پشکنینی سیرولۆپلازمین

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-22-04:19:00 - کۆدی بابەت: 10750
پشکنینی سیرولۆپلازمین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی سیرولۆپلازمین (بە ئینگلیزی: Ceruloplasmin Test، بە عەرەبی: فحص السيرولوبلازمين) ئەم پشکنینە ڕێژەی سیرولۆپلازمین لە خوێندا دیاری دەکات. سیرولۆپلازمین پڕۆتینێکە لەلایەن جگەرەوە بەرهەم دێت، مس کۆدەکاتەوە لە جگەرەوە بۆ خوێن و بۆ بەشەکانی جەستەی دەگوازێتەوە ٩٥٪؜ ی مس لە خوێندا لە ڕێگەی ئەم پڕۆتینەوە دەگوازرێتەوە. مس لە خواردنەکانی وەک گوێز، چۆکلێت و قارچکدا هەیە. مس بۆ بەشێک لە فرمانەکانی جەستە وەک دروستبوونی ئێسکێکی پتەو، دروستبوونی وزە و دروستبوونی میلانین گرنگە. بەڵام بڕێکی زۆر یان بڕێکی کەم لە مس لە خوێندا دەکرێت نیشانە بێت بۆ ناجێگیری باری تەندروستی. ئەم پشکنینە بەزۆری بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی ویڵسن بەکاردێت، نەخۆشیی ویڵسن نەخۆشییەکی بۆماوەیی درێژخایەنە کە ڕێگە لە لەش دەگرێت ڕێژەی مسی زیادە لاببات. ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی مس لە جگەر، مێشک و ئەندامەکانی تردا. هەروەها دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییانەی کە دەبنە هۆی کەمی مس لە لەشدا بەکاربهێنرێن. ئەو حاڵەتانەش بریتین لە:

  • بەدخۆراکی: حاڵەتێکە تێیدا خۆراکە ماددەی پێویست لە خۆراکەوە بەدەست نایەت.
  • (Malabsorption): کاتێک لەش ناتوانێت بڕی پێویست لە خۆراکە ماددە لە خواردنەکانەوە بمژێت.  
  • بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی جگەر

کاتێک نیشانەکانی نەخۆشیی ویڵسن لە کەسەکەدا دەردەکەوێت، پزیشک داوای ئەنجامدانی ئەم پشکنینە دەکات نیشانەکان بریتین لە:

  • کەمخوێنی
  • زەردوویی
  • دڵتێکەڵهاتن
  • ئازاری سک
  • کێشە لە کاتی قسەکردن و نان خواردن
  • لەرزۆکی
  • کێشە لە کاتی ڕۆیشتندا
  • گۆڕانی ڕەفتار لە کەسەکەدا

باشترە کەسێک کە مێژووی خێزانی نەخۆشیی ویڵسنی هەیە ئەم پشکنینە ئەنجام بدات، ئەگەر ئەم نیشانانەشی تێدا دەرنەکەوتبێت. بەزۆری ئەم نیشانانە لە تەمەنی پێنج بۆ ٣٥ ساڵیدا دەردەکەون، بەڵام دەکرێت لە تەمەنێکی زووتر یان درەنگتریش دەربکەون. ئەم پشکنینە بەزۆری لەگەڵ پشکنینی مس لە خوێن و میزدا پێکەوە ئەنجام دەدرێن.

ئەنجامی پشکنینەکە

ئەنجامی پشکنینەکە بەپێی تەمەن، ڕەگەز و تەندروستی کەسەکە لە پێشوودا  دەگۆڕێت. هەروەها دەکرێت ئەنجامی پشکنینەکە بەپێی تاقیگەکانیش بگۆڕێت. ڕێژەی ئاسایی پشکنینەکە لە کەسێکی پێگەیشتوودا ٢٥-٣٥ میلیگرام/ دێسیلیتەرە. لە تووشبووانی نەخۆشیی ویڵسندا ئەم ڕێژەیە بۆ ١٠ میلیگرام/ دێسیلیتەر دادەبەزێت. کەمی ڕێژەی پشکنینەکە ڕەنگە نیشانە بێت بۆ ئەم حاڵەتانە:

  • کێشەی گورچیلەکان.
  • نەخۆشیی جگەر.
  • کێشە لە دەستکەوتنی خۆراکە ماددەی پێویست لە خۆراکەکانەوە.

ڕێژەی پڕۆتینی سیرولۆپلازمین لەم حاڵەتانەدا لە ڕێژەی ئاسایی خۆی بەرزتر دەبێتەوە:

  • لە ماوەی دووگیانیدا.
  • چارەسەری ئیسترۆجین (Estrogen therapy).
  • لە کاتی بەکارهێنانی حەبی ڕێگری لە دووگیانی.
  • شێرپەنجەی خوێن.

دەکرێت ڕێژەی پڕۆتینی سیرولۆپلازمین لە کاتی تووشبوون بە نەخۆشیی ویڵسندا ئاسایی بێت، بەڵام کاتێک نەخۆشەکە هەوکردنی جگەری هەبێت. هەندێک جار کاتێک ئەنجامی ئەم پشکنینە لە خوێن، میز و پشکنینەکانی تردا ئەرێنی دەبێت، نموونەیەک لە جگەر بۆ دیاریکردنی ڕێژەی مس لە  جگەردا و ڕێژەی  زیانگەیشتن بە جگەر وەردەگرێت.


سەرچاوەکان



242 بینین