چاندنی بیبەر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-14-19:35:00 - کۆدی بابەت: 10653
چاندنی بیبەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی بیبەر (بە ئینگلیزی: Planting pepper، بە عەرەبی: زراعة الفلفل)، چەندین جۆری جیاواز لە بیبەرەکان هەیە لە ڕەنگ و تامدا، بەڵام هەموویان هاوبەشن لە ئەوەی کە پێویستیان بە هەمان هەلومەرجی گەشەکردنە، کە چەندین سوود و بەکارهێنانیان هەیە، کاتێک لەگەڵ گەشەکردنیدا بیبەرەکە ڕەنگەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە سەوزەوە بۆ زەرد دواتر بۆ پرتەقاڵی و سوور، لەگەڵیدا ڕێژەی تام و بەها خۆراکییەکانیشی زیاد دەکات.  

خۆشبەختانە بیبەرەکان چەند هۆکارێکی کەمیان هەیە کە زیانیان پێدەگەیەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جۆری بەهێز هەیە کە توانای بەرگەگرتنیان هەیە، واتە تەنها بیبەرە لاوازەکان ڕووبەڕووی کێشەکان دەبنەوە، کە زیاتر تووشبوونیان بە ڤایرۆس دەگرێتەوە کاتێک لەلایەن مێرووەکانەوە بۆیان دەگوازرێتەوە، یەکێکی تر لە کێشەکان درێژەکێشانی وەرزی زستانە، کە پێویستە بیبەرەکان دابپۆشرێن بۆ ئەوەی بپارێزرێن لە سەرما.  

هەنگاوەکانی چاندن

  • لە پاش کۆتایی هاتنی سەرما دەچێنرێت، بەڵام ئەو ناوچانەی کە پلەی گەرمییان نزمە و فێنکترن باشترە سەرەتا لە گۆزەدا بچێنرێت، شەوانە لە ژوورەوە بێت دواتر بە ڕۆژدا ببرێتە دەرەوە کاتێک کەشوهەوا گونجاو بێت.
  • پێویستە مەودای نێوان بیبەرێک بۆ دانەیەکی تر بە نزیکەیی ٤٥-٦٠ سانتیمەتر ببێت.
  • دواتر خاکەکەی بە ماددەی ئەندامی و پەیین بەپیتبکرێت.
  • پاش چاندنی ڕاستەوخۆ بڕێکی زۆر ئاوی پێدەدرێت بۆ ئەوەی لە جێگەکەیدا جێگیرببێت، پاشان هەفتانە بەشێوەیەکی ڕێکخراو ئاودەدرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

جێگەیەک کە بەدرێژایی وەرزێک پلەی گەرمی بەرزی هەبێت بۆ چاندنی جۆرە جیاوازەکانی بیبەر زۆر گونجاوە، لە وەرزی هاویندا بەرهەمی بیبەرەکان پێدەگات، ئەوانەی کە شیرین و قەبارە گەورەن بە گوڵەکانیانەوە شۆڕ دەبنەوە، بەڵام بیبەرە ناسکە بچووکەکان و بەتایبەتیش توونەکان بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن، تەنانەت لە وەرزەکانی دواتریشدا ئەگەر هەلومەرجەکەی گونجاوبێت، کە بیبەرە بچووکەکان خێراتر دەگەن بە بەرهەم، واتە بۆ ئەو ناوچانەی کە هاوینێکی درێژیان نییە گونجاوترە.

بیبەر لە خاکێکدا گەشە دەکات کە ئاوی بەباشی تێپەڕببێت و وشکببێتەوە، هەروەها پلەی ترشێتی خاکەکەی لە نێوان ٦.٢-٧ گونجاوترین پلەیە بۆ گەشەکردنی، هەرچەندە توانای بەرگەگرتنی کەمێک تفتێتییان هەیە کە لە دەوربەری ٧.٥ پلەدا بێت، جگە لە ئەمانەش دەبێت ڕۆژانە ٦-٨ کاتژمێر ڕووناکی خۆری بەربکەوێت، بە زیادکردنی چینێک سەماد دەکرێت شێ و فێنکی گونجاو بۆ ڕووەکەکە دابینبکرێت، لە کۆتاییشدا کاتێک دەگاتە بەرگرتن، پێویستی بە ڕاگرێکە کە پاڵپشتی قورساییەکەی بکات و خۆی پێوە بنوسێنێت.


سەرچاوەکان



364 بینین