چۆن لەگەڵ کەمتەرخەمی هاوسەرەکەمدا مامەڵە بکەم؟

له‌لایه‌ن: - پەرژین عومەر پەرژین عومەر - به‌روار: 2022-11-25-23:29:00 - کۆدی بابەت: 10453
چۆن لەگەڵ کەمتەرخەمی هاوسەرەکەمدا مامەڵە بکەم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن لەگەڵ کەمتەرخەمی هاوسەرەکەمدا مامەڵە بکەم؟ (بە عەرەبی: کيف أتعامل مع إهمال زوجي، بە ئینگليزی: how to deal with my husband's negligence)، کەمتەرخەمی یەکێکە لە هۆکارەکانی ساردبوونەوەی پەیوەندی نێوان هاوسەران و دەشێت بەهۆی لێکتێنەگەشتن یان سەرقاڵبوون یان بەهۆی بێباکی لایەنێکیانەوە سەرهەڵبدات.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەمتەرخەمی هاوسەردا

قسەکردن لەگەڵى

قسەکردن لەگەڵ هاوسەرەکەت یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەمتەرخەمییەکەیدا ئافرەتەکە دەتوانێت دەربارەی پشتگوێخستنی هاوسەرەکەی هەستی خۆی دەرببڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە هۆکاری کەمتەرخەمی هاوسەرەکەی بپرسێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدات، وا باشترە لەکاتی گفتوگۆ لەگەڵی کات و شوێنی گونجاو هەڵبژێرێت، بە ئارامی مامەڵە بکەن و هەستی خۆیان ڕوونبکەنەوە، ڕەنگە ئافرەتەکە لە کاتی قسەکردن لەگەڵیدا بۆی ڕوونببێتەوە کەمتەرخەمی هاوسەرەکەی تەنها بەهۆی سەرقاڵبوون بە ئیش و کارەوەیە، بەڵام ژنەکە هەندێک لە کردەوەکانی مێردەکەی بە کەمتەرخەمی و پشتگوێخستن دەزانێت، ڕەنگە دەربکەوێت کە ژنەكە خۆی هۆکاری ئەم ڕەفتارەی هاوسەرەکەی بێت بۆیە دەبێت بە ڕەفتارەکانی خۆیدا بچێتەوە، هەروەها نیازی چاککردنەوەی هەڵە و ڕەفتارەکانی و قبووڵکردنی ڕەخنەی هەبێت، یان لەوانەیە هاوسەرەکە بێ ئاگا بێت لەوەی کە لە ڕێگەی هەندێک لە کردەوەکانییەوە کەم بایەخی و کەمتەرخەمی بە ژنەکەی نواندبێت و بەمشێوەیە بەبێ مەبەست، ئازاری هەستەکانی دەدات.

ڕاشکاوی

لە نێوان هاوسەراندا یەکێکە لە گرنگترین دەرکەوتەکانی پەیوەندی دروست لەنێوانیاندا و ڕەنگە جیاوازییەکان لە ئەنجامی خراپ تێگەیشتنەوە سەرهەڵبدات، لەوانەشە ئافرەتەکە وا هەست بکات کە هاوسەرەکەی لێی تێناگات بۆیە پێویستە بەڕوونی گرنگی بە گەیاندنی هەست و داخوازییەکانی بدات، لە کاتی قسەکردن لەگەڵ هاوسەرەکەیدا خۆی بەدوور بگرێت لە بەکارهێنانی وشە یان ڕستەی تەمومژاوی یان ئەو ڕستەیەی کە لەوانەیە زیاتر لە یەک واتا لەخۆبگرێت، هەروەها لەگەڵیدا ڕەچاوی تاکتیکەکانی قسەکردن بکات و بە نەرمونیانی لەگەڵی بدوێت.

ستایشکردنی هاوسەر

تیشک خستنە سەر لایەنە ئەرێنییەکانی هاوسەر و ستایشکردنی هەر کە دەرفەت ڕەخسا یارمەتیدەرە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکەیان، ئەمەش وادەکات زیاتر هاوسەرەکەت بەلای خۆتدا ڕابکێشی، باشتر وایە هەرکاتێک کارێک بکات ژنەکەی لەبەرچاوی بێت و سوپاسی بکات و تەنانەت ئەگەر شتێکی بچووکیش بێت، ئەمە وا لە هاوسەرەکە دەکات ڕێژەی پێزانین و هەستەکانی بۆی بزانێت، هەروەها دەکرێت شێوازی سوپاسکردن لە تەنها وشەی سوپاسەوە بگۆڕدرێت بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاری بە باسکردنی کە چەند کار و ئيشەکانی شادی و دڵخۆشی بۆ ژنەکە هێناوە و هانی دەدات تاکوو زیاتر هاوکاری و گرنگیپێدان پێشکەش بکات تا خۆشبەختییەکەی بپارێزێت.

متمانە بە خۆبوون 

یەکێک لە گرنگترین ئەو شتانەی دەکرێت سەرنجی پیاوی پێ ڕابکێشرێت متمانە بەخۆبوونی ئافرەتەکەیە بەبێ ئەوەی گومان لە جوانی یان تواناکانی خۆی بکات، لە کاتێکدا ئافرەت گرنگی بە خۆی دەدات و بە متمانەیەکی بەرزەوە مامەڵە دەکات وا دەکات پیاوەکە ڕێزی زیاتری لێبگرێت و گرنگی زیاتری پێ بدات، هەروەها نيشاندانی متمانەی تەواو بە مێردەکەت لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ئيرەیی لە ڕادەبەدەر لێی و کردارەکانی یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی متمانە لەنێوانیاندا و هەروەها بەرزکردنەوەی پێگەی ئافرەتەکە.

نيشاندانی خۆشەویستی 

گڕی خۆشەویستی لە هاوسەرگیریدا بە تێپەڕبوونی ساڵ دادەمرکێتەوە بۆیە باشتر وایە هەندێک هەوڵ بدرێت بۆ گەڕانەوەی ئەو خۆشەویستییە بۆ ژیانیان ئەويش لە ڕێگەی سەرلەنوێ نیشاندانی خۆشەویستییەوە، چەند ڕێگەیەک هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم کردارە لەوانە بە تەنها وتنی وشەی خۆشم دەوێی و دووبارەکرنەوەی ڕۆژانە بە گوێی هاوسەرەکەتدا بۆ دڵنیابوونەوە لە هەستەکان و پەیوەستبوونیان بە یەکتری، ئەمەش ئەبێتە هۆی تێکشکاندنی بەربەستەکانی نێوانیان و سۆز و خۆشەویستی لە نێوانیان زیاتر دەکات، دەکرێت هەندێک ئاماژەی جوان ڕۆژانە نیشانبدرێت بۆ ئەوەی بۆ هاوسەرەکەت دەربکەوێت گرنگی بە دڵخۆشی ئەو دەدەیت و دڵنیای بکەیتەوە کە خۆشەویستە.

هۆکاری کەمتەرخەمی پیاو بەرامبەر ژنەکەی

ڕەنگە ئافرەتەکە هەندێک ڕەفتار بکات کە هاوسەرەکەی پێی خۆش نەبێت و توڕەی بکات لەوانەیە ئەم ڕەفتارانە هۆکاری کەمتەرخەمی هاوسەرەکەی بێت بەرامبەری، بۆیە باشتر وایە ئافرەتەکە گرنگی بە ڕەفتارەکانی خۆی بدات و ڕەچاوی هەموارکردنەوەیان بکات.

ژمارەیەک هۆکار کە دەبێتە هۆی کەمتەرخەمی هاوسەرەکەت

کەمکردنەوەی کەسایەتی

پیاوان بەگشتی گرنگییەکی زۆر بە کەسایەتی و گەورەیی خۆیان دەدەن، لەبەر ئەمەش پیاو پێی خۆش نییە کە خێزانەکەی سەرنج بخاتە سەر هەڵەکانی یان قسەکانی ڕاست بکاتەوە یان تواناکانی لە پێش کەسانی تر بەتایبەت منداڵەکانی کەمبکاتەوە، سەرەتا ئافرەتەکە پێویستە گرنگی بە هەستی هاوسەرەکەی بدات لەو بارودۆخانەدا و لە پێش کەسانی تر ڕەچاوی کەسایەتییەکەی بکات، دواتر دەکرێت لە کاتێکی گونجاودا سەبارەت بە هەڵەکانی قسەی لەگەڵدا بکات. 

باسکردنی هەڵە کۆنەکان

ڕەنگە هۆکاری پشتگوێخستنی پیاو و گرنگی نەدان بە خێزانەکەی ئەوە بێت کە ژنەکە بەردەوام هەڵەکانی پێشوی بەبیردێنێتەوە و باسی دەکات، جوان نییە ئەو دۆخە خراپانە یان هەڵەکانی ڕابردوو کە کاتی خۆی چارەسەرکراون باسبکرێت و بيری بهێنێتەوە، ئەگەر هەندێک شت هەبێت کە ئافرەتەکە پێی وابێت قورسن و پێوستی بە گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەر هەیە بۆی، واباشترە بۆچونی خۆی دەرببڕێت پێش ئەوەی لە بارەیەوە گفتوگۆ بکەن، لەکاتی گفتوگۆدا دووربکەوێتەوە لە شێوازی گلەیی و سەرزەنشتکردن، لە هەمان کاتدا دەکرێت هەنگاو بە هەنگاو چارەسەری ئەم کێشانە بکرێت. 

قسەکردنی زۆر دەربارەی کێشە و گرفتەکان 

هەندێک ئافرەتان کاتێک دەیانەوێت دەربارەی کێشەکانیان گفتوگۆ لەگەڵ هاوسەرەکانیان بکەن، لە کاتی گەڕانەوەی هاوسەرەکانیان لە کار ڕاستەوخۆ دەست دەکەن بە گلەیکردن و باسی ئەو کێشە و گرفتانە دەکەن کە پیێیدا تێپەڕیوە لەو ڕۆژەدا، هەروەها چاوپۆشی دەکات لەو ناڕەحەتیانەی کە هاوسەرەکەی پێیدا تێپەڕیوە لە ماوەی کارکردنیدا، بەڵکوو تەنها دەیەوێت قسەی لەگەڵ بکات و فشاری کارکردنی هاوسەرەکەی لەبير دەکات، باشتر وایە ژنەکە کاتێک مێردەکەی دەگەڕێتەوە بە پێشوازیکردن لە هاتنەوەی و پرسیارکردن لە بارودۆخی و بەچەند وشەیەکی جوان و سوپاسگوزاری هاوسەرەکەی هانبدات، گفتوگۆ جدییەکەیان دوابخات بۆ کاتێکی گونجاو، تاوەکو پیاوەکە وا هەست بکات کە ماڵەکەیان شوێنێکی گونجاوە بۆ هەستکردن بە ئاسودەیی.

خوێندنەوەی بیرکردنەوەکان 

لە ناو ژناندا ئەو بیرکردنەوەیە بڵاوبۆتەوە کە کاتێک پیاوێک هاوسەرەکەی خۆشدەوێت پێویستە لەوە تێبگات کە ژنەکەی چی دەوێت بەبێ ئەوەی لێی بپرسێت، بەڵام لەوانەیە پیاوەکە بچووکترین بیرۆکەی نەبێت دەربارەی ویستەکانی هاوسەرەکەی بەڵکوو دەیەوێت دواکارییەکانی جێبەجێ بکات و دڵخۆشی بکات، بۆیە دیاریکردنی ویست و خواستەکانی ژنەکە  ئەرکەکە لە سەر پیاوەکە ئاسانتر دەکات لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی ڕازیبوونی هەردوولا.

مامەڵەکردن لە نێوان هاوسەراندا

گرنگە پەیوەندی نێوان هەردوو هاوسەرەکە لە سەر بنەمای گرنگیپێدانی هەردوولا بێت بەرامبەر یەکتری بۆ پاراستنی سۆز و خۆشەویستییەکەیان، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی چەندین گیر و گرفت لە ژیانیاندا ڕەنگە هێشتنەوەی ئەو پەیوەندیە سۆزدارییە کە لە نێوانیاندایە کارێکی قورس و ئەستەم بێت، لەوانەیە ببێتە هۆی کەمتەرخەمی لە نێوانیاندا، لەم بابەتەدا دەتوانیت سود لە چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ کەمتەرخەمی هاوسەرەکەتدا وەربگریت.


سەرچاوەکان



466 بینین