چۆن بڕیاری ڕاست بدەم؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-02-18:56:00 - کۆدی بابەت: 10518
چۆن بڕیاری ڕاست بدەم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن بڕیاری ڕاست بدەم؟ (بە عەرەبی: كيف أتخذ القرار الصحيح؟، بە ئینگلیزی: How do I make the right decision) بڕیارەکان، بەشێکن لە ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەمان بڕیاری وەکوو ئەوەی کە کام خواردن لە مینۆی چێشتخانەیەک هەڵدەبژێریت، یان ئۆتۆمبێلەکەت لەکوێ ڕادەگریت. هەروەها بڕیاری گەورەتریش لە ژیاندا بوونیان هەیە، وەکوو بڕیاردانی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات یان داواکاری بۆ کارێکی نوێ، زۆربەی کەسە پێگەیشتووەکان، تووشبووی ADHD، واتە وا هەست دەکەن کە بڕیاردەرێکی باش نین، ئەمەش دەکرێت لەبەر ئەو هۆکارە بێت کە ئەوان متمانەبەخۆبوونی خۆیان لەدەست داوە و دووچاری ترس و دڵەڕاوکێ بوون، یان دەکرێت هۆکارەکەی ئەوە بێت کە ئەوان لەڕابردوودا ئەزموونیان لە بڕیاردانی هەڵەدا هەبووە، کە دواتر لە بڕیارەکەیان پەشیمان بوونەتەوە، یان هەردوو هۆکارەکە پێکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک کە ئێوە متمانە بەخۆتان دەکەن و لەکاتی خۆیدا بڕیار دەدەن، هەست بە خۆشحاڵی دەکەن، چونکە توانیوتانە کۆنتڕۆڵی ژیانی خۆتان بگرنە دەست.

چۆن بڕیاری ڕاست بدەم؟

  1. ئەگەر بڕیارێکی هەڵەت دا کێشە نییە: زۆربەی کەسانی تووشبووی ADHD نیگەرانی بڕیارە  هەڵەکانن. بوون بە بڕیاردەرێک کە متمانەی بە خۆیەتی، پێویستی بە گۆڕانی دەروونی هەیە، سەیری ڕابردوو و بڕیارە هەڵەکانت مەکە بەڵکوو با وەکوو شۆفێری فڕۆکە هەمیشە نیگات بۆ پێشەوە بێت و ڕوانینێکی دروستت هەبێت. 
  2. بڕیارەکانی خۆت بنووسەوە و هەڵیان بگرە: بۆ بەدەستهێنانی متمانەبەخۆبوون لە بڕیارداندا، هەموو ئەو بڕیارانەی کە دەیاندەیت بیاننووسە، بە تێپەڕبوونی کات دەبینیت کە زۆر بڕیاری باشت داوە و ئەمەش یامەتیت دەدات کە دیدگایەکی جێگیرت هەبێت، لەکاتی خۆیدا متمانەی پێویستت پێدەدات بۆ بڕیاردانی زیاتر. هەروەها یارمەتیت دەدات کە بتوانیت بەتەواوی بەسەر بڕیارەکەتاندا زاڵ بیت و کۆنتڕۆڵیان بکەیت.
  3. دانانی کاتێکی دیاریکراو بۆ بڕیاردان: بڕیاردان پێویستی بە کەمێک کات، وزە و سەرنجی ورد هەیە، زۆربەی کەسانی توشبووی ADHD ، لە دەستپێکی ڕۆژەکەوە کە کاتژمێرەکەیان زەنگ لێدەدات تاکوو کاتی خەوتن زۆر سەرقاڵن، بڕیاردانی گەورە لەکاتی سەرقاڵیدا نادرێت، ئەگەر دەتەوێت بڕیارێکی گەورە بدەیت، کاتێک بۆ خۆت دابنێ و بڕیارەکەت بنوسنەوە، پاشان لەو کاتەی کە دیاریت کردووە، مۆبایل و لاپتۆپەکەت بکوژێننەوە و سەرنجت بخە سەر بڕیارەکەت. 
  4. لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکان: لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بڕیارەکەت بکە بە لیستێک و هەرچەند لەتواناتدایە بینووسە، تەنانەت ئەگەر هەندێکیان وا دەربکەون کە دوورن لە عەقڵەوە بیاننووسە.
  5. لێکۆڵینەوە بکە: ئەگەر پێت وایە کە بڕیاردان بۆت کارێکی قورسە، لەوانەیە هێشتا زانیارییەکانت بۆ بڕیاردانێکی ئاگایانە بەس نەبێت، لەم بارودۆخەدا بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و گەڕانی ئۆنلاین، قسەکردن لەگەڵ کەسانی شارەزا، زانیاری زیاتر کۆبکەوە.  
  6. ئامانجەکانت: ئامانجە نزیک و دوورەکانت لەیاد بێت، تەنانەت ئەگەر بڕیارێکی قورس بێت، بەپێی ئامانجەکانت بیری لێبکەرەوە.
  7. گوێت لە بڕیارەکەی خۆت بێت: لەگەڵ هاوڕێیەک یان ئەندامێکی خێزانەکەت باسی سوود و زیانەکانی بڕیارکەت بکە، لەبەرئەوە نا کە تۆ دەتەوێت ئەوان بڕیارت بۆ بدەن، بەڵکوو چونکە کاتێک هەڵبژارنەکانت بۆ کەسێکی تر باس دەکەیت، ئەمە یارمەتیت دەدات کە بتوانیت لە مێشکی خۆتدا ڕێکیانبخەیت، کاتێک کە تەواوی خاڵەکانی خۆت ڕوون کردۆتەوە، واتا تۆ گەیشتوویت بە ئەنجامی دڵخوازی خۆت.
  8. ڕاهێنان: هەرچەندە زیاتر بڕیار بدەیت، کارەکە ئاسانتر دەبێت بۆت، لە بڕیارە سادە و ئاسانەکانەوە دەست پێبکە و وردە وردە قورسییەکەی زیاتر بکە. 

بەهێزکردنی لێهاتوویی بڕیاردان

بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم لێهاتووییە لە خۆتدا و بەهەمیشەییکردنی، ئەم ڕاهێنانانە ئەنجام بدە:

  •  ڕابردوو و ئەزموونی بڕیارە هەڵەکانتان لەیاد بکە.
  • متمانەت بەخۆت هەبێت و بیرکردنەوە نەرێنییەکان لە خۆت دوور بخەرەوە.
  • بڕیارە گرنگ و ناگرنگەکانی خۆت لە شوێنێک بنووسە، بۆئەوەی بمێننەوە.
  • لەو کاتانەدا کە ماندوویت، چ لە لایەنی دەروونی یا جەستەیی، بڕیار مەدە.
  • گەڕان و لێکۆڵینەوە دەربارەی ڕێگاچارەکان و ڕێگا جیاوازەکان لەیاد مەکە.
  • پێداچوونەوەی ئامانجەکانت یارمەتیت دەدات بۆ بڕیاردانێکی گرنگ و کاریگەر، کەواتە بە ئامانجەکانتدا بچۆرەوە.
  • زیادکردنی زانیاری گشتی و زیادکردنی ئازایەتی لە بڕیارداندا.


سەرچاوەکان



622 بینین