گۆڕەپانی جەنگ (یاری ڤیدیۆیی)

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-12-15-06:24:00 - کۆدی بابەت: 10669
گۆڕەپانی جەنگ (یاری ڤیدیۆیی)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یاری گۆڕەپانی جەنگ یاخود پۆبجی (بە عەرەبی: ساحات معارك یان ببجي، بە ئینگلیزی: PUBG یان Battlegrounds)، یارییەکی جەنگی بە کۆمەڵە و لەلایەن ستۆدیۆی پۆبجییەوە کە لقێکە لە کۆمپانیای کرافتۆن پەرەی پێدراوە و بڵاو کراوەتەوە. یارییەکە لە سیناریۆی فیلمی (Battle Royale)ـی ژاپۆنی ساڵی ٢٠٠٠ـەوە وەرگیراوە، لە یارییەکەدا تاکوو سەد یاریزان بە پەڕەشوت دەچنە سەر دوورگەیەک کە لەوێدا بەدوای چەک و کەرەستە جەنگییەکاندا دەگەڕێن بۆ کوشتنی یاریزانەکانی تر، لە هەمان کاتدا خۆیان لە هێرشی یاریزانەکانی تر دەپارێزن. ناوچەی سەلامەتی لە نەخشەی یارییەکەدا بە تێپەڕبوونی کات بچووک دەبێتەوە بۆ ناوچەیەک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی، یاریزانە ڕزگاربووەکان ئاڕاستە دەکات بۆ بۆشاییەکی توندتر و قورستر بۆ ناچارکردنیان بەڕووبەڕووبوونەوە. دوا یاریزان یاخود کۆتا تیم کە لە ژیاندا مایەوە، دەبێتە براوەی یاریەکە.

شێوازی یاریەکە

پۆبجی یارییەکی تەقەکەری ڕووبەڕووبوونەوەیە کە تێیدا سەد یاریزان لە شەڕێکی بە کۆمەڵ بەرانبەر بە یەکتر شەڕ دەکەن، ئەو یاریزانەی بەزیندووی دەمێنێتەوە دەبێتە براوە. یاریزانان دەتوانن بە تاک، دووانە و یاخود بە تیمێکی بچووک کە تاکوو چوار کەسی تێدایە بەشداری یارییەکە بکەن. دوا کەس یان تیمی زیندوو یارییەکە دەباتەوە.

هەر یارییەک بە هاتنە خوارەوەی یاریزانەکان بە پەڕەشووتێک لە فڕۆکەیەکەوە بۆ سەر یەکێک لە هەشت نەخشەکە دەستپێدەکات، کە ڕووبەرەکانیان نزیکەی ٨×٨ کیلۆمەتر، ٦×٦ کیلۆمەتر، ٤×٤ کیلۆمەتر، ٣×٣ کیلۆمەتر، ٢×٢ کیلۆمەتر و ١×١ کیلۆمەتر دەبێت. ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکەکە لە سەرانسەری نەخشەکەدا لەگەڵ هەر خولێکی یاریەکەدا دەگۆڕێت، پێویستە یاریزانەکان بەخێرایی و باشترین کات دیاری بکەن بۆ هاتنە خوارەوە و کردنەوەی پەڕەشووتەکانیان بۆ سەر زەوی. یاریزانان بەبێ بوونی هیچ چەکێک دەست پێدەکەن، کاتێک دەنیشنەوە یاریزانەکان دەتوانن بەدوای تەلار و شارۆچکە و ناوچەکانی ناو نەخشەکەدا بگەڕێن بۆ دۆزینەوەی چەک و ئۆتۆمبێل و زرێپۆش و کەلوپەلی تر.

ئەم شتانە لە سەرەتای یارییەکدا بەشێوەیەکی خودکارانە بەسەر نەخشەکەدا دابەش دەکرێن، لەگەڵ هەندێک ناوچەی مەترسیدار کە بەشێوەیەکی گشتی چەکی باشتریان هەیە. دەتوانرێت یاریزانە کوژراوەکان تاڵان بکرێن بۆ بەدەستهێنانی کەلوپەلە بەجێماوەکانیان. یاریزانان دەتوانن لە ڕوانگەی کەسی یەکەم یان کەسی سێیەمەوە یاری بکەن، کە هەریەکەیان لە شەڕ و دۆخی جیاوازدا سوود و زیانی خۆی هەیە.

هەرچەند خولەک جارێک ناوچەی یاریکردنی نەخشەکە دەستدەکات بە بچووک بوونەوە بەرەو شوێنێکی هەڕەمەکی، هەر یاریزانێک لە دەرەوەی ناوچە سەلامەتەکە بمێنێتەوە، زیان بە هێزەکەی دەگات و ئەگەر نەڕوات بەرەو ناوچە سەلامەتەکە یاریزانەکە دەمرێت. لە یارییەکەدا، یاریزانەکان سنوورەکە وەکوو دیوارێکی شین و درەوشاوە دەبینن کە بەتێپەڕبوونی کات گرژ دەبێت و لەئەنجامدا نەخشەیەکی سنووردارتر دروست دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە. لە ماوەی یارییەکەدا، ناوچە هەڕەمەکییەکانی نەخشەکە سوور دەبن و بۆردومان دەکرێن، ئەمەش مەترسی دروست دەکات بۆ ئەو یاریزانانەی کە لەو ناوچەیەدا دەمێننەوە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، یاریزانەکان چەند خولەکێک پێش ئەم ڕووداوانە ئاگادار دەکرێنەوە، ئەمەش کاتیان پێدەدات بۆ ڕۆشتنیان بەرەو شوێنێکی سەلامەت.

فڕۆکەیەک ناوبەناو بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بەسەر بەشە جیاوازەکانی نەخشەی یاریپێکراودا دەفڕێت و پاکێجێکی چەکی تایبەت دەخاتە خوارەوە، کە شتگەلێکی تێدایە کە بەشێوەیەکی گشتی لە کاتی یاریکردنی ئاساییدا دەستت ناکەوێت. ئەم پاکێجانە لەکاتی کەوتنە سەر زەوییان دوکەڵێکی سوور دەردەدەن بۆ ئەوەی سەرنجی یاریزانەکان ڕابکێشن و ڕووبەڕووبوونەوەی زیاتر دروستبکەن. بەگشتی خولێکی تەواو لە ٣٠ خولەک زیاتر ناخایەنێت.

لە تەواوبوونی هەر خولێکدا یاریزانەکان دراوی ناو یارییەکە بەدەستدەهێنن بەپێی ئاستەکانیان. دراوەکە بۆ کڕینی سندوق بەکاردێت کە شتومەکی جوانکاری تێدایە بۆ تایبەتمەندکردنی کارەکتەرەکان یاخود چەکەکان. دۆخی ئیڤێنت لە مانگی ئازاری ٢٠١٨ـەوە بۆ یارییەکە زیادکرا، ئەم دۆخە یاسا ئاساییەکانی یارییەکە دەگۆڕن، وەک دامەزراندنی تیم یان پێکهاتەی گەورەتر یان گۆڕینی دابەشکردنی چەک و زرێپۆش لە نەخشەی یارییەکەدا.

بڵاوکردنەوە

کۆمپیوتەر

ستۆدیۆی بلوهۆڵ ماوەی ئەلفا و بێتای داخراوی بەکارهێنا لەگەڵ نزیکەی ٨٠،٠٠٠ یاریزان بۆ تاقیکردنەوەی یاریەکە و کاردانەوەی سەرەتایی بەرانبەر بە یارییەکە لەلایەن یاریزانەکانەوە پێش بڵاوکردنەوەی لە پلاتفۆڕمە جیهانییەکاندا. پێش قۆناغی سەرەتایی لەسەر بەرنامەی ستیم (Steam)، بلوهۆڵ چەند سێرڤەرێکی کردەوە و بانگهێشتی هەندێک لە ستریمەرە بەناوبانگەکانی یارییە هاوشێوەکانی کرد بۆ ئەوەی تاقیبکەنەوە. بەردەستبوونی پێشوەختە بۆ وەشانی ویندۆز لە ٢٣ـی ئازاری ٢٠١٧ دەستیپێکرد. ئەم ماوەیە پلانی بۆ دانرابوو کە نزیکەی شەش مانگ بخایەنێت، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧ بۆ کۆمپیوتەر بەردەستبوو یاریەکە.

کۆنسوڵەکان

ستۆدیۆی گرین بەشێک بوو لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی مایکرۆسۆفت، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ لە گەیمسکۆم، بلوهۆڵ دووپاتی کردەوە کە ستۆدیۆی مایکرۆسۆفت وەشانی ئێکس بۆکس وەن لە ناونیشانەکە بڵاودەکاتەوە. هەر بۆیە یاریەکە لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ئێکس بۆکس وەن بەردەستبوو.

بۆ مۆبایل

کۆمپانیای تێنسێنت گەیمز و کۆمپانیای PUBG ڕایانگەیاند کە پلانیان هەیە دوو وەشانی یاریەکە بۆ مۆبایل بڵاوبکەنەوە. کە یەکەمیان بەناوی (PUBG:Exhilarating Battlefield) کە کورتکراوەی یارییە ڕەسەنەکەیە و لەلایەن (LightSpeed ​​& Quantum Studio) پەرەی پێدراوە کە بەشێکە لە کۆمپانیای Tencent Games. دووەمیان بەناوی (PUBG: Army Attack) کە لەم جۆرەیاندا زیاتر شێوازی هێرشبردن لەخۆدەگرێت، هەردوو وەشانەکە بەخۆڕاییە بۆ یاریکردن و بۆ ئامێرەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆئێس لە ٩ـی شوباتی ٢٠١٨ بڵاوکرایەوە.


سەرچاوەکان



200 بینین