جوانترین باڵندەکانی جیهان

له‌لایه‌ن: - پەرژین عومەر پەرژین عومەر - به‌روار: 2022-12-12-21:25:00 - کۆدی بابەت: 10627
جوانترین باڵندەکانی جیهان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جوانترین باڵندەکانی جیهان (بە عەرەبی: أجمل أنواع الطيور في العالم، بە ئینگلیزی: The most beautiful species of birds in the world)، ڕەنگە زۆربەمان بەشێوەیەکی بەردەوام باڵندەمان بینیبێت لەسەر درەخت یان تەنانەت لە وێنەدا بۆیە قورسە بتوانین جوانترین باڵندەکان دیاری بکەین، ئەم لیستە ژمارەیەک لە جوانترین باڵندەکانی جیهان لەخۆدەگرێت. 

جوانترین باڵندەکانی جیهان

یەکەم: باڵندەی پۆڕی ئاڵتونی یان پۆڕی چینی، ئەم پۆڕە بە ڕەنگی پەڕە بریقەدار و جوان بەناوبانگە، پۆپنەکەی ڕەنگی ئاڵتونی جوان و تێکەڵ بە ڕەنگی سوورە، ڕەنگی پەڕەکانی سەرشانی سوورێکی تێرە، کلێکی قاوەیی زەردباوی هەیە و لەو دارستانانەی کە خاوەن داری چڕ و هەروەها دارستانەکانی ڕۆژاوا و ناوەڕاستی چین دەژین.

دووەم: باڵندەی تووتی سووری ئاڵ، باڵندەی توتی سوور کە یەکێکە لە جوانترین و گەورەترین جۆرەکانی خێزانی ماکاون کە یەکێکە لە خێزانەکانی باڵندەی تووتی و بەهۆی ڕەنگاو ڕەنگی پەڕەکانی بەناوبانگە، بەشی سەرەوەی باڵەکانی زەردە و کۆتای باڵەکە ڕەنگی سەوزە، لە ژینگەیەکی دارستانی شێدار و هەمیشە سەوزدا دەژی، لە ئەمریکای باشوور و ناوەند نیشتەجێن. 

سێیەم: فلامینگۆ، بەنزیکەیی بەناوبانگترین جۆری باڵندەی ئاوییە کە بەڕەنگی پەڕە سووری مۆرباو جیادەکرێتەوە، بەنزیکەی شەش جۆری لە جیهاندا هەیە و لە هەموو کیشوەرەکاندا دەژی جگە لە ئەنتارکتیکا، درێژییەکەیان سێ بۆ چوار پێیە، کێشیان زیاتر لە ٣،٦ کیلۆگرامە، ملێکی درێژی چەماوەیان هەیە و درێژی قاچەکانیان ٣٠ بۆ ٤٠ ئینجە، ئەو ڕەنگە مۆرە سوور باوەیان بەهۆی ئەو خواردنانەوەیە کە دەیخۆن بەشێوەیەکی گشتی خواردنی سەرەکیان ڕۆبیان، پڵانکتۆن ،قەوزەی سەوزی شینباوە. 

چوارەم: تاووس، ئەم ناوە ناوی باڵندەی نێرینەی بنەماڵەی تاووسە و بە نمایشە ڕەنگاوڕەنگەکانی پەڕەکانی کلکی دەناسرێت، سێ جۆری ئەم خێزانە لە سەرتاسەری جیهاندا هەن: تاوسی هیندی و کۆنگۆ و تاوسی سەوز.

پێنجەم: باڵندەی تەوقان یان باڵندەی کیلی، باڵندەیەکی ئەمریکی دەنوک زلە، قەبارە گەورەکەی درێژییەکەی نزیکەی دەگاتە ٢٠ سانتیمەتر، دەنوکی ئەم باڵندەیە تێکەڵەیەکە لە ڕەنگی سەوز و سوور و زەرد.

شەشەم: باڵندەی پەفین ئەتلانتیکی، جۆرە باڵندەیەکی ئاوی سەر زل و دەنوک سێ گۆشەی زلە، هەروەها بە تووتی دەریا ناودەبرێت، باڵندەیەکی بچووکە، بە زۆری لە وەرزی هاوین و پاییز و زستاندا بە تەنیا لە دەریادا دەژی و کاتێک بەهار دێت کۆدەبنەوە لە کەناراوەکان. ئەم باڵندەیە ژیانی خۆی لە دەریادا بەسەر دەبات و لە کەنارەکانی باکووری ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕۆژهەڵاتی کەنەدا دەدۆزرێتەوە.

حەوتەم: باڵندەی بۆرەک يان قژاوکە، یەکێکە لەزیرەکترین و جوانترین باڵندەکانی جیهان، ڕەنگی شینێکی درەوشاوەیە کە لە قوڕگییەوە تاسکی دەدرەوشێتەوە، لە دارستانەکاندا لە ناوەڕاستی و خۆرهەڵاتی ئەمریکای باکوور دەدۆزرێتەوە. دەکرێت دەنگی لە وەرزی پاییز و زستاندا ببیسترێت، یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاکراوەکانی ئەم باڵندەیە ئەوەیە کە دەنگێک دەردەکات (جەی جەی) هەروەها دەتوانێت لاسایی دەنگی باڵندە جۆراوجۆرەکان بکاتەوە.

هەروەها کۆمەڵێک باڵندەی ترمان هەیە کە بە هەمان شێوە بە جوانترین باڵندەکان دادەنرێت ئەوانیش:

یەکەم: باڵندەی کاولی یان بۆهیمیای کلک زەرد: جۆرە باڵندەیەکی خوێنەری قەبارە مامناوەندن، لە نیوەگۆی باکوور دەژین، پۆپنەدارن و دەنوکیان سوورە. لە نێو جوانترین پازدارانی جیهاندان، هەروەها سێ جۆرن.

دووەم: مراوی دارین یان مراوی کارۆلینا، جۆرە مراوییەکی نیشتەجێی ئەمریکای باکوورە، نێرەی ئەم جۆرە مراوییە یەکێکە لە ڕەنگاو ڕەنگترین باڵندە ئاوییەکانی ئەمریکای باکوور.

سێیەم: پەپووسڵێمانە، باڵندەی ڕەنگاوڕەنگن و لە سەرانسەری ئەفریقا و ئاسیا و ئەورووپادا دەبینرێن، ئەم جۆرە باڵندە بەهۆی تاجە پەڕینییە تایبەتەکانیانەوە بەناوبانگن.

چوارەم: توتی ماکاوی یاقوتی شین، گەورەترین جۆرە تووتییە فڕیوەکانی جیهانە کە درێژییەکەیان ١٠٠ سانتی مەترە، لە ناوچە نیمچە کراوەکان و لەوەڕگای دەشتە بێدارەکاندا نیشتەجێن. لەم چەند ساڵە کەمەی ڕابردوودا ژمارەیان ڕوو لەکەمبوونە ژمارەیان ئێستا کەمتر ٥٠٠٠ ماکاوی دەخەمڵێنرێن. هەروەها ڕاوکردنیش هەڕەشەیەکی سەرەکییە لە سەر ژیانی ئەم جۆرە توتیە.

پێنجەم: ‌باڵندەی کۆتزال، جۆرە باڵندەیەکی کلک درێژە و سەر بە خێزانی ترۆگۆنە، لە دارستانەکاندا دەبینرێن، بەتایبەت لە بەرزاییە شێدارەکان و باڵندەی ڕەسەنی ئەمریکای ناوەندین. خواردنی ئەم باڵندە شەوگەرد، مێرووەکان، زیندەوەرە بچووکەکان و میوەیە.

شەشەم: باڵندەی کۆندۆر، گەورەترین باڵندەی وشکانییە لە ئەمریکای باکوور، پێستێکی ڕەنگ وەنەوشەیی سەیریان هەیە، بەداخەوە ئەم جۆرەیان مەترسی لە ناوچوونی لەسەرە.

حەوتەم: تووتی پەلکەزێڕینەی لۆریکیت، باڵندەیەکە لە خێزانی لۆری، چەندین جۆرن، بەدرێژایی کەناراوەکانی ئوستوڕالیا دەژین، حەزیان لێیە لە دارستانە باراناوییەکاندا بمێننەوە.

هەشتەم: باڵندەی ماسیگرە یان قوڵەشینە، باڵندەیەکی ڕەنگ گەشاوەیە و لە نزیک ڕووبار و دەریاچەکاندا دەژین و جگە لە ماسی دەتوانن مێروو، بۆق، قرژانگ، مشک و شەوگەرد بگرن.

نۆیەم: باڵندەی بەهەشتی شین، گرووپی ئەم باڵندانە زۆرجار لە نیوگینیا دەدۆزرێنەوە، ئەم باڵندە شینانە لەگەڵ ئەوەی جوانی و سەرنجڕاکێشن، نێرەکانیان نواندنێکی ئەوینداری دەکەن و پەڕەکانیان بڵاودەکەنەوە بە دەنگێکی هێواش گۆرانی ئەڵێن.


سەرچاوەکان



534 بینین