زیپکەی پێستەسەر

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-22-04:53:00 - کۆدی بابەت: 10752
زیپکەی پێستەسەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زیپکەی پێستەسەر (بە ئینگلیزی: scalp acne، بە عەرەبی: حب الشباب على فروة الرأس). زیپکەی پێستی سەر بە بەراورد بە زیپکەی ناوچەکانی تری جەستە دەگمەنترە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەکرێت کێشە بۆ کەسەکە دروست بکات. زیپکەی پێستەسەر یان هەر ناوچەیەکی تری جەستە لە ئەنجامی داخرانی کونیلەکانی پێست ڕوودەدات. شۆردن و گرنگیدان بە خاوێنی قژ و بەکارهێنانی شامپۆیەکی گونجاو، یارمەتی چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە دەدات و پێستی سەر لە دروستبوونی زیپکە بەدوور دەگرێت. 

زیپکەی پێستەسەر چییە؟

دروستبوونی زیپکە لە ناوچەی پێستی سەر بە زیپکەی پێستەسەر ناودەبرێت. ئەم جۆری زیپکەیە دروست دەبێت لە ئەنجامی داخرانی سەلکەموو بەهۆی کۆبوونەوەی خانە مردووەکانی پێست یان لە ئەنجامی زیاد بەرهەمهێنانی چەوری سروشتی جەستە لەلایەن چەورییە ڕژێنەکانەوە، کە لە ئەنجامدا دەکرێت ببێتە هۆی هەوکردنی سەلکەموو. ئەم جۆری چەورییە سروشتییە و لەلایەن چەورییە ڕژێن بەرهەمدەهێنرێت، تاکوو ڕێگری لە چوونە ژوورەوە و تێپەڕاندنی تەنۆلکە زیانبەخشەکان بکرێت، واتە وەکوو پارێزەرێک لە جەستەدا کار دەکات. هەروەها دەکرێت کونیلەکانی پێست لە ئەنجامی چەند هۆکارێکی ترەوە دابخرێن، بۆ نموونە نەشۆردن و گرنگی نەدان بە خاوێنی قژ یاخود بەهۆی زۆر بەکارهێنانی کڵاو یان هەر شتێکی تری بۆ سەر، کە ئەگەری لێکخشاندنی لەگەڵ پێستی سەردا هەبێت. دەکرێت ئەم زیپکەیە بەهۆی بەکارهێنانی شامپۆ یان هەر بەرهەمێکی تایبەت بە قژ ڕووبدات، کە بۆ کەسەکە نەگونجاو بێت و هەستیاری دروست بکات. 

چارەسەرکردنی زیپکەی پێستەسەر

دەشێت کەسەکە بۆ چارەسەرکردنی ئەم زیپکەیە پێویستی بە بەکارهێنانی دەرمان بێت. هەروەها کڕین و بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی بۆ قژ بەکاردەهێنرێن و لەگەڵ ئەوەشدا پێکهاتە و دەرمانی چارەسەرکردنیان تێدایە، بە یەکێکی تر لە هەڵبژاردەکان دادەنرێت. لەم جۆرە بەرهەمانەدا دەکرێت ئەم پێکهاتانە هەبن:

ترشی سالسیلیک (Salicylic acid): ئەمە پێکهاتەیەکی باوە، کە لە زۆربەی بەرهەمەکانی تایبەت بە قژ بەکاردەهێنرێت، بۆ لەناوبردن و نەهێشتی زیپکە. ئەم پێکهاتەیە پێستە مردووەکان لادەبات، بەهۆی تێکشاندنی بۆندەکانی نێوانیان. ترشی گلایکۆلیک (Glycolic acid): ئەم جۆرە ترشە، یارمەتی لابردنی خانە مردووەکانی پێست و بەکتریا و چەوری زیادە دەدات.

  • کیتۆکۆنازۆڵ (Ketoconazole): پێکهاتەیەکی دژەکەڕووە، بۆ چارەسەرکردنی سووربوونەوە و هەروەها پێستێک کە پێستی زیادەی هەڵدابێت، بەکاردەهێنرێت. 
  • سایکلۆپیرۆکس (Ciclopirox): پێکهاتەیەکی دژەکەڕووە، بۆ چارەسەرکردنی تووشبوونە میکرۆبییەکانی پێست بەکاردەهێنرێت، ئەم پێکهاتەیە بەزۆری بۆ شامپۆ زیاد دەکرێت. 
  • بێنزۆیڵ پێرۆکساید (Benzoyl peroxide): پێکهاتەیەکی دژەبەکتریایە، پێست لەو جۆرە بەکتریایانە دوور دەخاتەوە، کە ئەگەری هەیە لە ناوچەی پێستی سەردا دەربکەون و گەشە بکەن.

بەڵام ئەگەر کەسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ و بە بەردەوامی دووچاری هەبوونی زیپکەی پێستەسەر بوویەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک نیشانەی وەکوو هەڵوەرینی قژ و هەوکردنی هەبوو، پێویستە سەردانی پزیشک بکات تاکوو لەژێر ڕێنمایی پزیشکدا یەکێک لەم چارەسەرانە وەربگرێت:

  • مەرهەمی دژەبەکتریا.
  • وەرگرتنی ستیرۆید لەڕێگەی دەرزییەوە.
  • وەرگرتنی دەرمانی دژەبەکتریا لەڕێگەی دەمەوە.
  • دەرمانی دژەهیستامین لە حاڵەتی هەبوونی هەستیاریدا.
  • بەکارهێنان و بەرکەوتن بە ڕووناکییەکی تایبەت وەکوو چارەسەرکردن.
  • وەرگرتنی دەرمانی بەهێز و تایبەت بە زیپکە، وەکوو ئایزۆتریتینۆین (isotretinoin). 

ئەو کەسانەی زیپکەی پێستی سەریان هەیە، پێویستە تەنها یەک جۆری چارەسەر یان دەرمان لە هەمان کاتدا بەکاربهێنن، تاکوو هەست بە کاریگەرییەکەی بکرێت. تەنها لە یەک حاڵەتدا دەکرێت زیاتر لە چارەسەرێک بەکاربهێنرێت، ئەگەر پزیشکەکە پێشنیاری کردبێت.

هۆکارەکانی زیپکەی پێستەسەر

شێوەی ئەم زیپکەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. هەندێکجار ئەم زیپکەیە زۆر بچووکە و لە بەشی دواوەوەی سەر دەردەکەوێت، دەکرێت کەسەکە دووچاری خوران ببێت و لەگەڵ ئەوەشدا شوێنەکەی بریندار ببێت. لە حاڵەتەکانی تردا، دەکرێت ئەم زیپکەیە لەژێر پێستەکەدا دروست ببێت. زیپکەی پێستی سەر دەردەکەوێت، کاتێک کونیلەکانی ئەو ناوچەیە بەهۆی خانە مردووەکانی سەر پێست یان زیاد بەرهەمهێنانی چەوری جەستە دادەخرێن. هەروەها بەکتریا و کەڕووەکانیش دەشێت بگەنە ئەم کونیلانە و ببنە هۆی داخستنیان، کە لە ئەنجامدا کاردانەوە لەسەر پێست دروست دەکات. ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی دروستبوونی زیپکەی پێستەسەر بریتیین لە:

  • کۆبوونەوەی خانەی مردوو یان چەوری لەناو کونیلەکاندا.
  • کۆبوونەوەی ئەو بەرهەمانەی تایبەتن بە قژ لەناو کونیلەکانی پێستدا.
  • نەشۆردنی قژ بە شێوەیەکی گونجاو و بە تەواوی.
  • گرنگی نەدان بە شۆردنی قژ لەدوای ڕاهێنانکردن.
  • ئارەقکردنەوە، بە تایبەتی لە کاتی لەسەرکردنی کڵاو یان هەر شتێکی تر، کە ئەگەری لێکخشاندنی هەبێت.

هەروەها ئەو خۆراکانەی ڕۆژانە دەخورێت، دەکرێت پەیوەندی بە دروستبوونی زیپکەوە هەبێت. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی بڕێکی زۆر لە کاربۆهیدرات و شەکر دەخۆن، ئەگەری دروستبوونی زیپکە لەم کەسانەدا زیاترە. 

نیشانەکانی زیپکەی پێستەسەر

دەکرێت زیپکەکان بەم شێوە دەربکەون:

  • بەشێوەی زیپکەی زۆر بچووک، کە بێجگە لە ناوچەی پێستی سەر لە ناوچەی تری وەک نێوچەوان و پشتی ملدا دەردەکەون. 
  • سپیبوونی زیپکەکان لە ناوچەی پێستی سەر یان ژێر پێست. 
  • هەبوونی زیپکە لە پێستی سەردا، بەڵام ئازاریشی لەگەڵدایە، تەنانەت دەکرێت هەندێک کەس هەست بە هەبوونی زیپکە لەم ناوچەیەدا بکەن، بەڵام توانایان نەبێت بیبینن. 

ڕێگریکردن لە دروستبوونی زیپکەی پێستەسەر

پاکڕاگرتنی پێستی سەر یەکێکە لە سەرەکیترین ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دروستبوونی زیپکە لەم ناوچەیەدا. وا پێویستە ئەگەر کەسەکە هەستی بە چەوربوون و پیسبوونی قژی کرد، بیشوات هەروەها لەدوای ڕاهێنانکردنیش گرنگی بە شۆردنی بدات. بۆ چارەسەرکردنی زیپکەی پێستەسەر یان ڕێگریکردن لە زۆربوونی، ئەم ڕینماییانە جێبەجێ بکە:

  • لەسەرکردنی کڵاوێکی گەورە، بەشێوەیەک هەوا بەر پێستی سەر بکەوێت و ئەگەری ئارەقکردنەوەی نەبێت.
  • شۆردن و گرنیدان بە پاکوخاوێنی سەر لەدوای ڕاهێنانکردن.
  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر لەو بەرهەمانەی تایبەتن بە قژ. 
  • پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تەندروست، هەروەها گرنگیدان بە خواردنی ئەو خۆراکانەی دەبنە هۆی باشتربوونی تەندروستی پێست. 
  • لە کاتی بەکارهێنانی هەر بەرهەمێک بۆ قژ، هەوڵبدە زیاتر گرنگی بەو جۆرانە بدەیت کە سروشتیین. 

هۆکارەکانی دروستبوونی زیپکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بۆ نموونە هەندێک کەس ئەگەر بەزوویی قژیان نەشۆن ئەوا زیپکە لە ئەنجامی پاک ڕانەگرتنی قژیان دروست دەبێت. بەڵام بۆ هەندێکی تر، زوو زوو شۆردنی قژیان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چەوری سروشتی جەستە و لە ئەنجامدا پێستی سەریان وشک دەبێتەوە و کەسەکە تووشی خورانی سەر دەکات. کەواتە گرنگە هۆکاری دروستبوونی زیپکەکە بزانرێت، تاکوو چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەسەکە بەکاربهێنرێت و بتوانرێت ڕێگری لە دروستبوونی بکرێت. 

جۆرەکانی زیپکەی پێستەسەر

چەند جۆرێک لە زیپکە هەیە، بەپێی بڵاوکراوەیەکی ساڵی ٢٠١٩ زیپکەی پێستی سەر، ئەم جۆرانە دەگرێتەوە:

  • زیپکەی سووک یان نەرم: ئەم جۆرەیان بەشی سەرەوەی ڕەنگێکی سپی یان ڕەشی هەیە.
  • زیپکەی مامناوەند: ئەو کەسانەی ئەم جۆرەیان هەیە، ژمارەی زیپکەکانیان زیاترە، هەروەها دەکرێت ئەم زیپکانە چڵکیان تێدابێت. 
  • زیپکەی توند: ئەو کەسانەی ئەم زیپکەیەیان هەیە، هەوکردنیان زیاترە. هەروەها دەکرێت شوێنی زیپکەکە زۆر بە ئازاریش بێت.

 


سەرچاوەکان



1490 بینین