خەوتن بە گۆرەوییەوە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-18-23:11:00 - کۆدی بابەت: 10713
خەوتن بە گۆرەوییەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەوتن بە گۆرەویەوە (بە ئینگلیزی: Sleeping with socks، بە عەرەبی: النوم مع الجوارب)، ڕاهاتنێکە کە لەکاتی خەوتن کەسەکان گۆرەوی لەپێ دەکەن و خەوێکی باشتریان دەبێت، بەتایبەتی لە وەرزە ساردەکاندا بەبێ ئەوەی دەربارەی سوود و زیانەکانی بزانن، بەپێچەوانەشەوە هەندێک کەس هەر کە دەچنە ناو جێگا گۆرەوییەکانیان دادەنێن تاکوو خەوێکی ئاسوودەتریان هەبێت، ئەمەش واتا تاکەکان بەشێوەیەکی فیزیکی و لەخۆوە لەشیان بەم کارە هەڵدەستێت، بەڵام لەپێکردنی گۆرەوی لەخەودا سوودی زیانی خۆی هەیە کە دەیخەینەڕوو.

چۆن گۆرەوی لەپێ بکەین بۆ خەو

  • پێش خەوتن بەباشی پێیەکان بشۆن و وشکیبکەنەوە چونکە لە شوێنی تەڕدا بەکتریاکان باشتر و بەئاسانی گەشە دەکەن.
  • گۆرەوی پاک لەپێ بکەن.
  • ئەو گۆرەوییەی کە بۆ خەو لەپێ دەبێت بەتەواوی پاک بێت، نابێت لەو گۆرەوییانە بێت کە بە درێژایی ڕۆژەکە لەپێ کراوە.

سوودەکانی لەپێکردنی گۆرەوی بۆ خەو

  1. یارمەتیدەرە بۆ خەوێکی ئاسوودەتر، سەرما یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بەهۆیەوە گۆرەوی لەپێ دەکرێت بۆ خەو، ئەگەر پێیەکان سارد بن، خەوتن قورس دەبێت، بە لەپێ کردنی گۆرەوی پێیەکان گەرم دەبنەوە و بەئاسانی خەوێکی ئاسوودەت دەبێت. هەروەها سووڕی خوێن لە پێیەکاندا خێراتر دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی گەرمبوونەوەی.
  2. باشترین ڕێگایە بۆ باشترکردنی تەقیوییەکانی پاژنە و پێ و ڕێگریکردن لە دروستبوونی شەقبوونی پێست.
  3. خەوتن بە گۆرەوییەوە یارمەتی شێداری پێستی پێ دەدات و بە نەرمی ڕایدەگرێت.

خەوتن بە گۆرەوەییەوە زیانی هەیە؟

ئایا خەوتن بە گۆرەوییەوە دەبێتە هۆی کزبوونی چاو؟ ئەمە پرسیارێکە کە زۆربەی کەسەکان دەیپرسن و هەندێکیش بڕوایان پێیەتی. بەڵام خەوتن بە گۆرەوییەوە کێشەیەکی وا تایبەت دروست ناکات، ئەگەر کێشەیەکیش ڕووبدات دەگەڕێتەوە بۆ جۆری گۆرەوییەکە و شێوازی بەکارهێنانی، بۆ نموونە:

  • گۆرەوی زۆر ئەستوور بەکارمەهێنن کە هیچ دەرچەی هەوای تێدا نەبێت و هەوا لە پێ نەدات.
  • گۆرەوی لەپێی منداڵ مەکەن لەکاتی خەودا، چونکە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی لەشی منداڵ زۆر گەرم ببێت، تەنیا لەدوای گەرماوێکی گەرمەوە گۆرەوی لەپێ بکەن.
  • گۆرەوی پاک بەکاربهێنن، پێش لە پێکردنی گۆرەویش بەباشی پێیەکان بشۆن، بەڵام پاش شۆردنی بەتەواوی پێیەکان وشک بکەنەوە تاکوو نەبێتە هۆی شێداری و دروستبوونی بەکتریا.


سەرچاوەکان



1519 بینین