گەرمترین شوێن لە جیهاندا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-05-22:00:00 - کۆدی بابەت: 10560
گەرمترین شوێن لە جیهاندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەرمترین شوێن لە جیهاندا (بە ئینگلیزی: the hottest spot on earth، بە عەرەبی: اسخن مکان في العالم)، دۆڵی مەرگ دۆڵێکی بیابانییە لە خۆرهەڵاتی کالیفۆرنیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە گەرمترین شوێنی جیهان دادەنرێت، لەم دۆڵەدا بەرزترین پلەی گەرمی سەر هەسارەی زەوی تۆمار دەکرێت. لە ١٠ـی تەممووزی ١٩١٣، پلەکانی گەرما لە ناوچەی فێرنەس کریک (Furnace Creek) لە بیابانی کالیفۆرنیا گەیشتە ٥٦٫٧ پلەی سەدی. هەروەها، زۆرجار تێکڕای پلەی گەرمی لە وەرزی هاویندا بەرز دەبێتەوە بۆ سەرووی ٤٥ پلەی سەدی. ڕووبەری ئەم دۆڵە  ٧٫٨٠٠ کیلۆمەتر دووجایە، یان زۆر کەم بارانی لێ دەبارێت یان بە هیچ شێوەیەک بارانی لێ نابارێت.

ژیان لە دۆڵی مەرگدا

کاتێک جەستەی مرۆڤ لەگەڵ پلەی گەرمی زۆر بەرزدا ناگونجێت، ئەوا ئارەق دەکاتەوە، هەست بە ماندوبوون دەکات و لە کۆتاییدا گەرما دەیبات، زۆربەی کات مرۆڤەکان پێویستیان بە چەند هەفتەیەکی کەم هەیە هەتا جەستەیان لەگەڵ کەشێکی وەکوو کەشی ئەم دۆڵە گەرمەدا بگونجێت. دۆڵی مەرگ نیشتیمانی هۆزی تیمبیشای ڕەسەنی ئەمریکییە، کە بەلایەنی کەمەوە لە هەزارەی ڕابردووەوە لەم دۆڵەدا نیشتەجێن. نزیکەی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ کەس لە دۆڵی مەرگدا دەژین، گەرمی ئەم دۆڵە وشکە، واتە ئارەق بە خێرایی وشک دەبێتەوە و جەستەی مرۆڤ فێنک دەکاتەوە. دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دوو جۆر فێنککەرەوە بەکار دەهێنن. گۆڕانی کەشوهەوا ژیانکردن لەم دۆڵەدا زۆر قورستر دەکات و پەیوەندی نێوان دانیشتووان کەم دەکاتەوە، لە وەرزی هاویندا سادەترین چالاکی دەشێت مەترسیدار بێت. لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا خەڵکی ئەم ناوچەیەش وەکوو تەواوی ناوچەکانی جیهان لە یەکتری دوورکەوتنەوە و بەهۆی ئامڕازە تەکنەلۆجییەکانەوە پەیوەندیان بە یەکترییەوە دەکرد.

سەرەڕای سەختی ژیانکردنن لەم دۆڵەدا بەڵام ژمارەیەک ئاژەڵ و ڕووەکیش خۆیانیان لەگەڵ ژینگەکەیدا گونجاندووە. ئەو گیانلەبەر و ئاژەڵانەی کە خۆیان لەگەڵ کەشە گەرمەکەی دۆڵی مەرگدا گونجاندووە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات، ئەوانیش بریتین لە:

  1. جۆرە مەڕەکێوییەکی شاخ درێژ و چەماوەی بیابانی
  2. ماری زەنگی یا زەنگوڵەداری لاڕەو
  3. مارمێلکەیەکی ڕەشی گەورەی باشووری ڕۆژاوای ئەمریکا و مەکسیکۆ
  4. جۆرە گورگێکی بچووکی تایبەت بە ئەمریکای باکوور
  5. کیسەڵی بیابانی
  6. جۆرە مارێکی پەمەیی کاڵی گەورەی بێ ژەهر
  7. جۆرە کەروێشکێکی ئەمریکی بیابانی
  8. شێری کێوی

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای گوپن، ئەم بیابانە کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی و ئاووهەوایەکی بیابانی زۆر گەرمی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی هاوین زۆر گەرم و درێژن و مانگەکانی وەرزی زستان کورت و مامناوەندن و بارانێکی کەمی لێ دەبارێت. دۆڵەکە زۆر وشکە چونکە ناو سێبەری بارانی چوار زنجیرە چیاوە. شێوە و قووڵی ئەم دۆڵە کاریگەری لەسەر کەشوهەوای ناوچەکە هەیە، لە شەوانی وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما بۆ ٢٨ بۆ ٣٧ پلەی سەدی دادەبەزێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لەم دۆڵەدا ٥٦٫٧ پلەی سەدی بوو کە لە ١٠ـی تەممووزی ١٩١٣ـدا تۆمارکرا و هەتا ساڵی ٢٠٢٢ گەرمترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی سەر زەوی بوو. لەگەڵ ئەوەشدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٩- پلەی سەدی بوو کە لە ٢ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٣ـدا تۆمارکرا. هەروەها بەرزترین پلەی گەرمی ڕوو لە دۆڵی مەرگدا ٩٣٫٩ پلەی سەدی بوو، ئەم پلەیەش بە هەمان شێوە بەرزترین پلەی گەرمی سەر ڕووی زەوییە.

لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا چوار هێندەی تێکڕای دابارینی ساڵانە باران لە دۆڵی مەرگ باری کە ٣٨ مللیمەتر بوو، هاوشێوەی سەد ساڵی پێشووی. لە نزمترین بەشی دۆڵەکەدا دەریاچەیەکی گەورە و تەنک دروست بوو، بەڵام گەرمی و وشکێتی تووندی دۆڵەکە بەخێرایی بوو بە هەڵم.


سەرچاوەکان



354 بینین