دێنگ شیاوپینگ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-26-21:46:00 - کۆدی بابەت: 10462
دێنگ شیاوپینگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دێنگ شیاوپینگ (بە ئینگلیزی: Deng Xiaoping، بە عەرەبی: دينج شياو بينج) سەرکردە و فەرماندەی سەربازی و دەوڵەتمەدارێکی چینی بوو کە لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ تا تشرینی دووەمی ١٩٨٩ وەک سەرکردەی باڵای کۆماری گەلی چین (PRC) کاری کردووە. دوای مردنی سەرۆکی چین، ماو تسی تۆنگ لە ساڵی ١٩٧٦، دێنگ وردە وردە بەرەو دەسەڵاتی باڵا بەرزبووەوە و چینی لە ڕێگەی زنجیرەیەک چاکسازی دوورمەودای ئابوورییەوە سەرکردایەتی کرد و ناوبانگی وەک "تەلارسازی چینی مۆدێرن"ی بەدەستهێنا. بەشدار بووە لەوەی لە ساڵی ٢٠١٠دا چین بووەتە دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان بە پێی بەرهەمی ناوخۆیی.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ڕاوێژکاری ناوەندی
ماوەی کارکردن: ١٣ی ئەیلوولی ١٩٨٢ – ٢ی تشرینی دووەمی ١٩٨٧
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ناوەندی سەربازی
ماوەی کارکردن: ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٨١ – ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩
سەرۆکی کۆنفرانسی ڕاوێژکاری سیاسی گەلی چین
ماوەی کارکردن: ٨ی ئازاری ١٩٧٨ – ١٨ی حوزەیرانی ١٩٨٣
زانیاری کەسی
لەدایکبوون ٢٢ی ئابی ١٩٠٤
جی یو کاسگان، سیچوان، ئیمپراتۆریەتی چینگ
کۆچی دوایی ١٩ی شوباتی ١٩٩٧ (تەمەن ٩٢ ساڵ)
پەکین، کۆماری گەلی چین
حdزبی سیاسی حیزبی شیوعی چین (١٩٢٤-١٩٩٧)
منداڵەکان
  • دێنگ پوفانگ
  • دێنگ نان
  • دێنگ ڕۆنگ
خزمەتی سەربازی
پلە کۆمیساری سیاسی (١٩٢٩-١٩٥٢)
سەرۆکی ئەرکانی گشتی (١٩٧٥-١٩٧٦، ١٩٧٧-١٩٨٠)
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ناوەندی سەربازیی چین
شەڕەکان/جەنگەکان شەڕی ناوخۆی چین
دووەم جەنگی چین و ژاپۆن

دێنگ لە ویلایەتی سیچوان لە شانشینی چینگ لەدایکبووە، لە ساڵانی ١٩٢٠ لە فەرەنسا خوێندوویەتی و کاری کردووە، لەوێ بووەتە شوێنکەوتووی مارکسیزم-لینینیزم و لە ساڵی ١٩٢٤ پەیوەندی بە پارتی کۆمۆنیستی چینەوە کردووە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٦دا دێنگ گەشتێکی بۆ مۆسکۆ کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە بیروباوەڕی کۆمۆنیستەکان و لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ چین بووەتە کۆمیساری سیاسی بۆ سوپای سوور. لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٩دا، دێنگ سەرکردایەتی ڕاپەڕینەکانی سوپای سووری ناوخۆیی لە گوانگشی کرد. ساڵی ١٩٣١ بەهۆی پاڵپشتیکردنی ماو لە ناو پارتەکەدا پلەی دابەزێنرا، بەڵام لە کۆنفرانسی زونی جارێکی دیکە پلەی بەرزکرایەوە. دێنگ ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ڕێپێوانی درێژ (١٩٣٤-١٩٣٥)، جەنگی دووەمی چین و ژاپۆن (١٩٣٧-١٩٤٥) و شەڕی ناوخۆی چین (١٩٤٥-١٩٤٩). دوای دامەزراندنی کۆماری گەلی چین لە ١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٩، دێنگ لە تبت و باشووری ڕۆژاوای چین وەک سەرۆکی پارتی ناوچەیی تا ساڵی ١٩٥٢ کاری کردووە، لەو ساڵەدا گەڕایەوە بۆ پەکین بۆ ئەوەی لە حکوومەتی ناوەندیدا خزمەت بکات. لە ساڵی ١٩٥٥ کاتێک پارتی دیموکراتی گەلان سیستەمێکی پلەبەندی لەسەر شێوازی ڕووسی گرتەبەر، دێنگ بۆ پلەی مارشاڵی کۆماری گەلی چین لەبەرچاو گیرا، بەڵام ڕەتی کردەوە.

وەک سکرتێری گشتیی پارتەکە لە سەردەمی سەرۆک ماو تسی تۆنگ و ژۆ ئینلای لە ساڵانی ١٩٥٠، دێنگ سەرۆکایەتی هەڵمەتی دژە ڕاستڕەوی دەکرد کە لەلایەن ماوەوە دەستی پێکرد و بوو بە ئامرازێک بۆ بنیاتنانەوەی ئابووریی چین دوای بازدانی گەورە بۆ پێشەوە کە کارەساتی لەدوای خۆی هێنا لە (١٩٥٨-١٩٦٠). بەڵام هەڵوێستی سیاسیی ڕاستڕەوی و سیاسەتە ئابوورییەکانی لە کۆتاییدا بووە هۆی ئەوەی کە لە ماو دوور بکەوێتەوە و لە کاتی شۆڕشی کولتووریدا (١٩٦٦-١٩٧٦) دوو جار کەوتە بەر هەڵمەتی پاکسازی.

دوای مردنی ماو لە ئەیلوولی ١٩٧٦، دێنگ لە هوا گوفێنگی جێنشینی هەڵبژێردراوی سەرۆکی کۆچکردوو بردەوە و لە کانوونی دووەمی ١٩٧٨ لە سێیەمین دانیشتنی پلینۆمی یازدەهەمین کۆمیتەی ناوەندیدا بوو بە سەرکردەی باڵای دیفاکتۆ. دێنگ وڵاتێکی بە میرات وەرگرت کە بە پشێوی دامەزراوەیی و بێهیوایی لە کۆمۆنیزم تووش بووبوو کە لە ئەنجامی بزووتنەوە سیاسییە ئاژاوەگێڕەکانی سەردەمی ماوەوە هاتبوو، بۆیە دەستی بە بەرنامەی "بۆلوان فانژێنگ" کرد کە وردە وردە وڵاتی هێنایەوە سەر ڕێکوپێکی و کێشەکانی چارە دەکرد. لە ساڵی ١٩٧٧ تا سەرەتای ساڵی ١٩٧٩ دەستی بە تاقیکردنەوەی نیشتمانی وەرگرتن لە کۆلێژ کردەوە کە بۆ ماوەی دە ساڵ بەهۆی شۆڕشی ڕۆشنبیرییەوە پچڕابوو، دەستی بە چاکسازی و کردنەوەی دەرگای چین کرد، ناوچەی ئابووری تایبەتی دیاری کرد لەوانەش شێنژن، و شەڕێکی یەک مانگەی چین و ڤێتنامی دەستپێکرد. لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٧٩، چین پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا دامەزراند و دێنگ بوو بە یەکەم سەرکردەی باڵای چین کە سەردانی ئەمریکای کرد. لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، دێنگ پشتگیری لە سیاسەتی یەک منداڵی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی زیادەڕۆیی دانیشتووانی چین، یارمەتی دامەزراندنی خوێندنی ناچاری چینی دا و بۆ ماوەی نۆ ساڵ بەردەوام بوو، دواتریش بەرنامەی ٨٦٣ی بۆ زانست و تەکنەلۆژیا دەستپێکرد. هەروەها دێنگ پرەنسیپی یەک وڵات و دوو سیستەم بۆ حوکمڕانی هۆنگ کۆنگ و ماکاو و هەروەها یەکگرتنی داهاتووی لەگەڵ تایوان پێشنیار کرد.

ئەو چاکسازیانەی کە دێنگ و هاوپەیمانەکانی ئەنجامیاندا، وردە وردە چینیان لە ئابوورییەکی پلان بۆ داڕێژراو و ئایدۆلۆژیای ماوییەکان دوور خستەوە و بەڕووی وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیای دەرەکیدا کرایەوە و هێزی کاری بەرفراوانی خۆی بە بازاڕی جیهانی ناساند، بەمەش چین بوو بە یەکێک لە خێراترین وڵاتەکانی جیهان کە گەشەسەندنی گەورەی ئابووری بەخۆیەوە ببینێت. لە کۆتاییدا دێنگ وەک تەلارسازێک ناوبانگی دەرکرد کە براندێکی نوێی بیرکردنەوەی هەبوو و ئایدیۆلۆژیای سۆسیالیستی لەگەڵ بازاڕی ئازاد تێکەڵ کرد، کە ناوی لێنرا "سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینی" (ئێستا بە تیۆری دێنگ شیاوپینگ ناسراوە). سەرەڕای ئەوەی هەرگیز وەک سەرۆکی دەوڵەتی کۆماری گەلی چین، یان وەک سەرۆکی حکوومەتی کۆماری گەلی چین و نە وەک سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چین پۆستی بەدەست نەهێنابوو، بەڵام بەگشتی دێنگ وەک سەرۆکی نەوەی دووەمی چین سەیر دەکرێت، ئەمەش پێگەیەکە کە لەناو دەستووری پارتەکەدا جێگیرکراوە. دێنگ وەک کەسایەتی کاتی ساڵ بۆ ساڵانی ١٩٧٨ و ١٩٨٥ دەستنیشانکرا.

بەڵام لەڕوویەکی تریشەوە ڕەخنەی زۆری لێگیرا بەهۆی فەرمانی سەرکوتکردنی سەربازی لە ناڕەزایەتییەکانی گۆڕەپانی تیانانمێن لە ساڵی ١٩٨٩، لەگەڵ ئەوەشدا ستایشی زۆری لێکرا بەهۆی دووپاتکردنەوەی بەرنامەی چاکسازی لە گەشتەکەی باشووردا لە ساڵی ١٩٩٢، هەروەها گەڕانەوەی هۆنگ کۆنگ بۆ ژێر کۆنترۆڵی چین لە ساڵی ١٩٩٧ و گەڕانەوەی ماکاو لە ١٩٩٩.

ژیان

دێنگ شیاوپینگ لە ٢٢ی ئابی ١٩٠٤ لە جی یو کاسگان، سیچوان، ئیمپراتۆریەتی چینگ لەدایکبووە. لە تەمەنی پێنج ساڵیدا دەچێتە قوتابخانە. لە هاوینی ساڵی ١٩١٩دا دێنگ لە قوتابخانەی چۆنگچینگ دەرچوو. ئەو و ٨٠ هاوڕێی قوتابخانەکەی بە کەشتی گەشتیان کرد بۆ فەرەنسا بۆ بەشداریکردن لە بزووتنەوەی خوێندنی کار-پاراستن، کە پرۆگرامێکی کارکردن و خوێندنە و لەوێشەوە ڕۆشت بۆ مۆسکۆ. لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٧دا دێنگ مۆسکۆی بەجێهێشت بۆ گەڕانەوە بۆ چین، لەوێ پەیوەندی بە سوپای فێنگ یوشیانگەوە کرد کە سەرکردەیەکی سەربازی بوو لە باکووری ڕۆژاوای چین، داوای هاوکاری لە یەکێتیی سۆڤیەت کردبوو لە ململانێی لەگەڵ سەرکردە ناوخۆییەکانی دیکەی ناوچەکەدا. 

ژیانی سیاسی

هەرچەندە دێنگ دەستی بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی مارکسیستی لە چیندا کرد، بەڵام مێژوونووس مۆبۆ گاو ئاماژەی بەوە کردووە کە "دێنگ شیاوپینگ و زۆرێک لە هاوشێوەی ئەو لە ڕاستیدا مارکسیست نەبوون، بەڵکو لە بنەڕەتدا ناسیۆنالیستی شۆڕشگێڕ بوون کە دەیانویست ببینن چین بە یەکسانی لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان وەستاوە".

چالاکیی لە شەنگەهای و ووهان

دوای جێهێشتنی سوپای فێنگ یوشیانگ لە باکووری ڕۆژاوا، دێنگ لە شاری ووهان گیرسایەوە کە شیوعیەکانی ئەو سەردەمە بارەگایان لەوێ هەبوو. لەو کاتەدا دەستی کرد بە بەکارهێنانی نازناوی "شیاوپینگ" و پێگەی دیار و بەرچاوی لە حیزبدا داگیرکرد. بەشداری لە دانیشتنی فریاگوزاری مێژوویی لە ٧ی ئابی ١٩٢٧دا کرد کە تێیدا بە ڕێنمایی سۆڤیەت، حیزب چێن دوکسیۆ دامەزرێنەری خۆی لە کارەکەی دوورخستەوە و قو کیوبای بوو بە سکرتێری گشتی. لە شاری ووهان، دێنگ سەرەتا پەیوەندی لەگەڵ ماو تسی تۆنگ دامەزراند، کە ئەوکاتە لەلایەن سەرکردە چەکدارەکانی لایەنگری سۆڤیەتی ئەو پارتەوە بەهایەکی کەمی پێدەدرا. لە نێوان ساڵانی ١٩٢٧ بۆ ١٩٢٩، دێنگ لە شاری شەنگەهای ژیا، لەوێ یارمەتی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی دەدا کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کومینتانگەوە بە توندی ڕووبەڕوویان دەبوونەوە. مردنی زۆرێک لە چەکدارە شیوعیەکان لەو ساڵانەدا بووە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی ئەندامانی حیزبی شیوعی، ئەمەش وایکرد دێنگ بە خێرایی بتوانێت پلەی بەرز ببێتەوە. لەم قۆناغەدا لە شەنگەهای، دێنگ هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێک کرد کە لە مۆسکۆ ناسیبووی بە ناوی ژانگ شیوان.

گوانگشی و سۆڤیەتی جیانگشی

لە ساڵی ١٩٢٩ دەستی کردووە بە خەباتی سەربازی دژی کوومینتانگ لە گوانگشی. باڵادەستی هێزەکانی چیانگ کای شێک بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە ڕیزەکانی کۆمۆنیستەکان. ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی چین شکستێک بوو کە چەندین چەکداری کوشت بەرامبەر بە نەیارێکی بەهێزتر. هەڵمەتەکانی دژی کۆمۆنیستەکان لە شارەکاندا، پاشەکشەیەک بوون بۆ حیزبەکە. بە پێچەوانەی دیدگای شارستانی شۆڕش، بە پشتبەستن بە ئەزموونی سۆڤیەت، ڕێبەری شیوعی ماو تسی تۆنگ، جووتیارانی گوندنشینی وەک هێزی شۆڕشگێڕ لە چین دەبینی. لە ناوچەیەکی شاخاویی پارێزگای جیانگشی، کە ماو چووە بۆ دامەزراندنی سیستمێکی کۆمۆنیستی، لەوێدا کۆرپەی دەوڵەتێکی داهاتووی چین لەژێر کۆمۆنیزمدا پەرەی سەند، کە ناوی فەرمی کۆماری سۆڤیەتی چینی وەرگرت، بەڵام زیاتر بە "سۆڤیەتی جیانگشی" ناسرا.

لە یەکێک لە شارە گرنگەکانی ناوچەی سۆڤیەت، ڕویجین، دێنگ لە هاوینی ساڵی ١٩٣١ وەک سکرتێری کۆمیتەی حیزب دەستبەکاربوو، لە زستانی ساڵی ١٩٣٢دا، دێنگ هەمان پۆستی لە ناوچەی هویچانگ وەرگرت. لە ساڵی ١٩٣٣ بووە بە بەڕێوەبەری بەشی پڕوپاگەندەی کۆمیتەی حیزب لە جیانگشی. هەر لەو کاتەدا بوو کە هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی گەنج کرد کە لە شەنگەهای ناسیبووی بە ناوی جین وینگ. سەرکەوتنەکانی سۆڤیەت لە جیانگشی وایکرد سەرکردەکانی حیزب بڕیار بدەن لە شەنگەهایەوە ڕوو لە جیانگشی بکەن. ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ماو و سەرکردەکانی پارتەکان و ڕاوێژکارە سۆڤیەتییەکانیان تا دەهات گرژتر بوو و ململانێی دەسەڵات لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا بووە هۆی دوورخستنەوەی دێنگ کە لایەنگری بیرۆکەکانی ماو بوو لە پۆستەکەی لە بەشی پڕوپاگەندە. سەرەڕای ململانێی ناو پارتەکە، سۆڤیەتی جیانگشی بوو بە یەکەم تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی دەسەڵاتی کۆمۆنیست لە گوندەکانی چین. تەنانەت مۆر و پارەی کاغەزی لە ژێر سەرنامەی کۆماری چینی سۆڤیەت دەرکرد و لە کۆتاییدا سوپای چیانگ کای شێک بڕیاری هێرشکردنە سەر ناوچەی کۆمۆنیستی دا.

ڕێپێوانی درێژ

کۆمۆنیستەکان کە لەلایەن سوپای ناسیۆنالیستی بەهێزترەوە دەورە درابوون، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣٤ لە جیانگشی هەڵاتن، بەم شێوەیە بزووتنەوەی ئیپیکی دەستی پێکرد کە خاڵی وەرچەرخانێک لە گەشەسەندنی کۆمۆنیزمی چینیدا بوو. بە پێشڕەویکردن لە ناوچە دوور و شاخاوییەکاندا، نزیکەی ١٠٠ هەزار پیاو توانیان لە جیانگسی ڕزگاریان بێت، پاشەکشەیەکی ستراتیژی درێژخایەنیان لە ناوەوەی چین دەستپێکرد، بەڵام ئەوانەی ڕزگاریان بوو تەنیا ٨ هەزار بۆ ٩ هەزار کەس بوون و گەیشتنە پارێزگای شانشی باکووری وڵات. لە کاتی کۆنفرانسی زونی لە سەرەتای ڕێپێوانی درێژدا، بەناو ٢٨ بەلشەفیک بە سەرۆکایەتی بۆ گو و وانگ مینگ لە دەسەڵات دەرکران و ماو تسی تۆنگ بوو بە سەرکردەی نوێی حیزبی شیوعیی چین. ئەو سەردەمە چیدی پارتی کۆمۆنیستی چینی لایەنگری سۆڤیەت کۆتایی هاتبوو و پارتێکی نوێی ئیلهامبەخشی گوندنشین بە سەرکردایەتی ماو سەریهەڵدا. دێنگ جارێکی تر بووبووەوە بە کەسایەتییەکی پێشەنگی ئەو حیزبە. ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو حیزبە بۆ ماوەیەکی کاتی پچڕا، بەڵام بەهۆی لەشکرکێشی ژاپۆنەکانەوە، کوۆمینتانگ ناچار بوو بۆ دووەمجار لەگەڵ کۆمۆنیستەکان هاوپەیمانییەک پێکبهێنن بۆ بەرگریکردن لە میللەت لە دژی دەستدرێژی دەرەکی.

لەشکرکێشی ژاپۆن

لەشکرکێشی سەربازانی ژاپۆن لە ساڵی ١٩٣٧ سەرەتای جەنگی دووەمی چین و ژاپۆن بوو. لە کاتی لەشکرکێشیەکەدا، دێنگ لەو ناوچەیە مایەوە کە لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە لە باکوور کۆنترۆڵکرابوو، لەوێ ڕۆڵی جێگری بەڕێوەبەری سیاسی سێ گەلەی سوپای شیوعی وەرگرت. لە ئەیلوولی ١٩٣٧ تا مانگی یەکی ساڵی ١٩٣٨ لە خانەقا و پەرستگاکانی بوودایی لە چیای ووتای ژیاوە. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٨ وەک کۆمیساری سیاسی گەلەی ١٢٩ی سوپا بە فەرماندەیی لیو بۆچێنگ دەستنیشانکرا و هاوبەشییەکی درێژخایەنی لەگەڵ لیو دەستپێکرد.

دێنگ بۆ زۆربەی ململانێکان لەگەڵ ژاپۆنییەکان لە بەرەی جەنگ لە ناوچەی هاوسنوور لەگەڵ پارێزگاکانی شانشی، هێنان و هێبی مایەوە، پاشان چەند جارێک گەشتی کرد بۆ شاری یانان، کە ماو بنەمای سەرکردایەتی حیزبی شیوعی لەوێ دامەزراندبوو. لە کاتێکدا لە هێنان بوو، ڕاپۆرتی بەناوبانگی "دۆخی سەرکەوتووانەی بازدان بۆ دەشتەکانی ناوەڕاست و سیاسەت و ستراتیژییەکانی داهاتوو"ی پێشکەش کرد. لە یەکێک لە گەشتەکانیدا بۆ یانان لە ساڵی ١٩٣٩، بۆ سێیەم جار و کۆتا جار لە ژیانیدا هاوسەرگیری لەگەڵ ژو لین کرد. 

شەڕی دژی ناسیۆنالیستەکان

دوای شکستی ژاپۆن لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، دێنگ گەشتێکی کرد بۆ شاری چۆنگچینگ، ئەو شارەی کە چیانگ کای شێک لە کاتی لەشکرکێشی ژاپۆندا حکوومەتەکەی تێدا دامەزراند، بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئاشتی نێوان کوۆمینتانگ و حیزبی شیوعی. ئەنجامی ئەو دانوستانانە ئەرێنی نەبوون و دوای ماوەیەکی کەم لە کۆبوونەوەکە لە چۆنگچینگ، ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان هەردوو لایەنی دژبەردا دەستیپێکردەوە. لە کاتێکدا چیانگ کای شێک حکوومەتەکەی لە نانجینگ پایتەختی کۆماری چین دامەزراندەوە، کۆمۆنیستەکان لە مەیدانەکەدا دەستیان کرد بە شەڕکردن. بە تاکتیکی گەریلا لە پێگەکانیانەوە لە ناوچە گوندنشینەکان دژی شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی چیانگ شەڕیان دەکرد و بەردەوام کۆمۆنیستەکان خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆیان زیاد دەکرد. 

دێنگ بەشێکی سەرەکی لە کەمپەینی هوایهای دژی ناسیۆنالیستەکان بینی. لە قۆناغی کۆتایی شەڕەکەدا، دێنگ دیسانەوە ڕۆڵێکی سەرەکی وەک سەرکردەی سیاسی و پڕوپاگەندە بینی وەک کۆمیساری سیاسی سوپای مەیدانی دووەم بە فەرماندەیی لیو بۆچێنگ کە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە ڕێپێوان بۆ ناو تبت. هەروەها بەشداری لە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی ماو تسی تۆنگ کرد کە گۆڕا بۆ بناغەی ئایدیۆلۆژی حیزبی شیوعی. کارە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکەی لەگەڵ پێگە و کارەکانی لە ڕێپێوانی درێژدا، ئەوی خستە پێگەیەکی بەرز لەناو حیزبدا، بەتایبەت دوای ئەوەی حیزبی شیوعی توانی شکست بە چیانگ کای شێک بهێنێت و کۆماری گەلی چینی دامەزراند.

ژیانی سیاسی لە سەردەمی ماو

سەرۆکی شارەوانی شاری چۆنگچینگ

دێنگ لە ١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٩ بەشداری لە ڕاگەیاندنی کۆماری گەلی چین لە پەکین کرد. لەو کاتەدا حیزبی شیوعی تەواوی باکووری کۆنترۆڵکردبوو، بەڵام هێشتا بەشێک لە باشوور لە ژێر دەستی ڕژێمی کوومینتانگدا بوو. بوو بە بەرپرسیار لە سەرکردایەتیکردنی ئارامکردنەوەی باشووری ڕۆژاوای چین. حکوومەتی کوومیتانگ ناچار دەکرا گوانگژۆ (کانتۆن) بەجێبهێڵێت، و چۆنگچینگ (چۆنگکینگ)ی وەک پایتەختێکی کاتی نوێ دامەزراند. لەوێ چیانگ کای شێک و چیانگ چینگ کوو کوڕەکەی کە هاوپۆلێکی پێشووی دێنگ بوو لە مۆسکۆ، دەیانویست پێشڕەوی هێزەکانی حیزبی شیوعی ڕابگرن.

لە ژێر کۆنترۆڵی سیاسی دێنگدا، سوپای کۆمۆنیست لە کۆتاییەکانی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٩ دەستی بەسەر شاری چۆنگچینگدا گرت و دوای چەند ڕۆژێک چووە ناو شاری چێنگدو کە دوا قەڵای دەسەڵاتی چیانگ کای شێک بوو. لەو کاتەدا دێنگ بوو بە سەرۆکی شارەوانی شاری چۆنگچینگ، لە هەمان کاتدا سەرۆکی پارتی شیوعی بوو لە باشووری ڕۆژاوا. دێنگ شیاوپینگ سێ ساڵی لە شاری چۆنگچینگ بەسەر دەبرد، ئەو شارەی کە لە ساڵانی هەرزەکاریدا پێش ئەوەی بچێتە فەرەنسا لێی خوێندبوو. لە ساڵی ١٩٥٢دا ڕووی لە پەکین کرد و لەوێ پۆستی جیاوازی لە حکوومەتی ناوەندیدا وەرگرت.

سەرهەڵدانی سیاسی لە پەکین

لە مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٥٢، دێنگ هاتە پەکین بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی. دوای ماوەیەکی کەم پۆستی وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی وەرگرت. لە ساڵی ١٩٥٤ لە هەموو ئەو پۆستانە دوورخرایەوە و تەنها پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی بەدەستەوە بوو. ساڵی ١٩٥٦ بووە بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی حیزبی شیوعی و ئەندامی کۆمیسیۆنی ناوەندی سەربازی.

دوای ئەوەی بە فەرمی لە بزووتنەوەی دژە ڕاستڕەوییەکەیدا لە ساڵی ١٩٥٧دا، دێنگ وەک سکرتێری گشتیی سکرتاریەت کاری کرد و کاروباری ڕۆژانەی وڵاتەکەی لەگەڵ سەرۆک لیو شاوچی و سەرۆک وەزیران ژۆ ئینلای بەڕێوەبرد. سیاسەتەکانی دێنگ و لیو جەختیان لەسەر ئابووری دەکردەوە لەسەر دۆگمای ئایدیۆلۆژی، کە جیابوونەوەیەکی ناڕاستەوخۆ بوو لە پڕۆژەی بازدانی گەورە بۆ پێشەوە.

هەردوو لیو و دێنگ لە هەڵمەتە جەماوەرییەکانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا پاڵپشتی ماویان دەکرد، کە تیایدا هێرشیان کردە سەر بۆرژوازی و سەرمایەدارەکان و ئایدۆلۆژیای ماویان بەرەوپێش دەبرد. بەڵام شکستی ئابووریی بازدانی گەورە بۆ پێشەوە وەک تۆمەتبارکردنێک لەسەر توانای ماو بۆ بەڕێوەبردنی ئابووری سەیرکرا. پێنگ دیهوای بە ئاشکرا ڕەخنەی لە ماو گرت، لە کاتێکدا لیو شاوچی و دێنگ شیاوپینگ هەرچەندە وریاتر بوون، بەڵام دەستیان کرد بە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەتی ئابووری، ئەمەش وایکرد ماو لە کاروباری ڕۆژانەی حیزب و دەوڵەتەکە دوور بکەوێتەوە. ماو ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی سەرۆکایەتی کۆماری گەلی چین (پۆستی سەرۆکی دەوڵەتی چین بە یاسایی) بداتە دەست لیو شاوچی، هاوکات پۆستەکانی وەک سەرۆکی پارت و سوپای هێشتەوە.

دێنگ لە ساڵی ١٩٥٥ وەک کاندیدێک بۆ پلەی مارشاڵی کۆماری گەلی چین لە سوپا دانرا بەڵام لە کۆتاییدا ئەو پلەیەی پێ نەدرا. لە ساڵی ١٩٦٣دا دێنگ گەشتێکی بۆ مۆسکۆ کرد بۆ سەرکردایەتیکردنی کۆبوونەوەی شاندی چینی لەگەڵ نیکیتا خرۆشۆف جێنشینی ستالین. دوای ئەم کۆبوونەوەیە هیچ ڕێککەوتنێک نەکرا و بە دابەشبوونی چین و سۆڤیەت کۆتایی هات؛ پەیوەندییەکانی نێوان دوو زلهێزی گەورەی کۆمۆنیستی ئەو سەردەمە نزیکەی تەواو هەڵپەسێردراو بوو.

دوای "کۆنفرانسی حەوت هەزار کادر" لە ساڵی ١٩٦٢، چاکسازییە ئابوورییەکانی لیو و دێنگ لە سەرەتای شەستەکاندا بە گشتی جەماوەری بوون و زۆرێک لەو دامەزراوانەی ئابوورییان گەڕاندەوە کە پێشتر لە کاتی بازدانی گەورەدا هەڵوەشابوونەوە. ماو کە هەستی بە لەدەستدانی شکۆمەندی خۆی کرد، هەنگاوی نا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بکاتەوە. ماو بە بانگەوازکردن بۆ ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی خۆی، شۆڕشی ڕۆشنبیری دەستپێکرد، کە هانی جەماوەری دا بۆ ئەوەی ئەو سەرمایەدارە ڕاستڕەوانەی کە "دزەیان کردبووە ناو حیزبەوە" لە ڕیشەدا ببڕن. بەوەش دێنگ وەک کەسی دووەمی بیرۆکەی سەرمایەداری دادەنرا.

ماو ترسی ئەوەی هەبوو کە سیاسەتە ئابوورییە ڕیفۆرمخوازەکانی دێنگ و لیو ببێتە هۆی گەڕانەوەی سەرمایەداری و کۆتاییهێنان بە شۆڕشی چین. لەبەر ئەم هۆکارە و هۆکارەکانی تر، ماو لە ساڵی ١٩٦٦ شۆڕشی ڕۆشنبیری دەستپێکرد، لەو ماوەیەدا دێنگ لە لایەنگری دەرچوو و ناچار بوو لە هەموو پۆستەکانی خانەنشین بێت. لەدوای ئەو ساڵە کوڕێکی کوژرا و خێزانەکەی سزا دران. لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٩ دێنگ شیاوپینگ ڕەوانەی کارگەی تراکتۆری شینجیان کاونتی لە گوندەکانی پارێزگای جیانگشی کرا بۆ ئەوەی وەک کرێکارێکی ئاسایی کار بکات. لەو ماوەیەدا کە چوار ساڵ بەردەوام بوو، دێنگ کاتە بەتاڵەکانی بە نووسین بەسەر دەبرد.

گەڕانەوە

لە ساڵی ١٩٧١دا دووەم جێنشینی فەرمی ماو و تاکە جێگری سەرۆکی پارتەکە، لین بیاو، لە ڕووداوێکی فڕۆکەوانیدا گیانی لەدەستدا. بە پێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، لین دوای کودەتایەکی شکستخواردوو لە دژی ماو هەوڵی هەڵاتنی لە چین دەدا. ماو هەموو هاوپەیمانە گەورەکانی پاککردبوویەوە، بەمەش دێنگ (کە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا کۆمیساری سیاسی سوپای مەیدانی دووەم بووە) کاریگەرترین سەرکردەکانی سوپاکە بوو کە مابوونەوە. لە ساڵی ١٩٧٣دا دێنگ گەڕایەوە بۆ پەکین، دوای ئەوەی ژۆ ئینلای لە دوورخستنەوە ڕزگاری کرد بۆ ئەوەی دێنگ سەرنجی لەسەر بنیاتنانەوەی ئابووریی چین بێت. هەروەها ژۆ توانی ماو ڕازی بکات کە دێنگ لە تشرینی یەکەمی ١٩٧٤ وەک جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیران بگەڕێنێتەوە ناو سیاسەتەوە. لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٧٥دا، بۆ یەکەمجار لە ژیانی حزبیدا، لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی ١٠ بە جێگری سەرۆکی حیزبەکە هەڵبژێردرا.

لە ماوەی کورتی سەرهەڵدانیدا لە ساڵی ١٩٧٣، دێنگ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سیاسی دامەزراند، بە سەرۆکایەتی ڕۆشنبیران هو کیامۆ، یو گوانگیان و هو شێنگ، کە ڕاسپێردرا بۆ گەڕان بەدوای ڕێبازەکانی چاکسازییە سیاسی و ئابوورییەکان. خۆی سەرکردایەتی گرووپەکەی کرد و لەناو ئەنجوومەنی دەوڵەتدا پڕۆژەکەی بەڕێوەبرد، بۆ ئەوەی گومانەکانی باندی چوار کەسەکە نەوروژێنێت. شۆڕشی فەرهەنگی هێشتا کۆتایی نەهاتبوو و گرووپێکی سیاسی چەپی ڕادیکاڵ ناسراو بە باندی چوار، بە سەرۆکایەتی جیانگ چینگی هاوسەری ماو، کێبڕکێیان لەسەر دەسەڵات لەناو حیزبدا دەکرد. باندەکە دێنگیان وەک گەورەترین گژنێی خۆیان بۆ دەسەڵات دەبینی.  ماویش پاڵپشتی دەکردن بۆ ئەوەی دێنگ لەبەرچاوی خەڵکی بکەوێت و ناوبانگی ماو وەک خۆی بە گەورەیی بمێنێتەوە، تەنانەت بۆ ئەوەش فرمان کرا بە دێنگ کۆمەڵێک ڕەخنە لەسەر خۆی بنووسێت.

کەمپەینی "ڕەخنە لە دێنگ بگرە"

ژۆو ئێنلای لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٧٦ کۆچی دوایی کرد. دوای ئەوەی دێنگ لە پرسەی دەوڵەتدا ستایشی فەرمی ژۆوی پێشکەش کرد، باندی چوار کەس بە مۆڵەتی ماو، هەڵمەتی بەناو ڕەخنەگرتن لە دێنگ و دژایەتیکردنی چاکسازی توخمە ڕاستڕەوەکان دەستپێکرد. هوا گووفێنگ لەجێگەی دێنگ لە ٤ی شوباتی ١٩٧٦ هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ببێتە جێنشینی ژۆو وەک سەرۆک وەزیران. لە ٢ی شوباتی ١٩٧٦دا، کۆمیتەی ناوەندی ڕێنمایییەکی باڵای دەرکرد، بە فەرمی دێنگی گواستەوە بۆ کارکردن لەسەر "کاروباری دەرەوە" و بەم شێوەیە دێنگی لە دەسەڵاتی حیزبەکە دوورخستەوە. دێنگ چەند مانگێک لە ماڵەوە مایەوە و چاوەڕێی چارەنووسی بوو. فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی سیاسی بەپەلە هەڵوەشایەوە و ڕاوێژکارەکانی دێنگ وەک یو گوانگیان لە کارەکانیان دوورخرانەوە. لە ئەنجامدا گێژاوی سیاسی ئەو پێشکەوتنە ئابوورییەی ڕاگرت کە دێنگ لە ساڵی ڕابردوودا بۆی ماندوو بوو. ماو لە ٣ی ئازاردا ڕێنماییەکی دەرکرد کە شەرعیەتی شۆڕشی ڕۆشنبیری دووپاتکردەوە و بە تایبەتی ئاماژەی بە دێنگ کرد وەک کێشەیەکی ناوخۆیی.

سەرکردایەتی

سەرکردەی پارامۆنت

دوای مردنی ماو لە ٩ی ئەیلوولی ١٩٧٦ و پاکتاوکردنی باندی چوار کەس لە تشرینی دووەمی ١٩٧٦، سەرۆک وەزیران هوا گوۆفێنگ وەک سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چین دەسەڵاتی وەرگرت و وردە وردە وەک سەرۆکی دیفاکتۆی چین دەرکەوت. پێش مردنی ماو، تاکە پۆستی حکوومەت کە دێنگ هەیبوو، پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیران بوو، بەڵام هوا گووفێنگ ویستی پارتەکە لە توندڕەوەکان ڕزگار بکات و بە سەرکەوتوویی باندی چوار کەسی پەراوێزخست. لە ٢٢ی تەممووزی ١٩٧٧دا دێنگ بۆ پۆستەکانی جێگری سەرۆکی کۆمیتەی ناوەندی و جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربازی و سەرۆکی ئەرکانی گشتی سوپای ڕزگاریخوازی گەل گەڕێنرایەوە.

دێنگ بە وردی لایەنگرانی لەناو حیزبەکەدا کۆکردەوە، لە سەردەمی سەرکردایەتی باڵادا، پۆستە فەرمییەکانی دەوڵەتی بریتی بوون لە سەرۆکی کۆنفرانسی ڕاوێژکاری سیاسی گەلی چین لە ساڵی ١٩٧٨ تا ١٩٨٣ و سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربازی ناوەندی لە ساڵی ١٩٨٣ تا ١٩٩٠. لە کاتێکدا پۆستە فەرمییەکانی حیزبەکەی جێگری سەرۆکی پارتی شیوعی چین بووە لە ساڵی ١٩٧٧ تا ١٩٨٢، سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربازی ناوەندی حیزبی شیوعی چین لە ساڵی ١٩٨١ تا ١٩٨٩ و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ڕاوێژکاری ناوەندی لە ساڵی ١٩٨٢ تا ١٩٨٧. لە ساڵی ١٩٨٨دا کاتێک سوپا پلە سەربازییەکانی گەڕاندەوە، پلەی جەنەڕاڵی یەکەمی پێشکەش کرا، بەڵام وەک ساڵی ١٩٥٥ جارێکی دیکە ڕەتیکردەوە. تەنانەت دوای خانەنشین بوونی لە کۆمیتەی هەمیشەیی مەکتەبی سیاسی پارتی شیوعی چین لە ساڵی ١٩٨٧ و لە کۆمیسیۆنی سەربازی ناوەندی لە ساڵی ١٩٨٩، دێنگ بەردەوام بوو لە کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی چین تا کۆچی دوایی لە ساڵی ١٩٩٧.

بۆلوان فانژێنگ

دێنگ شۆڕشی ڕۆشنبیری ڕەتکردەوە و لە ساڵی ١٩٧٧دا "بەهاری پەکین"ی دەستپێکرد، کە ڕێگەی بە ڕەخنەی ئاشکرا درا لەو زیادەڕەوی و ئازارانەی کە لەو ماوەیەدا ڕوویان دابوو، هەروەها تاقیکردنەوەی وەرگرتنی کۆلێژی نیشتمانی (گاو کاو)ی گەڕاندەوە کە بۆ ماوەی دە ساڵ هەڵوەشابوویەوە لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆشنبیریدا. لەم نێوەندەدا پاڵنەرێک بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشخانی چینایەتی. لە ژێر ئەم سیستەمەدا، حیزبی شیوعی بەربەستەکانی دامەزراندنی بۆ چینییەکان لابرد.

دێنگ وردە وردە نەیارانی سیاسی خۆی دوورخستەوە. بە هاندانی ڕەخنەی گشتی لە شۆڕشی ڕۆشنبیری، پێگەی ئەو کەسانەی لاواز کرد کە پێگەی سیاسی خۆیان قەرزاری ئەو ڕووداوە بوون، لە هەمان کاتدا پێگەی ئەو کەسانەی وەک خۆی کە لەو ماوەیەدا پاککرابوونەوە، بەهێزتر کرد. هەروەها دێنگ پشتگیرییەکی زۆری جەماوەری وەرگرت. لە سەردەمی "بۆلوان فانژێنگ"دا، شۆڕشی ڕۆشنبیری پووچەڵکرایەوە و قوربانیانی زیاتر لە ٣ ملیۆن "کەیسی ناڕەوا، درۆ و ساختە" تا ساڵی ١٩٧٦ بە فەرمی قەرەبوو کرانەوە. 

بەرزبوونەوەی دێنگ بۆ کەسایەتی نوێی ژمارە یەک لە چین، بەو واتایە بوو کە پرسیارە مێژوویی و ئایدۆلۆژییەکانی دەوروبەری ماو تسی تۆنگ دەبوو بە شێوەیەکی دروست چارەسەر بکرێن. لەبەر ئەوەی دێنگ ئارەزووی چاکسازی قووڵی دەکرد، نەدەکرا درێژە بە سیاسەتە توندڕەوەکانی "خەباتی چینایەتی" و هەڵمەتە جەماوەرییە جەماوەرییەکانی ماو بدات. لە ساڵی ١٩٨٢ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی بەڵگەنامەیەکی بەناونیشانی لەبارەی پرسە مێژووییە جۆراوجۆرەکان لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری گەلی چینەوە بڵاوکردەوە. ماو پێگەی خۆی وەک "مارکسیستێکی گەورە، شۆڕشگێڕێکی پرۆلیتاری، میلیتاریست و جەنەڕاڵ" و دامەزرێنەر و پێشەنگی بێ جێگەی مشتومڕی وڵات و سوپای ڕزگاریخوازی گەل پاراست. بەڵگەنامەکە تێیدا هاتووە "دەبێت پێش هەڵەکانی، دەستکەوتەکانی لەبەرچاو بگیرێت". 

کاروباری نێودەوڵەتی

لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨، دوای ئەوەی وڵاتەکە سەقامگیر بوو لە دوای گێژاوی سیاسی، دێنگ سەردانی بانکۆک و کوالالامپور و سەنگاپوورەی کرد و لەگەڵ لی کوان یو سەرۆک وەزیرانی سەنگاپوورە کۆبووەوە. دێنگ زۆر سەرسام بوو بە گەشەسەندنی ئابووری و سەوزایی و خانووبەرەی سەنگاپوورە، دواتر دەیان هەزار چینی نارد بۆ سەنگاپوورە و وڵاتانی جیهان بۆ ئەوەی لە ئەزموونەکانیان فێربن و زانیارییەکانیان بۆ بگەڕێننەوە. لە بەرانبەردا لی کوان یو ئامۆژگاری دێنگی کرد کە واز لە هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستەکان بهێنێت بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. هەرچەندە سەرۆک هوا گووفێنگ بە فەرمی پۆستە باڵاکانی کۆماری گەلی قۆرخ کرد، بەڵام پێگەی ئەو بە پشتیوانییەکی کەم تادەهات قورستر بوو. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ لە کاتی پلینۆمی سێیەمی کۆنگرەی ١١ی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی چیندا، دێنگ دەسەڵاتی گشتی گرتە دەست.

لە ساڵی ١٩٧٩ـەوە چاکسازییە ئابوورییەکان مۆدێلی بازاڕیان خێراتر کرد، لە کاتێکدا سەرکردەکان قسەکردنە کۆنەکانی شێوازی کۆمۆنیستیان پاراست. سیستەمی کۆمۆنەکان وردە وردە هەڵوەشایەوە و کۆڵبەران دەستیان کرد بە ئازادی زیاتر بۆ بەڕێوەبردنی ئەو زەویانەی کە دەیانچاند و بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا بفرۆشن. لە هەمان کاتدا ئابووری چین بەڕووی بازرگانی دەرەکیدا کرایەوە. لە ڕێکەوتی یەکی کانوونی دووەمی ١٩٧٩، ئەمریکا دانی بە کۆماری گەلی چیندا نا و حکوومەتی چینی تایوانی پشتگوێ خست، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان چین و ڕۆژاواش دەستی بە گەشەکردن کرد. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٨ کۆمپانیای بۆینگ لە بواری فڕۆکەوانیدا فرۆشتنی ٧٤٧ فڕۆکەی بە هێڵە ئاسمانییە جیاوازەکانی کۆماری گەلی چین ڕاگەیاند و کۆمپانیای خواردنەوەی کۆکاکۆلا نیازی خۆیان بۆ کردنەوەی کارگەیەکی بەرهەمهێنان لە شەنگەهای ئاشکرا کرد. 

لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩دا دێنگ سەردانێکی فەرمی بۆ ئەمریکا ئەنجامدا و لە واشنتۆن چاوی بە سەرۆک جیمی کارتەر و چەند ئەندامێکی کۆنگرێس کەوت. لەم سەردانەدا، دێنگ سەردانی سەنتەری بۆشایی ئاسمانی جۆنسۆنی کرد لە شاری هیوستن، هەروەها بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکانی کۆکاکۆلا و بۆینگ لە ئەتلەنتا و سیاتڵ. بەو سەردانە بەرچاوانە، دێنگ بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە کاری لەپێشینەی ڕژێمی نوێی چین پەرەپێدانی ئابووری و تەکنەلۆژییە. هەروەها پەیوەندییەکانی چین و ژاپۆن بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بوون. دێنگ ژاپۆنی وەک نموونەی زلهێزێکی بە خێرایی پێشکەوتوو کە لە ڕووی ئابوورییەوە نموونەیەکی باشی بۆ چین دانا.

هەستانەوەی ئابووری

بە سەرۆکایەتی دێنگ شیاوپینگ چاکسازییەکان لەلایەن چاکسازیخوازانی ناو پارتی کۆمۆنیستی چینەوە لە ١٨ی کانوونی دووەمی ١٩٧٨ لە سەردەمی "بۆلوان فانژێنگ"دا دەستیپێکرد. چاکسازییەکان دوای سەرکوتکردنی سەربازی لە ساڵی ١٩٨٩ لە ناڕەزایەتییەکانی گۆڕەپانی تیانانمێن وەستان، بەڵام دوای گەشتی باشووری دێنگ شیاوپینگ لە ساڵی ١٩٩٢دا زیندووکرانەوە. لە ساڵی ٢٠١٠دا چین بە پێی بەرهەمی ناوخۆیی ناوەکی پێش ژاپۆن کەوت و دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان بوو و لە ساڵی ٢٠١٧دا بە گەورەترین ئابووریی جیهان بە پێی بەرهەمی ناوخۆیی (PPP) پێش ئەمریکای گرت. 

پێش چاکسازییەکان ئابووری چین بە خاوەندارێتی دەوڵەت و پلاندانانی ناوەندی زاڵ بوو. لە ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٧٣، بەرهەمی ناوخۆیی ڕاستەقینەی چینی بۆ هەر تاکێک بە ڕێژەی ٢.٩% لە ساڵێکدا بە تێکڕا گەشەی کردووە، هەرچەندە هەڵاوسانی گەورە لە بازدانی گەورە بۆ پێشەوە و شۆڕشی کولتوورییەوە سەرچاوەی گرت. لە ساڵی ١٩٧٠ەوە ئابووری چووە قۆناغێکی چەقبەستوو و دوای مردنی ماو تسی تۆنگ، سەرکردایەتی حیزبی شیوعی بڕیاریدا دەستبەرداری ماویزم بێت و ڕوو لە چاکسازیی ئاڕاستەی بازاڕ بکات بۆ ڕزگارکردنی ئابووریی چەقبەستوو. دەسەڵاتدارانی حیزبی شیوعی چاکسازییەکانی بازاڕیان بە دوو قۆناغ ئەنجامدا. قۆناغی یەکەم، لە کۆتاییەکانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بریتی بوو لە داماڵینی بەکۆمەڵکردنی کشتوکاڵ، کردنەوەی وڵات بەڕووی وەبەرهێنانی بیانی و مۆڵەتدان بە خاوەنکارەکان بۆ دەستپێکردنی کاروبارەکان. بەڵام ڕێژەیەکی زۆر لە پیشەسازییەکان بە خاوەندارێتی دەوڵەت مانەوە. قۆناغی دووەمی چاکسازی، لە کۆتاییەکانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا، بریتی بوو لە بە تایبەتکردن و گرێبەستکردن لە زۆرێک لە پیشەسازییە دەوڵەتییەکان. هەڵگرتنی کۆنتڕۆڵی نرخەکان لە ساڵی ١٩٨٥دا چاکسازییەکی گەورە بوو، هەر زوو هەڵگرتنی سیاسەت و ڕێسا پارێزگارییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، هەرچەندە قۆرخکارییەکانی دەوڵەت لە بەرزاییە فەرماندەییەکانی ئابووریدا وەک بانکی و نەوت هەر مانەوە.

لە ساڵی ٢٠٠١ چین پەیوەندی کرد بە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی (WTO). زۆری نەخایاند، کەرتی تایبەت گەشەیەکی سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینی و تا ساڵی ٢٠٠٥ لەسەدا ٧٠ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی چینی پێکهێنا. لە ساڵی ١٩٧٨ تا ساڵی ٢٠١٣ گەشەیەکی بێ وێنە ڕوویدا و ئابووریی ساڵانە بە ڕێژەی ٩.٥% زیادی کرد. کۆمەڵە چاکسازییە سیاسییە هاوتەریبەکان لە ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن دێنگەوە کە دەستیپێکرد، ئیلهامبەخش بوو بۆ گلاسنۆست و پێرێسترۆیکای یەکێتیی سۆڤیەتی ئەوکات، بەڵام دواجار لە ساڵی ١٩٨٩ بەهۆی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی گۆڕەپانی تیانانمێن کۆتایی هات و ئازادکردنی زیاتری سیاسی ڕاگرت. 

سەرکەوتنی سیاسەتە ئابوورییەکانی چین و شێوازی جێبەجێکردنیان بووە هۆی گۆڕانکارییەکی بێئەندازە لە کۆمەڵگەی چین لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، لەوانە کەمبوونەوەی هەژاری زۆر لە کاتێکدا داهاتی مامناوەند و نایەکسانی داهات زیادی کرد، ئەمەش بووە هۆی کاردانەوەی باش بەرانبەر بە سەرۆکایەتی چەپی نوێ. ئەم زنجیرە چاکسازییانە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چین وەک زلهێزێکی جیهانی و گۆڕینی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لە بابەتەکانی پەیوەست بە پێگەی سیاسی تایوان. بەڵام بابەتی وەک گەندەڵی و پیسبوون و پیربوونی خێرای دانیشتووان وەک خۆیان بە پرسێکی جددی مانەوە.

وازهێنان لە دەسەڵات

بە شێوەیەکی فەرمی، دێنگ بڕیاریدا لە پۆستە باڵاکان خانەنشین بێت کاتێک لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٩ دەستی لە پۆستی سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربازی ناوەندی کێشایەوە و جیانگ زێمینی جێنشینی بوو بە سەرۆکی نوێی کۆمیسیۆنی سەربازی ناوەندی و سەرۆکی باڵا. بەڵام چین هێشتا لە سەردەمی دێنگ شیاوپینگدا بوو. ئەو بەردەوام بوو لە چاودێری وڵات، هەروەها هو جینتاوی وەک جێنشینی جیانگ لە کۆنگرەی ١٤ی حیزب لە ساڵی ١٩٩٢ دەستنیشانکرد. دێنگ بە فەرمی وەک "تەلارسازێکی سەرەکی چاکسازییە ئابوورییەکانی چین و مۆدێرنیزاسیۆنی سۆسیالیستی چین" ناسێندرا. 

کۆچی دوایی

دێنگ لە ١٩ی شوباتی ١٩٩٧ کاتژمێر ٩:٠٨ی شەو بە کاتی پەکین کۆچی دوایی کرد. تەمەنی ٩٢ ساڵ بوو و هۆکاری مردنەکەی بەهۆی هەوکردنی سییەکان و نەخۆشی پارکینسۆن. خەڵک تا ڕادەیەکی زۆر ئامادەی مردنەکەی بوون، چونکە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە تەندروستی تێکدەچێت. کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی ٢٤ی شوبات، لەلایەن لی پێنگ سەرۆک وەزیران داوای لە خەڵک کرا کە بۆ ماوەی سێ خولەک بە بێدەنگی بوەستن. ئاڵاکانی میللەت بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بە نیوەیی هەڵکران. دوای پرسەکە ئەندامەکانی بەخشرایە توێژینەوەی پزیشکی و پاشماوەکانی لە گۆڕستانی شۆڕشگێڕی باباوشان سووتێنران و دواتر خۆڵەمێشەکەی لە دەریادا بڵاوکرایەوە، بەپێی خواستی خۆی. بۆ ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو میدیای دەوڵەتی چین هەواڵ و فیلمی دیکۆمێنتاریی پەیوەست بە ژیان و مردنی دێنگیان بڵاوکردەوە.

ژیانی تایبەت

هاوسەری یەکەمی دێنگ کە یەکێکە لە هاوخوێندکارەکانی خەڵکی مۆسکۆ، لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا دوای چەند ڕۆژێک لە لەدایکبوونی یەکەم منداڵی دێنگ کۆچی دوایی کرد، کە کچێکی ساوا بوو و ئەویش گیانی لەدەستدا. هاوسەری دووەمی، جین وینگ، دوای ئەوەی دێنگ لە ساڵی ١٩٣٣دا کەوتە بەر هێرشی سیاسی، جێی هێشت. هاوسەری سێیەمی بەناوی ژو لین، کچی پیشەسازییەک بوو لە شاری یونان. لە ساڵی ١٩٣٨ بوو بە ئەندامی حیزبی شیوعی، دوای ساڵێک لە بەردەم شوێنی نیشتەجێبوونی ئەشکەوتی ماو لە یانان هاوسەرگیری لەگەڵ دێنگ کرد. پێکەوە بوونەتە خاوەنی پێنج منداڵ.


سەرچاوەکان

87 بینین