زیپکەی پشت

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-02-23:04:00 - کۆدی بابەت: 10526
زیپکەی پشت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زیپکەی پشت (بە ئینگلیزی: Back acne، بە عەرەبی: ظهور حب الشباب)، جۆرە زیپکەیەکە لەسەر پشت دەردەکەوێت. ڕوودەدات کاتێک ئارەقی جەستە و چەوری و خانە مردووەکان کونیلەکانی پێست دەگرن و دایدەخەن. هەندێک هۆکاری وەک لەبەرکردنی کراسێک ئارەقی پێوەبێت یان کەلوپەلی وەرزشکردن، لێکخشاندن لەسەر پشت دروست دەکات و دەبێتە هۆی خراپتربوونی حاڵەتەکە.

زیپکەی پشت چییە؟

ئەم جۆرە زیپکەیە لە بەشی دواوەی جەستە واتە لە ناوچەی پشت دروست دەبێت. دەکرێت ئەم زیپکانە بە ڕەنگی سوور، سپی، یان ڕەش دەربکەون، دەشێت هێندە بچووک بێت بە زەحمەت بەچاو ببینرێت و لە هەمان کاتدا ئازاری هەبێت و کەسەکە بێزاربکات. ئەم حاڵەتە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی خانەکانی چەوری و ئارەق و خانە مردووەکان لەسەر کونیلەکانی پێست ڕوودەدات. لێکخشاندنی جلوبەرگ یان هەر شتێکی تر بە ناوچەی پشتدا کە زیپکەی لەسەر بێت، دەبێتە هۆی خراپتربوونی حاڵەتەکە. 

کێن ئەو کەسانەی دووچاری زیپکەی پشت دەبنەوە؟

هەموو کەسێک دەکرێت دووچاری ئەم جۆرە زیپکەیە ببێتەوە، تەمەن و ڕەگەز هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ڕوودانی ئەم حاڵەتە نییە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی زیاتر لە کەسانی تەمەن هەرزەکاردا ڕوودەدات. لە ئەمریکادا، زیپکە باوترین جۆری کێشەی پێستە، نزیکەی ٥٠ ملیۆن لە خەڵکی ئەمریکا زیپکەی پشتیان هەیە. بێجگە لە پشت دەکرێت لە هەر شوێنێکی تر لە جەستەد پەیداببێت. بەزۆری زیپکە لە ناوچەی ڕووخسار دەردەکەوێت، بەڵام دەشێت لە ناوچەکانی تری وەک پشت، شان، سنگ، بەشی خوارەوەی پشت و ملیشدا دەربکەوێت. 

هۆکارەکانی زیپکەی پشت

کاتێک بە هەر هۆکارێک کونیلەکانی پێست بەهۆی زۆربوونی چەوری و ئارەقی پێست و خانە مردووەکان دادەخرێن. لە پێستدا چەوری لەلایەن چەورییەڕژێنەوە بەرهەم دەهێنرێت تاکوو پێست و قژ لە وشکبوونەوە بپارێزێت. ئەگەر جەستە بڕێکی زۆر لە چەورییەڕژێن بەرهەم بهێنێت، یان ئەگەر پێستت بە تەواوی پاک نەکەیتەوە، ئەوا کونیلەکانی پێستت دادەخرێن و لە ئەنجامدا زیپکە دروست دەبێت. ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی داخستنی کونیلەکانی پێست و دروستبوونی زیپکە بریتیین لە:

  • مێژووی خێزان، ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەت زیپکەی پێستیان هەبێت، واتە بۆماوەیی بێت ئەوا ئەگەری تووشبوونت بە زیپکەی پێست هەیە. 
  • کراس، کەلوپەلی وەرزشی و هەر شتێکی تر کە ببێتە هۆی لێکخشان و بەر پێستت بکەوێت، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی زیپکە، یان ئەگەر خۆت حاڵەتەکەت هەبێت ئەوا دەبێتە هۆی خراپتربوونی. 
    هۆڕمۆن، ئەو خانمانەی دووگیانن یان ئەو کەسانەی لە تەمەنی پێگەیشتندان دووچاری گۆڕینی هۆڕمۆن دەبنەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەگەری هەیە زیپکە لەسەر ناوچە جیاوازەکانی جەستە دروست ببێت. 
  • دەرمان، هەندێک دەرمانی وەک کۆرتیکیکۆستیرۆیدەکان (corticosteroids) دەبنە هۆی دروستبوون یان خراپتربوونی زیپکە.
  • گرنگی نەدان بە پاکوخاوێنی، ئەگەر قژێکی درێژت هەبێت و بە پاکوخاوێنی ڕاینەگریت، ئەوا لە کاتی بەرکەوتنی قژەکە بە بەشی دواوەوەی جەستەدا واتە بەشی پشت، ئەگەری هەیە بەپێی تێپەڕبوونی کات زیپکە دروست ببێت. هەروەها بەکارهێنانی خاولی و جلوبەرگی پیس بە هەمان شێوە بە یەکێکی تر لە هۆکارەکانی دروستبوونی زیپکە دادەنرێت. 
  • بەرهەمەکانی گرنگیدان بە پێست، هەندێکی دەرمان و کرێم و گیراوەی تایبەت کونیلەکانی پێست دادەخەن، لە ئەنجامدا دەبنە هۆی دروستبوونی زیپکە.
  • فشار و دڵەڕاوکێ، لە کاتی هەبوونی فشار و دڵەڕاوکێی زۆردا، لەش بڕێکی زۆر لە هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ دروست دەکات. تاکوو ڕێژەی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ زیاتر بێت، ئەوا لەش چەوری زۆرتر بەرهەم دەهێنێت، لە ئەنجامدا کونیلەکانی پێست بەئاسانی دادەخرێن و زیپکەش لەسەر پێست دروست دەبێت.
  • ئارەقکردنەوە، کاتێک ئارەق دەکەیتەوە ئەگەری کۆبوونەوەی ئەم ئارەقە لەسەر پێست هەیە، بە تایبەتی ئەو کەسانەی زیاد لە باری ئاسایی ئارەق دەکەنەوە ئەگەری تووشبوونیان بە زیپکە زیاترە. 

دەستنیشانکردن

بەگشتی دەتوانرێت زیپکەی پشت لەلایەن کەسەکە خۆیەوە دەستنیشان بکرێت، ئەگەر دەزانیت زیپکەی پشتت هەیە و بەردەوام زیپکەی نوێ دروست دەبێت و ئەم حاڵەتە بێزاری کردوویت، وا باشە سەردانی پزیشک بکەیت و چارەسەر وەربگریت. 

چۆن زیپکە چارەسەر دەکرێت؟ 

دەتوانیت لە ماڵەوە چارەسەری زیپکە بکەیت و نەیهێڵیت، ئەگەر ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ بکەیت:

  • لە گووشینی زیپکەکە دوربکەوە: بە گووشینی زیپکەکە زیاتر زیان بە پێستەکە دەگەیەنیت. ئەگەر زیپکەکە بگووشیت دەشێت دوای نەمانی زیپکەکە شوێنەکەی ببێتە برین و بۆ هەمیشە لە شێوەی پەڵەیەک لەسەر پێست بمێنێتەوە. 
  • پێستت بە خاوێنی ڕابگرە: هەوڵبدە پاککەرەوەیەکی ڕووخسار بەکاربهێنیت کە خاڵییە لە پێکهاتەی چەوری. زوو زوو خۆت بشۆ و لەدوای ڕاهێنانکردن جلوبەرگی نوێ و پاک لەبەربکە.
  • خاولی نوێ بەکاربهێنە: زۆر گرنگە ڕۆژانە خاولی نوێ بەکاربهێنیت، هەروەها زوو زوو سەرچەف و بالیفەکانت بشۆ و بە خاوێنی ڕایبگرە.

چۆن ڕێگری لە دروستبوونی زیپکە بکەم؟ 

هەندێک دەرمانی وەک کۆرتیکۆستیرۆید، لە ئەنجامی بەکارهێنان دەبنە هۆی دروستبوونی زیپکە، ئەگەر ئەم دەرمانە یان هەر دانەیەکی تر بەکاردەهێنیت کە بووەتە هۆی دروستبوونی زیپکە، پێویستە ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت و ڕێنمایی لێ وەربگریت. دەتوانیت بە جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێک، ئەگەری دروستبوونی زیپکە کەم بکەیتەوە:

  • لەدوای ئارەقکرنەوە جلەکانت بگۆڕە. 
  • پێستت بە خاوێنی ڕابگرە.
  • کەلوپەلە وەرزشییەکان بە شێوەیەکی سنوردار بەکاربهێنە.
  • لە فشار و دڵەڕاوکێ دووربکەوە.
  • گرنگی بە بەکارهێنانی دژەخۆر بدە.
  • جلوبەرگی فراوان لەبەربکە.


سەرچاوەکان



1870 بینین