هاوڕەگەزخوازی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-12-06-10:04:00 - کۆدی بابەت: 10564
هاوڕەگەزخوازی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هاوڕەگەزخوازی یان هاوڕەگەزبازی (بە ئینگلیزی: Homosexuality، بە عەرەبی: مثلية جنسية) بریتییە لە ڕاکێشانی ڕۆمانسی، سەرنجڕاکێشانی سێکسی، یان ڕەفتاری سێکسی لە نێوان ئەندامانی هەمان ڕەگەز. هاوکات لەگەڵ دووڕەگەزبازی و جیاڕەگەزبازی، هاوڕەگەزخوازی یەکێکە لە سێ پۆلە سەرەکییەکەی ئاراستەی سێکسی. زانایان هێشتا هۆکاری وردی ئاراستەی سێکسی نازانن، بەڵام تیۆریزەی ئەوە دەکەن کە بەهۆی یارییەکی ئاڵۆزی کاریگەرییە بۆماوەییەکان و هۆرمۆنییەکان و ژینگەییەکانەوە دروست دەبێت و وەک هەڵبژاردنێک سەیری ناکەن، بەڵام دەشێت وەک هەڵبژاردنیش کەسێک هەڵی ببژێرێت بەهۆی کاریگەریی ڕووداوێک یان جۆرێکی بیرکردنەوە بێت.

لە زانست و پزیشکیدا، ئاراستەی سێکسی بە هەڵبژاردن نازانرێت، بەڵکو کارلێکی ئاڵۆزی هۆکارە بایۆلۆژی و ژینگەییەکانە. هەرچەندە باوەڕێکی باو هەیە کە ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازان نائاسایی یان تێکچوونە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە هاوڕەگەزخوازی یەکێکە لە گۆڕانکارییە سروشتییەکانی ئاراستەی سێکسی مرۆڤ. هەرچەندە تا ئێستا هیچ تاکە تیۆرێک لەسەر هۆکاری ئاراستەی سێکسی پشتگیرییەکی بەرفراوانی بەدەست نەهێناوە، بەڵام زانایان لایەنگری تیۆرییە بایۆلۆژییەکانن. بەڵگەی زۆر زیاتر هەیە کە پشتگیری لە هۆکارە ناکۆمەڵایەتی و بایۆلۆژییەکانی ئاراستەی سێکسی دەکات لە چاو هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەت بۆ نێرەکان. لەگەڵ ئەمەشدا بەڵگەیەکی ڕاستی نییە کە ئاماژە بەوە بکات کە ئەزموونەکانی پەروەردەکردن یان منداڵی سەرەتایی ڕۆڵیان هەیە سەبارەت بە ئاراستەی سێکسی. هەندێک لە زانایان پێیان وایە چالاکیی هاوڕەگەزخوازی ناسروشتییە، کۆمەڵێک لە لێکۆڵینەوە زانستییەکانیش دەریدەخەن کە هاوڕەگەزخوازی گۆڕانکارییەکی ئاسایی و سروشتییە لە سێکسییەتی مرۆڤدا و لە خۆیدا سەرچاوەی کاریگەرییە دەروونییە نەرێنییەکان نییە. بەڵگەی تەواو نییە بۆ پشتگیریکردن لە بەکارهێنانی دەستێوەردانەکانی دەروونی بۆ گۆڕینی ئاراستەی سێکسی. 

ڕێژەی سەدی ئەو کەسانەی کە هاوڕەگەزخواز یان لەشفرۆشن و ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە پەیوەندی سۆزداری هاوڕەگەزخوازین یان ئەزموونی سێکسی هاوڕەگەزخوازیان هەبووە، ئەستەمە کۆبکرێتەوە و جیاکاری بۆ بکرێت بۆ توێژەران بە شێوەیەکی متمانەپێکراو، ئەمەش بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانەش زۆرێک لە هاوڕەگەزخوازان خۆیان ئاشکرا ناکەن بەهۆی کاردانەوەی دواتر یان جیاکاری وەکوو هۆمۆفۆبیا و هێترۆسێکسیزم. هەروەها ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازی لە زۆرێک لە جۆرەکانی ئاژەڵدا بەڵگەدار کراوە. جیاوازی هەیە لە نێوان هاوڕەگەزخوازان و ئەوانەی هەست بە جیاڕەگەزباز دەکەن (ترانسجێندەر)، یان هەست دەکەن لەسەر ڕەگەزی هەڵە لەدایک بوون، لەگەڵ ئەوانەی دەیانەوێت ڕەگەزەکەیان بگۆڕن (ترانسسێکشوال). چونکە ئاڕاستەی سێکسی بریتییە لە ئاراستەی سێکسی کەسێک (هاوڕەگەزخواز، دووڕەگەزباز، جیاڕەگەز)، لەکاتێکدا ناسنامەی سێکسی یان ڕەگەزی تەنیا دوو جۆری سەرەکییە و ئەوەیە کە کەسێ: سەر بە ڕەگەزێکی دیاریکراو بێت وەک مێ و نێر.

لە ڕووی ئایینە ئاسمانییەکانەوە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی هاوڕەگەزخوازی ڕێگەپێدراو نییە و وەک بابەتێکی سروشتی و ئاسایی سەیر ناکرێت و حەرام کراوە و یەکێکە لە تاوانە مەزنەکان. بەپێی بەڵگە ئایینییەکان گەلی پێغەمبەر لوط بەهۆی کاری هاوڕەگەزخوازییەوە لەناو براون. لە ڕووی تەندروستیشەوە چەندین نەخۆشی و ڤایرۆسی جیاوازی لێوە دەگوێزرێتەوە و دەبێتە هۆی نەخۆشی مەترسیدار.

لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە بزووتنەوەیەکی جیهانی بەرەو ئازادی و یەکسانی بۆ هاوڕەگەزخوازەکان هەبووە، لەوانە هێنانەکایەی یاسای دژە چەوساندنەوە بۆ پاراستنی منداڵانی هاوڕەگەزخواز لە قوتابخانە، یاسادانان بۆ دڵنیابوون لە جیاکاری نەکردن، توانای یەکسان بۆ خزمەتکردن لە سەربازیدا، دەستڕاگەیشتنێکی یەکسان بە چاودێری تەندروستی، توانای یەکسان بۆ بەخێوکردن و دایک و باوک، و دامەزراندنی یەکسانیی هاوسەرگیری، کە هەندێک وڵات برەوپێدەری ئەم یاسایانەن و کۆمەڵێک لە وڵاتانیش بە توندی دژایەتی دەکەن.

هۆکارەکان

هیچ کۆدەنگییەکی زانستی لەسەر هۆکاری سەرەکی دیاریکردنی ئاراستەی سێکسی نییە. نازانرێت ئایا ئاراستەی سێکسی بە هەمان شێوە لە ئافرەتان و پیاواندا دروست دەبێت یان نا. تا ئێستا زۆر ڕوونکردنەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی پێشنیار کراون و هەندێکیان پاڵپشتییەکی زۆریان وەرگرتووە، بەڵام هیچ لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەیەک پەسەند نەکراوە. ئەو ڕوونکردنەوانەی کە پێشنیار کراون دەتوانرێت لە سێ هۆکاری سەرەکیدا گرووپ بکرێن: بۆماوەیی، بایۆلۆجی لە کاتی گەشەکردنی کۆرپەلەدا، و ژینگەی دەروونی. پێدەچێت ئاراستەی سێکسی بە تێکەڵەیەک لە کاریگەرییە بۆماوەییەکان و هۆرمۆنییەکان و ژینگەییەکان دیاری بکرێت، نەک تەنها یەک هۆکار. لەوانەیە هۆکارەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاواز بن. لە دەیەکانی ڕابردوودا پسپۆڕان زیاتر سەرنجیان لەسەر ئەو تیۆریانە داوە کە لەسەر بنەمای هۆکارە بایۆلۆژییەکان (واتە بۆماوەیی یان هۆرمۆنی لە کاتی گەشەکردنی کۆرپەلەدا).

هۆکارە بۆماوەییەکان

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٨، بەڵگەی زۆر هەیە بۆ پشتگیریکردن لەوەی کە ئاراستەی سێکسی لە ژێر کاریگەری هۆکارە بۆماوەییەکاندایە. بەڵام هاوڕەگەزخوازی سەرکەوتنی زاوزێ لاواز دەکات، هەربۆیە بوونی لە دانیشتووانەکاندا بە ڕێژەیەکی تاڕادەیەک بەرز وەک مەتەڵ وایە، بەڵام ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە دەریانخستووە کە ئەو بۆهێڵانەی کە مرۆڤ بەر هاوڕەگەزخوازی دەخەنە ڕوو لە ڕاستیدا سوودبەخشن بۆ کەسانی جیاڕەگەز، و ئەم سوودەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەرکەوتن لە جووتبووندا. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دیکە لە ساڵی ٢٠٠٩، ئەو مێینانەی لە خزمی دایکەوە هاوڕەگەزخوازیان هەیە، توانای لەدایکبوونیان زۆرە، ئەمەش سەرکەوتنی زاوزێیان زیاد دەکات، بەمەش 'بۆهێڵە هاوڕەگەزخوازەکان' زیاتر لە نەوەکانی دواتردا لە لایەن هەندێک تاکەوە بۆماوەیی دەبن. توێژینەوە هەیە کە کێبڕکێ لەسەر ئەو بیرۆکەیە دەکات کە ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازی لە ئاژەڵەکاندا سەرکەوتنی زاوزێیان تێکدەدات و چەندین تیۆریش هەن کە دەڵێن ئەوە ڕەفتاری گونجاوە و ئەم تیۆریانە لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی تر جیاوازن.

لە ساڵی ٢٠١٧ کۆمەڵەی جینۆم-واید بۆ توێژینەوەی بۆهێڵی، توێژینەوەیەکی نوێی لەسەر بابەتی ئاراستەی سێکسی پیاوان بڵاوکردەوە، کە دی ئێن ئەی ١١٠٠ هاوڕەگەزخواز و ١٢٠٠ کەسی ئاسایی لە ئەورووپا بەراورد کرد. ئەنجامەکان دەریانخست کە چەندین و نیوکلیۆتایدی جیاواز یان ناوچەی SNP هەن کە لە ئاستی کرۆمۆسۆمی ١٣ و ١٤دا هەڵکەوتوون و گەشەی دەمارەکان و مانەوە و دروستبوونی سیناپس کۆنتڕۆڵ دەکەن و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری پەیوەستبوونی ئاراستەی سێکسی بە پێکهاتەی بۆماوەیی مرۆڤەوە.

هۆکارە هۆرمۆنییەکان

بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە، هاوڕەگەزخوازی لە ژێر کاریگەری ئەو ژینگە هۆرمۆنانەیە کە کۆرپەلە تێیدا گەشە دەکات. هۆکارە هۆرمۆنییەکان کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەی مێشک و تایبەتمەندییەکانی دیکە هەیە. چالاکی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن ئەوەیە کە وا دەکات مێشکی کۆرپەلە گەشە بکات و ببێتە مێشکی نێر و نەبوونی کاریگەری ئەم هۆرمۆنەش وا دەکات گەشە بکات بۆ مێشکی مێینە. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە کە لە ساڵی ٢٠١٠ ئەنجام دراوە، بەم شێوەیە ناسنامەی ڕەگەزی و ئاراستەی سێکسی دیاری دەکرێت، بەو پێیەی بەرنامە بۆ داڕێژراون بۆ ناو پێکهاتەی مێشکی کۆرپەلە لە کاتێکدا هێشتا لە سکی دایکدایە. توێژینەوەکانی مێشک دەریانخستووە کە جیاوازی لە نێوان هاوڕەگەزخوازان و جیاڕەگەزەکاندا هەیە لە ڕووی قەبارەی هەندێک ناوکی مێشکەوە. درێژی ئێسک یەکێکی ترە لەو تایبەتمەندیانەی کە کاریگەری هۆڕمۆنی سێکسی لەسەرە و وا بیردەکرێتەوە کە پەیوەندی بە هاوڕەگەزخوازییەوە هەبێت، ئێسکی قۆڵ و دەست و قاچ لە پیاوە هاوڕەگەزخوازەکاندا کورتترە. بەڵام ڕوون نییە کە ئایا ئەم تایبەتمەندییانە هۆکارن یان نا (واتە پەیوەندی هۆکار و کاریگەری ڕوون نییە).

هۆکارە دەروونییەکان

زۆرێک لە ڕوونکردنەوەکان لە بینینی ئاراستەی جیاڕەگەز وەک شتێکی ئاسایی سەرچاوە دەگرن، هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە پشتگیری لەوە بکات کە پەروەردەکردنی نائاسایی، ئازاردانی سێکسی، یان هەر ئەزموونێکی تری ژیانی زیانبەخش دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاراستەی سێکسی کەسێک هەبێت. بەڵام زانیارییەکانی ئێستا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاراستەی سێکسی لە منداڵیدا دادەمەزرێت. ئەو ڕاپۆرتەی کە ئەلفرێد کینسی لە ساڵی ١٩٤٨دا بڵاویکردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێژەی ئەو هاوڕەگەزخوازانەی کە منداڵییەکی ئاسایییان ژیاوە، نزیکە لە ڕێژەی ئەو هاوڕەگەزخوازانەی کە منداڵییەکی سەختیان هەیە، ئەمەش بە توێژینەوەی دیکە پشتڕاستکرایەوە کە دواتر دوای ئەم ڕاپۆرتە ئەنجامدراون. دەروونشیکاران پێشنیاریان کردووە کە ئاراستەی سێکسی مرۆڤ پەیوەندی بە سروشتی پەیوەندییەکەیەوە هەیە لەگەڵ یەکێک لە دایک و باوکی، بەڵام ئەم گریمانەیە لەسەر بنەمای تاقیکردنەوەکان نەبووە. سیگمۆند فرۆید پێی وابوو هەموو مرۆڤەکان بە حەزی دووڕەگەزی لەدایک دەبن، بەڵام دواتر لە ئەنجامی ئەو هۆکارە دەروونییانەی کە کاریگەرییان لەسەر دەبێت لە کاتی گەشەکردنیاندا، دەبنە تاک ڕەگەزی، وەک کارلێککردنیان لەگەڵ دایک و باوکیان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەوروبەریان.

سیاسەت و یاسا

زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕەفتاری سێکسی بە ڕەزامەندی لە نێوان ئەو کەسانەدا قەدەغە ناکەن کە تەمەنیان گەیشتوەتە تەمەنی پێگەشتوویی و پەیوەندییان بە یەکەوە نییە. جگە لەوەش هەندێک لە دەسەڵاتەکانی دادوەری دان بە مافی هاوسەرە هاوڕەگەزخوازەکان و ئیمتیازاتی پێکهاتەی هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان وەک هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان دەناسێنن. لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتی یاسایی لە هەندێک وڵاتدا، پراکتیزەکردنی هاوڕەگەزخوازی بە تاوان دەزانێت. لەوانەیە سەرپێچیکارانی ئەم یاسایانە لە هەندێک وڵاتدا ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان ببنەوە، بەڵام جیاوازییەکی گەورە لە نێوان سیاسەتە فەرمییەکان هەیە لەگەڵ ئەوەی لە ڕاستیدا جێبەجێ دەکرێت.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هەندێک لە وڵاتانی جیهانی ڕۆژاوا دەستیان کرد بە بێ تاوانکردنی ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازی، لەوانە پۆڵەندا لە ساڵی ١٩٣٢، دانیمارک لە ساڵی ١٩٣٣، سوید لە ساڵی ١٩٤٤ و بەریتانیا لە ساڵی ١٩٦٧. بەڵام لە هەندێک وڵاتی پێشکەوتوودا هاوڕەگەزخوازان تا ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی بیست مافی مەدەنی خۆیان بەدەست نەهێنا. خاڵی وەرچەرخانەکە لە ساڵی ١٩٧٣ بوو کاتێک کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونیی ئەمریکی، هاوڕەگەزخوازی لە دەستنووسی دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان لابرد. ئەمەش وایکرد چیدی وەک نەخۆشییەکی دەروونی یان نائاسایی سێکسی پێناسە نەکرێت.

زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا و کاریبی هاوڕەگەزخوازی قەدەغە دەکەن. لە ساڵی ٢٠٠٨ کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازانی نێودەوڵەتی مەزەندەی کرد کە ٣٨ وڵات لە ئەفریقا هاوڕەگەزخوازی بە تاوان دەزانن، لە کاتێکدا لانیکەم ١٣ وڵات ڕێگەی پێدەدەن. لە ئاسیا لانیکەم ٢٠ وڵات هەن کە هاوڕەگەزخوازی یاساییە، لەوانە چین، ژاپۆن، هۆنگ کۆنگ، تایلەند، ڤێتنام، کۆریای باشوور و هیندستان (لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە). 

هاوڕەگەزخوازی لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسلامیدا نایاساییە. لە قەتەر، جەزائیر، ئۆزبەکستان هاوڕەگەزخوازان بە زیندانیکردن یان غەرامە سزا دەدرێن. لە ئیماراتدا هاوڕەگەزخوازان بە زیندانیکردن، غەرامەکردن، یان سزای لەسێدارەدان سزا دەدرێن. ئەو وڵاتانەی تر کە سزای لەسێدارەدان بۆ هاوڕەگەزخوازەکان جێبەجێ دەکەن بریتین لە: سعوودیە، مۆریتانیا، باکووری نەیجیریا، یەمەن، سوودان و ئێران. ڕەنگە ئێران ئەو وڵاتە بێت کە زۆرترین هاووڵاتیی خۆی لەسەر هاوڕەگەزخوازی لەسێدارە دابێت، لە ساڵی ١٩٧٩ـەوە تاوەکوو ساڵانی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٤ هەزار هاوڕەگەزخوازی لەسێدارەداوە. لە لایەکی ترەوە هاوڕەگەزخوازی لە عێراق (لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە)، تورکیا، ئەندەنووسیا، ئەلبانیا، مالی، تاجیکستان، قرغیزستان و کازاخستان یاساییە. هەروەها لە بەحرەین بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی بیست و یەک ساڵەوەیە لە ساڵی ١٩٧٦ـەوە یاساییە، لە کوەیت و ئۆزبەکستان و قەتەر پەیوەندی هاوڕەگەزخوازی نێوان ژنان یاساییە، بەڵام لە نێوان پیاوان قەدەغەیە. لە ناوچەکانی فەلەستین، هاوڕەگەزخوازی نێوان پیاوان تەنها لە غەززە قەدەغەیە.

ئیسرائیلیش بە لێبوردەترین وڵات بەرانبەر پرسی کەسانی ئێڵ جی بی تی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. لە کۆتا ساڵانی دەیەی ٢٠١٠ ساڵانە نمایشی شانازی هاوڕەگەزخوازان لە قودس، ئیلات، حەیفا و تەلئەبیب دەستیپێکرد. 


سەرچاوەکان

171 بینین