کەسایەتیی چارەسەرکەر INFP

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-12-09-10:58:00 - کۆدی بابەت: 10593
کەسایەتیی چارەسەرکەر INFP

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەسایەتیی چارەسەرکەر (بە ئینگلیزی: Mediator) یاخود infp کورتکراوەی (the Introverted, Intuitive, Feeling, and Prospecting personality، بە کوردی: کەسایەتیی گۆشەگیر، خەیاڵاویی، بڕیاردەر بە دڵ و هەرەمەکی و سەرکێش) جۆرێکە لە ١٦ کەسایەتییەکانی ئێم بی تی ئای MBTI، MBTIــیش یەکێکە لە بڵاوترین تاقیکردنەوەکانی دیاریکردنی جۆری کەسایەتی. کەسایەتی چارەسەرکەر بەوە ناسراون زۆر هەستیارن و زۆر خەیاڵ دەکەن، هەمیشە حەز دەکەن یارمەتی خەڵک بدەن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام زۆر کات هەست بە تەنهایی دەکەن. infp بەپەرۆشن بۆ زانینی سروشتی مرۆڤ و هەڵسوکەوتیان، بۆیە زۆر باشن لە خوێندنەوەی کەسی بەرامبەریان و دەزانن بیر لە چی دەکەیتەوە و هەستت چۆنە، ئامادەن هەمیشە گوێت لێبگرن و بڕیارت لەسەر نادەن. ئەم کەسایەتییە ناتوانن نواندن بکەن و کەسایەتی و هەست و بیرکردنەوەیان ساختە بکەن بۆیە ئاڵۆز نین و لێ تێگەشتنیان ئاسانە، زۆر باشن لە باسکردنی هەست و بیرکردنەوەکانیان بۆیە زۆربەیان نووسەر و شاعیری سەرکەوتوون وەکوو شکسپیر.

خاڵە لاواز و بەهێزەکانیان

خاڵە بەهێزەکانیان

١. هاوسۆزن: بەهۆی باش خوێندنەوەی کەسانی چواردەوریان و هەستیارییان دەتوانن بە باشی لە هەست و هەڵسوکەوتی کەسی بەرامبەریان تێبگەن و دەزانن بیر لەچی دەکەیتەوە، هەست بە ئازار و ناخۆشییەکانت دەکەن، لەو کاتانەدا هاوخەمی خۆیان دەردەبڕن و باشترینی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو کەسە بدەن. بەهۆی ئەمەوە میهرەبان و بە بەزەیین، ڕقییان لە ئازاردانی کەسانی ترە و نایانەوێت بەهۆی ئەوانەوە کەس خەمباربێت. 

٢. بەخشندەن: ئەم کەسایەتییە حەزدەکەن هەموو باشیی و سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی ژیانیان لەگەڵ کەسانی تر بەش بکەن. هیچ شتێک بەلایانەوە گرنگتر نییە لە دڵخۆشی و یارمەتیدانی یەکێکی تر.

٣. تێگەیشتوو و مێشک کراوەن: قاییل و بەرگەگرن هەوڵدەدەن بڕیار لەسەر کەس نەدەن لەسەر بیروباوەڕەکانیان یاخود شێوازی ژیانیان. بەڕای ئەوان هیچ کەسێک لەیەک ناچێت و ئەو جیاوازییەشە ژیانی ڕەنگاوڕەنگ و جوان کردووە. تەنانەت کاتێک یەکێک هەڵەیەک بکات نایانەوێت کەسەکە هەست بە تاوان بکات. بەهۆی ئەمانەوە کەسانی متمانە پێکراون.

٤. داهێنەرن: چارەسەرکەر هەمیشە دەیانەوێت شتەکان لە ڕوویەکی ترەوە ببینن کە کەسانی تر ناتوانن بیانبینن، کاری جیاواز بکەن، بیرکردنەوەی جیاوازیان هەبێت بەهۆی ئەمانەوە کەسانی دەست ڕەنگین و داهێنەرن.

٥. نموونەیین: مەبەست و ئامانجیان هەیە لە ژیان و دەیانەوێت ژیانێکی واتادار بژین. کاتێک کارێک دەکەن هەموو هەوڵی خۆیانیان لەگەڵ دەدەن. هەروەها هەمیشە پێداچوونەوە بە کارەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی کارە ڕاستەکە دەکەن و ئەوەی دەیکەن باشترین دەبێت.

خاڵە لاوازەکانیان

١. خەیاڵی و ناڕاستی: "هیچ شتێک لە ژیاندا نموونەیی نییە" بەڵام ئەمە ڕاستییەکی قبوڵنەکراوە بۆ infp، چونکە لە هەموو لایەنەکانی ژیانیان خەیاڵی زۆریان هەیە کە زۆر دوورن لە ڕاستییەوە. کە ئەمانەش لە کۆتاییدا دەبنە هۆی دڵ شکان و بێ هیوا بوونیان.

٢. دوورەپەرێزن: چارەسەرکەر حەزدەکەن لەگەڵ خەڵک پەیوەندی دروست بکەن بەڵام نازانن چۆن. هەمیشە دوودڵن لە دەستکردن بە قسە لەگەڵ کەسانی تر بەتایبەتی لە ژینگەیەکی نوێدا، لە ئەنجامدا زۆربەی کات ئەم کەسایەتییە بە تەنها دەمێننەوە و هەست دەکەن لە دەرەوەی بازنەکەن.

٣. زۆر هەستیارن: ئەم تایبەتمەندییە infp لەگەڵ ئەوەی لایەنی باشی هەیە بەڵام لایەنی خراپیشی هەیە ئەگەر سنووری بۆ دانەنێن، زۆر کات دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک لایەنی بەزەیی و هەست و سۆز بۆ قازانجی خۆیان بەکاربهێنن، یاخود لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە قسەیەکی ناخۆش ببێتە هۆی ڕووخانیان.

٤. بێ سەرنجن: سروشتی خەیاڵکردن و بیرکردنەوەی زۆر هەموو کات ئەنجامەکەی داهێنان نییە بەڵکوو زۆرجار کات کوشتن و دوورخستنەوەیان لە ژیانی ڕاستی. زۆربەی Infp کرداریان کەمە بۆ کردنی ئەو شتانەی دەیانەوێت، بەهۆی ئەوە نییە کە ناتوانن بەڵکوو ئەوەیە کە زۆر لە دنیای خەیاڵدا دەژین کە ئامانجە سەرەکییەکانیان لەبیردەکەن.

٥. لە سنووری خۆیان دەردەچن بۆ دڵخۆشکردنی چواردەوریان: دەیانەوێت لەلایەن کەسانی چواردەوریان قبوڵبکرێن بۆیە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ دڵخۆشکردنیان. هەروەها کاتێک یەکێک ئەوانی بەلاوە باش نەبێت و حەزیان پێ نەکات هەوڵ دەدەن بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەی ئەو کە زۆرجار کات و وزەیەکی زۆریان لێدەبات، ئەمەش پێویست نییە چونکە مەرج نییە هەمیشە هەموو کەسێک تۆی بەدڵبێت.

پەیوەندییەکانیان

لە ڕووی پەیوەندی خۆشەویستییەوە باوەڕیان بە خۆشەویستی ڕاستەقینە هەیە. بەهۆی خەون و  خەیاڵی زۆر پێشبینی گەورە و ستانداردی بەرزیان هەیە بۆ هاوبەشەکەیان، هەمیشە خەون بەوەوە دەبینن کە پەیوەندییەکی نموونەییان هەبێت. زۆر گرنگی بە ناوبانگ و پارە نادەن بەڵکوو دەیانەوێت پەیوەندییەکی ڕۆحییان هەبێت، لە یەکتر تێبگەن و بەرەو باشتر یەکتر بگۆڕن. بۆ ئەم کەسایەتییە هاوڕێی ڕاستەقینە کەسێکە کە هەمیشە لە کاتی تەنگانەدا لات بێت هەروەها بەرەو باشتر بتگۆڕێت.

کاتێک کەسێک بە هاوڕێ دابنێن بۆ هەمیشەییە نەوەک بۆ ماوەیەکی کاتیی، هەبوونی گرووپێکی بچووکی هاوڕێیان بەلاوە باشترە لە هاوڕێی زۆر. ئامادەن هاوڕێیەتی هەموو جۆرە کەسێک بکەن تەنانەت ئەگەر ئەزموون و بیر کردنەوەی زۆر جیاوازیشیان هەبێت، بەڵام لە دروستکردنی هاوڕێدا خراپن چونکە زۆر دوودڵن کاتێک دەیانەوێت لەیەکێک نزیک ببنەوە.

ئامانجی یەکەمی infp وەکوو دایک و باوک ئەوەیە کە گرنگیپێدەر و نەرمونیان و تێگەیشتوو بن، دەیانەوێت ئازادی بە منداڵەکانیان بدەن کە خۆیان بن و هەڵبژاردەی خۆیان هەبێت، فێری دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و گرنگی پێدانیان بکەن. هەرچەندە لە یاسا دانان و کۆنتڕۆڵکردنی منداڵەکانیان باش نین بەڵام هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ تێگەیاندنیان لە بەرپرسیارێتییەکانیان.

پیشەکانیان

کاتێک چارەسەرکەر کارێک دەکات تەنها بیر لە پارە ناکاتەوە بەڵکوو دەیەوێت کارێک بێت خۆشی بوێت و بە دڵسۆزی بیکات. دۆزینەوەی پیشەیەکی گونجاو زۆر قورسە بۆیان، کاتێک کارێک دەکەن بیر لەوە دەکەنەوە کە ئایا کارە ڕاستەکە دەکەن و ئەو کارە گونجاوە لەگەڵیان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی فشارێکی زۆر بۆیان. ئەو کارانەی ژاوەژاوی زۆرە یاخود دەبێتە هۆی قەلەقی و سترێسییان بێزاریان دەکات، هەروەها لەو شوێنی کارانەی ڕەخنەی زۆریان لێدەگیرێت ناتوانن کاربکەن.

باشترین پیشە بۆ infp نووسەری کە تێیدا دەتوانن بیرکردنەوە و خەیاڵ و هەستەکانیان دەرببڕن بە نووسینی (ڕۆمان، شیعر، چیرۆکی خەیاڵی، دەقی فیلم و دراما). هەروەها لە هونەری سینەماشدا وەکوو ئەکتەر، دەرهێنەر، نووسەر سەرکەوتوون. ئەو پیشانەی یارمەتیدان و خزمەتکردنی خەڵکی تێدا بێت گونجاوە بۆییان لەوانە (کاروباری کۆمەڵایەتی، دەروونناسیی، مامۆستا، پیشە پزیشکییەکان).


سەرچاوەکان



883 بینین