ئەو ٩ کارامەییەی کە پێویستە بۆ باشترکردنی ژیانت

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-11-30-18:25:00 - کۆدی بابەت: 10501
ئەو ٩ کارامەییەی کە پێویستە بۆ باشترکردنی ژیانت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو ٩ کارامەییەی کە پێویستە بۆ باشترکردنی ژیانت (بە ئینگلیزی: The 9 Skills You Need to Improve Your Life، بە عەرەبی: ٩ مهارات تحتاجها لتحسين حياتك) بەشێوەیەكی سادە گەشەپێدانی خود بریتییە لە پرۆسەی فێربوونی شتی نوێ و بنیاتنانی کارامەیی نوێ، ئەو کارامەییانەی یارمەتیدەرمان دەبن بۆ زیادکردنی هەلی سەرکەوتنمان، گەیشتن بە ئامانجەکانمان و دەرخستنی خەونەکانمان. کاتێک کار لەسەر گەشەپێدانی خۆمان دەکەین، ئەوا باشتر دەبین لەو کارامەییە کۆمەڵایەتی و سۆزداری و کردارییانەی کە پێویستمانن بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کارە ئەنجامبدەین کە بەنیازین بیکەین. بۆیە كارەكەمان ئاسانتر دەبێت و سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دێنین. دەتەوێت ژیانت باشتر بکەیت؟ لێرەدا ئەو کارامەییانە دەخەینەڕوو کە پێویستت پێیانە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ دەست بە گەشەپێدانی خۆت بکەیت.

دکتۆر (تچیکی دەیڤس) نووسەر و ڕاوێژکار، دەڵێت خولیایەكی زۆرم بۆ گەشەپێدانی خود هەیە، چونکە ئەو کاریگەرییەم بینیوە کە گەشەپێدانی خود هەیەتی. لە ڕاستییدا تەنها ١٠ ساڵ لەمەوبەر، هیچ پەیوەندییەکم نەبوو، پارەم نەبوو، کارم دەكرد بە مووچەیەكی كەم. دوای ١٠ ساڵ دکتۆرام هەیە لە زانكۆی بێرکلی، نووسەری کتێبێکم لەسەر چۆنیەتی بەدەستهێنانی بەختەوەری لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا و بەرنامەم هەیە لەسەر چۆنیەتی دەستپێکردنی کارێکی تایبەت بە خۆت، چۆن فشار لەناوبەریت و چۆن بەختەوەری کەسی خۆت زیاد بکەیت. چۆن کردم؟ فێری گەشەپێدانی خود بوو، کەواتە گرنگترین کارامەییەکانی گەشەپێدانی کەسی كامانەن؟ لێرەدا ئەو ٩ لێهاتووییە دەخەینەڕوو کە پێویستن بۆ هەر پلانێکی پەرەپێدانی خۆت.

٩ کارامەیی بۆ باشترکردنی ژیانت

١. پەرەدان بە بیرکردنەوەیەكی گەشەکردوو

ئەگەر بیرکردنەوەیەکی جێگیرمان هەبێت، لەوانەیە خۆمان لە تەحەددیاتەکان بەدوور بگرین، چونکە نامانەوێت لەبەردەم ئەوانی تردا هەست بە شەرمەزاری یان زەلیلبوون بکەین. بەڵام دەكرێت ئەمە ببێتە هۆی کێشە، چونکە ترسمان لە هەڵەکردن دەكرێت ببێتە هۆی ئەوەی کە خۆمان لە تەحەددیات و ئەزموونی نوێ بەدوور بگرین، ئەزموونێک کە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ گەشەکردن، باشترکردنی خۆمان و دروستکردنی ئەو ژیانەی کە ئارەزووی دەکەین.

ئەگەر ئێمە بیرکردنەوەی گەشەکردنمان هەبێت، چێژ لە تەحەددیاتەکان وەردەگرین، سەرەڕای مەترسییەکان، بە زۆری لەبەر ئەوەیە كە فێربوون و گەشەکردن زیاتر بەنرخە لامان لەچاو ئەوانی تردا. هەر بۆیە ئەوانەی بیرکردنەوەی گەشەکردنیان هەیە زۆرجار بە ئاسانی کارامەیی نوێ دروست دەکەن چونکە باوەڕیان وایە دەتوانن و بۆیە بەڕاستی کاری لەسەری دەکەن.

٢. تواناكانی خۆت گەشە پێبدە بە بیرکردنەوە وەك  خاوەنکارێک 

هەموو کەسێک دەتوانێت سوودمەند بێت لە فێربوونی چۆنیەتی بیرکردنەوە وەک خاوەنکارێک، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئێمە کارێکی تایبەت بە خۆمانمان هەیە یان نا. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی خاوەنکارەکان دەبێت داهێنەر بن، باش بن لە پلاندانان بۆ هەموو دەرئەنجامە ئەگەرییەکان و لێهاتوو بن لە هاندانی کەسانی تر بۆ بەدەستهێنانی دیدگا یان خەونەکانیان، ئەوان دەتوانن خۆیان بگونجێنن و گەشەبكەن لە هەموو جۆرە بارودۆخێکدا. بەزانینی ئەوەی چۆن ببیت بە خاوەنكارێك، تۆ فێردەبیت چۆن ئامانجەکانت بەدەست بهێنیت، جا ئەو ئامانجانە دەستپێکردنی کارێک بێت کە کاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر جیهان هەبێت، خۆت ئامادەبكەیت بۆ خانەنشینی پێشوەختە، یان سەرکەوتن بێت بەسەر چیای ئێڤێرێستدا.

٣. خۆت ئارام بکەرەوە و فشارەكانت لەناوبەرە

ئاستی بەرزی فشار تەنها بۆ تەندروستیمان خراپ نییە، بەڵکوو دەتوانێت ڕێگریمان لێبکات لە بەدواداچوون و بەدیهێنانی ئامانجەکانمان. بەفێربوونی هەندێک ستراتیژی کەمکردنەوەی فشار، جەستە و دەروونت زیاتر بەهێز دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەددایانەی کە دەبێت بە ناچاری ڕووبەڕووی ببیتەوە.

٤. ئەرێنی بوون

ژیان هەندێک جار سەختە. هەموومان هەوراز و نشێو ئەزموون دەکەین. بەڵام هەموومان بە یەک شێوە وەڵامی ئەم هەوراز و نشێوانە نادەینەوە. هەندێک کەس رێگە دەدەن کاتە سەختەکان شکستیان پێبهێنێت. بەڵام ئەو کەسانەی کە بە ئەرێنی بیردەكەنەوە شتەکان ئەوەندە بە قورسی وەرناگرن. هەر بۆیە پەرەدان بە ئەرێنی بوونی خۆت زۆر گرنگە. ئەگەر بتوانی تەنها کەمێک ئەرێنیتر بیربكەیتەوە، ئەو کات، كاتە سەختەكان ئەوەندە خراپ دەرناکەون.

٥. پەرەدان بە پەیوەندییەكی تەندروستتر لەگەڵ مۆبایلەكەت   

زۆر کەس تەنها دەچنە ناو مۆبایل یان ئامێرەكانی تریان و ڕێگە بەم شتانە دەدەن دەست بەسەر کات و مێشك و تەنانەت هەستەکانیاندا بگرێت. هیچ سەیر نییە زۆر سەخت بێت بۆمان کارامەیی نوێ دروست بكەین لەم ڕۆژانەدا کە سەرنجێكی زۆرمان لەسەر تەکنەلۆژیایە. هەر بۆیە زۆر گرنگە زیرەكتربیت لە مۆبایلە زیرەکەکەت بۆ ئەوەی فێر بیت چۆن تەکنەلۆژیا بەکاربهێنیت بەشێوەیەک کە باش بێت بۆت لەبری ئەوەی خراپ بێت.

٦. پەرە بە خۆت بدە بۆ ئەوەی زیاتر خۆڕاگر بیت

خۆڕاگری ئەو لێهاتووییە زۆر گرنگەیە کە یارمەتیت دەدات بەخێرایی هەستیتەوە دوای ئەوەی کەوتیت. ئەمە یەکێکە لە گرنگترین کارامەییەکان بۆ سەرکەوتن چونکە هیچ کام لە ئێمە هەرگیز هیچ شتێك بەدەست ناهێنین، ئەگەر بەردەوام نەبین لە هەوڵدان کاتێک كە شکست دەهێنین. بۆیە کارامەیی خۆڕاگری دروست بکە.

٧. تەركیز بخەرەسەر ساتی ئێستا

کاتێک ئێمە تەركیز دەكەین و لە ساتەوەختی ئێستادا دەژین، ئەوا ئێمە هەر ڕۆژێک و وەک خۆی وەردەگرین. هەرچەندە ئامانجێک یان خەونێکمان هەبێت کە هەوڵی بۆ بدەین ئەوا دەتوانین باشتر چێژ لە پرۆسەکە وەربگرین و چێژ لە بەشە سادە و سەرسوڕهێنەرەكانی زیندووبوون و ژیانی ئێستا وەربگرین.

٨. گرنگی بە تەندروستی خۆت بدە

دکتۆر تچیکی دەیڤس دەڵێت هەڵەیەكی گەورەکەم کرد کە بە ڕادەی پێویست گرنگیم بە تەندروستی دەروونی و جەستەییم نەدا و لە ئەنجامدا تووشی نەخۆشی كەڕوو و مشەخۆر و زیادەڕۆیی بەکتریاکانی ڕیخۆڵە باریکە بووم. ساڵێکی ژیانی منی برد. بەڕوونی ئەمە منی لەو جێگەیە دوورخستەوە کە دەمویست لێی بم. بۆیە ئاگاداری تەندروستی خۆتبە، سەرەتا بە باشترکردنی تەندروستی ڕیخۆڵەکانت و سنووردارکردنی بەرکەوتنت بە ژەهرەکان دەست پێبکە و لەوێوە بەردەوامبە.

٩. بەردەوام بە لە گەشەپێدانی خۆت بە شێوازی نوێ

زانستەکە ڕوونە، تاکوو ڕێگاكانی پەرەبەخۆدان زیاتر بكەین، کۆمەڵە کارامەییەکانمان فراوانتر دەبن و سەرکەوتنمان زیاتر دەبێت. بۆیە هەوڵبدە فێری چەند کارامەیییەکی نوێ بیت یان هەندێک چالاکی تاقیبکەرەوە بۆ بنیاتنانی ئەم کارامەیییانە. لەوانەیە شتێک فێر بیت کە هەموو ژیانت بگۆڕێت.


سەرچاوەکان



801 بینین