هۆكاری خورانی قوڕگ چییە؟

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-07-23:11:00 - کۆدی بابەت: 10583
هۆكاری خورانی قوڕگ چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆكاری خورانی قوڕگ چییە؟ (بە ئینگلیزی: ?What causes an itchy throat، بە عەرەبی: ما الذي يسبب حكة الحلق؟) بەنزیكەیی هەموو کەسێک لە قۆناغێکی ژیانیدا تووشی خورانی قوڕگ دەبێت. دەکرێت بەهۆی وەرزێکی دیاریکراو یان حاڵەتێکی پزیشکی بنەڕەتییەوە بێت. بە زۆری خورانی قوڕگ لەوانەیە سووک یان توند بێت. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەتوانرێت خورانی قوڕگ بە چارەسەری ماڵەوە نەهێڵرێت. 

هۆکارەکانی خورانی قوڕگ

خورانی قوڕگ بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە ڕوودەدات. باوترین هۆکارەکانی خورانی قوڕگ بریتین لەمانەی خوارەوە:

١- هەوکردنی لووت بەهۆی هەستیاریەوە

یەکێک لە هۆکارە باوەکانی خورانی قورگ بریتییە لە هەوکردنی لووت بەهۆی هەستیاریەوە (Allergic rhinitis). ئەم نەخۆشیە نزیکەی ٤٠ بۆ ٦٠ ملیۆن ئەمریکی تووشی بووە. لە کاتی ئەم نەخۆشییەدا سیستمی بەرگری لەش ماددەیەکی بێ زیان لە هەوادا بە زیانبەخش دەناسێتەوە. پاشان سیستمی بەرگری دژەتەن بەرهەم دەهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ماددە بێ زیانە. جارێکی تر کە بەرکەوتنت لەگەڵ مادەکەدا دەبێت، ئەم دژەتەنانە ئاماژە بۆ سیستمی بەرگری لەش دەکەن بۆ دەردانی ماددە کیمیاییەکان وەک هیستامین، بۆ ناو خوێن. ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی کاردانەوەیەک کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک ئاوسانی و خوران.

٢- هەستیاری بە خواردن

کاردانەوەی هەستیاری بەرامبەر بە خۆراک کاتێک ڕوودەدات کە جەستە کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بەو شتانەی دەیخۆین وەک ئەوەی ئەم خۆراکانە زیان بە جەستە بگەیەنن. ئەم جۆرە کاردانەوەیە زۆرجار چەند خولەکێک یان چەند کاتژمێرێک دوای خواردنی خۆراکە هاندەرەکە ڕوودەدات. ئەم هەستیاریە لەوانەیە سووک بێت و نیشانەکانی سنووردار بن وەك خورانی قوڕگ یان دەم. بەڵام هەندێک جار هەستیاریی خۆراک دەتوانێت كوشندە بێت. باوترین خواردنە هاندەرەکان بریتین لە: بستە، هێلکە، شیر و گەنم. ئەگەر نیشانەکانت بەردەوام بوون و بارودۆخەکەت خراپتر بوو، باشترین شت ئەوەیە کە سەردانی پزیشکی قوڕگ و لووت و گوێ یان پزیشکی گشتی بکەیت.

٣- هەستیاری بە دەرمان

زۆر کەس هەستیارییان هەیە بەهەندێک دەرمانی وەکو پەنسیلین و دژە زیندەییەکانی تر. توندی ئەم هەستیاریە لە سووکەوە بۆ کوشندە دەگۆڕێت. یەکێک لە نیشانە باوەکانی هەستیاریی دەرمان بریتییە لە خورانی قوڕگ کە دوای ماوەیەکی کەم لە خواردنی دەرمانێکی نوێ دەست پێدەکات.

٤- هەوکردنی بەکتریا و ڤایرۆسی ڕۆڵی هەیە لە خورانی قوڕگدا

قورگ ئێشەی سترێپتۆکۆک (Streptococcus) یان لەوزەتێن کە بەهۆی بەکتریا دروست دەبێت لە هەستکردن بە خورانی قوڕگەوە دەست پێدەکات. پاشان نیشانەکانی کەسەکە توندتر دەبن و قورگ ئێشە ڕوودەدات. هەروەها ڤایرۆسەکانی وەک ڤایرۆسی هەڵامەت و ئەنفلۆنزا دەبنە هۆی خورانی قوڕگ. ئەگەر کەسێک تووشی هەڵامەت بوو بەشێوەیەكی ئاسایی خورانی قوڕگی زیاد ناكات. بەڵام لەو حاڵەتانەی کە کەسێک تووشی ئەنفلۆنزا بووە، خورانی قوڕگ و ئازاری قورگی توندتر دەبێت و تووشی تا، ئازاری جەستە و هەستکردن بە ناڕەحەتی لە ناوچەی سنگیدا دەبێت.

٥- كەم ئاوی لەش

كەم ئاوی لەش کاتێک ڕوودەدات کە جەستە ئاوی زیاتر لە لەشدا دەربكات وەك لەوەی کە دەیخوات. زۆرجار كەم ئاوی لەش زیاتر لە کەشوهەوای گەرمدا، دوای وەرزشکردن، یان لە کاتی نەخۆشیدا زیاترە. لەڕاستیدا وشکبوونەوەی لەش دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی دەم، ئەمەش تێكچوونێكی کاتییە و تێیدا لیکی پێویست لە دەم و قوڕگدا نییە. وشکبوونەوەی دەمیش دەبێتە هۆی هەستکردن بە خورانی قوڕگ.

٦- گەڕانەوەی ترشی گەدە

هەندێک کەس کە تووشی گەڕانەوەی ترشی گەدەی درێژخایەن بوون کە بە دڵەکزێش ناسراوە، لەوانەیە تووشی کێشەی قوڕگ ببن. گەڕانەوەی ترشی گەدە کاتێک ڕوودەدات کە ترشی گەدە لە گەدەوە دەگەڕێتەوە بۆ ناو سورێنچک. بەزۆری خورانی قوڕگ یان قورگ ئێشە تاکە نیشانەکانی گەڕانەوەی ترشی گەدە نین. بەڵام هەندێک کەس تووشی گەڕانەوەی بێدەنگ دەبن و تاکە نیشانەیەک کە تووشی دەبن لەوانەیە خورانی درێژخایەنی قوڕگ بێت.

٧- کاریگەری لاوەکی دەرمانەکان

ڕەنگە هەندێک دەرمان ببنە هۆی كۆكەی وشك و خورانی قوڕگ، ئەمەش بەهۆی کاردانەوەی هەستیاری بۆ دەرمانەکان نییە. بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە ڕێگریكەری ئەنزیمەکانی گۆڕینی ئەنجیۆتەنسین (ACE inhibitors) بەکاردەهێنن بۆ چارەسەرکردنی بەرزی پەستانی خوێن پێویستە بزانن کە ئەم دەرمانانە ڕەنگە ببنە هۆی نیشانەکانی وەک خورانی قوڕگ و کۆکەی وشک. بەزۆری ئەم نیشانانە دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردن بە ڕێگریکەری ACE دەست پێدەکات و نیشانەی دیکەی لەگەڵدا نییە.

کەی دەبێت سەردانی پزیشك بكەیت؟

هەرچەندە خورانی قوڕگ بەزۆری بە حاڵەتی فریاگوزاری نازانرێت، بەڵام دەتوانێت نیشانەیەکی بێزارکەر بێت. ئەگەر خورانی قوڕگت خراپتر بوو و لەگەڵیدا هەناسەبڕکێ، کێشەی هەناسەدان و ئازارت هەبوو، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکەیت.


سەرچاوەکان

692 بینین