شۆکی نەوت

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-12-16-19:55:00 - کۆدی بابەت: 10678
شۆکی نەوت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شۆکی نەوت (بە ئینگلیزی: oil shock، بە عەرەبی: صدمة النفط) چەند قەیرانێکی جیهانیی نەوت ئەگرێتەوە، قەیرانی نەوتیش واتە بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی نەوت کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهات و خستنەڕوو. بەهۆی ئەوەی نەوت سەرچاوەی سەرەکی وزەیە و ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە ڕاگرتنی جێگیریی ئابووری جیهان، هەر بەرزبوونەوە یاخود نزمبوونەوەیەکی نرخی نەوت کاریگەرییەکی گەورە بەتایبەتی لە لایەنی ئابووری و سیاسییەوە دروست دەکات.

قەیرانە جیهانییەکانی نەوت

١.قەیرانی ئابادان

ئەو قەیرانەیە کە لە ساڵی ١٩٥١ بۆ ١٩٥٤ ڕوویدا لەدوای ئەوەی ئێران داهات و سەرمایەی کۆمپانیای نەوتی ئەنجێڵۆی ئێرانیی (AIOC) خستەوە سەر وڵاتەکەی کە پێشتر لەلایەن BP کۆمپانیای فرەنەتەوەیی نەوت و گازی بەریتانیا کۆنترۆڵ کرابوو، دواتر کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕۆژاوای لە پاڵاوتگەکانی شاری ئابادان دوورخستەوە.

٢.قەیرانەکانی ساڵی ١٩٧٠

شۆکی یەکەم (١٩٧٣): بە یەکەم شۆکی جیهانیی گەورەی نەوت دادەنرێت کە نرخ %٤٠٠ زیادی کرد کە لە تشرینی یەکەمی ١٩٧٣ دەستی پێکرد، کاتێک کە ئەندامەکانی ڕێکخراوی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتە عەرەبییەکان (OPEC) گەمارۆی ئابووری و ئابلۆقەیان خستە سەر ئەو نەتەوە و وڵاتانەی کە پشتگیری ئیسرائیلیان دەکرد لە جەنگی یۆم کیپووری نێوان وڵاتە عەرەبییەکان و ئیسرائیل. ئامانجی سەرەکی ئابلۆقەکە کەنەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ژاپۆن، هۆڵەندا و بەریتانیا بوو، بەڵام دواتر ئەفریقای باشوور و پورتوگالیشی گرتەوە. نرخی نەوت لە ٣ دۆلارەوە گەیشتە ١٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە جیهاندا. ئابلۆقەکە لە ئاداری ١٩٧٤ کۆتایی هات، ئەم قەیرانە چەندین کاریگەری کورتخایەن و درێژخایەنی ئابووری و سیاسی لەدوای خۆی بەجێهێشت.   

شۆکی دووەم (١٩٧٩): دووەم شۆکی نەوت هۆکارەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی شۆڕشی ئێرانەوە کە بە شۆڕشی ئیسلامییش ناسراوە. هەرچەندە خستنەڕووی جیهانیی نەوت تەنها %٤ کەمی کرد، بەڵام کاردانەوەی زۆری مارکێتە جیهانییەکانی نەوت بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوتی خاو. نرخەکان %١٠٠ زیادی کرد و نرخی نەوت بوو بە ٣٩.٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی بووە هۆی کەمبوونەوەی هەموو سووتەمەنییەکان.

٣.کورتە شۆکی ساڵی ١٩٩٠

ئەم قەیرانە بە شۆکێکی کەم ناودەبرێت چونکە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ماوەی ٩ مانگ بوو، لە ١٧ دۆلارەوە بۆ ٣٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هۆکارەکەشی هێرش و هەوڵی داگیرکردنی کوەیت بوو لەلایەن سەدام حسێن سەرۆکی ئەوکاتەی عێراق، کە هەردوو وڵات ئەندام بوون لە ڕێکخراوی هەناردەکردنی نەوت (OPEC).

٤.قەیرانی ٢٠٠٠ـەکان

لە ناوەڕاستەکانی ساڵی ١٩٨٠وە بۆ ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٣، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دراو نرخی نەوتی خاو نەدەگەیشتە زیاتر لە ٢٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. بەڵام لەدوای ئەوەوە نرخی نەوت بەبەردەوامی بەرەو زیادبوون ڕۆیشت، لە ساڵی ٢٠٠٣ گەیشتە زیاتر لە ٣٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە ساڵی ٢٠٠٦ بوو بە زیاتر لە ٦٠ دۆلار، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٨ گەیشتە بەرزترین نرخ کە ١٤٧.٣ دۆلار بوو. کە ئەم بەرزبوونەوانەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێندرێنەوە، لەوانەش ناجێگیری بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نزم بوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی، خواستی زۆری وڵاتی چین لەسەر نەوتی خاو، هەروەها بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کورت پێهاتن و کەمبوونەوەی کێڵگە نەوتییەکان.

٥.شۆکی ساڵی ٢٠٢٠

ئەم شۆکەیان جیاواز لەوانی تر بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بوو کە هۆکارەکەی شەڕی نرخی نێوان ڕووسیا و سعودییە بوو کە دوو وڵاتی گرنگی بەرهەمهێنەری نەوتن، شەڕی نرخی نەوت (واتە نزمکردنەوەی نرخ لە دژایەتی کردنی لایەنێک وە دواتر لایەنەکەی تریش بە زیاتر نزمکردنەوەی نرخەکە وەڵامدەداتەوە و بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت) لە سعودییەوە دەستی پێکرد بەهۆی ئەوەی ڕووسیا ڕێکەوتن و دانوستانێکی نێوان OPEC و ڕووسیای شکاند. خۆی لە ٢٠٢٠ نرخی نەوت %٣٠ کەمی کردبوو بەهۆی کۆرۆنا و کەمی خواست لەسەر نەوت و سووتەمەنی، ئەم شەڕی نرخەش بووە هۆی زیاتر شکانی نرخی نەوت، ئەمەش بووە هۆی شکانی بازاڕی بۆرسەی ٢٠٢٠ (شکانی بازاڕی کاغەزە داراییەکان).

٦.قەیرانی ساڵی ٢٠٢٢

لە ساڵی ٢٠٢٢ ناکۆکی کەوتە نێوان ڕووسیا و یەکێتیی وڵاتانی ئەورووپا بەهۆی کێشەی پارەدانی بۆرییەکانی گواستنەوەی گازی سرووشتی لە کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسییەوە بۆ وڵاتە ئەورووپییەکان. لە سەرەتادا ڕووسیا هەناردەکردنی گازی بڕی بۆ ئەو وڵاتانە، جگە لەوەش هێرشی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا بووە هۆی ئەوەی چەندین وڵات هەناردەکردنی بەرهەمی ڕووسی ڕابگرن، بەم شێوەیەش نرخی نەوتی جیهانی بەرزبووەوە.


سەرچاوەکان



565 بینین