بڕاندی زارا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-05-21:03:00 - کۆدی بابەت: 10558
بڕاندی زارا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیای زارا یان بڕاندی زارا یاخود مارکەی زارا (بە عەرەبی: زارا، بە ئینگلیزی: Zara) کۆمپانیایەکی فاشیۆن و جلوبەرگی ناودار و جیهانییە و سەر بە کۆمپانیای ئیندێکسی ئیسپانییە، ناوەندی سەرەکی زارا لە شاری گالیسیای ئیسپانیایە. لە ئێستادا زارا لە جیهاندا بە یەکێک لە گرانترین بڕاندی جلوبەرگ و ئێکسسوارات و بەرهەمی هەمەجۆر دادەنرێت، سەرمایە و بەهای کۆمپانیاکە لە بازاڕدا بەپێی گۆڤاری فۆڕبس نزیکەی ١٤٫٧ ملیار دۆلاری ئەمریکییە، هاوکات بەهای فرۆشی ساڵانەی نزیکەی ٢٢ ملیار دۆلارە.

کۆمپانیاکە لە ٩٦ وڵاتی جیهانی ٣٠٠٠ لقی کۆگای تاک فرۆشی هەیە، گەورەترین بازاڕی لە وڵاتی ئیسپانیایە کە ٥٤٧ کۆگا و فرۆشگای هەیە لەو وڵاتە، پاشان هەریەک لە وڵاتانی چین، فەڕەنسا، ڕووسیا، ئیتاڵیا و ئەمریکا بەدوای یەک لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین لقی زارا لەو وڵاتانە بوونیان هەیە.

مێژووی دامەزراندنی

زارا لە ساڵی ١٩٧٥ لەلایەن ئەمانسیۆ ئۆرتێگا و هاوسەرەکەیەوە دامەزراوە، لە سەرەتادا کۆگایەکی بچووکی خێزانی بووە و لە شاری گالیسیای ئیسپانیا دامەزرا، زارا بەرهەمە سەرەتاییەکانی لە جلوبەرگ بە نرخێکی گونجاو دەخستە ڕوو و هەموو کەسێک دەیتوانی بیکڕێت و بەرهەمەکانی زۆر سادە بوون. ئەمانسیۆ لە سەرەتادا ویستی ناوی کۆمپانیاکە بنێت "زۆربا" بەڵام بەهۆی ئەوەی لەو سەردەمەدا ئەو ناوە زۆر باو بووە و چەند فرۆشگا و کۆمپانیایەکی تر ئەو ناوەیان هەبووە، بۆیە ناوێکی تری هەڵبژارد کە لە ناوی زۆرباوە نزیک بێت و ناوی زارای هەڵبژارد.

لە ماوەی هەشت ساڵی سەرەتادا کۆمپانیاکە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لە ماوەی هەشت ساڵ لە چەند شارێکی گەورەی ئیسپانیا ٩ لقی زارا کرایەوە. لە ساڵی ١٩٨٥ کۆمپانیای ئیندێتکس (بە ئینگلیزی: Inditex) هەر لەلایەن ئەمانسیۆ ئۆرتێگاوە دامەزرا و لەگەڵ زارا چەند کۆمپانیایەکی تری کڕییەوە، ئەمانسیۆ لە بازرگانێکی سادەوە بووە شەشەم دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان. لە ساڵی ١٩٨٨ زارا بووە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی جیهانی و بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆی لە دەرەوەی وڵاتی ئیسپانیا و بەدیاریکراوی لە شاری پۆرتۆی وڵاتی پورتوگال لقێکی کردەوە.

ساڵێک دواتر و لە ساڵی ١٩٨٩ زارا لە نیویۆرکی ئەمریکا لقێکی فرۆشگای تری کردەوە، ساڵێک دواتر لقێکی زارا لە پاریسی فەڕەنسا کرایەوە. لە ساڵی ١٩٩٢ لقێکی تاک فرۆشی کۆمپانیاکە لە مەکسیکۆ ستی لە وڵاتی مەکسیک کرایەوە، ساڵێک دواتر و لە ساڵی ١٩٩٣ لە ئەسینای پایتەختی یۆنان زارا لقێکی تری کردەوە، لە ساڵی ١٩٩٤ لە سوید و بەلجیکا بەرهەمەکانی زارا بەردەست بوون و لقی فرۆشگاکە لەو دوو وڵاتەش کرانەوە.

لە ساڵی ١٩٩٥ لە ماڵتا لقێکی زارا کرایەوە، ساڵێک دواتر و لە ساڵی ١٩٩٦ لە قوبرس لقێکی تری زارا کرایەوە، لە ساڵی ١٩٩٧ فرۆشگاکانی زارا زیاتر فراوان بوو و گەیشتە وڵاتی نەرویج و وڵاتە عەرەبییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرهەمەکانی زارا

بەرهەمەکانی زارا هەمەچەشن و هەمەجۆرن، گرنگترین بەرهەمەکانی بریتیین لە جلوبەرگ، ئێسکسسوارات، پێڵاو، کڵاو و شەپقە، پشتوێن، بۆن، جانتا، جوانکاری و بابەتی ناوماڵ و چەندان بەرهەمی تر، هاوکات بەرهەمەکانیان بۆ خانمان و پیاوان و منداڵان بەردەستن.

کۆمپانیای زارا لقێکی تایبەتی هەیە بە ناوی (Zara TRF)، کە لقێکی تایبەتە بە گەنجان و هەرزەکاران کە بەرهەمەکانی بەشێوازێکی سەردەمیانەیە و لەگەڵ سەلیقەی گەنجانی سەردەم و ڕۆژ دەگونجێت. هەروەها کۆمپانیای زارا لقێکی تری هەیە بە ناوی Zara home تایبەتە بە بەرهەم و پێداویستی جوانکاری ناوماڵ، لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە ئەم لقەی زارا کراوەتەوە ١٨٣ لقی فرۆشگای لە جیهاندا هەیە.

چەند زانیارییەک لەسەر زارا

  • کۆمپانیای زارا کۆگایەکی ئەمبارکردنی هەیە کە ڕووبەرەکەی ٤٦٤ هەزار مەتری دووجایە، نۆ ئەوەندەی کۆگاکەی کۆمپانیای ئەمازۆن گەورەترە.
  • کۆمپانیای زارا ساڵانە نزیکەی ١٢ هەزار دیزاینی نوێ بۆ بەرهەمەکانی دەخاتە بازاڕەوە.
  • ئەو لقەی زارا کە لە نیویۆرک هەیە بە بڕی ٣٢٤ ملیۆن دۆلار زەوییەکەی کڕدراوە.
  • لە ساڵی ٢٠٢٠ بە مەبەستی پاراستنی تەندروستی کۆمەڵ و پاراستنی ژینگە، براندی زارا بەڵێننامەیەکی واژۆ کرد کە تێیدا بەکارهێنانی بەرهەمە کیمیاییەکان لە بەرهەمەکانیان کەم دەکەنەوە و سنوورداری دەکەن و لە داهاتوودا قەدەغەی دەکەن.
  • زۆرێک لە بەرهەمی پۆشاکەکانی کۆمپانیای زارا لەلایەن ناوداران و کەسانی دەوڵەمەند و هونەرمەندانی جیهانەوە بەکاردەهێنرێت، نموونەی خێزانی شاهانەی بەریتانیا.
  • دروستکردنی قەمیسێکی خانمان لە زارا تەنیا ٣٨ خولەک دەخایەنێت، لە کارگەی دروستکردنی جلوبەرگی زارا ڕۆژانە ١٢٠٠ پارچەی جلوبەرگ بەرهەم دەهێنرێت، واتا بە تێکڕای ١٥٠ پارچە لە کاتژمێرێکدا.
  • لە نێوان ساڵی٢٠١٠ بۆ ساڵی ٢٠١٧ کۆمپانیای زارا لە چەندان وڵات فرۆشگای ئۆنڵاینی دامەزراند و لە ڕێگەی بازاڕکردنی ئینتەرنێتەوە قازانجی زۆری دەستەبەر کردووە، ساڵانە داهاتی زۆرە.
  • لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە زارا بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە ژینگە، بەڵێننامەی واژۆ کردووە کە بەکارهێنانی پلاستیکی لە هەموو بەرهەمەکانی قەدەغە کردووە.
  • لە ساڵی ٢٠١٥ براندی زارا لە ڕیزبەندی سییەم باشترین بڕاندە بازرگانییە جیهانییەکان بوو.
  • کۆمپانیای زارا یەکەم بڕاند بوو کە دیزاینی خێرای داهێناوە، دەتوانێت لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا لیستێک لە بەرهەمی نوێ دروست بکات، هاوکات کۆمپانیاکە دەتوانێت دیزاینێکی نوێ لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەدا دروستبکات و دابەشی بکاتە سەر لقەکانی.


سەرچاوەکان



922 بینین