هۆکاری دابەزینی سوورەتی المجادلة

له‌لایه‌ن: - پەرژین عومەر پەرژین عومەر - به‌روار: 2022-12-02-20:43:00 - کۆدی بابەت: 10523
هۆکاری دابەزینی سوورەتی المجادلة

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هۆکاری دابەزینی سوورەتی (المجادلة) (بە عەرەبی: سبب نزول سورة المجادلة، بە ئینگلیزی: The reason for the descent of Surat mujadila)، سوورەتی (المجادلة) (واتە: وتووێژ) سوورەتێكى مەدەنيیە، ژمارەى ئایەتەكانى ٢٢ـە، زنجیرەى پەنجاو هەشتەمە لە ریزبەندى لەناو سوورەتەكانى قورئانى پیرۆزدا، لە دواى سوورەتى (المنافقون) دابەزیوە.

هۆکارەکانی دابەزینی سوورەتی المجادلة

ژمارەیەک ئایەتی سوورەتی (المجادلة) هۆکاری دابەزینی هەیە (واتە: بەهۆی هۆکارێکەوە خودای گەورە بۆ سەر پێغەمبەری ﷺ دایبەزاندووە) لەوانەش:

١- هۆکاری دابەزینی ئایەتی قَدْ سَمِعَ اللَّهُ قَوْلَ الَّتِي تُجَادِلُكَ فِي زَوْجِهَا وَتَشْتَكِي إِلَى اللَّهِ وَاللَّهُ يَسْمَعُ تَحَاوُرَكُمَا، واتە: بەڕاستی خوا بیستی وتەی ئەو ژنەی کە له‌ بارەی مێردەکەیەوە گفتوگۆی لەگه‌ڵ ئەکردی و سکاڵای خۆی بۆ لای خوا ئەبرد و‌ خوا گوێی له‌ وتووێژی هەردووکتان بوو بەڕاستی خوا بیسەری بینایە‌.

ئەم ئایەتە لەگەڵ سێ ئایەتی دواتری ئەم سوورەتە لەسەر خەولەی کچی سەعلەبە و هاوسەرەکەی ئەوسی کوڕی سامیت دابەزیوە، کاتێک خەولە هات بۆ خزمەتی پێغەمبەری خودا ﷺ گلەیی لە هاوسەرەکەی کرد وتى: ئەى پێغەمبەری خوا ﷺ ماڵەكەى خواردم و گەنجى نەهێشتم و ئێستا پیر بووم و منداڵم نابێت پێى وتووم تۆ وەكوو دایكم وایت (ظيهاری) لێ کردووم (ظيهار) لە سەردەمی نەفامیدا لە جێگەی جیابوونەوە (طلاق) بووە بە ژنی خۆیان دەوت تۆ وەک دایکمی یان خوشک یان منداڵمی بەڵام دواتر خودا حوکمەکەی گۆڕی کەفالەتی بۆ مسوڵمانان دانا، خواى گەورە ئەم چەند ئایەتەى دابەزاند کە بەرپەرچی زیهار دەداتەوە و کەفالەتەکەی ڕوون کردووەتەوە کە بریتیە لە ڕزگارکردنی کۆیلەیەک ئەگەريش کۆیلەی نەبوو ئەبێت دوو مانگ لەسەر یەک بە ڕۆژوو ببێت وەک ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان ئەگەریش نەیتوانی دوو مانگ لەسەر یەک بەڕۆژوو بێت ئەبێت خواردنی شەست هەژار بدات.

٢- أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ نُهُوا عَنِ النَّجْوَىٰ ثُمَّ يَعُودُونَ لِمَا نُهُوا عَنْهُ وَيَتَنَاجَوْنَ بِالْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ وَمَعْصِيَتِ الرَّسُولِ وَإِذَا جَاءُوكَ حَيَّوْكَ بِمَا لَمْ يُحَيِّكَ بِهِ اللَّهُ وَيَقُولُونَ فِي أَنفُسِهِمْ لَوْلَا يُعَذِّبُنَا اللَّهُ بِمَا نَقُولُ ۚ حَسْبُهُمْ جَهَنَّمُ يَصْلَوْنَهَا ۖ فَبِئْسَ الْمَصِيرُ، واتە: ئایا سەرنجت نەداوە به‌لای ئه‌وانه‌ی که‌ قەده‌غەکران له‌ چپە پاشان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی لێیان قەدەغە کرابوو و لەگەڵ یەکتریدا بە چپە ئەدوێن دەربارەی تاوان و دەستدرێژی و بێ فەرمانی پێغەمبەر و کاتێ بێن بۆ لات سه‌لامت لێ دەکەن بەشێوەیەك کە خوا بەو جۆرە سەلامی لێ نەکردوویت و له‌دڵی خۆیاندا دەڵێن بۆچی خوا سزامان نادات بەهۆی ئەو قسانه‌ی که‌ پێی دەڵێن دۆزەخیان به‌سە که‌ دەچنە ناویەوە کە جێگایه‌کی زۆر خراپە، ئەم ئایەتە بۆ سەر جوولەکەکانی مەدینە دابەزیوە کاتێک هاتن بۆ لای پێغەمبەری خودا ﷺ سڵاویان لێکرد وتیان (السام عليك) لە جێی ئەوەی بڵێن (السلام عليك) لە ناو خۆیانا ئەیان وت ئەگەر بەڕاستی پێغەمبەرە بۆچی خودا لەسەر ئەو قسانەی کە پێی دەڵێین سزامان نادات پێغەمبەری خوداش وەڵامی دانەوە فەرمووی لە ئێوەش، (السام) (واتە: مردن).

٣- هۆکاری دابەزینی ئایەتی أَأَشْفَقْتُمْ أَن تُقَدِّمُوا بَيْنَ يَدَيْ نَجْوَاكُمْ صَدَقَاتٍ ۚ فَإِذْ لَمْ تَفْعَلُوا وَتَابَ اللَّهُ عَلَيْكُمْ فَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ وَأَطِيعُوا اللَّهَ وَرَسُولَهُ ۚ وَاللَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ، واتە: ئایا دەترسان پێش چپە کردنەکەتان خێرێك بکەن ئینجا ئەگەر خێرەکەتان نەکرد و خواش ته‌وبه‌ی لێ گیراکردن ئەوسا نوێژ بکەن و زەکات بدەن و گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەکەی بکەن و خوا شارەزایە بەوەی کە دەیکەن، ئەم ئایەتە ئایەتی نەسخی ئایەتی پێش خۆیەتی (نسخ) (واتە: هەڵگرتن یان بەتاڵ کردنەوەی حوکمە شەرعییەکانە یان گۆڕینێتی) کە خودای گەورە فەرمانی بە مسوڵمانان کرد کە پێش ئەوەی پرسیار لە پێغەمبەری خودا بکەن ﷺ خێرێک بکەن ئه‌و فەرمان بە خێرکردنە ته‌نها ڕۆژێك بوو، پاشان خوای میهره‌بان باری موسڵمانانی سووككرد و سڕییه‌وه‌.

٤- هۆکاری دابەزینی ئایەتی: لَّا تَجِدُ قَوْمًا يُؤْمِنُونَ بِاللَّـهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ يُوَادُّونَ مَنْ حَادَّ اللَّـهَ وَرَسُولَهُ وَلَوْ كَانُوا آبَاءَهُمْ أَوْ أَبْنَاءَهُمْ أَوْ إِخْوَانَهُمْ أَوْ عَشِيرَتَهُمْ، واتە: که‌سانێکت دەست ناکەوێ کە باوەڕیان هەبێت بە خوا و بە ڕۆژی دوایی کە دۆستایه‌تی بکەن لەگه‌ڵ ئەوانەی دژایەتی خوا و پێغەمبەری خوا دەکه‌ن هەر چه‌ندە ئه‌و دوژمنانەش باوکیان بن یا کوڕ و برا و خزمیان بن ئه‌وانە خوا باوەڕی له‌ دڵیاندا چه‌سپاندووە و‌ پشتیوانی کردوون بە گیانێك لەلایەن خۆیه‌وە و دەیانخاتە بەهەشتانێکەوە کە جۆگە ئاوی زۆر دەڕوات بەژێر درەختەکانیاندا بە هەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە خوا لێیان ڕازی بووە ئەوانیش له‌ خوا ڕازی بوون ئەوانە حیزبوڵڵان ئاگادار بن کە تەنها حیزبوڵڵا ڕزگار و سەرفرازن، ئەم ئایەتە بۆ سەر هاوەڵانی پێغەمبەری خودا ﷺ دابەزی کە خزم و کەسوکاری خۆیان پشتگوێ خست و خۆشەویستان بۆ یان نەما لەبەر ئەوەی دژایەتی خودا و پێغەمبەرەکەیان دەکرد.

هۆکاری ناونانی سوورەتی (المجادلة) بەوناوە

ئەم سوورەتە بە سوورەتی (المجادلة) ناونراوە لەبەر ئەوەی سەرەتای سوورەتەکە باس لە چیرۆکی گلەیی خەولەی خێزانی ئەوسی کوڕی سامت ئەکات لە لای پێغەمبەری خودا دەربارەی ئەو کارەی کە هاوسەرەکەی کە لەگەڵی کردووە، هەروەها ئەم سوورەتە پێشی دەوترێ سوورەتی (قد السميع)، لە موسحەفەکەی ئوبەی کوڕی کەعب بە سوورەتی زیهار ناوی بردووە.


سەرچاوەکان



683 بینین