سوودەكانی زەیتی ڕەشكە

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-05-23:01:00 - کۆدی بابەت: 10563
سوودەكانی زەیتی ڕەشكە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوودەكانی زەیتی ڕەشكە (بە ئینگلیزی: Benefits of black seed oil، بە عەرەبی: فوائد زيت الحبة السوداء). زەیتی ڕەشكە پێکهاتەیەکی گیاییە کە لە ڕووەکی Nigella sativa وەرگیراوە کە لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای ئاسیادا هەیە. بە تایبەتمەندییە دەرمانییە بەهێزەکانی ناسراوە، زەیتی ڕەشكە چارەسەرێکی سروشتییە کە خەڵک بەکاریدەهێنن بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک حاڵەتی بەرفراوان لەوانە:

هەروەها لیستێکی درێژ لە سوودە تەندروستی و جوانکارییەکانی هەیە كە لەلایەن زانستەوە پشگیری كراوە، ئەمەش بەهۆی ناوەڕۆکی دژە ئۆکسێنەر و پێکهاتەكانی ترەوە. لێرەدا باس لە ١٠ باشترین سوودەکانی زەیتی ڕەشكە دەکەین.

سوودەكانی زەیتی ڕەشكە

١. زیپکە کەم دەكاتەوە

هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە زەیتی ڕەشكە دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ كێشەكانی پێست وەک زیپکە. ئەمەش ڕەنگە بەهۆی تایبەتمەندی دژە میکرۆبی و دژە هەوکردنەوە بێت کە لە زەیتی ڕەشكەدا هەیە. بەپێی یەکێک لە پێداچوونەوەكان، کاتێک كەسانێك لۆشنێک کە بە زەیتی ڕەشكە دروستکراوە، دەدەن لە شوێنێکی پێستیان کە زیپکەی هەبووە، دوای دوو مانگ زیپکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمتر بووە. بە هەمان شێوە لە توێژینەوەیەکدا كە لەسەر ٦٠ كەس كراوە، بەشداربووان جێڵێکیان بەكارهێناوە کە بە زەیتی ڕەشكە دروستکراوە، ڕۆژانە دوو جار بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ لە پێستیان داوە. ئەوانەی ئەم چارەسەرەیان بەكارهێناوە بەڕێژەی ٧٨% زیپكەكانیان كەمی كردووە، لەگەڵ باشتربوونی بەرچاو لە برینی زیپكەكان بە بەراورد لەگەڵ گرووپەكانی تر.

٢. دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی سەدەف

ئەوەی جێگای سەرنجە، هەندێک لێکۆڵینەوە دەریانخستووە کە زەیتی ڕەشكە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی سەدەف (psoriasis)، کە حاڵەتێکی هەوکردنی درێژخایەنە و پەڵەی سووری توێکڵدار لەسەر پێست دروست دەبێت. توێژینەوەیەک لەسەر ئاژەڵان كراوە دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی زەیتی ڕەشكە بۆ پێست هەوکردن و نیشانەکانی سەدەف کەمدەکاتەوە. لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی زەیتی ڕەشكە لەسەر سەدەف لە مرۆڤەکاندا. هەرچەندە توێژینەوەیەکی بچووک كە لەسەر ١٢ کەس كراوە کاریگەری کرێمێکی گیایی هەڵسەنگاندووە کە زەیتی ڕەشكەی تێدایە، لەگەڵ پێکهاتەکانی تری، وەک زەیتی زەیتون، زەیتی داری چا، کەرەی کاکاو، و ڤیتامینەکانی A و B12. بۆیان دەرکەوتووە کە ٨٣%ـی بەشداربووان بەلایەنی کەمەوە ٧٥% سەدەف تێیاندا كەمی کردووە دوای بەکارهێنانی ڕۆژانەی کرێمە گیاییەكە بۆ شوێنی تووشبوونەكە بۆ ماوەی ١٢ هەفتە. گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم توێژینەوەیە زەیتی ڕەشكەی بەکارهێناوە کە لەگەڵ پێکهاتەکانی تردا تێکەڵکراوە، بۆیە لێكۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی  بزانین ئایا زەیتی ڕەشكە لە پشت کاریگەرییە سودبەخشەکانەوە بووە یان نا.

٣. یارمەتی چاکبوونەوەی برین دەدات

زەیتی ڕەشكە پێکهاتەیەکی تێدایە کە پێی دەوترێت (thymoquinone)، کە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە لەسەر توانای هاندانی گەشەی شانەکان و یارمەتیدانی چاکبوونەوەی برینەکان. توێژینەوەکان لەسەر ئاژەڵان دەریانخستووە کە (thymoquinone) ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی سووتاوی، بڕین و برینەکانی شەکرە بەهۆی كریگەری دژە هەوکردن، دژە ئۆکسێنەر و دژە بەکتریاكانی ناوی. بۆ نموونە، توێژینەوەیەك كە لەسەر ئاژەڵان كراوە دەریخستووە کە بەکارهێنانی زەیتی ڕەشكە بە تەنیا یان تێکەڵکردنی لەگەڵ هەنگوین یارمەتی باشترکردن و خێراکردنی چاکبوونەوەی برینەکان دەدات. لێكۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ زیاتر زانینی كاریگەرییەكانی لەسەر مرۆڤ.

٤. پاڵپشتی تەندروستی قژ دەكات

بەهۆی تایبەتمەندی دژە میکرۆبی و دژە ئۆکسانییەوە، زۆرجار زەیتی ڕەشكە دەخرێتە ناو بەرهەمەکانی قژەوە، لەوانە ماسکی قژ و شامپۆ. زۆرێک لەم بەرهەمانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بریقە و هێز و پێکهاتەی قژ باشتر دەکەن، لێکۆڵینەوەیەکی کەم لەسەر سوودەکانی زەیتی ڕەشكە بۆ تەندروستی قژ هەیە. بۆ نموونە، لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٤ دەریخستووە کە تێکەڵکردنی زەیتی گوێزی هیندی لەگەڵ زەیتی ڕەشكە گەشەی قژ زیاد دەکات کاتێک كەسەكان ڕۆژانە سێ جار دەیدەن لە پێستی سەریان. بە هەمان شێوە توێژینەوەیەک كە لەسەر ٩٠ کەس كراوە دەرکەوتووە کە زەیتی قژ کە تێکەڵەیەک لە زەیتی ڕەشكە و پێکهاتە گیاییەکانی تری تێدایە دوای ٩٠ ڕۆژ هەڵوەرینی قژ بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە. گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم توێژینەوەیانە زەیتی ڕەشكەیان لەگەڵ پێکهاتەکانی تر تێکەڵ كردووە و بە تەنیا بەكارنەهێنراوە تاكو بزانرێت كە چۆن زەیتی ڕەشكە دەتوانێت كاریگەری لەسەر قژ هەبێت كاتێك بە تەنیا بەكاردەهێنرێت.

٥. دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی بەڵەكی

هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن کە زەیتی ڕەشكە دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی بەڵەكی (vitiligo)، کە نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ڕەنگ لە پێستدا. توێژینەوەیەک لەسەر ٣٣ کەسی تووشبوو بە بەڵەكی دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی کرێمێک کە بە زەیتی ڕەشكە دروستکراوە بۆ پێست و ڕۆژانە دووجار بەكارهێنانی ڕەنگی دەست و دەموچاو باشتر دەکات دوای ٦ مانگ. توێژینەوەیەکی تری ساڵی ٢٠١٤ لەسەر ٥٢ کەس دەریخستووە کە بەکارهێنانی زەیتی ڕەشكە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ ماوەی ٦ مانگ قەبارەی بەڵەكی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، بەتایبەتی لەسەر قۆڵ و شان و سەر و مل. توێژەران پێشبینیان کردووە کە سوودەکانی زەیتی ڕەشكە بەهۆی توانای بڵاوكردنەوەی میلانینە لەناو پێستدا. میلانین جۆرێکە لەڕەنگی سروشتی کە لە قژ، پێست و چاودا هەیە.

٦. هەوکردن کەمدەکاتەوە

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە زەیتی ڕەشكە تایبەتمەندییەكی دژە هەوکردنی بەهێزی هەیە. ئەمە دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ چەندین لایەنی تەندروستی، چونکە هەندێک لێکۆڵینەوە باس لەوە دەكەن کە هەوکردن دەتوانێت بەشدار بێت لە گەشەکردنی زۆرێک لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، وەک جۆری دووەمی شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە. بەپێی پێداچوونەوەیەک بە ١٠ توێژینەوە، خواردنی زەیتی ڕەشكە ڕەنگە چەندین نیشانەی هەوکردن کەم بکاتەوە لە هەمان کاتدا ئاستی دژە ئۆکسێنەرەکانی خوێن زیاد بکات. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو پێداچوونەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ڕەنگە زەیتی ڕەشكە کاریگەرتر بێت لە کەمکردنەوەی هەوکردن لە چاو جۆرەکانی تری ڕەشكە. پێداچوونەوەیەکی تری ١٢ توێژینەوە دۆزینەوەیەکی هاوشێوەی هەبوو، ئاماژەی بەوەدا کە تەواوکەری ڕەشكە دەتوانێت ئاستی پڕۆتینی C-reactive (CRP) و malondialdehyde لە خوێندا کەمبکاتەوە، کە هەردووکیان ئاماژەن بۆ هەوکردن و فشاری ئۆكسیدی لە جەستەدا.

٧. پاڵپشتی دابەزاندنی کێش دەکات

هەرچەندە شێوازی وردی کارکردنی ڕوون نییە، بەڵام پێدەچێت زەیتی ڕەشكە یارمەتی دابەزاندنی کێش و کەمکردنەوەی چەوری جەستە بدات. توێژینەوەیەک سەیری کاریگەرییەکانی زەیتی ڕەشكەی کردووە لەسەر ٨٤ ژن کە قەڵەوییان هەبووە. ئەوانەی ڕۆژانە ٣ گرام زەیتی ڕەشكەیان خواردووە بۆ ماوەی ٨ هەفتە و ڕێجیمێکی کەم کالۆرییان پەیڕەوکردووە، کەمبوونەوەی زیاتریان لە کێشی لەش و چەوری ورگدا هەبووە بەبەراورد بەوانەی بە تەنها ڕێجیمێکی کەم کالۆرییان پەیڕەوکردووە. توێژینەوەیەکی تر لەسەر ٤٥ ژن کە کێشیان زیاد یان قەڵەو بوون دەریخستووە کە خواردنی ٢٠٠٠ میلیگرام زەیتی ڕەشكە ڕۆژانە بۆ ماوەی ٨ هەفتە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، کەمبوونەوەی کێشی لەش، دەوری کەمەر و چەوری لەش.

٨. کۆنتڕۆڵی شەکری خوێن دەکات

هەندێک لێکۆڵینەوە دەریدەخەن کە زەیتی ڕەشكە دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ جێگیرکردنی ئاستی شەکری خوێن. لە ڕاستیدا، یەکێک لە پێداچوونەوەکان بە ٧ توێژینەوە دەریخست کە ڕەشكە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی چەندین نیشانەی کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن، لەوانە ئاستی ئەنسۆلین و ئاستی شەکری خوێن. پێداچوونەوەیەکی تری ٢٣ توێژینەوە ئەنجامێکی هاوشێوەی هەبوو، ئاماژەی بەوەدا کە ڕەشكە کاریگەر بووە لە کەمکردنەوەی شەکری خوێن و کەمکردنەوەی ئاستی هیمۆگلۆبینی A1C، کە پێوەرێکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

٩. دەتوانێت نیشانەکانی ئەکزیما کەم بکاتەوە

چەندین توێژینەوە دەریانخستووە کە زەیتی ڕەشكە دەتوانێت نیشانەکانی ئەگزیما کەم بکاتەوە، حاڵەتێکی پێستە کە بە وشکی و خورانی پێست دەناسرێتەوە. توێژینەوەیەکی بچووکی ساڵی ٢٠١٢ دەریخستووە کە زەیتی ڕەشكە وەک کرێمی بێتامیسازۆن (betamethasone) کە جۆرێکە لە کۆرتیزۆل کاریگەرە لە باشترکردنی کوالێتی ژیان و کەمکردنەوەی توندی ئەگزیمای دەست کاتێک ڕۆژانە دوو جار بۆ ماوەی ٤ هەفتە بەكاردەهێنرێت. هەروەها زەیتی ڕەشكە دەتوانێت یارمەتی چاکبوونەوەی برین بدات و لە بەکتریا زیانبەخشەکان بیپارێزێت. ئەمە دەكرێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە هەوکردنی پێست کە پەیوەندییان بە ئەگزیماوە هەیە.

١٠. دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە نیشانەكانی میتابۆلیزم

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە زەیتی ڕەشكە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە نیشانەكانی میتابۆلیزم، کە کۆمەڵێک حاڵەتە کە دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک و جۆری دووەمی شەکرە زیاد بکات. لە توێژینەوەیەکدا لەسەر ٥٥ کەس کە پەستانی خوێنیان بەرز بووە، بەشداربووان ڕۆژانە دوو جار بۆ ماوەی ٨ هەفتە ٢.٥ مل زەیتی ڕەشكەیان خواردووە. لە کۆتایی توێژینەوەکەدا ئەوانەی ئەم چارەسەرەیان وەرگرتووە چەندین دەرئەنجامی ئەرێنییان هەبووە.

وەك کەمبوونەوەی ئاستی پەستانی خوێنی دیاستۆلیک، کۆلیسترۆڵی گشتی، کۆلیسترۆڵی LDL (خراپ) و شەکری خوێن، کە هەموو ئەمانە پێكهاتەی نیشانەكانی میتابۆلیزمن. چەندین توێژینەوەی تر دەریانخستووە کە زەیتی ڕەشكە ڕەنگە هۆکارەکانی مەترسی بۆ نیشنەكانی میتابۆلیزم کەم بکاتەوە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی چەوری ورگ، کەمکردنەوەی شەکری خوێن، باشترکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵ و پەستانی خوێن. بەڵام ئەوەت لەبەرچاو بێت کە خۆراکی تەواو و شێوازی ژیانی چالاک باشترین خۆپاراستنە لە نیشنەكانی میتابۆلیزم. تەواوکەرە خۆراکیەکانی وەک زەیتی ڕەشكە باشترین کاریگەرییان دەبێت بۆ شێوازی ژیانێكی تەندروست.


سەرچاوەکان

208 بینین