چۆن بوێری بەدەست بهێنین؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-11-22:20:00 - کۆدی بابەت: 10621
چۆن بوێری بەدەست بهێنین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن بوێری بەدەست بهێنین؟ (بە ئینگلیزی: ?How to gain courage، بە عەرەبی: كيف نكتسب الشجاعة؟لەم بابەتەدا فێری ئەوە دەبین چۆن بوێر بین، ئێمە زۆربەمان لە بارودۆخە زۆر ئاساییەکانیش ترسمان هەیە، بۆ نموونە کاتێک لەسەر بەرزاییەک دەوەستین، زۆر دەترسین. یان کاتێک دەمانەوێت چێژ لە کارێکی جیاواز و سەرکێشی وەربگرین ناتوانین. لێرەدا باسی ئەو تەکنیکانە دەکەین کە هەرچەندە سادەن، بەڵام کاریگەرن بۆ بوێر بوون.

هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی بوێری

- ترس هەمیشە بوونی هەیە

بەپێی وتەی پزیشک، ئارامی واتای ئەوە نییە کێشە و سەختی بوونی نەبێت، بەڵکوو بریتییە لە توانای ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشەکان، کەواتە لەئەنجامدا بوێری بەواتای نەبوونی ترس نایەت، هەمووان لە ژیاندا لە شتانێک دەترسن کە ڕێگای زاڵبوون بەسەریاندا ئەوەیە فێربین چۆن ڕووبەڕووی ترسەکانمان ببینەوە و کۆنتڕۆڵیان بکەین.

- دەبێت سوپاسی ترسەکانمان بکەین

لەڕاستیدا ئێمە بەشێوەیەک دروست کراوین کە هەستی ترسمان هەبێت، کاتێک دەربارەی شتێک هەست بە دڵەڕاوکێ و ترس دەکەن، دەبێت بزانن کاتی ئەوەیە کە پێویستە بارودۆخەکە هەڵسەنگێنن و بڕیارێک بدەن. 

- بڕیار بدەن که بوێر بن

هەموو مرۆڤەکان لەبارودۆخە جیاوازەکاندا کاردانەوەی جیاوازیان هەیە و ناتوانرێت ڕێگەچارەیەکی تایبەت بۆ بە ئاسان بەڕێوەبردنی ترسەکان دابنرێت. هەرچەندە یەکەم هەنگاو بۆ دەستپێکردن، ئەوەیە کە خۆتان بڕیاربدەن ئازا و بوێر بن. بڕیار بدەن ڕێگە نەدەن ترسەکان ئێوە کۆنتڕۆڵ بکەن، پاشان دەبینن چۆن چەندین دەرفەتتان بۆ دێتە پێشەوە بۆئەوەی بڕیارەکەتان بکەن بە کردار. 

- بەهێزی و توانای جەستەیی، جۆرە گرنگەکەی بوێری نییە

ئەو کەسانەی کە دەتوانن لەسەر پردەکان، بەرزاییەکان، فڕۆکە و شاخەکان یان باڵەخانە بەرزەکان بازبدەن، ڕاستە بوێرن بەڵام ئەمە گرنگترین جۆری بوێری نییە، هەندێک کات کێشە دەروونییەکان کە هۆکارەکەی نەبوونی بوێرییە زۆر مێشکتان سەرقاڵ دەکات و پەیوەندیشی بە کارەکانی جەستەوە نییە، کەواتە هەوڵ بدەن سەرنجتان بخەنە سەر بەڕێوەبردنی ئەو ترسانەی دەروونیین و پەیوەندییان بە جەستەوە نییە و ڕووبەڕوویان ببنەوە. 

- ئامانجێکی بوێرانە بۆ خۆتان دیاری بکەن

ئامانجێکی بوێرانە بۆ خۆتان دیاری بکەن کە بەڕاستی ورەتان پێبدات، لەوانەیە ئەم ئامانجە کەمێک ئێوە بترسێنێت بەڵام کێشە نییە، سەرنج بخەنە سەر ئامانجەکەتان و خۆتان بەکەم مەزانن. بەر لەوەی کاری گەورەتر ئەنجام بدەن، پێویستە گەورەتر بیربکەنەوە. 

- هەمیشە بوێرانەترین ساتەکانی ژیانتان لەیاد بێت

ئەو کاتە بەبیر خۆتان بهێننەوە کە سەرکەوتووبوون بەسەر ترسێکی گەورەدا زاڵبن، لەو ساتانەدا هەستتان بەوە دەکرد چەندە بەهێز و گرانبەهان و کەس ناتوانێت شکستتان بهێنێت، هەرچەندە زیاتر بیر لەو ساتانە بکەنەوە و شانازی بەخۆتانەوە بکەن، کەمتر هەست بە ترس دەکەن.

- کەمێک پشت بە کەسانی تر ببەستن

ئەوەتان لەیاد بێت داوای یارمەتی کردن هیچ کێشەیەکی تێدا نییە. یارمەتی وەرگرتن لە کەسانی تر نیشانەی لاوازی نییە، کەواتە شەرم مەکەن و یارمەتی کەسانی تر قبووڵ بکەن.

- ترسەکانتان فەرامۆش مەکەن

ئەگەر دەربارەی بارودۆخێک دوودڵ بوون، ئەوا زانیاریەکانتان لەسەری فراوان بکەن، پشتگوێخستنی ترسەکان، بارودۆختان خراپتر دەکات کەواتە ئاستی زانیارییەکانتان بەرز بکەنەوە، لە پرسیارکردن مەترسن و واز لە ئەگەرەکان بهێنن.

- هەتا نەچنە سەر پردەکە، ناتوانن لە ڕووبارەکە بپەڕنەوە

وابیرمەکەنەوە کە بڕیارە ڕوبەڕووی ڕووداوی زۆر تایبەت و تۆقێنەر ببنەوە، ٪٩٥ـی ترسەکانتان هەرگیز نابن بە ڕاستی، کەواتە خۆتان ئەشکەنجە مەدەن، هەوڵبدەن لە ناوەڕۆکی کارەکە تێبگەن، بۆئەوەی بتوانن ڕاستیەکە لە خەیاڵە ترسێنەرەکانی خۆتان جیابکەنەوە.

- لەوە مەترسن کە زیانتان پێبگات

کەسانێک کە بەردەوام بەترسەوە دەژین، بەگشتی متمانە بەخۆبوونی بەرزیان نییە، ئەگەر لەوە دەترسن کەسانی تر، بزانن ئێوە کەسێکی چۆنن و لە چی دەترسن، دڵنیابن هیچ کاتێک ناتوانن ببن بە کەسێکی بوێر، کەواتە لە بیرکردنەوەکانی کەسانی تر مەترسن و ئەوە قبووڵ بکەن کە لەوانەیە زیانتان پێبگات.

- داوای ئەو شتە بکەن کە دەتانەوێت

بوێربن و ئەو شتەی دەتانەوێت داوای بکەن، هەندێک جار هۆکاری نەگەیشتنی ئێمە بە ویستەکانمان ئەوەیە کە باسیان ناکەین، کەسانی تر ناتوانن مێشکی ئێوە بخوێننەوە کەواتە ئەگەر شتێک هەیە کە دەتانەوێت بەدەستی بهێنن، دەبێت ئامادەبن داوای بکەن. 

- ڕووبەڕووی ترسەکانتان ببنەوە

یەکێک لە ڕێگا گرنگەکان بۆ زاڵبوون بەسەر فۆبیا و ترسەکاندا ئەوەیە خۆتان بخەنە ناو ئەو بارودۆخەی لێی دەترسن، کەسانێک کە لە مار دەترسن، دوای ئەوەی مارێک بە دەستیانەوە دەگرن، بیرکردنەوەکەیان دەگۆڕێت، هەڵبەتە دەبێت ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لەژێر چاودێری کەسێکی پسپۆڕدا ئەنجام بدرێت. 

- ئەرێنی بیر بکەنەوە

بیرکردنەوە ئەرێنییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانی تر زیاتر ئێوەیان خۆش بوێت و بەباشی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، کەواتە ئەگەر تۆ کەسێکیت کارە ئەرێنییەکان و ئەو کارانەی خۆت حەزیان لێدەکەیت ئەنجام نادەیت، چاوەڕوانی ڕووداوە باشەکان مەکە.

- فشارەکانتان کەم بکەنەوە

هەندێکجار بەهۆی کێشە جەستەییەکانەوە دووچاری فشار دەبن، بەڵام دەتوانن بەسەریدا زاڵبن، خواردنی باش بخۆن و بە ئەندازەی پێویست بخەون و وەرزش بکەن، لە پشووەکاندا گەشت بکەن بۆ شوێنە خۆشەکان و چێژ لە کاتەکانتان وەربگرن، پاشان بۆتان دەردەکەوێت کە فشارەکان کەمبوونەتەوە.

- شکست قبووڵ بکەن و بەردەوام بن

ئەگەر شکستتان هێنا، وازمەهێنن و مەوەستن، تەنیا قبووڵی بکەن و دووبارە بەردەوامبن لەسەر ڕێگاکەتان.

- داوای لێبوردن بکەن

کاتێک هەڵەیەک دەکەن قبووڵی بکەن، بەرپرسانە ڕەفتار بکەن و بوێریتان هەبێت بۆ داوای لێبوردن کردن لەو هەڵەیەی کردووتانە و هەوڵ بدەن زیانەکان قەرەبوو بکەنەوە.

- بۆ بەدەستهێنانی مافەکانتان بجەنگن

ئەگەر بەرگەی ئەوە بگرن کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر مافەکانتان، دەبێت چاوەڕوانی هەموو ڕووداوێک بکەن، بە پێداگیری نەکردن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانتان، ئێوەش هاوبەش دەبن لەو سوکایەتییەی پێتانکراوە، کەواتە مافی خۆتان وەربگرن و لەبەرانبەر ئەو کەسانەی مافەکانتان پێشێل دەکەن، سەر دامەنەوێنن و خۆتان بەدەستەوە مەدەن. 

- واز لە هەندێک شت بهێنن

هەندێکجار بوێری وازهێنانە و تەنانەت کاتێک ئەگەری شکست زۆر بەرز بێت دووبارە بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵدان، کەواتە ئەگەر هەوڵدان هیچ ئەنجامێکی نابێت، بوێریتان هەبێت و وازی لێبهێنن.

- هەمیشە بەردەوام بن لەسەر فێربوون

گەشە و بەرەو پێشبردنی کەسایەتی بە هەوڵدان بۆ فێربوونی بەردەوام و بەرزکردنەوەی لێهاتووییەکان، دەرفەتێکی نایابە بۆ زاڵبوون بەسەر ترسەکاندا.


سەرچاوەکان



593 بینین