بەڕێوەبەری دامەزراوەی یۆناتان بووە، کە دامەزراوەیەکە لێکۆڵینەوە لە ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات. ناتانیاهۆ وەک باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان (٨٨-١٩٨٤) کاری کردووە و (١٩٨٤-١٩٨٢) جێگری سەرۆکی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی بووە لە ئەمریکا. ناتانیاهۆ لە ساڵی ١٩٨٤ ئەندامی یەکەمین شاندی ئیسرائیل بوو بۆ دانوستانە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. جێگری وەزیری دەرەوە بووە لە ساڵەکانی ١٩٩١-١٩٨٨ و جێگری وەزیر بووە لە دیوانی سەرۆکوەزیران (١٩٩٢-١٩٩١). ناتانیاهۆ ئەندامی شاندی ئیسرائیل بوو لە کۆنفرانسی ئاشتی مەدرید لە ساڵی ١٩٩١ و لە دانوستانەکانی ئاشتی لە واشنتۆن کە دوای ئەو کۆنفرانسە ئەنجامدرا. ناتانیاهۆ لە ساڵی ١٩٨٨ەوە ئەندامی کنێست بووە، لە ١٣هەمین کنێست (١٩٩٦-١٩٩٢)، ناتانیاهۆ ئەندامی لیژنەکانی کاروباری دەرەوە و ئاسایش و دەستوور و یاسا و دادپەروەری پەرلەمانی بووە.

یەکەم حکوومەتی ناتانیاهۆ

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٣ سەركردایەتی پارتی لیكودی گرتە ئەستۆ، بنیامین ناتانیاهۆ لە مانگی ئایاری ١٩٩٦ بە سەرۆك وەزیرانی دەوڵەتی ئیسرائیل هەڵبژێردرا لە یەكەمین هەڵبژاردنی راستەوخۆ بۆ سەرۆك وەزیران كە لە ئیسرائیل بەڕێوەچوو و شكستی بە ركابەرەكەی واتە شەمعوون پێرێس هێنا. ناتانیاهۆ وەک گەنجترین سەرۆک وەزیران لە مێژووی دەوڵەتی ئیسرائیلدا هەڵبژێردرا، لەو ماوەیەدا لەگەڵ یاسر عەرەفات کۆمەڵێک دانسوتانی ئەنجام دا کە بە دانوستانەکانی ڕووباری وای ناسراوە، کە هەندێک پێیان وایە هەوڵی داوە ڕێگری لە هەر پێشکەوتنێک بکات لە پێشکەوتنی دانوستانەکاندا، بە پێچەوانەی سەرۆکوەزیرانەکانی پێش خۆیەوە. ئەم حکومەتانە بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی ئەو پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێنا. دەسەڵاتی ئەو بە ئارامییەکی ڕێژەیی تایبەتمەند بوو، جگە لە هەندێک ئۆپەراسیۆنی شەهیدکردنی فەلەستینییەکان لەناو ئیسرائیلدا. لە ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی قودس ڕێککەوتن کرا بۆ بەردەوامبوون لە تونێلکردنی دیواری رۆژاوای مزگەوتی ئەقسا، کە بەهۆیەوە خۆپێشاندانێکی فەلەستینی دروست بوو کە ماوەی ٣ رۆژ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک کەس لە هەردوو لایەنی فەلەستینی و ئیسرائیل کوژران.

دوای شکستی بە دەستی ڕکابەرەکەی، ئیهود باراک، لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ١٩٩٩، بۆ ماوەیەکی کاتی لە سیاسەت خانەنشین بوو.

گەیشتن بە سەرۆک وەزیران بۆ جاری دووەم

لە ساڵی ٢٠٠٢ پارتی کرێکاران بەشداربوونی لە حکوومەتی ئیسرائیل جێهێشت و پۆستی وەزیری دەرەوە چۆڵ بوو، بۆیە سەرۆکوەزیران ئاریێل شارۆن ناتانیاهۆی دەستنیشانی کرد بۆ وەزیری دەرەوە، هەروەها کاریان کرد بۆ ئەوەی رکابەری لەگەڵ شارۆن بکەن بۆ سەرکردایەتی پارتی لیکود، بەڵام شکستی هێنا لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا. دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٣، لە حکومەتی هاوپەیمانی شارۆن وەک وەزیری دارایی دەستنیشانکرا، و لە مانگی ئابی ٢٠٠٥ دەستی لەم پۆستە کێشایەوە.

لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، کنێست ٦٢ دەنگی بەڵێ بە ٤١ نەخێر، بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بنەڕەتی حکومەت، ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت خۆی بڕیار بدات بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە ببێتە هۆی شەڕ، بەڵام لە هەلومەرجێکی نائاساییدا، وەزیری بەرگری و سەرۆکوەزیران دەیتوانی بەبێ پەنابردنە بەر بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات. لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٩ وەک سەرۆکی پارتی لیکود کاری کردووە. پارتی لیکود لە هەڵبژاردنەکانی ١٠ی شوباتی ٢٠٠٩دا ئەنجامێکی بەرچاوی بەدەستهێنا، چونکە توانی ژمارەی کورسییەکانی لە کنێست دوو هێندە بکاتەوە بۆ ٢٧ کورسی، هەرچەندە دوای پارتی کادیما بە سەرۆکایەتی تزیپی لیڤنی پلەی دووەمی بەدەستهێنا کە ٢٨ کورسی بەدەستهێنا بوو.

ناتانیاهۆ توانی بە پاڵپشتی ئەو دەستکەوتانەی کە پارتە ڕاستڕەوەکان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستیان هێناوە، کە ژمارەیان ٦٥ کورسییە لە کۆی ١٢٠ کورسی کنێسێت، ببێتە خاوەنی زۆرترین ئەگەری پێکهێنانی حکومەتی نوێ، و حکومەتەکەی لە ٣١ی ئازاری ٢٠٠٩ متمانەی کنێسێتی بەدەستهێنا.


سەرچاوەکان



415 بینین