بێڵفێست

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-01-15:30:00 - کۆدی بابەت: 10509
بێڵفێست

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بێڵفێست (بە ئینگلیزی: Belfast، بە عەرەبی: بلفاست، بە ئێرلەندی: Béal Feirste)، پایتەخت و گەورەترین شاری ئێرلەندای باکوور، لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری لاگان. ١٢هەمین گەورەترین شاری شانشینی یەکگرتوو و دووەم گەورەترین شاری ئێرلەندایە. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی ٣٤٣٫٥٤٢ کەس بوو.

گرنگی شارەکه

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە، بێڵفێست بەندەرێکی سەرەکییە و ڕۆڵێکی گرنگی لە شۆڕشی پیشەسازی لە ئێرلەندادا هەبووە، بە کورتی بوو بە گەورەترین بەرهەمهێنەری کەتان لە جیهاندا و نازناوی "لینینۆپۆلیس"ی بەدەستهێنا. بێڵفێست هێشتا بەندەرێکە کە کاری بازرگانی و پیشەسازی تێدا ئەنجام دەدرێت و دوو فڕۆکەخانەی لێیە ئەوانیش، فڕۆکەخانەی جۆرج بێستی شاری بێڵفێست کە پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەوە دوورە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بێڵفێست ٢٤ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شارەکەوە دوورە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەلایەن جیهانگەری و تۆڕی توێژینەوەی شارەکانی جیهان (GAWC)ـەوه بە شارێکی جیهانی گاما ناسرا.

لەڕووی وشەزانییەوە

ناوی بێڵفێست شێواندنی وشە گەلیکەکانی (Beal Feirste)ـە و بەرامبەر (mouth of the sandy ford)ـی ئینگلیزییە، کە بە واتای ڕێژەگەی تەنکاوە لماوییەکە دێت.

دانیشتووان

بێڵفێست پایتەختی کارگێڕی و گەورەترین شاری دوورگەی باکوورە. بێڵفێست دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکەیەتی و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠١٤ـدا بە ٢٩٥٫٠٠٠ کەس مەزەندەکرا.

چڕیی دانیشتووان

لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ٢٩٥٫٠٠٠ کەسە، بەڵام ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی گەورەشاری بێڵفێست ٥٨٥٫٠٠٠ کەسە. ئەمەش وای لێ دەکات ببێتە ١٥هەمین گەورەترین شار لە بەریتانیا. چڕی دانیشتووانی بێڵفێست زۆر لە چڕی دانیشتووانی باکووری ئیرلەندا زیاترە، بەگشتی چڕی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٢٫٥٠٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا. هەروەها ڕووبەری ناوچەکەی نزیکەی ١١٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

نزیکەی ٨٠ ساڵە ژمارەیەکی زۆر کۆمەڵگەی کەمینە لەم شارەدا دەژین. گەورەترین گرووپی نەتەوە کەمینەکان لە بێڵفێست گەشتیارە چینی و ئێرلەندییەکانن. بێجگە لەوەش زۆرێک لە کۆچبەرانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ گەورەبوونی یەکێتی ئەورووپا ڕوویان لە شارەکە کردووە. هەروەها زیاتر لە ٢٪ـی دانیشتووان سەر بە نەتەوەیەکی کەمینەیە و زیاتر لە ٥٠٪ـیان لە باشووری بێڵفێست دەژین.

ئایین

لە ڕاپۆرتێکی مانگی نیسانی ٢٠١٤ـدا هاتووە کە ژمارەی کاسۆلیکەکان لە بێڵفێست زیاترە لە پرۆتستانتەکان. دانیشتووانی کاسۆلیکی زیاتر گەنجترن، ژمارەیان زیادی کردووە و ٤٩٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، لە کاتێکدا دانیشتووانی پرۆتستانتەکان بەتەمەنترن، ژمارەیان کەمی کردووە و ٤٢٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

گەشەی دانیشتووانی بێڵفێست

بێڵفێست لە کۆتایی ساڵانی ١٨٨٠کان تا سەرەتای سەدەی بیستەم گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە نێوان ساڵانی ١٨٣١ و ١٨٥١ـدا دوو هێندە بوو، هۆکاری ئەم گەشەسەندنەش کۆچی خەڵکی ناوچەکانی تر بوو بۆ شارەکه، بەهۆی بوونی پیشەسازی، کار لە کارگەکان، کەشتیگە و کاری ئەندازیارییەوە خەڵکی ڕوویان لە شارەکە دەکرد. هەروەها بێڵفێست لەم ساڵانەی دواییدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٠١ـدا ٢٧٦٫٠٠٠ کەس بوو، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٤ـدا بەرزبوویەوە بۆ ٢٩٥٫٠٠٠ کەس. ژمارەی دانیشتووانی ئێرلەندای باکوور لە ساڵی ٢٠١٢ـدا گەیشتە نزیکەی ١٫٨ ملیۆن کەس. دەوترێت کە دەبێت بێڵفێست لانیکەم ژمارەی دانیشتووانەکەی بگەیەنێتە دوو هێندە و بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانێت سوود لە دەرفەتەکانی گەشتیاری، تەکنەلۆجیا و وزە وەربگرێت، چونکە یەکێکە لەو شارە کەمانەی دوورگەی ئێرلەندا کە لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمترە بە بەراورد بە ١٧٠ ساڵ لەمەوپێش.

مێژووی شارەکە

بێڵفێست لە سەدەی ١٧ـدا

مێژووی شاری بێڵفێست دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی ١٧، شارۆچکەی بێڵفێست لە دوای ساڵی ١٦٠٩ گەورە بوو کاتێک شا جەیمس بە نیشتەجێکردنی ئینگلیز و سکۆتلەندییەکان لە ئۆڵستەر دەستی بە سیاسەتی خۆی کرد. سێر ئارسەر چیچێستەر زەوییەکی لە ئۆڵستەر پێبەخشرا لەنێویاندا قەڵای بێڵفێست، کە لە ساڵی ١٦١١دا دروستی کردبوو، هەر زوو شارۆچکەیەکی بچووک لە سێبەری خۆیدا گەورە بوو.

لە سەرەتای سەدەی ١٧ـدا بێڵفێست شارۆچکەیەکی بچووک بوو کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی هەزار کەس بوو، سەرەڕای ئەوەش شارۆچکەیەکی سەرقاڵ بوو. خوری، پێستە و دانەوێڵە و کەرە و گۆشتی سوێرکراو لە بێڵفێستەوە بۆ ئینگلتەرا، سکۆتلەندا و فەڕەنسا هەناردە دەکران. هەروەها شەراب و میوە لە فەڕەنسا و ئیسپانیاوە هاوردەی بێڵفێست دەکران. دواتر بێڵفێست بازرگانی لەگەڵ کۆلۆنییەکانی ئەمریکای باکووردا دەکرد. تووتن لەوێوە هاوردە دەکرا. شەکر لە دوورگەکانی هێندی ڕۆژاواوە هاوردە دەکرا و لە بێڵفێست پاڵاوتە دەکرا. پیشەسازییەکانی تری شارۆچکەکە لەم سەدەیەدا بریتیبوون لە دروستکردنی بیرە، دەزوو و چارۆکە. لە کۆتایی سەدەی ١٧ـدا ڕەنگە ژمارەی دانیشتووانی بێڵفێست نزیکەی ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ کەس بووبێت. یەکەم پرد بەسەر ڕووباری لاگاندا لە دوای ساڵی ١٦٨٢ـەوە دروستکرا.

بێڵفێست لە سەدەکانی ١٨ و ١٩ـدا

قەڵای بێڵفێست لە ساڵی ١٧٠٨دا سووتا، بەڵام لە سەدەی ١٨دا بێڵفێست بەخێرایی گەشەی کرد. ژمارەی دانیشتووانی بێڵفێست لە ساڵی ١٧٠٠ـدا تەنها نزیکەی ٢٫٥٠٠ کەس بوو، بەڵام لە ساڵی ١٧٨٠ـدا بۆ نزیکەی ١٣٫٠٠٠ کەس گەشەی کرد. لەلایەکی دیکەوە بێڵفێست یەکەم ڕۆژنامەی خۆی لە ساڵی ١٧٣٧ بڵاوکردەوە. لە ماوەی سەدەی ١٨ـدا، بڕی کەتانی هەناردەکراو لە بێڵفێستەوە زیادبوونی بەخۆیەوە بینی. هەروەها کەشتیسازی لەم شارۆچکەدا لە ساڵی ١٧٩١ـدا دەستی پێکرد.

بێڵفێست لە سەدەی نۆزدەهەمدا بەردەوام بوو لە گەشەکردن و لە ساڵی ١٨٨٨دا کرا بە شار، لە هەمان کاتدا لە ساڵی ١٨٠٠ شەقامەکانی بێڵفێست قیرتاوکران و دامەزراوەی ئەکادیمی شاهانە لە ساڵی ١٨١٠ دروستکرا، یەکەم نەخۆشخانەی بێڵفێست لە ساڵی ١٨١٥ دروستکرا. هەروەها لە ساڵی ١٨١٩ـدا کڵێسای سەینت جۆرج بنیادنرا، پردی کوینز لە ساڵی ١٨٤٣ دروستکرا و زانکۆی کوینز لە ساڵی ١٨٤٥ دامەزرا. بەڵام وەکوو هەموو شارەکانی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، شەقامەکانی بێڵفێست پیس و خانووەکانی قەرەباڵغ بوون. لاگان وەک ئاوەڕۆ بەکار دەهات و نەخۆشییەکانی گرانەتا و کۆلێرا لە ناوچەکەدا بڵاوبوونەوە.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا بارودۆخی بێڵفێست باشتر بوو و لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٨٨٠ و سەرەتای ١٨٩٠کان، ئەنجومەنی بێڵفێست تۆڕێکی ئاوەڕۆی دروستکرد. هەروەها پیشەسازی کەشتیسازی و بەندەری بێڵفێست گەشەی تەواویان بەخۆیانەوە بینی. لەگەڵ ئەوەشدا بەدرێژایی سەدەی نۆزدە پیشەسازی دروستکردنی پەت بووژایەوە، بەڵام پیشەسازی کەتان کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی کردبوو. سەرەڕای ئەوەش پیشەسازی لۆکە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا بەتوندی پووکایەوە. هەر لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا چەندین داڕێژگە لە بێڵفێست هەبوون. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا پیشەسازییەکی گەورەی ئەندازیاری گەشەی سەند و پیشەسازییەکی دروستکردنی ویسکی و پیشەسازییەکی تووتن لە بێڵفێستدا هەبوو.

بێڵفێست لە سەدەکانی ٢٠ و ٢١ـدا

لە ساڵی ١٩٠١ـدا ژمارەی دانیشتووانی بێڵفێست ٣٤٩٫٠٠٠ کەس بوو و ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی ١٩٣٩ـدا بۆ ٤٣٨٫٠٠٠ کەس بەرزبووەوە. هەروەها لە ساڵی ١٩٢٠ـدا بێڵفێست کرا بە پایتەختی ئێرلەندای باکوور. فڕۆکەخانەی بێڵفێست لە ساڵی ١٩٣٣ـدا دروستکرا. لە ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا، پیشەسازییە نەریتییەکان و بەندەرەکە بەردەوام بوون لە گەشەکردن. لە ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠ـەکاندا گرفتی بێکاری لەنێو دانیشتووانی بێڵفێستدا سەری هەڵدا، بەڵام لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا کەشتیسازی و ئەندازیاری بووژانەوە. ئەم پیشەسازییە سەرەکییانەش وای لە بێڵفێست کرد ببێت بە ئامانجێک بۆ بۆردومانی ئەڵمانیا و شارەکە لە کاتی هێرش و بۆردومانەکەدا زیانێکی زۆری بەرکەوت. سێ هێرش کرایە سەر بێڵفێست، لە ٧ـی نیسانی ١٩٤١، ١٥-١٦ـی نیسانی ١٩٤١ و ٤ـی ئایاری ١٩٤١. بەگشتی ٩٥٥ کەس کوژران، نزیکەی ٣٫٢٠٠ خانوو وێرانکران و زیانێکی زۆر بە پیشەسازی بێڵفێست کەوت.

لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا جارێکی دیکە لە بێڵفێستدا کێشەی بێکاری سەری هەڵدایەوە. پیشەسازییە کۆنەکانی کەتان، ئەندازیاری و کەشتیسازی پووکانەوە و زۆرێک لە کرێکاران لە کارەکانیان دوورخرانەوە. سەرەڕای ئەوەش، پیشەسازییە خزمەتگوزارییەکانی وەک پەروەردە، حکوومەتی ناوخۆیی و پیشەسازی وردە بەخێرایی گەشەیان کرد. لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا پیشەسازییەکی گەشەسەندوو لە بێڵفێست فڕۆکەی دروست دەکرد. پاشان بێڵفێست وردەوردە گەشەی سەند و بینای نوێ لە شارەکەدا دروستکران. لە سەرەتای سەدەی ٢١ـدا بێڵفێست شارێکی گەشەسەندوو بوو. ئەم شارە لە ئێستادا یەکێکە لە شارە گەورەکانی وڵاتەکەی و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا بە ٦۳٨٫٧١٧ کەس خەمڵێندرا.

کەشوهەوا

بێڵفێست کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان تاڕادەیەک سارد و باراناوییە و لە مانگەکانی وەرزی هاوینیشدا کەشی شارەکە مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت.

زستانی بێڵفێست لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا تاڕادەیەک ساردە، پلەکانی گەرما زۆر نزم نین، بەڵام دەشێت ڕەشەبا و ڕێژەی شێ کەشی شارەکە سارد بکەن. هەروەها زۆرجار ئاسمانی شار هەوراوییە، با هەڵدەکات و ڕێژەی دابارین بەرزە. بەدەگمەن بەفر دەبارێت. پلەکانی گەرما بەدەگمەن بۆ خوار ٥- پلەی سەدی دادەبەزن، بەڵام دەشێت هەندێک کات بۆ نزمتر لەو پلەیەش دابەزن. تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە کانوونی دووەمە ٥٫٤ پلەی سەدییە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ١٥- پلەی سەدی بوو کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ـدا تۆمارکرا.

بەهاری بێڵفێست لە مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئایار دەخایەنێت، پلەکانی گەرما لەم وەرزەدا بە هێواشی بەرز دەبنەوە. بەڵام لە مانگی ئایاردا هێشتا کەشی شارەکە ساردە.

وەرزی هاوین لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات تا مانگی ئاب دەخایەنێت. کەشی شارەکە لەم وەرزەدا فێنک و باراناوییە، ڕۆژە گەرمەکان دەگمەنن، ڕەنگە پلەی گەرمی نەگاتە ٢٥ پلەی سەدی، بەڵام هەندێک جار بۆ بەرزتر لەو پلەیە بەرز دەبێتەوە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە تەممووزی ٢٠٢١ـدا ٢٩٫٧ پلەی سەدی بوو.

وەرزی پاییز لە مانگی ئەیلولەوە دەست پێ دەکات تا تشرینی دووەم دەخایەنێت، ئاسمانی شار هەوراوییە و کەشی شارەکە لەم وەرزەدا باراناوییە، لەگەڵ هەر هەفتەیەک تێدەپەڕێت کەشی شارەکە ساردتر دەبێت.

ساڵانە ٩٤٠ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگەکانی شوبات، نیسان، ئایار و تەممووزە ٦٥ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمە ٩٥ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٫٢٨٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری بێڵفێست وەرزی هاوینە، لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئاب، چونکە مامناوەندترین وەرزی ساڵە. هەروەها پلەکانی گەرما بەگشتی بۆ چالاکییەکانی دەرەوە خۆشن.

شوێنە گەشتیارییەکانی

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:

  1. مێژوویی دەریایی لە تایتانیک بێڵفێست
  2. مۆزەخانەی ئۆڵستەر
  3. دام و دەزگای شارەوانی بێڵفێست
  4. كاتێدراڵی سەینت ئانا
  5. باخچە ڕووەکییەکان
  6. خانەی ئۆپەرای گەورە
  7. قەڵای بێڵفێست
  8. باخچەی ئاژەڵانی بێڵفێست
  9. بیناکانی پەرلەمان
  10. بازاڕی سەینت جۆرج


سەرچاوەکان

47 بینین