واتای جوڵەکانی دەم و لێو لە زمانی جەستەدا

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-12-03-17:01:00 - کۆدی بابەت: 10535
واتای جوڵەکانی دەم و لێو لە زمانی جەستەدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زمانی جەستە (بە ئینگلیزی: Body Language، بە عەرەبی: لغة الجسد)، ئەو نیشانە و جووڵە نازارەکییانە دەگرێتەوە کە لەکاتی گفتوگۆ یان لە پەیوەندییەکاندا بەکاردەهێنرێن و بەشێکی گەورە لە پەیوەندییەکان پێکدەهێنێت کە ڕەنگە بکاتە ٦٠ بۆ ٦٥٪.

گرنگی زمانی جەستە

زمانی جەستە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت تاکوو لە خۆمان و دەورووبەرمان تێبگەین چونکە نیشاندەری هەستی بەرانبەرە لە بارودۆخەکاندا، هاوکات بۆ دەربڕینی سۆز و هەستی سۆزداریش بەکاردێت. تێگەیشتن لە زمانی جەستە شتێکی گرنگە بەڵام گرنگتر لەوە تێگەیشتنە لە هەموو ئاماژەکان نەک تەنیا لێکدانەوەی یەک ئاماژە وەک تەواوی هەستی بەرانبەر ببینرێت.

دەربڕینی ڕووخسار (Facial expression)

بەشێکی زمانی جەستە بریتییە لە دەربڕینی هەستەکان بەهۆی ڕووخسارەوە، بۆ نموونە زەردەخەنەکردن دەکرێت ئاماژەبێت بۆ ڕەزامەندی یان دڵخۆشی، هەروەها ڕوو گرژکردن کە ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ ناڕازیبوون یان بێتاقەتی. لە هەندێک بارودۆخدا ڕەنگە دەربڕینی ڕووخسار هەستی ڕاستەقینەی کەسی بەرانبەر سەبارەت بە دۆخێکی تایبەت دەربخات بۆ نموونە کاتێک کەسێک دەڵێت باشم ڕەنگە دەربڕینی دەموچاوی پێچەوانەی قسەکانی نیشان بدەن. لێرەدا هەندێک لە هەستەکان خراونەتەڕوو کە دەکرێت لەڕێی دەربڕینی ڕووخسارەوە گوزارشتیان لێ بکرێت، ئەوانیش بریتین لە:

  • دڵخۆشی
  • بێتاقەتی
  • تووڕەیی
  • سەرسامبوون
  • بێزکردنەوە
  • ترس
  • شڵەژان
  • بەجۆشی
  • بەدڵبوون
  • سووکایەتیکردن
  • بە سووک سەیرکردن
  • بڕواکردن بە بەرانبەر

لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە متمانەپێکراوترین دەربڕینی ڕووخسار بریتییە لە کەمێک بەرزکردنەوەی برۆکان و کەمێک زەردەخەنەکردن پێکەوە کە بە واتای دۆستایەتی و متمانەبەخۆکردن دێت. هەروەها توێژینەوەکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە بە پشتبەستن بە ڕووخسار و دەربڕینی ڕووخساری کەسی بەرانبەرەوە بڕیار لەسەر زیرەکی مرۆڤەکە بدرێت، بۆ نموونە لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی خاوەن ڕووخسارێکی بچووکتر و لووتێکی دیارن ئەگەری زۆرترە کە زیرەک بن. هەروەها ئەو کەسانەی دەم بە خەندە و پێکەنینن و خاوەن قسەی خۆشن لەو کەسانە زیرەکتر دەرکەوتوون کە هەمیشە ڕووخسارێکی تووڕەیان هەبووە.

جوڵەکانی دەم و لێو

جوڵەکانی دەم و لێوەکانیش لە زمانی جەستەدا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە، بۆ نموونە جوڵان و جۆرێک لە جوینی لێوی خوارەوە ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ ئەوەی کەسەکە هەست بە نیگەرانی، ترس و نادڵنیایی دەکات. هەروەها داپۆشینی دەمیش لە کاتی باوێشک و کۆکەدا واتای بەڕەوشتبوون دێت لە هەمان کاتدا دەکرێت بۆ داپۆشینی ڕووخسارێکی ناڕازی بێت لەبەرانبەر بارودۆخێکدا. 

هاوکات زەردەخەنە و پێکەنین یەکێکن لە نیشانە گرنگەکانی زمانی جەستە کە دەکرێت بە چەندین شێوە لێکبدرێنەوە، بۆ نموونە لەوانەیە پێکەنین و زەردەخەنەکە ڕاستەقینە بێت یان بۆ دەربڕینی خۆشییەکی درۆینە بێت یان تەنانەت بۆ مەبەستی گاڵتەجاڕی بێت. لە کاتئ هەڵسەنگاندنی زمانی جەستەدا گرنگی بەم جوڵانەی دەم و لێو بدە:

  • لچ هەڵقرچاندن: توندکردنەوەی لێوەکان لەوانەیە نیشانەیەک بێت بۆ ناڕازیبوون، پێناخۆشبوون، یان بێ متمانەیی.
  • گازگرتن لە لێوەکان: خەڵکی زۆرکات گاز لە لێوەکانیان دەگرن کاتێک نیگەرانن یان دڵەڕاوکێ و فشاریان هەیە. 
  • داپۆشین و شاردنەوەی دەم و لێوەکان: کاتێک مرۆڤەکان دەیانەوێت کاردانەوەیەکی سۆزدارییانە بکەن بۆ نموونە وەک پێکەنین یان لە کاتی پێکەنینێکی بەفیزدا دەست بە دەمیانەوە دەگرن. 
  • بەرزکردنەوە و دابەزاندنی لێوەکان: گۆڕانکارییەکی کەم لە لێوەکاندا دەتوانێت نیشاندەرێکی وردبێت بۆ ئەو هەستەی مرۆڤ هەستی پێ دەکات. کاتێک لێوەکان کەمێک بەرزدەکرێنەوە (واتە کاتێک پێدەکەنیت) لەوانەیە ئاماژەیەک بێت بۆ دڵخۆشی و گەشبینی. هاوکات دەمێکی دابەزیو (واتە کاتی لچکردن) ئاماژەیە بۆ دڵتەنگی و ناڕازیبوون و زویربوون.


سەرچاوەکان

151 بینین