بیردۆزی تەقینەوە مەزنەکە (٢٠٠٧)

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-11-26-21:36:00 - کۆدی بابەت: 10461
بیردۆزی تەقینەوە مەزنەکە (٢٠٠٧)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زنجیرەی بیردۆزی تەقینەوە مەزنەکە (بە عەرەبی: نظرية الإنفجار العضیم، بە ئینگلیزی: The big bang theory) زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی ئەمریکییە لە جۆری سیتکۆم، لەلایەن چەک لۆر و بیڵ پرادی بۆ تۆڕی CBS دروستکراوە. پەخشی زنجیرەکە لە ٢٤ـی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٧ دەستیپێکرد و تا ١٦ـی مایسی ساڵی ٢٠١٩ بەردەوام بوو. زنجیرەکە بەشێوەیەکی بنەڕەتی باس لە پێنج کەسایەتی دەکات لە پاسەدینا لە کالیفۆڕنیا دەژین. زنجیرەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەبەردەم بینەراندا تۆمارکراوە و لەلایەن کۆمپانیای بەرهەمهێنانی چەک لۆر و وارنەر برۆسەوە بەرهەم هێنراوە. 

چیرۆک

ڵێنێرد هافستادەر و شێڵدن کووپەر دوو زانای فیزیای بلیمەتن لە کاڵ تێک لە کالیفۆڕنیا کار دەکەن. ڵێنێرد و شێڵدن هاوپیشە، نزیکترین هاوڕێن و پێکەوە دەژین (هاوژوورن). هەریەکە لە هاۆرد وۆڵۆویتزی ئەندازیاری میکانیک و ڕاجێش کوثرەپاڵی زانای فیزیاییی ئەستێرەناسیش هاوپیشەی ئەو دووانەن لە کاڵ تێک. ئەم چوار کەسە ژیانی ئاسایییان بە جێبەجێکردنی کار و پڕۆژە تایبەتەکانیان بەسەر دەبەن و لە دەرەوەی کاریش پێکەوە کات بەسەر دەبەن بە یاری کردن بە یارییە ڤیدیۆیییەکان، خوێندنەوەی کتێبی کۆمیک، سەیرکردنی فیلمە خەیاڵی / زانستییەکان و بەختێکی باشیان لەگەڵ ژناندا نییە. کاتێک پێنی کە خاتوونێکی جوانە لە ئۆماهاوە دێتە شوقەکەی ئەوبەری هۆڵەکەی ڵێنێرد و شێڵدن، ڵێنێرد هەوڵ دەدات پەیوەندی لەگەڵ پێنیدا ببەستێت.

ئەکتەرەکان

  1. جۆنی گڵێلی بە ڕۆڵی ڵێنێرد هافستادەر
  2. جیم پارسن بە ڕۆڵی شێڵدن کووپەر
  3. کەیڵی کوەکۆو بە ڕۆڵی پێنی
  4. سایمن هێڵبرگ بە ڕۆڵی هاۆرد وۆڵۆویتز
  5. کوناڵ نەییار بە ڕۆڵی ڕاجێش کوثرەپاڵی
  6. مەیم بیاڵیک بە ڕۆڵی ئەیمی فارا فاوڵەر
  7. مڵیسا ڕاوچ بە ڕۆڵی بێرنەدێت ڕۆستنکۆوسکی
  8. کێڤن سەسمن بە ڕۆڵی ستوارت بڵووم

زانیاری گشتی

ژانەر

سیتکۆم، کۆمیدی

دروستکراوە لەلایەن

چەک لۆر، بیڵ پرادی

دەرهێنان

مارک سێندراوسکی و دە کەسی تر

ئەکتەرانی بەشداربوو

جۆنی گڵێلی، جیم پارسن، کەیڵی کوەکۆو، سایمن هێڵبرگ، کوناڵ نەییار

گۆرانی دەستپێکی ئەڵقەکان

Big bang theory theme

ئاوازدانەر

گرووپی Barenaked ladies

زمان

ئینگلیزی

ژمارەی وەرزەکان

١٢ 

کاتی هەر ئەڵقەیەک

٢٣ خولەک

ژمارەی ئەڵقەکان

٢٧٩

ڕەیتین

٨،٢/١٠ لە پێگەی IMDB، ٨١٪ لە پێگەی Rotten Tomatoes 

خەڵاتەکان

زنجیرەکە براوەی دە خەڵاتی ئێمی و ٧٩ خەڵاتی ترە و بۆ ٢٥٢ خەڵاتی تریش پاڵێوراوە. لە ساڵی٢٠١٠، ٢٠١١، ٢٠١٣ و ٢٠١٤ ئەکتەر جیم پارسن توانی خەڵاتی ئێمی بباتەوە بۆ باشترین ئەکتەر لە زنجیرەی کۆمیدی بە ڕۆڵی شێڵدن کووپەر. هەروەها هەر لە ساڵی ٢٠١١شدا خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بۆ باشترین نواندن لە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی کۆمیدی یان مۆسیقیدا بردەوە. لە ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١٣ـدا زنجیرەکە خەڵاتی بژاردەی بینەرانی بردووەتەوە بۆ دڵخوازترین زنجیرەی تەلەڤزیۆنی.

کۆمەڵە زانیارییەک سەبارەت بە زنجیرەکە

  1. ناوی دووەمی پێنی هەرگیز ئاشکرا نەکرا و وەکوو نهێنییەکی زنجیرەکە مایەوە.
  2. خانمە ئەکتەر مەیم بیاڵیک کە ڕۆڵی ئەیمی دەبینێت خۆشی لە ڕاستیدا خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی دەماردا.
  3. یەکێک لە دەستەواژە سەرنجڕاکێشەکانی شێڵدن کە بەکاری دەهێنا بریتی بوو لە (بزینگا). لە ساڵی ٢٠١٢ دوو زانای بایۆلۆجی هەنگێکیان دۆزییەوە لە وڵاتی بەرازیل و وەکوو ڕێزێک بۆ زنجیرەکە جۆری هەنگەکەیان ناونا بزینگا.
  4. سەرەڕای ئەوەی کەسایەتی شێڵدن حەزی لە فیلمەکانی ستار ترێک و زنجیرەی دکتۆر هوو بوو، بەڵام لە ڕاستیدا جیم پارسن حەزی لێیان نییە و هیچیانی نەبینیوە.
  5. دیمەنەکانی لای بەرزکەرەوە (مەسعەدەکە) وا دەردەکەوێت سێ نهۆم بێت، بەڵام لە ڕاستییدا تەنها یەک نهۆمە و بۆ تۆمارکردنی هەر دیمەنێک لە هەر نهۆمێکدا دیکۆراتەکەی بۆ دیزاین کراوەتەوە.
  6. گۆرانی (سۆفت کیتی) کە تاکە شت بوو وای لە شێڵدن دەکرد لە کاتی نەخۆشیدا هەست بە باشی بکات، گۆرانییەکی ڕاستەقینەیە. مێژووی گۆرانییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٠یەکان.
  7. یەکەمجار ناوی زنجیرەکەیان نابوو (لێنی، پێنی و کێنی). هەروەها لە یەکەم ئەڵقەی ئەزموونییدا لە جیاتی خانمە ئەکتەر کەیڵی کوەکۆو یەکێکی تر ڕۆڵی پێنی دەبینی. بەڵام دواتر ئەو ئەڵقەیە هەڵوەشێنرایەوە و ئەکتەرەکەیان گۆڕی.
  8. کەسایەتی ڕاج کە کێشەی لە قسەکردن لەگەڵ ژناندا هەبوو، لە ڕاستییەوە وەرگیراوە. هاوڕێیەکی دێرینی بیڵ پرادی هەمان کێشەی هەبووە و بەم شێوەیە کەسایەتی ڕاجی لەسەر بنیادنراوە.
  9. چاویلکەکانی چاوی ڵێنێرد ساختەن و لە زۆربەی زۆری ئەڵقەکاندا بەس چوارچێوەیە و شووشەی تێدا نییە.
  10. دەنگە زیکنەکەی بێرنەدێت لە سەرەتاوە پلانی بۆ دانەنرابوو بەوشێوەیە بێت، بەڵکوو خانمە ئەکتەرەکە ئەو دەنگەی لە لاساییکردنەوەی دایکییەوە هێناوە و بووە بە سیفاتێکی کەسایەتییەکەی لە زنجیرەکەدا.
  11. زانایەکی ڕێنوێنیکار هەبوو بۆ هەموو ئەڵقەیەک ڕاوێژیان پێ دەکرد تا لە دروستی هاوکێشە و تیۆرییەکان دڵنیاببێتەوە. واتا هەموو ئەو هاوکێشانەی لەسەر تەختە سپییەکان دەنووسران لە ڕووی زانستییەوە ڕاست بوون.
  12. ژمارەی شوقەکەی ئەیمی ٣١٤ بوو کە ئاماژە بوو بۆ بڕی ڕێژەی نەگۆڕ (پای: ٣،١٤).
  13. شێڵدن زۆرجار تی شێرتی لەبەردەکرد کە لۆگۆی فلاشی لەسەر بوو کە کەسایەتییەکی کۆمیکە. لە زنجیرەی (The flash)یشدا کەسایەتی سیسکۆ ڕامن زۆرجار جلەکانی لۆگۆ و هێمای پێوەیە کە ئاماژەیە بۆ زنجیرەی The big bang theory.
  14. خانمە ئەکتەر کەیڵی کوەکۆو (پێنی) و جیم پارسن (شێڵدن) لە ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥ خاوەنی زۆرترین داهاتی ئابووری بوون کە ٢٨،٥ و ٢٩ ملیۆن دۆلار بوو.
  15. ماڵەکەی ڕاج و بێرنەدێت و هاوۆرد هەموویان یەک ستەیج و شوێنی وێنەگرتن بوون و تەنها دیکۆراتی جیاواز بوو، هەر بۆیە زۆر بە دەگمەن هەردوو شوێنەکە لە ئەڵقەیەکدا دەردەکەوتن.
  16. لە کۆتا وەرزدا، ستەیجی ژمارە ٢٥ی ستۆدیۆکانی وارنەر برۆس بە ناوی زنجیرەکەوە ناونرا. بەمەش زنجیرەکە چووە ڕیزی ئەو پێنج زنجیرەیەی کە ستەیجی بە ناوەوە ناونراوە.
  17. لە وڵاتی چین، زنجیرەکە قەدەغە کراوە.
  18. یەکەمین دێڕی زنجیرەکە و دواییین دێڕ، لەلایەن شێڵدنەوە دەوترێت.
  19. لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٨ ڕاگەیەندرا کە وەرزی ١٢یەم کۆتا وەرزی زنجیرەکە دەبێت، لەبەرئەوەی ئەکتەر جیم پارسن نەیدەویست بەردەوام بێت لە ڕۆڵەکەی وەکوو شێڵدن، هەربۆیە بەرهەمهێنەر و دروستکەرانی زنجیرەکەش نەیاندەویست زنجیرەکە بەبێ ئەو کەسایەتییە سەرەکییە بەردەوام بێت و کۆتایییان پێهێنا.
  20. لە ساڵی ٢٠١٧ زنجیرەیەکی سیتکۆمی نوێ بەرهەمهێنرا کە تایبەت بوو بە کەسایەتی شێڵدن کووپەر لە تەمەنی منداڵییدا بە ناوی (Young Sheldon).
  21. لە زنجیرەکەدا چەندین کەسایەتی دیار یان وەکوو میوانی زنجیرەکە بەشداربوون یاخود کامیۆیان هەبووە لە زنجیرەکەدا، گرنگترینیان ئەمانەن:
  • خانمە ئەکتەر ئۆکتەیڤیا سپێنسەر
  • ستان ڵی
  • ئەکتەر ستیڤن یون
  • نیڵ دیگراس تایسن
  • باب نوهارت
  • بەز ئاڵدرین
  • ستیفن هۆکینگ
  • ئەکتەر جاش پێک
  • جەیمس ئێرڵ جۆنز
  • مارک هامڵ
  • ویڵ ویتن
  • ئێڵۆن مەسک
  • ئەکتەر ئادەم وێست
  • ئەکتەر کریستۆفەر ڵۆید
  • بیڵ گەیتس
  • ئەکتەر دین نۆریس


سەرچاوەکان



301 بینین